#نەوشیروان مستەفا#: گەر پێشمەرگایەتیتان پێ ناکرێت، بۆ ئابڕووی حیزبەکەتان دەبەن؟
دوای گەڕانەوەم لە تیمارستانی شاری ڕەزاییە (ئورمیە) لە ئێران و باشتربوونی باری تەندروستیم و درێژەپێدان بە خەباتی پێشمەرگایەتیم، دواتر داوای تفەنگێکم کرد، نەک لەو تفەنگ و دەمانچانەی کە لە ئەنجامی ئەو چالاکییەدا تێیدا بریندار کرام، بەڵکوو هەر تفەنگێک بێت بیکەمە شانم، چونکە پێشمەرگە لە شاخ بە تفەنگەکەیەوە ناوی پێشمەرگەی لێ دەنرا، خۆ ئەگەر دارێکم بە دەستەوە بووایە، لەگەڵ ڕێزمدا بۆ شوان، ڕەنگەی ناوی شوانی مەڕوماڵات یان ڕێبوارێکی لەپڕ دەرکەوتووی نێو گوندێکم لێ بنرایە، بۆیە بە هەقی خۆم زانی داوای تفەنگێک بکەم لە کەرتەکەمدا و وەک فەرماندەی مەفرەزەیەکیش بەرگریم لە خۆم پێ بکردایە. کاتێک بەدواچوونم کرد لە ڕەنج و ماندووبوون و ئازاری جەستەیی و ترسی دەستگیرکردنم بەبرینداری، بەداخەوە هەر چی بڵێم هەر ڕووی خۆم دەگرێتەوە، چونکە ناتوانم کەسانێک بە ناشایستە بزانم کە ڕۆژانێک بووە لە خۆشەویستی و دڵسۆزیدا بۆ یەکتر و بۆ شۆڕشەکەمان، گرەومان لەسەر مەرگی خۆمان بۆ یەکتر کردووە. تفەنگێک نەبوو بیکمە شانم و ماوەیەک بەبرینداری و بەبێ چەک مامەوە.
پاش ئەوەی ئەو چالاکییەی ئێمە بە جوانترین و ڕازاوەترین وشەی ڕێزمانی و بە دەنگی زوڵاڵی #فەرهاد سەنگاوی# بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام لەگەڵ دەستپێکردنی ئیزاعەی دەنگی گەلی کوردستان، ئەو چالاکییە بە مەزنترین و سەرکەوتووترین چالاکی باس دەکرا، تەنانەت ناوی ئەفسەرەکە و پاسەوانەکانی کە بە سزای گەل و شۆڕش گەیەنراون؛ دەهات. بە ناوی هێزی پێشمەرگەی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#، تیپی 47ی پیرەمەگروون، مەڵبەندی دوو؛ دەخوێنرایەوە. پاش ئەوەی بۆ جاری دووەم چووینەوە خزمەتی نەوشیروان مستەفا، پێی ڕاگەیاندین گەر پێشمەرگایەتیتان پێ ناکرێت بۆ ئابڕووی حیزبەکەتان دەبەن، ئەوە چالاکی بوو ئێوە کردتان و سەرتان لە تەواوی خەڵکی شاری #سلێمانی# شێواند؟ دەزانن چەندان کەس لەسەر ئێوە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستگیر کراون؟
ئەوسا ئێمە بەو جۆرە هەوڵمان دەدا و ئاوها ئەمڕۆمان بنیاد دەنا، ئەوسا بە گیانێکی خۆنەویست و بە دڵێکی پاک و بێگەرد و بە بیرکردنەوەیەکی بێ ڕەتووش و بە هەستێکی جوان و بە ویژدانێکی بەرز و خۆنەویست، جگە لەوەش بە دەست و داوێن پاکی خەباتمان بۆ داهاتوویەکی گەش، دوور لە بەزاندنی یاسا و سەروەریی نیشتمان و وڵاتێکی ئازاد و دیموکرات، کە دینگەکانی ئەستوور بە پاراستنی کەرامەتی تاکی کورد و ئازادی تاک هەڵبچنین، دوور لە هەر هەنگاوێک بۆ ناشرینکردنی ئەو ئیدارەیەی بەدەستی دێنین، خەونمان بەوە دەبینی و دەشمانوت: ئێمە بۆ داهاتوو دەژین نەک بۆ خۆمان، کەچی دەبینین ئەو هەموو سوێند و بەڵێنانەی کە دامان، هەندێک سەرانی کورد خستیانە زبڵدانی سەردەمەوە و خەوەنەکانیان لەگۆڕ ناین.
ئێستا ئەوەی هەیە، زۆر بەئاسانی کەرامەتی تاکی کورد دەشێلرێت و ئەوەی نییە؛ داوێنپاکی و دەستپاکی و وەفایە بۆ شەهیدەکانمان و ئەوەی کە هەیە تەنها پێچەوانەی ئەو ڕستە و قسانەی دوێنی بوو؛ دەمانکرد و دەمانوت. ئافەرینیش بۆ بەرپرسان و ئەمەش نیشانەی پەلەکردن و بێ بیرکردنەوەیەی ئێمەی پێشمەرگەیە کە دەرەنجامی له و جۆرە ڕوو دەدات. ئەم ڕووداوە واقعییەی من گێڕامەوە، چی عومەر عەرەب و چی سەڵاح چاوزەقیش لەلای زۆربەی پێشمەرگەی کەرت و تیپەکان کە ئێستەش زۆریان لە ژیاندا ماون، وتبوویان ئێمه بۆ یەکەم جارە پێشمەرگەی قارەمانی وەک شەهاب کەریم ببینین، زۆر جار بریندار داوا دەکات ڕزگاری بکەن، بەڵام شەهاب کەریم هاواری دەکرد بمکوژن و بەجێم مەهێڵن.
#شەهاب کەریم#
#مێژوویەک لە لوولەی تفەنگەوە؛ ڕۆژگارە سەختەکانی شاخ 1979-1991# [1]