تورکیا بۆنەیەک، ڕوداوێک، شوێنێک نییە کە نەیقۆزێتەوە، بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی کورد بەکاری نەهێنێت، ئەردۆغان خوازیارە لەڕێگەی لەشکرکێشی و تێکشکاندنی کوردەوە، وەک قارەمانی نەتەوەیی تورکیا دەربکەوێت.
ئەم ڕۆژانە تورکیا بەهەمو هێزو توانای سەربازی و سیاسی و ئابوری و دیبلۆماسییەوە کار لەسەر تێکشکاندنی کورد لەهەموو بەرەیەک و لەهەموو شوێنێکی کوردستان و جیهاندا دەکات.
تورکیا دەستەودامێنی هەموو هێزە گەورە و بچوکەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات دەبێ بۆ ئەوەی لەدژایەتی و تێکشکاندنی کوردا هاوکار و پشتیوانی بن.
جەنگی ئۆکرانیا ڕودەدات، تورکیا هەوڵدەدات لەڕێگەی دۆزینەوەی خاڵە لاوازەکانی ڕوسیاوە، کار لەسەر تێکشکاندنی ڕۆژئاوای کوردستان و دەست واڵاکردنی بۆ هێرشکردنە سەر باکوری سوریا بکات. دوای ئەوەی لوتکەی ناتۆ لەمەدرید ڕێگەی ئەوەی بەتورکیا نەدا خوازیاری بوو، که بەهیوا بوو ئەمەریکا ڕەزامەندی لەسەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تورکیا لەباکوری سوریا بنوێنێ و دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارام بۆ پەنابەرانی سوری پەسەند بکات، ئەردۆغان بەئەندازەیەک بێزارو توڕە بو کە لەلوتکەی تاراندا وەک بەشێک لەهاوکێشەی میحوەری دژ بەئەمەریکا و ڕۆژئاوایی ڕوسیا و ئێران دەرکەوت، تا تیشکی سەوزی ئەو دوو وڵاتە بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ سەر باکوری سوریا بەدەستبهێنێت، بەڵام لەتارانیش بەدەستبەتاڵی گەڕایەوە ئەنقەرەو پشتیوانی تاران و مۆسکۆی مسۆگەر نەکرد.
هەرچەندە لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەتاران، ئەردۆگان بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی ئێرانییەکان، باسی پژاک-ی ورژاندو پژاکو پەکەکە و پەیەدە و یەپەگەی خستە خانەی تیرۆرەوەو، وەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و یەکپارچەیی خاکی هەردو وڵات ناویبردن.
ئەردۆغان سەرباری ئەو هەمو ناڕەزایەتیانەش، هێشتا سورە لەسەر هەڕەشەکانی و دەڵێت هیچ هێزێک ڕامان ناگرێت لەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ چونە مەنبەج، تەل ڕەفعەت و ناوچەکانی دیکەش ئەنجام بدەین و (پاکیان) بکەینەوە لەشەڕڤانانی کورد!
ئەمە لەکاتێکدایە لەوەتەی پارتی یەکێتی دێموکرات (پەیەدە) لەساڵی 2014ەوە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەرۆژئاوای کوردستان دامەزراندووە، کانتۆن ەکانی بە بەردەوامی لەژێر فشارو لەشکرکێشی و هەڕەشەی سوپای تورکیادان.
سویدو فینلاند، لەوپەڕی باکوری ئەوروپا لەترسی لەشکرکێشییەکانی پوتین بۆ سەر ئۆکرانیا، دەیانەوێ ببنە ئەندامی ناتۆ، تورکیاو ئەردۆغان ئەم خواستە دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی کوردی تیا بکەن بەئامانج و ڕوبەری ئازادی و چالاکی کورد لەو دو وڵاتەدا سنوردار بکەن.
تورکیا بەو مەرجە ڕەزامەندی لەسەر بون بەئەندام بونیان دەنوێنێت کە ئەو دو وڵاتە هاوکاری ناوچەکانی ژێر دەسەلاتی پەیەدەو یەپەگە لەرۆژئاوای کوردستان نەکەن، هاوکات هەر کوردێک لەو دو ولاتەدا هاوکاری پەکەکەی کردو تورکیا داوای کرد ڕادەست بکرێت یان دیپۆرت بکرێتەوە.
لەباکوری کوردستان، جگە لەوەی دیارترین سەرکردەکانی کورد خراونەتە زیندانەوە، ئەردۆغان پارتی دیموکراتی گەلانی کورد (هەدەپە)ی کردوەتە ئامانج و دەیەوێ چالاکییەکانی لەڕێگەی دادگاوە قەدەغە بکات، لەبەرئەوەی ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینێت لەداڕشتنی هاوسەنگییە ناوخۆییەکان و دیاریکردنی ئاراستەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوی سەرۆکایەتی تورکیادا.
هەدەپە تا ئێستا توشی هەراسانکردن و دەستگیرکردنی سەرکردەکانی، سەرۆک شارەوانیەکان، میدیاکاران و لایەنگرانی بوەتەوە، وا چاوەڕوان دەکرێ بەتۆمەتی پشتیوانیکردن لەتیرۆر، فشارەکان لەسەری لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا کە لەحوزەیرانی 2023 ئەنجام دەدرێ زیاتر بن.
لەباشور وەک بەشێک لەچاودێران دەڵێن تورکیا بوە بەکەڵەگا، ڕۆژ نییە، درۆنەکانی، فڕۆکەکانی، تۆپخانەکانی هاولاتیان نەکەنە ئامانج و بەهۆی ئەم لەشکرکێشیانەوە گیان لەدەست نەدەن. تورکیا لەڕوی ئابورییەوە دەستی گرتوە بەسەر نەوت و چاوی لەسەر غازەکەشیەتی و هەرێمیشی کردوە بەپاشکۆی ئابوری خۆی و بازاڕێکی گەورە بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانی، ئەمە جگە لەوەی دەیان بنکەی سەربازی و هەوالگری لەهەرێمدا دامەزراندوە.
لەپڕۆژەی تورکیادا هەمو کوردێک بەوانەشەوە کە خزمەتیان دەکەن دەبێت تێکبشکێنرێن، لەبنەڕەتدا ڕقی ئەستوری تورکیا بەرامبەر بەپەکەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە پەکەکە لەساتەوەختێکی میژویی هەستیاردا سەریهەڵداو ڕێگری لەم تێکشکاندنەو بەدیهێنانی خەونە شۆڤێنییەی دەسەڵاتدارانی تورک گرت و کوردی لەناو تورکیادا لەلێواری مردن گەڕاندەوە.
ئێستا لەگەڵ ئەم ململانێ مێژویی و شەڕە دێرینەدا کە دەیان ساڵە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکەوە بەرامبەر بەکورد دەکرێت، ئەردۆغان گرنگی بەهیچ پرسێک نادات هێندەی گرنگیدانی بە بەردەوامبونی سەرۆکایەتییەکەی، ئەو بەر لەهەر شتێک چاوی لەسەر بردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییە کە لەبەهاری داهاتودا ئەنجام دەدرێت، لەو پێناوەدا ئەردۆغان پێویستی بەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانەیە لەدژی کورد بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی وەک پاڵەوانێکی نەتەوەیی، بەتایبەتی کە ڕاپرسییەکان دەریدەخەن هەلبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتو لەبەرژەوەندی ئەو نابێت.[1]