کوشتن و ڕەدوونانی ئەوانەی ڕەخنەیان له کۆمەڵەی نەوشیروان مستەفا دەگرت
من نەوشیروان مستەفا بە سەرکردەیەکی لێهاتوو و بەتوانا و نووسەرێکی باش دەزانم و نووسین و لێدوانەکانی کاریگەریی خۆیان هەیە و لە نزیکەوە چەندین جار بینومە و گوێبستی وتار و دەربڕینی بیروبۆچوونەکانی بووم. نەوشیروان مستەفا مرۆڤێکی کەمدوو و زۆر بەکەمی دەردەکەوت و بیروڕای جیاوازی قبووڵ نەبوو، وەک پێشتر ئاماژەم پێ دا لە چاکسازیدا بڕوای بە نەمانی بەرامبەرەکەی بوو، ئیتر بە کوشتن بێت یاخود دەربەدەرکردن. لێرەدا دەمەوێت چەند بەڵگە و ڕاستی بخەمە ڕوو، نەک بۆ ناشرینکردن و تۆمەتبارکردنی نەوشیروان مستەفا، بەڵکوو لەسەر ڕەفتار و جۆری توندوتیژیی مامەڵەکردنی بۆ بەرامبەر.
فەرمانی کوشتنی فوئادی مەجید میسری
هەڤاڵ کوێستانی؛ کادر و نووسەر و تێکۆشەری دێرین و لە ناوەندی کۆمەڵەدا لە بەشی ڕاگەیاندن ئەرکی شۆڕشگێڕانەی خۆی بەجێ هێناوە و لە ئێستاشدا یەکێک بووە لە باوەڕپێکراوەکانی نەوشیروان مستەفا لەنێو بزووتنەوەی گۆڕاندا و لەسەر توندڕەویی نەوشیروان مستەفا دەڵێت :
فوئادی مەجید میسری لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەدا ئەندامی کۆمەڵە دەبێ، لەدوای دامەزراندنی یەکێتییشەوە لەسەر جیاوازیی بیروڕا و بیرکردنەوە لە کۆمەڵە دوور دەکەوێتەوە، هەر ئەو جیاوازیی بیرکردنەوەیەش بوو لای هەندێک لە بەرپرسانی کۆمەڵە؛ فوئادی دەخستە ناو سەنگەری دوژمنەوە، ئەوەش وای کرد لە پاییزی 1982دا فەرمانی کوشتنی بۆ دەربکەن.
فوئاد وەختێک بە بەرنامەی هەوڵی کوشتنەکەی خۆی دەزانێت، نامەیەک بۆ نەوشیروان مستەفا دەنێرێ، لە نامەکەیدا دەنووسێ کە ئەو شتانەی لەسەری دەوترێن، لە دژایەتیکردنی کۆمەڵە و یەکێتی، گوایە لەسەر داوای حکومەت (واتە بەعس) دەیەوێت ڕێکخراوێکی مارکسی-لینینیی هاوشێوەی کۆمەڵە دروست بکات، هەر هەموویان شتی هەڵبەستراون و هیچ بنەمایەکی ڕاستیان تێدا نییە. بۆ وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتە و بۆ نیشاندانی ئەستۆپاکیی خۆشی، ئامادەیی خۆی دەردەبڕێ و دەڵێت: شۆڕش هەر جێگەیەک بۆ دادگاییکردنی دەستنیشان بکات، ئامادەیە بێت و لەبەردەمی ئەو دادگایەدا بەرگری لە خۆی بکات، دواتر دادگاش هەر بڕیارێکی دا بە کوشتنیشەوە، پێی ڕازی دەبێ. پاشان هەڤاڵ کوێستانی ئاماژەی پێ دەدا و نەوشیروان مستەفا؛ سکرتێری کۆمەڵەی ڕەنجدەران دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بۆ هەڵسەنگاندنی بیروبۆچوونی و جۆری مامەڵەکردن لەگەڵ فوئادی مەجید میسری، هەڤاڵ کوێستانی وەڵامی نەوشیروان مستەفا دەداتەوە و دەڵێت: من پێم وایە ئەوانەی لەسەری دەوترێن، هەر تۆمەتن و گومانی بێبەڵگەن. پێشم وایە ئەگەر لەو تۆمەتانە لەسەری هەن؛ ڕاست بان، فوئادی مەجید میسری ئامادەیی خۆی دەرنەدەبڕی لە هەر جێیەک ئیوە بتانەوێت، ئەو بۆ دادگاییکردنی بێتە ئەوێ. نەوشیروان مستەفا دەڵێت: تۆ پێت وایە ئەوەی لەسەری دەوترێت، هەر گومانە؟ بەڵێ، پێم وایە. خۆ ئەگەر بیروباوەڕی جیاوازیشی لە کۆمەڵە هەبێ، تەنانەت ناڕەزایی و ڕەخنەش، هەر نابێ بگاتە ئەوەی بیر لە کوشتن و تەنانەت ئەزیەتدانیشی بکرێتەوە. من پێم باشە نامەیەکی بۆ بنووسیت و دڵنیای بکەنەوە لەوەی بیر لە کوشتنی ناکەنەوە و ڕێز لە توانای فیکری و نووسینی ئەو دەگرن. من لە قسەکانی خۆم دەبمەوە، ئەو چەند چرکەیەک هیچ ناڵێ، نامەکە دەخاتەوە جێگەکەی خۆی و پێی دەڵێ: سپاس بۆ پێشنیارەکەت، خۆشم هەر شتێکی وا لە مێشکمدا بوو. هەڤاڵ کوێستانی دەڵێت دواتر زانیم کە بۆ گەڵاڵەکردنی ڕایەکی دروست، نامەکەی پیشانی خەڵکی دیکەش داوە.
#شەهاب کەریم#
#مێژوویەک لە لوولەی تفەنگەوە؛ ڕۆژگارە سەختەکانی شاخ 1979-1991# [1]