ناو: موحسین
ناوی باوک: عەبدوڵڵا عومەر
موحسین عەبدوڵڵا- گۆرانی بێژ
نوسینی: خالید عومەر عوسمان
ناوی تەواوی (موحسین عەبدوڵڵا عومەر عەبدوڵڵا) یە، ساڵی 1974 لە گوندی (#گردەسۆر#)ی دەشتی #هەولێر# لەدایک بووە، خوێندنی سەرەتایی لە گوندی گردەسۆر تەواو کردووە، دواتر لە ساڵی 1987 بەهۆی خاپوور کردنی گوندەکەیان وەکو هەموو گوندەکانی کوردستان لەلایەن حکومەتی ئەوسای بەغدا ڕوو لە شاری هەولێر دەکەن و لە هەولێر خوێندنی ناوەندی تەواو دەکات، ساڵی 1992 چووەتە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەولێر و بەڵام خوێندن تەواو ناکات و ڕوو لە هەندەران دەکات، دواتر دەگەێتەوە پەیمانگا کە دوو ساڵی مابووە تەواوی دەکات، واتە دەرچووی بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەولێرە، هەر چەندە خۆی حەزی لە بەشی مۆسیقا بووە بەڵام پێیان ووتوە لە مۆسیقا شوێن نەماوە بەناچاری دەچێتە بەشی شانۆ، هەر لە منداڵییەوە خولیای هونەر بووە و لە چالاکی قوتابخانەکان بەشداری کردووە و گۆرانی ئەوسای هونەرمەندانی گوتۆتەوە منداڵێکی بوێر و ئازا و چالاک بووە، ساڵی 1984 ئەوکاتە مفاوەزاتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و حکومەتی بەغدا بووە یەکێتی ئاهەنگێک دەگێڕێ لە گوندی گردەسۆر ئەمیش کە پۆلی سێی سەرەتایی بووە هەڵبژێردراوە کە گۆرانی بڵێت ئەمیش بە گۆرانی (مەگری نازدارم مەگری)ی هونەرمەند عارەب عوسمان بەشداری دەکات ئەمە دەبێتە دەسپێکی هونەری ئەو، ساڵی 1993 گۆرانی بۆ پێشەکی زنجیرە درامای کەوەکانی قەرەچوغ دەچڕێت کە لە شیعری شاعیر (مەدحەت بێخەو) ە، لە ساڵی 2002وە خەریکی ئەلبومێک بووە بەناوی (بەدەست تۆ بوو) لە ساڵی 2007 بەرهەمهات کە لە (7) تراک پێکاتبوو بڵاوی کردەوە کە هونەرمەند (زیاد ئەسعەد) سەرجەم تێکست و ئاوازی نێو ئەلبوومەکەی بۆ ئامادەکردبوو، دواتر یەکەمین ڤیدیۆ کلیپی خۆی بەناوی (چۆن دڵتهات) بڵاو کردەوە، موحسین عەبدوڵڵا سەرسامە بەدەنگی هونەرمەندان (حەسەن زیرەک و مەزهەری خالقی و زیاد ئەسعەد)، ئەم هونەرمەندە دوای چەندین ساڵ ژیان لە نەرویج دەباتەسەر دواتر بەیەک جاری دەگەڕێتەوە کوردستان و سەرقاڵی کاری دەبێت،
ئەم ژیاننامەم لەخۆی وەرگرتووە لە 5-8-2021[1]