هاکا ئەم چەرخەش هەڵگەڕایەوە
ئیتر نەگەڕاو نەسووڕایەوە
کیژێ خاوەنی ژینی دنیایە
ریزێ مرواری لە گەردنیایە
کیژێ کە تینی ئەوینی وایە
ژیان و مردن لە دەستی دایە
مرواری لە سەر سینگی ڕازاون
بە هێزی جەزبەی عەشقی وەستاون
ئەویش وەک هەموو ڕۆژێ پیر ئەبێ
بە تیری مردن داوێنگیر ئەبێ
بەڵێ ئەمرێت و ئەکوژێتەوە
ملوانکەی ملی ئەپچڕێتەوە
نۆ مرواری یەک لە شوێن یەکتر
شینی مردنی ئەگاتە ئاخر
شینی مردنی ئەو کیژە وایە
کە لە شونێی دا ئاخر دنیایە
بناغەی گەردوون وا دەشکێتەوە
ئیتر ناگەڕێ و ناسووڕێتەوە
#شەریف حسێن پەناهی#
#ملوانکەی شین# [1]