ئاوایی له شان چۆم و باخەوه
پاڵی داوەته سینگی شاخەوه
عومرێکه نێوان لەشی کۆرپەی دێ
خوێنی ژین گەرمه و دڵی خورپەی دێ
باڵندەی ڕەنگین، کۆتری نەخشین
به دەوری دێ دا ئەگەڕێ چین چین
تاوێ له باخان، تاوێ له سەر دێ
هەر یەکێ نەغمەیێ له ناخی دەردێ
ئەو دەشته سەوزه، ئەو دێ یه جوانه
ئەو هەموو دار و باخ و بێستانه
دەستی سیاسەت، ئاورێ دێنێ
یەک له شوێن یەکا، ئەیانسووتێنێ
دێ ئەسووتێت و خەڵکی کۆچ ئەدرێن
کۆچی دڵ تەزێن، بۆ دەشتی گەرمێن
به وێنەی شەمێ که توابێتەوه
پەپوولەی تەنیای، لا مابێتەوه
ئەو کۆترانەی به ئاسمانەوه
له دەورری دێ دا ئەسووڕانەوه
به ئاهەنگی خەم، تاکوو خۆراوا
ئەگەڕێن به سەر دەشتی سووتاوا
تا ورده ورده دڵنیا ئەبن
دێ به جێ دێڵن، ئەوانیش دەچن
گەرمەسێر ئەگەر بەهەشتی ڕوون بێ
باخی گەوهەر و دەشتی ئاڵتوون بێ
ئێستاش هەروەها کوردی کۆچ دراو
باڵندەی کزی له هێلان بڕاو
مشتێ لەو خاک و بەرده سووتاوه
خاکی ئەو دەشتەی، تێیدا ژیاوه
به سەرتاسەری گەرمێنی نادا
نای گۆڕێتەوه له گەڵ دنیادا
ئاخر به خوێنی، ئاوی پێدابوون
باو و باپیری، لەوێ ژیابوون
گەرمەسێر ئەگەر بەهەشتی ڕوون بێ
باخی گەوهەر و دەشتی ئاڵتوون بێ
هەموویان ئەدا، تەنیا هەناسەی
به یادی وڵات، بشکێنێ تاسەی
#شەریف حسێن پەناهی#
#ملوانکەی شین# [1]