شیعر و خوا
#غەمگین بۆڵی#
ددانی پیادەنێم، لە تەمەنی منداڵیمدا کەسێکی لە خواترس بووم و هەمیشە ترسێک لەناوەوەم هەبوو بەرانبەر بە بوونی خوا. بەڵام کە تەمەنم هەڵکشا و خوێندمەوە و بیرم کردەوە، ئەو ترسەی لەناوەوەم هەبوو بەرانبەر بە بوونی خوا، نەما. ئاخر گەیشتمە ئەو قەناعەتەی کە بوونی خوا پێویستی بە ترس نییە، بەڵکو پێویستی بە خۆشەویستییە. هێندە دەترسام دەبوایە ڕۆژانە بچمە مزگەوت، هەم تۆبە بکەم و هەمیش دوعا، هەم قورئان بخوێنم و هەمیش نوێژ بکەم. ئەوکاتانەی کارەباش نەبوایە، دەبوایە من بچمە سەربانە بچووکەکەی مزگەوت و بانگ بدەم. ئاخر ئەگەر کارەبا هەبوایە مەلاکە خۆی بە (موکەبیرە) بانگی دەدا. لەوەوە تێگەیشتم شتێک لەم گەردوونەدا نییە بەناو دادپەروەری. بۆیە کەوتمە پرسیارکردن: ئایا بەرلەوەی لە دایک ببین، ئایینمان بۆ دیاریکرابوو؟ ئایا هیچ نیشانەیەکی ئایینیمان بە جەستەوە بووە؟ ئایا ئەگەر من لە هیندستان لە دایکبوومایە لەسەر چی ئایینێک دەبووم؟ ئایا ئەگەر خوا ویستی لەسەر بایە و بیویستبایە، نەیدەتوانی هێمای ئایینی بە جەستەی مرۆڤەوە بدات؟ ئایا ئەگەر خوا هەمان خوای من و هەمان خوای هیندییەک و جولەکەیەک و ئەهودییەک و عەرەبێک بێت، ئەو هەموو ئایین و دینە بۆچییە؟ بۆیە مرۆڤەکان لەهەر بوار و کردەیەکدا، دەبێت خۆیان چەقی خۆیان بن.
من ددانی پیادەنێم، لە سەرەتای شیعرنووسیندا زۆر شیعرم خۆشدەویست و هەمیشە بەدوای ڕێباز و ڕێچکەی شاعیرانەوە بووم، حەزمدەکرد بزانم ئەوان چین؟ بەڵام کە تەمەنم لەناو شیعردا هەڵکشا و خوێندمەوە و بیرم کردەوە، زانیم ئەو ڕێچکە و ڕێبازانە شیاوی ئەو خۆشەویستییە نین کە شاعیر تا ئاستی پیرۆزی سەیریان دەکات. ئەو خۆشەویستییە بووە زادەی ترس. هەمیشە ترسێک بەرانبەر بە شیعر کەوتە دەروونمەوە. ترسێک لەوەی نەوەک ئەوەی دەینووسم شیاوی نووسین نەبێت.
شیعر و خوا لە زۆر ڕوانگەوە خاڵی هاوبەشیان هەیە، وەک چۆن هزری شیعر چەندین لێکۆڵینەوە و ڕاڤەی جیا جیای لێ دەکەوێتەوە، بیرکردنەوەش لە خوا چەندین ئایین و ڕێبازی لێ کەوتۆتەوە. وەک چۆن کارێکی هەڵەیە بڵێین: ئەم ڕاڤەیان لە هەموو ڕاڤەکانی دیکە دروستترە، ئەمە هەم بۆ شیعر و هەمیش بۆ خوا. ئاخر هەموو کردەیەک و هزرێکی گەورە کە بە نەمری بمێنێتەوە، ڕاڤەی جوایەزیش لە خۆیدا کۆدەکاتەوە. وەک چۆن ئێستێتیکا شیعر بە نەمری دەهێڵێتەوە، وەهایش ئێستێتیکا خوای بە گەورەیی و نەمریی هێشتۆتەوە. وەک چۆن شیعر لە چوارچێوەی پێناسە و ڕاڤەیەکی دیارکراو و سنووردار قەتیس نابێت. ئەگەر شاعیر وێنەیەکی دیکە و پێناسەیەکی دیکەی بۆ شیعر و دنیابینی خۆی پێنەبێت. بۆیە پەیڤی شیعر زۆر مانا و دەلالەت لە خۆیدا هەڵدەگرێت. هەم وەک لایەنی پەیام، هەم وەک هزر، هەم وەک ئێستێتیکای شیعر و هەمیش لە ڕووی زمان و تەکنیکەوە. هەر یەک لەوانە چەندان پێناسەی خۆی هەیە و هەموو پێناسەکانیش جیاوازن لە یەکدی و هەموو پێناسە و ڕاڤەکانیش دروستن. بۆیە هەموو ئەوشتانەی لەبارەی بوونی خواشەوە دەگوترێت و دەنووسرێن، دروستن. ئاخر خوا هەم لەسەر زەوی هەیە و هەمیش لە ئاسمان، خوا هەم لە دڵی کرێکارێکدا هەیە و هەمیش لە دڵی سەرۆککۆمارێکدا. بوونی خوا پیوەستە بە ئاگاداربوون و هۆشیاری مرۆڤەکانەوە، هەم بۆ بوونی خوا و هەمیش بۆ هزری پەیامەکەی. بوونی شیعریش پێویستی بە خوێنەری ئاگادار و هۆشیار هەیە بۆ دڵنیایی شیعرییەت و هزری ئێستێتیکا. وەک چۆن کە بیر لە بوونی خوا دەکەینەوە، بیرکردنەوەمان بۆ شوێنی بەرز دەچێت، وەهاش کە بیر لە شیعر دەکەینەوە، بیرکردنەوەمان بەسەر مەعریفەدا هەڵدەزنێت. کەواتە وەک چۆن خوا، خوای هەموو مرۆڤێک و ڕەگەزێکە، شیعریش بە هەمان شێوە.[1]