کۆتاییهێنان بە گفتوگۆ و بڕیاری شەڕکردن
ڕۆژی 25ی کانوونی دووەمی ساڵی 1985، تیکۆشەری دێرینی فەرماندە؛ مامە ڕیشە و هاوەڵەکانی بە دەستی چەند چەکدارێکی بەعس بە پلانی ئیستخباراتی عەسکەری لەلایەن تەحسین شاوەیس شەهید دەکرێن. تەحسین شاوەیس سەرۆکجاش و بەرپرسی مەفرەزە خاسە و دۆست و لایەنگری #پارتی دیموکراتی کوردستان#ە و دەستی سوورە بە شەهیدکردنی دەیان پێشمەرگە و هاوڵاتیی سڤیل. پاش ئەوەی دەیەوێت بە مەبەستی دەستهەڵگرتن لە تاوان؛ گورزێکی گەورە لە ڕژێمی بەعس بوەشێنێت و بێتە بەرەی گەلەوە، دانوستان لەگەڵ مامە ڕیشە دەکات تاوەکوو بڕوا و متمانەی زیاتری پێ ببەخشێت. چەندین وەفدی عەشایەری پەیوەندی لەگەڵ مامە ڕیشەدا دەکەن و ڕژێمی بەعسیش هاوکار و یارمەتیدەری تەحسین شاوەیس بوو، تاوەکوو ئەوەی گەیشتە ئەو ڕادەیەی ئیتر بگەنە ئەنجامی کۆتایی و چاوپێکەوتن. تەحسین شاوەیس بە پلانی ئیستخباراتی عەسکەری، مامە ڕیشە لەگەڵ هەردوو تێکۆشەری دێرین؛ سەردار حەمە شەریف و موحسین مەجید سەلیم شەهید دەکەن. دوای شەهیدکردنی مامە ڕیشە و هاوەڵەکانی، پێشمەرگە هیچ پرنسیپێکیان نەما و ڕێکخستنەکانی ناوشار بەنهێنی لە تۆڵەی مامە ڕیشە؛ کەوتنەوە چالاکی و هێزی پێشمەرگەی کەرت و تیپەکان سەربەخۆ کەوتنەوە چالاکی و هەریەکە لە سنووری خۆیاندا لە تۆڵەی مامە ڕیشە و ئەو پێشمەرگانەی دووچاری زیندانی و شەهید کرابوون، دەستیان لە دوژمن دەوەشاند، کار گەیشتە ئەو ڕادەیەی هیچ ئیلتیزاماتێک نەما و یەکێتیی نیشتمانی بەیاننامەیەکی دەرکرد و بڕیاری شەڕی ڕاگەیاند.
لەو کاتەدا ئێمە لە گوندی گاپیڵۆن بووین، سەربەستی جیهاز بە جفرە هەواڵی سەرکردایەتی و مەڵبەند و تیپەکانی پێ دەگەیشت و ئەویش سەرووی خۆی ئاگادار دەکردەوە. بڕیاری گرتنی ڕەبییەکانی و بارەگاکانی زنجیرە چیاکانی دابان، هەلاج درا و تەواوی هێزی پێشمەرگە لە دەستپێکردنەوەی شەڕ ئاگادار کرانەوە. گرتنی زنجیرەچیای دابان، هەلاج، قەرەتیکە؛ بەگوێرەی پلانی ڕێکوپێک ئەنجام درا. مەکتەبی عەسکەریی یەکێتی ئەرکی ئەو شەڕەی گرتە ئەستۆی خۆی. پێشمەرگەکانی مەڵبەندی یەک کە بریتی بوون لە تیپەکانی 51ی #گەرمیان# و 53ی شێروانە، 55ی قەرەداغ، 57ی سەرگرمە، 15ی هەورامان و 11ی #شارەزوور#، بە فەرمانی هەڤاڵ جەبار فەرمان؛ لێپرسراوی مەڵبەند بەشێک لە پاککردنەوەی ئەو زنجیرەشاخەیان پێ سپێردرا. مەڵبەندی دوو بریتی بوو لە تیپی 21ی #کەرکووک#، تیپی 25ی خاڵخاڵان، تیپی 37ی شارباژێڕ، تیپی 33ی #سلێمانی#، تیپی 47ی پیرەمەگروون؛ بەشێکی تری ئەو شاخەیان پێ سپێردرا. هەموو هێزەکان لەلایەن هەڤاڵ ملازم عومەر عەبدوڵڵا؛ لێپرسراوی مەکتەبی عەسکەری سەرپەرشتی دەکرا. تیپی 93ی کۆیە سەر بە مەڵبەندی چوار، بە فەرماندەی هەڤاڵ ڕەهبەر سەیید ئیبراهیم، گرتنی جادەی گشتیی چوارقوڕنە سلێمانیی پێ سپێردرا، بۆ ئەوەی لە کاتی دەستپێکردنی شەڕ، هێزەکانی فیرقەی 24 کە بارەگاکەیان لە چوارقوڕنە بوو، نەتوانن بەئاسانی بەهانای شەڕ بێن. ئەو نەخشە و پلانەی سەرکردایەتی بەوردی جێبەجێ کرا، لە 14/2/1985دا هێزەکان لە هەموو لایەکەوە پەلاماریان دەست پێ کرد، هەر زوو چەکدارەکانی ڕژێمیان شکاند و ئەو شوێنانە ئازاد کران پاش ئەوەی دوژمن بە دەیان کەسی لێ کوژرا و زیاتر لە 90 جەیشی شەعبی بەدیل گیران. ئەو ڕۆژە زۆر زۆر سارد بوو، بەفرێکی یەکجار زۆر باریبوو، ڕێگا بەستبووی، کاتێک پێشمەرگە بە چیای دابان-هەلاج سەر دەکەوت؛ زۆربەیان هەڵدەخلیسکان. شەهیدکردنی ئەو تێکۆشەرانەی لە ئەنجامی گفتوگۆدا شەهید کرابوون، کاریگەریی زۆر ناخۆشی کردبووە سەر هێزی پێشمەرگە و زۆر بەتووڕەییەوە لە هەوڵی گرتنی ئەو زنجیرەچیایەدا بوون کە بنکە و بارەگا و ڕەبییەکانی ڕژێمی پێوە بوو، بەتایبەت گرتنی مقەڕ فەوجی شەدەڵە و هەموو ئەو ڕەبییانەی لە شەدەڵەدا بوون. زۆر بەداخەوە بۆ ئەو کەسانەی لە کاتی مفاوەزاتدا دەهاتن و دەبوون بە پێشمەرگە و زۆریان کە زانییان شەڕ دەست پێ دەکاتەوە، چەکەکانیان لە گوندەکاندا بەجێ دەهێشت و دەڕۆشتنەوە، تەنانەت پیشەی هەندێکیان بە چەکەوە وێنەگرتن بوو، کە ئێستە زۆریان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ناوی پێشمەرگەی دێرینەوە ئەو وێنانە بڵاو دەکەنەوە و مێژوو دەشێوێنن و هەریەک بەپێی خۆی باس لە گێڕانەوەی مێژوو دەکات کە تەنها لە کاتی گفتوگۆدا پێشمەرگە بوون و دوای کۆتاییهێنان بە گفتوگۆ و دەستپێکردنەوەی شەڕ، تاقم و تفەنگەکانیان فڕێ دەدا و کەسیش نەیدەبینینەوە، زۆر بەداخیشەوە بۆ ئەو تێکۆشەرە نەبەردانەی لە گفتوگۆدا ژیانیان بەخشی و شەهید بوون و ئەو ڕێکخستنانەی ناوشار هەندێکیان دەستنیشان کران و دەستگیر کران و لەسێدارە دران.
#شەهاب کەریم#
#مێژوویەک لە لوولەی تفەنگەوە؛ ڕۆژگارە سەختەکانی شاخ 1979-1991# [1]