نامەیێ بۆ کۆڕی شاعیران
کورد ئەگەرچی زۆرە دەردی، بەردی مەینەت وا لە ڕێی
دەس لە ئەژنۆگرتن ئەو بەردانە لانابا لەرێی
شێعری خاوێنم دەوێ خوێنی دڵ و زاری نەبێ
رەنگی فرمێسکی دەروون و بۆنی خەمباری نەبێ
بۆ چی قانع بم لە ژینا، بۆ ئەبێ هەوڵێ نەدەم؟ !
بۆ ئەبێ دەس هەڵگرم، تاکوو بە ئامانجم نەگەم؟ !
هێمنی هەڵناگرێ ئەم چەرخە بۆ کوردی کوڵۆڵ
تا بەکەی هێمن بژین و تێنەکۆشین گورج و گۆڵ؟
گەر هەموو پەرداخی ژینم هەر وەها پڕ بێ لە ژار
ناگرم دەستم لە ئەژنۆ، قەت بە خۆم ناڵێم هەژار
هەر وەکوو (بێکەس) ئەگەرچی دەردەدار و بێکەسم
من کەسم کوردە، بە کەس ناڵێم هەژار و بێکەسم
شێعری خاوێنم دەوێ خوێنی دڵ و زاری نەبێ
رەنگی فرمێسکی دەروون و بۆنی خەمباری نەبێ
2
تا پەری شێعرم نەدی، هەر ساتە بیرێ وام هەبوو
داخەکەم چاوی پەریش، غەیری خەمی تێدا نەبوو
بۆ گوڵی شادی گەڕام ماوەیێ، هەتا بیدۆزمەوە
تاکوو بەرگی بووکی شێعری پێ بڕازێنمەوە
شار و کوێستانی وڵاتی کوردەواریم گرتە بەر
پێکەنینم نەدی هەرگیز لە دڵ هاتبێتە دەر
بۆ نەگریم من کە پەروەردەی هەوای شاری خەمم؟!
چی بنووسم؟ غەیری ئەو فرمێسکە، چی بێ بەرهەمم؟!
کوردەواری هەر بەشی زووخاو و دەرد و زیللەتە
تاکوو داهاتووی بە چی بێ، زەحمەتی ئەم میللەتە؟!
لێم ببوورن ئەی هەژار و بێکەس و هێمن، ئەمن
ئێستە ئەیزانم کە ئێوە بۆچی ئالوودەی خەمن؟!
ئەو خەمانەی نەمدەناسین وا ئەسیری کردووم
چی بڵێم؟! چۆنی بڵێم؟! چەشنێ کە پیری کردووم
#شەریف حسێن پەناهی#
#ملوانکەی شین# [1]