قسەی زل نەکەن، ئەو پێڵاوانە دەخەمە دەمتانەوە!
ئێمەش وەک کەرتی پێنجی شەهید هاوڕێ جەبار، تیپی 47ی پیرەمەگروون، بەرپرسەکەمان عومەر عەرەب کە فەرماندەی کەرت بوو، چەند پێشمەرگەیەکی لێ هەڵبژاردین، لەوانە: فازیلی باجە لە کەرتێکی ترەوە گوازرابۆوە کەرتی ئێمە و دواتر بوو بە فەرماندەی مەفرەزە، لە چالاکییەکدا لە ناوتاقانی پشتی گوندی کانی سپیکەی #سلێمانی# لەگەڵ تۆفیق (هونەر) (ئەویش دواتر بوو بە جێگری فەرماندەی کەرت) شەهید کرا. سەڵاحی حاجی عەلی (سەڵاح چاوزەق)، دواتر بوو بە فەرماندەی کەرت و گوللەباران کرا. ئەردەڵانی ئیسماعیل عارف، دواتر بوو بە جێگری فەرماندەی کەرت لە تیپی پارێزگاری عەبدولڕەحمان سیتەکی سەرتیپ بوو، شەهید سالاری حاجی دەروێش کە گوللەباران کرا فەرماندەی کەرت بوو، ئەردەڵانی ئیسماعیل عارف جێگری فەرماندەی کەرت بوو، ئەم تیپە پارێزگاریی لە سەرکردایەتی و بارەگای #مام جەلال# دەکرد، حەمەی شێخ حەسەن (حەمە بچکۆل) وەک پێشووتر باسم کرد، گوللەباران کرا، ئازاد #کەرکووک#ی ئێستە لە ژیاندا ماوە، کامەران مەحموود (کامەرانی خولە سمێڵ) لە ڕووداوێکی زەماوەنددا کوژرا، نوورەدینی برام (سەربەست) ئێستە لە ژیاندا ماوە، بەندە (شەهاب کەریم) و ڕزگار قلیاسانی لە ناوتاقان شەهید کرا؛ چەند جارێک لە هەوڵی چالاکییەکی مەزندا بووین کە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبێت و ترسی زیاتر بخەینە نێو دەروونی چەکدارەکانی سەر بە ڕژێم. لە شاری سلێمانی، لە ڕاستەڕێی شەقامی مامۆستایان، بە دووریی پێنج سەد مەتر لە نزیکی بارەگای ئیستخبارات، کە لەو سەردەمەدا بارەگای ئیستخباراتی لێ بوو، لەنزیک یانەی مامۆستایان (نادی معلمین) ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس (شرطة النجدة)ی بە چوار چەکدارەوە لێ بوو کە ڕژێمی بەعس بۆ ئەوەی زیاتر بتوانێت چاودێری بکات، لەبریی پۆلیس، هەندێک لە چەکدارە تایبەتییەکانی خۆیان شەوانە ئێشکیان دەگرت و پەلاماری هاوڵاتییانیان دەدا. پێشتر ئێمەش دوو ئۆتۆمبێلی جۆری بەرازیلیمان بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکەمان بۆ ئامادە کرابوو، پاش ئەوەی نەخشە و پلانی خۆمان داڕشت و چووینە سەریان و بە سزای گەل و شۆڕشمان گەیاندن و ئۆتۆمبێلەکە و هەر چوار چەکی جۆری کڵاشینکۆف و دەمانچەیەک و جیهازێکی پەیوەندیکردنمان لەگەڵ خۆماندا هێنا. کاتێک گەیشتینە سنووری ئازادکراو و ڕۆژمان لێ بووەوە، لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە پەیوەندیمان بە جیهازەوە پێ کرا، ئەو جیهازانەی کە پۆلیسەکان بەکاریان دەهێنا لەنێو ئۆتۆمبیلەکەدا بوو و سەڵاح چاوزەقیش بەدەم پێکەنین و گاڵتەجاڕییەوە وەڵامی دەدانەوە. کاتژمێری حەوتی سەرلەبەیانی گەیشتینە گوندی گاپیڵۆن، بارەگای شۆڕش ئیسماعیل، سەرتیپی 47ی پیرەمەگروون کە ئێستا ئەندامی مەکتەبی سیاسی و وەزیری پێشمەرگەیە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. لەسەر ڕێگای گوندەکە ڕامانگرت و ڕۆژانە خەڵکی بەسەرسامییەوە دەهاتن سەیریان دەکرد کە بە چی شێوازێک توانراوە ئەم ئۆتۆمبێلە بهێنرێت! لە ڕاستیدا چالاکییەکی زۆر مەترسیدار و زەحمەت بوو، پاشان لە مێژووی ئەو شۆڕشەدا هیچ تیپ و کەرتێکی هێزی پێشمەرگە چالاکیی لەو جۆرەیان ئەنجام نەدابوو. خەڵکی گوندەکان و خەڵکی شاریش کە دەهاتن بۆ ئەوێ، بەتایبەتی بۆ چەند خولەکێک سەیریان دەکرد و پرسیاری ئازایەتی و قارەمانێتیی ئەو پێشمەرگانەیان دەکرد کە ئەو چالاکییەیان ئەنجام داوە. ئێمەش زۆر خۆشحاڵ بووین بەوەی کە سەرکەوتنمان بەدەست هێناوە. پاش هەفتەیەک هەواڵمان پێ گەیشت بەوەی بچین سەردانی فەرەیدوون عەبدولقادر بکەین، عومەر عەرەب وەک فەرماندەی کەرت و من و سەڵاح چاوزەق. بۆ ڕۆژی دواتر گەیشتینە لای فەرەیدوون عەبدولقادر، هەر چەندە زۆر ماندوو بووین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر خۆشحاڵ بووین کە نێردراوە بەدواماندا و چاومان بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی دەکەوێت و خەڵات دەکرێین. بەڵام کاتێک فەرەیدوون عەبدولقادر هاتە دەرەوە بە ڕووخسارێکی پاک و پوختە و جلێکی جوان، یەکەم پرسیار وتی: عومەر عەرەب، تۆ خۆت بە چی دەزانیت کێشەی گەورەمان بۆ دروست دەکەیت؟ عومەریش وەڵامی دایەوە وتی: کاک فەرەیدوون، نازانم باسی چی دەکەیت! من هیچ کێشەیەکم بۆ شۆڕش دروست نەکردووە. وتی: با، تۆ کاری سەربەخۆ دەکەیت و پێشمەرگە دەبەیتە شار و تەقە دەکەیت! عومەر وەڵامی دایەوە و وتی: کاک فەرەیدوون، من فەرماندەی کەرتم و دەست لە ڕژێم ناپارێزم و جگە لە ئەنجامدانی چالاکی و خۆبەختکردن، هیچی ترم نەکردووە. لە وەڵامدا فەرەیدوون عەبدولقادر وتی: عومەر، قسەی زل نەکەیت، ئەو پێڵاوانە دەخەمە دەمتانەوە! لە ڕاستیدا من وام دەزانی هەر هیچ نەبێت یەکی دەمانچەیەکمان خەڵات دەکات و ئێوارەخوانێکمان بۆ ساز دەکات، ئەو جنێوە و ئەو وشە ناشرین و نەشیاوە، هەرسێکمانی داڕووخاند و تینووێتی و برسێتیی ڕێگای لەبیر بردینەوە. تازە پێشمەرگەیەک کە لەو سەردەمەدا پێیان دەوترا پێشمەرگەی مفاوەزات، هاتە تەنیشتمانەوە و وتی: کاک فەرەیدوون گیان چەکیان بکەم؟ عومەر ئاوڕی دایەوە و وتی: کێ چەک دەکەیت، با مێشکت نەتەقێنم! دوای پرسیار و هەندێک گفتوگۆ، ئێمەش بەنائومێدی گەڕاینەوە بۆ بارەگای کەرتەکەمان کە لە گوندی باڵخێ بوو. ئەو جنێوەی فەرەیدوون بە ئێمەی دا، کاریگەریی دەروونیی کردە سەرمان. بە چەند مانگێک دوای شەهیدبوونی مامە ڕیشە، لە وەڵامی جنێوەکەی فەرەیدوون، گەورەترین چالاکیمان لە سلێمانی ئەنجام دا. کوشتنی شەش چەکداری ڕژێم و بردنی چەند ئۆتۆمبێلێک کە یەکێکیان درا بە شۆڕش ئیسماعیل و دووانیان ڕەوانەی سەرکردایەتی کرا، عومەر وتی: با ئۆتۆمبێلێکیان بۆ فەرەیدوون بێت، گوناحە، ئەو ئیشی پێی دەبێت، چونکە زۆر سەرقاڵی سەفەرکردنە بۆ ئێران!
فەرەیدوون عەبدولقادر هەر ئەو کاتە سیاسەتمەدارێکی جنێوفرۆش نەبوو، بەڵکوو لە ئەمساڵیشدا هەڕەشەی کوشتن لە منداڵێکی سێ ساڵان دەکات و تەنانەت وشەی نەشیاوی بازاڕییش وەک: حیز، قوزی خوشکت و دایکت دەگێم بەکار دەهێنێت و لەسەر قەرز و پارە و مامەڵەکردنی کاڵاوە، هەڕەشەی کوشتن لە هاوڵاتییەک دەکات و دەڵێت: سەگی سەگباب، ئەوا دێم و دەتکوژم و سەرت دەخەمە قوزی ساحێبتەوە! تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە جنێو و هەڕەشەکانی فەرەیدوونەوە سەرقاڵ بوون و بڵاویان کردەوە. ئای لەو سیاستمەدار و قوتابیی قوتابخانەی مارکس و لینین و ماوتسی تونگ! ئای لە فەرەیدوونی ئەندامی مەکتەبی سیاسی، کە ناخی ڕاستەقینەی دەردەکەوێت. ئەو فەرەیدوونەی لە شاخ لەسەر ئەنجامدانی چالاکییەکی گەورەی مەترسیدار، پیڵاوی دەخستە دەمی پێشمەرگەوە. ئەو فەرەیدوونەی وتاری دژ بە ڕژێمی بەعس دەنووسی، ڕێکخستنە نهێنییەکانی شار بڵاویان دەکردەوە و داوای مافی گەلی کوردی دەکرد، ئێستە گەورەترین بازرگان و سەرمایەدار و خاوەن هۆتێلی چەند نهۆمیی بەرزی پێنج ئەستێرە و قومارخانە و دیسکۆ و ڕێستۆرانتە. بەداخەوە، ڕۆژانێک بوو ئێمە سنگمان بە گوللەوە دەنا و ئەویش خۆی لە گوللەی چەکی ڕژێم دەپاراست، ئێمە گیانفیدا و ئەویش بازرگان و سەرمایەدار! مارکس کاتێک تێکەڵ بە بزووتنەوەی جەماوەری دەبێت و لە ڕێپێوانێکدا خێزانەکەی وەڵامی بۆ دەنێرێت و دەڵێت: مناڵەکەمان زۆر نەخۆشە و ئەگەری مردنی هەیە، مارکس وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: مناڵەکەمان گەر بشمرێت، مناڵێکی تر لەدایک دەبێتەوە، بەڵام ڕەنگە ڕێپێوانێکی تری پرۆلیتاریی لەم جۆرە نەکرێت و لەدایک نەبێتەوە. مارکس هەتا مردیش، خاوەنی هیچ سەرمایەیەک و تەنانەت بەقەرزارییش مرد و دوای خۆی نووسینەکانی؛ جیهانی سەرمایەداریی گۆڕی بۆ جیهانی پرۆلیتاری، بەڵام هەندێک لە سیاسەتمەدارانی نێو شۆڕشەکانی ئێمە، خەباتی پرۆلیتاریایان گۆڕی بۆ خۆشگوزەرانیی خۆیان و دروستکردنی کۆمپانیا و حیزبی عەشیرەتگەری و خێڵەکی و سەرمایەداری.
#شەهاب کەریم#
#مێژوویەک لە لوولەی تفەنگەوە؛ ڕۆژگارە سەختەکانی شاخ 1979-1991# [1]