دێ
بولبولی بەندی قەفەس پەروەردەی ئەو کێوانەیە
بۆیە تا ئاخر نەفەس هەر وا بە تاسەی لانەیە
باڵی ئازادی ئەسووتێنین و دانەی پێ ئەدەین
نەک ژیانی ئەو مەلە، تەنیا بە ئاو و دانەیە
شینی هێلانەی دەکا، ئەگریت وسەربەستی دەوێ
بانگ و ئاوازی قەفەس، ئەو شیوەن و گریانەیە
سووچی بەندی بۆ دەڕازێنینەوە بێخەم بژی
کەی نیشانەی ژینی بێخەم، زیوەری کاشانەیە؟!
تێدەکۆشێ هەڵفڕێ، بەندی قەفەس بۆی ناچڕێ
ئاخرین ئاواتی بەرزی دیتنی هێلانەیە
نەغمە سەردانی کە وا پاراوی هەستی گەل دەکا
شینی بێ فرمێسکی ئەو باڵندە بەستەزمانەیە
سووچی بەندیخانە وایە هەر کە ئازادی دەوێ
بەرهەمی کاتی خەمی، ئەو نەغمە بەرز و جوانەیە
(قانع)م دێنێتەوە بیر ئاوازی باڵندەی قەفەس
قوڕ بە سەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە
نیوە دێڕی کۆتایی هی مامۆستا قانعە.
#شەریف حسێن پەناهی#
#ملوانکەی شین# [1]