ناو: عومەر
ناوی باوک: حوسێن مەحمود
نازناو: عومەر گاوەرەیی
عومەر گاوەرەیی- حەیران بێژ
نوسینی: #خالید عومەر عوسما#ن
ناوی تەواوی (عومەر حوسێن مەحمود) ە، ساڵی 1907 لە گوندی (سێبیرانی گەورە) سەر بە ناوچەی ب#ەڕانەتی# لەدایک بووە، لە هۆزی (سارەیی) یە، هەر لە سەرەتای لاوێتیەوە خولیای حەیران و مەقامی دروێنە و ساوار کوتانەوە و بەیت و مەقامی شایی و هەڵپەرکێ دەبێ، لە سەرەتادا لە تەمەنی (15) ساڵیدا فێرە حەیران ووتن بووە لەسەر دەستی خاڵی (رەسوڵ ئاسک) و سوودی لە حەیران بێژان (حەمەد بەگی- مەحمودی سەید بەسێ- حەسەن حەیران) وەرگرتووە، ساڵی 1937 ژنی هێناوە و شەش کوڕ بەناوی (ئیسماعیل- عوسمان- خەلیل- جەوهەر- زایەر- زیاد) هەروەها چوار کچ بەناوی (گوڵخاتر- خەیار- خەزار- خانم) ی هەیە، لە حەیران بێژان (حەمەد بۆشناغ- حەمەد بەگی- خدر حەیران- عوسمان حەیران- حەسەن حەیران) کاریان لێکردووە، مام عومەر ئیشارەتی بەوەداوە کە سێ کاتدا حەیران دەگوترا (کاتی ڕووداوی چۆک شکێن و جەرگ بڕی مردن- ئەم جۆرە حەیرانە بەردەوام لە سکاڵاو غەریبی دەدوێ) (لە داوەتی شایی و بووک گواستنەوە و کۆبونەوە و برا گەورانی گوند لەبن ڕەشماڵ و چیغان- کە ناوەڕۆکی حەیرانەکان بریتی بوو لە دڵداری و عەشق و خۆشەویستی و جیهانی پاکی کۆتایی نەهاتوو) (یان لە شەوانی زستانی دوور و درێژ وەک گەردانە خەڵک دەکەوتنە چوار دەوری سۆبە و ئاگردان بۆ شەوچەرە و کات بەسەر بردن حەیرانیان دەگوت، مام عومەر لە ژیانیدا ئەم گوندانە گەڕاوە وەک (سێبیرانی گەورە- بنەسڵاوەی گەورە- پیر ڕەش- گاوەرە- بەحرکە- پونگینە)، لە ساڵی 1957ەوە هاتۆتە هەولێر، بۆ بژێوی ژیانی ئەم ئیشانەی کردووە (سەپانی- جوتیاری- نۆبەتداری- کرێکاری قوڕکاری)، دوا نیشتەجێ بوونی لە گەڕەکی (سەیداوە) ی شاری هەولێر بووە، ساڵی 1989 کۆچی دوایی کردووە.
سوودم وەرگرتووە لە کتێبی (سەربردەی کۆمەڵە حەیران بێژێکی کورد)[1]