ناو: سدیق
ناوی باوک: عوسمان خدر
نازناو: سدیق مەموندی
سدیق مەموندی- گۆرانی بێژ
نوسینی: #خالید عومەر عوسمان#
ناوی تەواوی (سدیق عوسمان خدر ڕەسول) ە، ساڵی 1966 لە گوندی #ترپەسپیان# سەر بەناحیەی #قوشتەپە# لەشاری #هەولێر# لەدایک بووە، لە عەشیرەتی (شێخ مەموندی) یە، قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی دووگردکان و ناوەندی لە قوتابخانەی قوتەیبیەی کوڕان لە گەرەکی شۆرش و دواناوەندی لە ئامادەیی هەڵمەتی کوڕان هەر لە گەڕەکی شۆڕش تەواو کردووە، ساڵی 1985-1986 لە کۆلیژی زانست بەشی بیرکاری زانکۆی سەلاحەددین وەرگیراوە، ساڵی 1990-1991 بروانامەی بەدەستهێناوە، لە قۆناغی ناوەندی بووە هاتونەتە شاری هەولێر، ساڵی 1994 هاوسەرگیری کردووە لەگەڵ کچی پلکی و سێ کوڕی هەیە بەناوەکانی (محمد- زانا- سەرمەد)، ساڵی 1983 لەڕیگەی هاوڕێیەکیەوە پەیوەندی بە (دارالفن- کۆشکی هونەر) دەکات لە گەرەکی ئیسکان ئەوکاتە مامۆستا سەید تەڵعەت بەڕیوەبەر بووە، لەوێ پەیوەندی بە بەشی مۆسیقا دەکات بە سەرپەرشتی (نەجات عەساف)، ماوەیەک لەو بەشە بەکۆرس وەرگیراوە، دواتر وەکو گۆرانی بێژ بەشداری کردووە، ساڵی 1984 یەکەم بەرهەمی لەم تیپیە گۆرانی (موو ناپسێنم) بووە لە هۆنراوەی هێمن موکریانی و ئاوازی خۆی و ئامادەو دابەشکردنی مۆسیقا مامۆستا نەجات عەساف، ئەم گۆرانیە لەساڵی 1985 بۆ تەلەفزیۆنی نەینەوا بەرنامەی (نەسەمات من بلادی) تۆمار کرا لە قەڵای هەولێر، بەڵام لەبەر ووشەی (حەپسی ئینفرادی) کە لە هۆنراوەکەدا هەبوو بڵاویان نەکردەوە، یەکەم کاسێتی لەساڵی 1992 بڵاو کردۆتەوە کە (9) گۆرانی لەخۆ گرتبوو بەیارمەتی تیپی مۆسیقای کۆلیژی ئەندازیاری بەسەرپەرشتی ئەندازیار فارس محمد عەلی کە دیارترین گۆرانیەکانی ئەو ئەلبوومە (خەیاڵ و گەردەمزانی) بوو، گۆرانییەکانی ئەم کاسێتە لە شیعری شاعیران (هێمن موکریانی- سەعدوڵڵا پەرۆش- مۆفەق ئەکرەم کانی- ئەیوب- قادر بەشدار- فاتیح شەیدا) بوون، ئاوازەکانی یەکێکیان نەجمەددین بابەکر بووە و هەندێکیان هی خۆی و ئەوانیتر فۆلکلۆر بوون، دیارترین گۆرانی ئەم کاسێتە (خەیاڵ و گەر دەمزانی) بووە، ساڵی 1993 لەگەڵ تیپی مۆسیقای کۆلیژی ئەندازیاری بە هاوکاری تیپی مۆسیقای پەیمانگای نابینایان گۆرانی (رۆژی ئەوین) تۆمار دەکات لە هۆنراوەی مۆفەق ئەکرەم کانی و ئاوازی خۆی، ساڵی 1994 دوو گۆرانی تۆمار کردووە (دەستت لەنێو دەستم نێ- خوات لەگەڵ)، ساڵی 1995 دوو گۆرانی تری تۆمار کردووە (کوڵمەت وەکو پەڕی تاووس- جەژن هات)، ساڵی 2000 بەبۆنەی کردنەوەی سەتەلایتی کوردستان دوو گۆرانی تۆمار کرد بەهاوکاری تیپی مۆسیقای سەتەلایتی کوردستان، سێ سروودی بۆ ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی یەکگرتوو تۆمارکردووە بەیارمەتی تیپی مۆسیقای پەیمانگای نابینایان و ڕادیۆی یەکگرتوو بەناوی (پەشیمانم- ڕەمەزان- زۆر ڕێی ڕازاوەی دنیام گرتە بەر) لە هۆنراوەی (عەلی ساڵح و خەلیل عوسمان، بەشداری لە (3) بەرنامەی هونەری کردووە بە حەیران لە تەلەفزیۆنەکانی (گوڵان و سەتەلایتی کوردستان و هەرێم)، ساڵی 1998 سروودی (نەورۆز) ی تۆمار کردووە لە هۆنراوەی مۆفەق ئەکرەم کانی و ئاوازی ڕەنج مەجید بۆ تەلەفزیۆنی کوردستان، ساڵی 2000 دوا بەرهەمی گۆرانی (دانە دانە) ی مەزهەری خالقی بووە لە سەتەلایتی کوردستان لە ئامادەکردنی (نایف محەمەد شێخانی)، ساڵی 2019 بەشداری کردووە لە بەرنامەی دیداری تایبەت لە تەلەفزیۆنی ڕەسەن لە پێشکەشکردنی ئاری ئاغۆک، گۆرانیەکی لەگەڵ تیپی مۆسیقای هونەرو وێژەی کوردی تۆمار کردووە لە هۆنراوە و ئاوازی سالار کۆشار بەڵام بەداخەوە بڵاو نەکرایەوە.
ئەم ژیاننامەم لەخۆی وەرگرتووە لە 2021/7/13[1]