تاوانەکانی نێو کۆمەڵە لە ژیانی خەباتی سیاسیی نەوشیروان مستەفادا
ساڵی 1970 تەمەنی من تەنها نۆ ساڵان بوو، ژمارەی گەڕەکانی سلێمانی کەمتر بوون لە ئێستە و بەر دەرکی سەرا سەنتەری نێو شار بوو، لەبەر دەرکی سەرادا بنکەیەکی سەرەکیی گشتیی پۆلیسی شاری سلێمانی هەبوو، فلکەیەک نەخشەیەکی بە دابەشبوونی چوار شەقامدا، وەک تابلۆیەکی جوان شەقامی کاوە و شەقامی مەولەوی و سینەما سیروان و سابوونکەرانی لێک جوودا دەکردەوە، دەنگۆی لەسێدارەدانی کەسێک بە تۆمەتی تەقاندنەوەی نارنجۆکێک لەنێو قوتابخانەی کچاندا دەدرێت، تەواوی گەڕەکەکانی شار یەکتریان لەو هەواڵە ئاگادار دەکردەوە، ماڵی ئێمە ئەودەم لە گەڕەکی چوارباخ و دواتر لە جوولەکان بووین.
تا درەنگانێک زۆربەی زۆری هاوڵاتییان شەویان لێ ڕۆژ نەدەبووەوە و یەکتریان ئاگادار دەکردەوە بەوەی ڕژێم هەواڵی لەسێدارەدانی تێکدەرێک و تاوانبارێکی کورد لەبەر دەرکی سەرادا دەدات. لەگەڵ عەلیی پوورم بڕیارمان دا ئەو ئێوارەیە بۆ چاوپێکەوتنی ئەو لەسێدارەدانە بڕۆین لەگەڵ دایکم و خوشکەکانمدا کە فرمێسک سەر گۆنایانی تەڕ دەکرد. ڕژێمی بەعس تەواوی کۆڵانەکانی بە هێزەکانی خۆی تەنیبوو، هەمووان لەگەڵ هاوڵاتییانێکی زۆردا بەرەو بەر دەرکی سەرا بەڕێ کەوتین. کاتێک لەگەڵ ئەو حەشامەتەدا کەسێک بە خامێکی سپیی ڕووخسار داپۆشراو و لەسێدارەدراوم بینی و ئێستەش لەیادمە کاتژمێری سێی سەرلەبەیانی بوو، بۆ ترساندنی زیاتری هاوڵاتییان خامە سپییەکەیان لە سەری کردەوە و زمانی درێژ دەرپەڕیبوو، منیش تەمەن نۆ ساڵان دەبووم، ئەو دیمەنەم زۆر بۆ هەستیار و تۆقێنەر بوو.
#شەهاب کەریم#
#مێژوویەک لە لوولەی تفەنگەوە؛ ڕۆژگارە سەختەکانی شاخ 1979-1991# [1]