ناو: موحسین
ناوی باوک: عەباس
موحسین عەباس- مۆسیقا ژەن
نوسینی: #خالید عومەر عوسمان#
هونەرمەند (موحسین عەباس) ساڵی 1955 لە شاری #هەولێر# لەدایک بووە، دەرچووی بازرگانییە، ساڵی 1974 لە یەکەم ڤیستیڤاڵی هونەری کوردی بەشداری دەکات لە بەغدا وەکو ئەکتەر لە ئۆپەرێتی (باران) لە ڕۆڵی جوتیار لە ئامادە کردنی واحید مەرجان، پاشان لەبەر حەزی زۆری بۆ مۆسیقا لە ساڵی 1976 لە تیپی کرێکاران وەکو ژەنیار بەشداری دەکا لە هەموو چالاکییەکانی ئەم تیپە، ساڵی 1978 گۆرانیەک بە دەنگی خۆی تۆمار دەکات بەناوی (شەوە زەنگ) لە ئاوازی ڕزگار خۆشناو و شییعری عەبدوڵڵا پەشێو، ساڵی 1979 دەچێتە تیپی هونەرە میللیەکان و تا کۆچی دوایی کردنی لەو تیپە بەردەوام بوو، بەڕێوەبەری مۆسیقای تیپی هونەرە میللیەکان بووە، ساڵی 1981 لەگەڵ ئەم تیپە گەشتی ووڵاتانی دەرەوەی کردووە وەکو ئەڵمانیا بۆ کاری هونەری، لە چەندین بواردا وەکو مۆسیقا (دەهۆڵ ژەنین- هەڵپەرکێ- ڕیتم) هەروەها جار جاریش زوڕنا و باڵەبانی ژەنیوە، لە چەند تیپێکی تردا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە وەکو (تیپی مۆسیقای کاوە) (تیپی کۆمەڵ و هونەرو وێژەی کوردی) (تیپی هونەری هەولێر)، بەشداری لە هەموو ڤیستیڤاڵێکی عێراق و کوردستان کردووە، بەشداری کارو چاڵاکییەکانی تیپی هونەرە میللیەکانی کردووە لە دەرەوەی ووڵات، مۆسیقای بۆ چەندین شانۆگەری کوردی داناوە کە ئەمانە بەشێکیانن (پێکەنین و مارەکان- لەتیف نوعمان) (ئەو دەمەی ئەڤین مەزنتر دەبێ- ئەحمەد سالار) (حوکمی قەرەقۆش- تەڵعەت سامان)، ئاوازی بۆ گۆرانی بێژان داناوە وەکو جەلال سەعید بە گۆرانی (منت دۆڕاند) لە شیعری نازم دڵبەند، نیزام شوکر گۆرانی (بۆ شێواوی) لە شیعری محەمەد سەعید ئیبراهیم، بەداخەوە ئەو هونەرمەندە لە #6-1-2008# بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
ئەم ژیاننامەم لە (سالار کۆشار)ی شاعیر و مۆسیقا ژەن وەرگرتووە لە 4-8-2021[1]