قوتابخانه
----------
(1)
پاش ئەوەی که خۆر هەڵدێ
پڕشنگ ئەخاته سەر دێ
خوێندەواران دێنه دەر
ڕێی مەکتەب دەگرنه بەر
...
له نێو کۆمەڵەی ماڵان
بۆ خوێندنی منداڵان
ماڵێکی زۆر وێرانه
کراوەته قوتابخانه
کاکی مودیر بەیانی
بەر له خوێندەوارانی
ئەڕوات و لەو بەر دەرگا
ماوەیێ هاتوچۆ دەکا
ڕەوشتی کاکی مودیر
لاوی ژیر و ڕۆشنبیر
له نێو دڵی خەڵکی دێ
به جوانی گرتوویه جێ
یاری هەژارەکانه
هیوای نەدارەکانه
لاوێکی چاک و ڕووخۆش
کوردی وێژ و کوردی پۆش
(2)
ماوەیێ تر مەکتەبی دێ
گەرم ئەبێ به سروودێ
له پەنجەرەی پورتووکاو
تیشکی خۆر ئەداته ناو
مامۆستا وەکوو جاران
ئەڵێ به خوێندەواران:
دیسان ڕۆژی شەمەیه
کاتی پرسینەوەیه
(وریا)! تۆ هەسته سەر پێ
دەرسی پێشووم بۆ بڵێ
(ئا) وێنەی چی؟ (ب) وەک چی؟
(ت) وێنەی چی؟ (پ) وەک چی؟
له (ئەلف)ەوه تاکوو (ی)ێ
هەرچی دەیزانی بیڵێ
(وریا) بیر ئەکاتەوه
وەڵامی ئەداتەوه:
(ئا) وێنەی: ئاواره
ئاواتی ئەو هەژاره
(ب) وەکوو: برسیەتی
(پ) وێنەی: پێ پەتی
(ت) وەکوو: تاڵی ژین
تاریکی و تێ کۆشین
کاتێ شتێ نازانێ
بۆ منداڵان ئەڕوانێ
(نوون) به وێنەی: نەدار
(ه) بەچەشنی: هەژار
(3)
کاکی مودیر هەڵ دەستێ
بەرامبەریان دەوەستێ
ئەڵێ: بەسیەتی ئیتر!
دەس کەینه باسێکی تر
هەتا من له بیرم بێ؛
ئەم وشانه ئەگوترێ...
تاکەی دەرسی دڵ تەنگی؟!
تاکەی دەرد و بێ دەنگی؟!
ئیتر لایان بەین له بیر
روو کەینه ڕا و تەکبیر
...
منداڵەکان مات ئەبن
دەرسی تازه گوێ دەگرن
بێ دەنگی قوتابخانه
پڕ دەبێ لەم وشانه:
(ئا) وێنەی: ئازادی
ئاڵای ئاوات و شادی
(ب) وەکوو: بیرەوەر
(ت) وێنەی: تێکۆشەر
(س) وەکوو: سەربەستی
سەر و سێ داره و سستی
منداڵ به یەک دەنگەوه
دەڵێن به ئاهەنگەوه:
(خ) به وێنەی خەبات
خوێندن و خوێن و خەڵات
(کاف) وێنەی: کوردستان
کورد و کۆمەڵ و کوێستان
...
ماوەیێ بەر له نیوەڕۆ
دوایی دێ دەرسی ئەمڕۆ
ئێواره، منداڵەکان
له نێو باخ و له سەر بان
دەرسی تازه دەخوێنن
به خەڵکی ڕادەگەیەنن:
(ی) وەکوو: یەکیەتی
یەک گرتن و یارمەتی
(4)
ڕۆژی شەممەی داهاتوو
ئەو دەرسەیان لەبەر بوو
بەڵام تاکوو خۆراوا
بەو گەرمای خۆرەتاوا
له ڕێی شارا وەستابوون
چاوەڕێی مامۆستا بوون
تینی خۆر و خەمباری
پرسین و چاوەنواڕی
مامۆستامان وا له کوێ؟
بۆچی نایەتەوه دێ؟
...
پێش ئەوەی تاریک دابێ
هەواڵێ کەوته نێو دێ؛
مامۆستای قوتابخانه
کەوتووەته بەندیخانه
(5)
ماوەی حەفتەیێ دەگوزەرێ
نابێ لەوی خەبەرێ
بەڵام خوێندەوارەکان
هەر له قوتابخانه دان
دەنگی بەرزی دەرسی جوان
ئەڕوا بەرەو ئاسمان؛
(ب) وێنەی: بێگانه
برین و بەندیخانه...
چاویان وا به ڕێگەوه
مامۆستایان بێتەوه
(6)
ڕۆژی هەوەڵی زستان
که سەرما هاته کوێستان
کەسێ هەواڵێ دێنێ
دڵی دێ ئەلەرزێنێ؛
چەن لاوێکی ڕۆشنبیر
به هاوڕێی کاکی مودیر
ئەو ڕۆژه تاریک و ڕوون
له سێ داره درابوون
7
ئیتر ئەو منداڵانه
جێی دێڵن قوتابخانه
کاتێ ئەڕۆن به دڵتەنگ
چاو به فرمێسک و بێدەنگ
خوێندەوارێ کش و مات
سەرنجی دیوار ئەدات
فرمێسکی پڕ له گرێ
دێت و بەر چاوی دەگرێ
له بان تەختەی سەر دیوار
خەتێ مابوو یادگار
دڵی نەدەهات کەسێ
شتی لەسەر بنوسێ؛
(ی) وەکوو: یەکیەتی
یەک گرتن و یارمەتی
(ئا) وێنەی: ئازادی
ئاڵای ئاوات و شادی
-------
له دێهاتی ناوچەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، به مامۆستای قوتابخانه دەڵێن (مودیر).
#شەریف حسێن پەناهی#
#ملوانکەی شین# [1]