وریامان کوشت و گەر زیندووش بێتەوە، سەد جاری تر دەیکوژینەوە...
پشکۆ نەجمەدین لە وەڵامی کتێبەکەی #نەوشیروان مستەفا# ئەمیندا (پەنجەکان یەکتری دەشکێنن) کتێبێکی بڵاو کردووەتەوە، لەوێ دەقاودەق قسەیەکی #مەلا بەختیار#ی هێناوەتەوە :
باس لە کۆنفڕانسی سێی کۆمەڵە و بینینی شەهید وریا دەکات و دەڵێت: ورووژاندنی ئیعدامکردنی وریای وەهاب، بە فەرمانی سکرتێری کۆمەڵە و بەنهێنی جێبەجێکردنی بە دەستی جەبار فەرمان؛ فەزای کۆبوونەوەکان زیاتر لێڵ دەکات و دواتر دەڵێت: من وریام چەند ڕۆژێک پێش بزرکردنەکەی لە گوندی حاجی مامەندە دیت و بۆ یەکەم جار ناسیم. وریا باسی ئەوەی بۆ کردم کە لە ناوەندی کۆمەڵەوە داوا کراوە و بەو مەبەستەش لە شارەوە هاتووە. ئەو گوتی: ناوێرم بچم! داوای هەندەک نامەی ناوەندی کۆمەڵەم لێ دەکەن کە پێشتر بۆیان ناردووم. ئەو نامانە بۆ من گرنگن و پەیوەندییان بە چارەنووسمەوە هەیە! ئاخر خۆ من خەڵکم بۆ باوکم نەکوشتووە، من خەڵکم بۆ کۆمەڵە و شۆڕش کوشتووە و تەنها بەڵگەیەکیشم؛ نامەکانن!
وریا لەنێوان دوو بەرداشی ترس و ئازاری ویژداندا لە مەنگەنە درابوو، ترس لەوەی کە سکرتێری کۆمەڵە داوای ئەو نامانەی لێ دەکردەوە کە فەرمانی تیرۆرکردنەکانی تێدا بوو، نەبا دەست لایەنە نەیارەکانی بکەون. ئەو کارانەی کردوونی، دەچنە خانەی تیرۆری شەخسی و تایبەتییەوە و هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنەر بۆ داکۆکیکردن لە خۆی؛ بەدەستەوە نامێنێت و لەناوبردنی ئاسانتر دەبێت، ئازارێکی سەختی ویژدان لەهەمبەر تیرۆرکردنی کۆمەڵێک کەسدا کە حیزبەکەی حاشای لە تیرۆرکردنەکەیان دەکرد، ئەو دەیویست کەللەڕەقی لە ئاست سکرتێری کۆمەڵەدا بکات، بەڵام بە لەدەستدانی گیانی و پارچەپارچەکردنی لاشەی تەواو بوو.
لە لاپەڕەکانی پێشوودا ئاماژەم پێ دا نەوشیروان مستەفا لەسەر بیروڕای جیاواز، هەوڵی تیرۆرکردنی فوئادی مەجید میسریی داوە، کە بە بەڵگەوە باس لە جۆری تیرۆرکردنەکەی بکەم. من وەک ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ڕێکخراوی منداڵانی ئەڵمانیا و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری بازنەی ئەڵمانیای پلاتفۆڕمی دابڕان، لە ڕێکەوتی 5/7/2017دا لە شاری کیولن (stadt köln) لە ئەڵمانیادا سەرقاڵی ئەنجامدانی کۆڕێک بووین بە ناوی جیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان میتۆدی ئایینی و میتۆدی زانستی، لەگەڵ ئەندامانی بازنەی ئەڵمانیای پلاتفۆڕمی دابڕان و فوئادی مەجید میسری دوو ڕۆژ پێکەوە سەرقاڵی بەڕێوەبردنی کۆڕەکە بووین بۆ فوئادی مەجید میسری، لە ئێوارەخوانێکدا باسمان لە ڕابردووی شۆڕش و بەناهەق شەهیدکردنی وریامان کرد و چۆنیەتیی هەوڵی تیرۆرکردنی فوئادی مەجید میسری بە فەرمانی نەوشیروان مستەفا لەلایەن وریا ڕەش، فوئادی مەجید میسری نەهیی لەوە کرد کە وریا ڕەش خیانەتی کردبێت و هیچ نهێنییەکی درکاندبێت، تەنانەت باسی مێژووی هاوڕێیەتی و دۆستایەتی و دڵسۆزی و قارەمانێتیی شەهید وریای بە شێوازێک بۆ گێڕاینەوە گەر پرسیاری زیاترم ئاڕاستە بکردایە، پێم وا بوو جگە لە فرمێسک بە چاوەکانیدا؛ هیچ وەڵامێکی تری بۆ نەدەدرایەوە! پاشان بەدوورودرێژی باسی خەباتی شاخ و کێشە و ململانێکانی نێو کۆنفڕانس و ڕێگرتن لە ئازادی و بیروڕای جیاوازی دەکرد، یاخود نەوشیروان مستەفا ئەمین لە تەواوی قەناعەتەوە هەوڵی تیرۆرکردنی دابێت، هیچ له و ڕاستییانە ناگۆڕن کە ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە بۆ نەوشیروان مستەفا، ئەندام و کادرانی کۆمەڵە هیچ گرنگییان نەبووە و لای ئه و خەتی ئارام و چەپ، شایەنی ئەوە نین گفتوگۆی سیاسییانە بکەن، بەڵکوو کوشتن و تیرۆر و تۆقاندن و سووککردن؛ تاکە ڕێگەی چارەسەر بووە. به دیوێکی تردا، سوور دەیزانی بەمە ڕێکخراوەکە کەرت دەبێت، بەتایبەت ڕێکخراوی شار وردە وردە ئەندامەکانیان وازیان دەهێنا و سەدان پێشمەرگە تەسلیمی ڕژێم دەبوونەوە و ورەی پێشمەرگە دوای مفاوەزات ڕاستە له نەبەردییەکانی شەڕی قەیوان ماوەت و دوایی داستانی ڕزگاری و پێشتریش داستانی دابان ڕەنگی دابۆوە، بەڵام وەک مارکس دەڵێت لە شەڕی بەرگریدا کاتێک بەرەی سیاسی فشەڵ دەبێت، بەرە سەربازییەکە وردە وردە کز و لاواز دەبێت. لێرەوە له و بڕوایەدام نەوشیروان مستەفا بە کوشتنی چەندەها قارەمانی وەک: وریا ڕەش، جوامێر، سالاری حاجی دەروێش و تەنانەت وەک دەڵێن هێمنە ڕەش و تەرەکردن و ئیهانەکردنی چەندەها کەسی وەک عومەر عەرەب و غەریب کونجرینی و ئیهانەکردنی مامە ڕیشە و تۆرانی لە کۆمەڵە و زۆری تر، کەشێکی لە تیرۆرکردنی کەسێتی و جەستەیی پێک هێنا و ئامانجی لاوازبوونی ڕێکخراوێکی چەپی وەک کۆمەڵە بوو.
#شەهاب کەریم#
#مێژوویەک لە لوولەی تفەنگەوە؛ ڕۆژگارە سەختەکانی شاخ 1979-1991# [1]