ناو: محەمەد
ناوی باوک: عەبدوڵڵا باپیر
نازناو: محەمەد ئۆمەراوەیی
محەمەد ئۆمەراوەیی- حەیران بێژ
نوسینی: #خالید عومەر عوسمان#
ناوی تەواوی (محەمەد عەبدوڵڵا باپیر ئیسماعیل) ە، لە هۆزی (#باڵەک#) ە، ساڵی 1940 لە گوندی (#ڕێزان#) سەر بە مەڵبەندارێتی (#گەڵاڵە#) لەدایک بووە، ساڵی 1955 ئارەزوو و خولیای حەیران و بەستەی کوردی دەکەوێتە سەر و هەوڵی فێربوونیان دەدات چونکە دەنگی خۆش بووە، لە حەیران و بەستە و مەقامدا سوودی لە کچێک بەناوی (خەدیجە ساڵح ئەحمەد) دانیشتووی گەڵاڵە و (عەلی سەعید) ی خاڵی و (ئەحمەد عەلی گەڵاڵەیی) وەرگرتووە، محەمەد ئۆمەراوەیی بە شێوەیەکی سەرەکی حەیرانی پێ لەهەموو نەوایەکی تر خۆشتر بووە، هەروەها گوتویەتی حەیران دابەش دەکرێت بەسەر سێ ناوچەوە (دەشتی هەولێر- ناوچەی باڵەک- ناوچەی پشدەر)، وە هەروەها گوتویەتی تەنیا دەشتی هەولێر کانگای حەیرانە و داڕشتنی حەیرانەکان بەهێزترن لە ناوچەکانی دیکە، لە حەیرانیشدا (حەسەن حەیران- عوسمان حەیران) بەسەر قافڵەی حەیران بێژان دەزانێت، لە تەمەنی لاویدا بۆ بژێوی ژیان شوانی و سەپانی و جوتیاری کردووە، ساڵی 1955 لە دائیرەی ئەشغال دامەزراوە تا ساڵی 1961 پاشان وازی هێناوە و خەریکی کاروباری کشتوکاڵی بووە لە گوندی ئۆمەراوە تا ساڵی 1970 دواتر هاتۆتە هەولێر و دوو ساڵ بە کاروباری ڕۆژانە ژیانی بەسەر بردووە، پاشان لە دائیرەی (تطوير اثار قلعة- اربيل) دامەزراوە و بەردەوام بووە تا خانەنشین بوونی، محەمەد ئۆمەراوەیی سێ کوڕ و دوو کچی هەبووە، لە ماوەی ژیانیدا سێ کاسێتی تۆمار کردووە، کاسێتی یەکەم لەساڵی 1970 تۆمار کردووە بە حەیران و بەستە بۆ تۆمارگای عەبدوللەتیفی چەخماخچی، دووەمین لەساڵی 1971 بە هاوبەشی لەگەڵ مستەفا حەسەن خەزنەیی بۆ تۆمارگای نەریمان خاوەنەکی جەبار باپیر، سێیەم کاسێتی تەنیا حەیرانە بە نایەی (محەمەد خدر) پەخش کراوە و بۆ تۆمارگای (شێخ محەمەد غەریب) تۆمار کراوە، سەرەڕای ئەم سێ کاسێتەش زیاتر لە (50) کاسێتی لە بۆنەو جۆر بەجۆر بۆ ماڵە برادەرو خزم و ناسیاو تۆمار کردووە.
سوودم وەرگرتووە لە کتێبی (سەربردەی کۆمەڵە حەیران بێژێکی کورد)[1]