لەسێدارەدراوەکە کێ بوو؟
لە کتێبی ژیان و نهێنییەکانی #نەوشیروان مستەفا# دا هاتووە: جەمالی ئەحەی خورشە، برای هونەرمەند جەلال کۆچەر، بە فەرمانی نەوشیروان مستەفا لە ئاداری ساڵی 1970دا نارنجۆکێک فڕێ دەداتە ناو ئاهەنگی کچانی دواناوەندیی #سلێمانی#یەوە و پێنجیان لێ بریندار دەکات. ناوبراو لە سەنتەری سلێمانیدا لەسێدارە درا و نەوشیروانیش لە بەغداد وەک بەرزەکی بانان لە سەردەمی نازم گەزازی بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتییەوە بەرەو قاهیرە و دواتر نەمسا بۆی دەرچوو.
ئەم ڕووداوە دەبێتە سەرەتای تەمەنی پڕ لە توندوتیژیی کوشتن و بڕینی ژەنەراڵێکی زاڵم، کە پتر حەز دەکات اهل السیف بێت، لەوەی پێی بڵێن اهل القلم. هەروەها پشکۆ نەجمەدین لە بەشێکی دیکەی وەڵامدانەوەی نەوشیروان مستەفا دا دەڵێت:
لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی نەوشیروان مستەفادا دەڵێت: یەکەم کەسێک لەسەر نەکوشتنی دیلێکی ق. م (قیادە موەقەتە) لێپرسینەوەی لەگەڵ کردم، خودی نەوشیروان مستەفا بوو. من کە ئەو کارەم نەکردبوو، ئەو پێی وا بوو ترسنۆکم! یەکەم جار کە دیل کوشتنم لە نزیکەوە لەناو ڕیزەکانی یەکێتیدا بینی، پاییزی ساڵی 1981 بوو. لە ماوەی کەمتر لە دوو ڕۆژاندا، 45 چەکداری جود کوژران و ژمارەیەکیان لێ بەدیل گیرا. چەکدارێکی هێزی #گەرمیان#ی یەکێتی کە برایەکی لەو شەڕەدا کوژرابوو، بەبەر چاوی هەموو لایەکەوە گوێچکەی دوو دیلی گرت و لەپەنا دیوارێکدا گوللەبارانی کردن.
تاوانەکان هێندە زۆرن، بەبیرهێنانەوەیان زۆر جار ڕەشبینم دەکات. ئێمە هەموو کات پارتی بە عەشیرەتگەری و حیزبێکی بنەماڵەیی پێناسە دەکەین، خودی عەشرەتەکانیشیان دەڵێن: هەر عەشرەتێک و هەزار پیاومان هەیە، بە هەندێک لە حیزبەکانی تریشەوە، بەڵام جێی داخ و غەمێکی زۆرە ڕێکخراوێکی مارکسی-لینینستی و حیزبێکی مۆدرێن بۆ ئەو سەردەمە، ئەو هەموو شەڕ و کوشتار و تیرۆرکردنەی تیا ئەنجام درابێت.
زۆر جاریش لە هەناوی کۆمەڵەدا، تۆڵە لەبریی کەسێک، کەسێکی تری بەبێ دادگاییکردن و بێ بەڵگە لەسەر دەکوژرایەوە. نەوشیروان مستەفا لەم پڕۆسە خوێناوییەدا تەنها دیلەکان ناکوژێت، دیلەکان گیراون، بەڵام ئەو دەستی دەچێتە خوێنی خەڵکانێکیشەوە کە ڕۆژێ لە ڕۆژان هانای بۆ بردوون یان تەنانەت ژیانی نەوشیروانیشیان ڕزگار کردووە لە چنگیان. خەلیفە کە فەرماندەی دەستەیەکی #حسک# بوو ئەو (واتە نەوشیروان مستەفا)ی لە مردن ڕزگار کرد، کەچی کە کەریمی برای خەلیفە، عومەری ڕەشە جووتەی کوشت و بۆ لای ڕژێم هەڵات، بە فەرمانی نەوشیروان مستەفا، خەلیفەیان لە بری کەریم کوشت.
لە ناوچەی قەرەداغ پێشمەرگەیەک بە ناوی ڕێبوار لەنێو دەڤەری کەرتەکانی گەرمیان، دەکەوێتە داوی خۆشەویستیی ئافرەتێکەوە و لە ترسی خێڵ و عەشیرەتگەری، هەردووکیان ڕوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن و بەنیازی هاوسەرگیری پێکەوە بڕیار دەدەن نەگەڕێنەوە. پاشان بنەماڵەی هەردووکیان بۆ ئەوەی وەک شەڕ و پێکدانی هەندێک لە عەشیرەتەکانی تر دووچاری یەکتر کوشتن نەبن، چونکە لەنێو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتدا بۆ ئەو مەبەستە کولتوورێکی جیاواز و دابونەریتێکی قورس و گران هەیە، حیزبەکانی کوردستانیش بە ئێستەشیانەوە، هەمیشە چاوپۆشی لە زۆر تاوان دەکەن لەژێر ڕکێفی خێڵ و عەشیرەتدا. بە نامەی فەرمی لەلایەن هەندێک بەرپرسانەوە، بە مەبەستی پێکهێنانی هاوسەرگیریی ڕێبوار و دڵخوازەکەی، بەڵێن و متمانەیان پێ دەدەن هاوکارییان بکەن و ژیانیان بپارێزن، زۆر بەداخەوە کاتێک ڕێبواری پێشمەرگە و دڵخوازەکەی لەسەر بەڵێنپێدانیان دەگەڕێنەوە نێو سنووری هێزی پێشمەرگە، هەردووکیان گوللەباران دەکرێن، بەڵام هەڤاڵ کوێستانی ڕاستیی تاوانەکە لە کتێبی ئەو ڕۆژانەی نیشتمان هی هەمووان بوو وەک خۆی باس ناکات و بە شێوەی ڕۆمانێک یادەوەرییەکانی بۆ نەوەی دواڕۆژ نووسیوەتەوە. گێڕانەوەی مێژوو پێوستی بە وشەی ڕەنگاوڕەنگ و بریقەدار نییە، دەتوانرێت زۆریش بەسادەیی بنووسرێتەوە، بەڵام بە مەرجێک ڕاستگۆیانە باس لە مێژووەکە بکرێت، چونکە خودی هەڤاڵ کوێستانی تەنانەت ئەو مێژووە گرنگ و پڕ تاوانەی شەهید وریا تەنها بە دوو دێڕ کۆتایی پێ دەهێنێت.
#شەهاب کەریم#
#مێژوویەک لە لوولەی تفەنگەوە؛ ڕۆژگارە سەختەکانی شاخ 1979-1991# [1]