#نەوشیروان مستەفا#: ئێمە نەمانناردووە بەدوای کەسدا تاکوو ببێت بە پێشمەرگە
ناتوانم بڵێم #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# بەرنامەی نەبووە لە کاتی گفتوگۆدا، بەڵام کاتێک #پەکەکە# لەگەڵ تورکیادا بڕیاری شەڕڕاگرتنی دەدا و چالاکیی نەدەکرد، ڕێی بە گەریلاکانی خۆی نەدەدا بچنەوە نێو شارەکان، بەڵام یەکێتی خاوەنی بەرنامەیەکی تۆکمە و دەرکردنی بڕیارەکانی نەبوو، وەک پێشووتر باسم لێوە کردووە، ڕژێمی بەعس ڕۆژانە چەندین پێشمەرگەی شەهید دەکرد و پێشمەرگەش بە چەکەوە بەناو شارەکاندا دەسووڕانەوە و تووشی هەڵە و کەموکوڕی دەبوون، هۆکاری سەرەکییش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خودی بەرپرسەکان تاوانبار بوون و پێشمەرگەش چاویان لەوان دەکرد و دەچوونەوە ناو شارەکان. زۆر بەرپرس هەبوو وای لێ هاتبوو خۆی و تەواوی هێزەکەی دەبردەوە ناوشار و سەرقاڵی میوان و میوانداری دەبوون. هەندێک پێشمەرگە گرەویان لەسەر دەمانچەی لاقەدی کوشتنی نائب ضابطی سەرباز و پۆلیسەکان دەکرد، دەیانکوشتن و دەمانچەکانیان دەفرۆشتن، کە زۆریان کورد بوون و کەسوکاری پێشمەرگە بوون و هەندێکیشیان سەر بە ڕێکخستنە نهێنییەکانی ناوشار بوون. هەندێک پێشمەرگەش تووشی هەڵەی گەورە دەبوون و زۆر جاریش دەبووە هۆی تەقەکردن لەنێو شارەکاندا. ئەم جۆرە کارانەش پێشووتر ڕەفتاری پێشمەرگە نەبوون و ئەو خەڵکەی شەوانی ساردی زستان و بەر بەفر و باران هاوکاریی پێشمەرگەیان دەکرد و ئاواتەخواز بوون ڕۆژێک لە ڕۆژان پێشمەرگە بە ڕۆژی ڕووناک ببینن، وایان لێ هاتبوو بە ناوی پێشمەرگە نائومێدییان پێوە دیار دەبوو. پێشمەرگە هەبوون ژیانی هاوسەریی پێک دەهێنا، بە تاقم و تفەنگ و هێزی کەرتەکەی؛ شایی و ڕەشبەڵەکی دەکرد و تەنانەت مانگی هەنگوینیی لە شاردا دەکرد. ئاخر زۆر زەحمەتە پێشمەرگەیەک لە شاخ بە پووزەوانە و پێڵاوی لاستیکەوە و دواتر بە چەکەکەی شانیەوە بۆ پێڵاوی چەرمی گڵاسییەوە لەنێو جەماوەردا دەربکەوێت و شەوانیش بە بیجامەوە لە ماڵەوە بنووێت، ئەوەش ببووە هۆکاری شەهیدکردن و دەستگیرکردنی زۆرینەیان. گەر بەوردی سەرنج بدەینە تاوانەکانی جۆری شەهیدکردنی پێشمەرگەکان لە کاتی دانوستاندا، دەبینین خوێندنەوەی وردودرشتی دەوێت و شۆڕش ببووە دوژمنی جاشەکان نەک دوژمنی ڕژێمی بەعس. ئەوانەی کە شەهید دەبوون، زیاتر بە دەستی جاشەکان شەهید دەبوون و لە خانەی تۆڵەسەندنەوەدا بوون. ئەو جاشانەش زیاتر دۆست و لایەنگرانی #پارتی دیموکراتی کوردستان# بوون، دەستوەشادن و شەڕەکانیش زیاترینیان لە دووڕیانی تاسڵوجە و #سلێمانی# بوون و ملازم سەیید کەریم و هاوەڵەکانی و چەندین پێشمەرگەی یەکێتی لەو دووڕیانەدا کەوتنە بۆسەی جاشەکانەوە و شەهید کران.
نامەیەکی زۆری ناڕەزایی ڕێکخستنەکان و کۆبوونەوەی نهێنی ڕووبەڕووی سەرکردایەتی دەبووەوە و لەو کاتەشدا نەوشیروان مستەفا لەدوای هەڤاڵ #مام جەلال# بەرپرسی دووەمی یەکێتی و سکرتێری کۆمەڵەی ڕەنجدەران بوو، بەفەرمی ڕایگەیاند ئێمە هیچ بەرپرسیارێتییەک ناگرینە ئەستۆی خۆمان و بەزۆریش نەماناردووە بەدوای کەسدا ببێت بە پێشمەرگە. ئەو وتەیەی نەوشیروان مستەفا بووە وێردی سەر زاری ڕۆژانەی پێشمەرگەکان و ڕۆژبەڕۆژ کاردانەوەی خراپی لێ دەکەوتەوە، تا وای لێ هات نەوشیروان مستەفا کەوتە کۆکردنەوەی هێزی پێشمەرگەی کەرت و تیپەکان و شێوازی وتارەکەی بە جۆرێک باس کرد دواتر هێزی پێشمەرگە پشوویەکیان بە دەرووندا هات و ئەهوەن بوونەوە.
#شەهاب کەریم#
#مێژوویەک لە لوولەی تفەنگەوە؛ ڕۆژگارە سەختەکانی شاخ 1979-1991# [1]