هەندێ زانیاری سەبارەت بە ئیدیۆم
ئیدیۆم بریتییە لە یەکگرتنی دوو وشە یان زیاتر، کە واتایەکی تایبەتییان هەیە و واتاکەیان لە واتای کەرتەکانیانەوە نایەت، بەڵکو واتایەکی دیکە دەبەخشێت، کە جیاوازە لە واتای بنەڕەتی کەرەستە و ڕێزبوونە سینتاکسییەکەیان.
ئیدیۆمەکان لە زماندا قاڵبێکیان وەرگرتووە و دەما و دەم، دەمێننەوە و لە ڕێگەی فێربوون و لاسایی کردنەوەوە بەکارهێنراون تا گەیشتوونەتە ئێمە و ئێمەش ئەم ئیدیۆمانە لە کات و شوێن و بارودۆخێکی تایبەتەتیدا بەکاردەهێنینەوە.
ئه و کەسانەی ئیدیۆم بەکاردەهێنن، پێویستە شارەزاییان لە بارەی داب و نەریت و کلتوری ئەو ناوچەیەوە هەبێت، کە ئەو ئیدیۆمەی تێدا هاتۆتە کایەوە، چونکە ئەوەی شارەزا نەبێ و لەو ناوچەیەدا نەژیابێت و هەست و خرۆشی بەمانە پڕ نەبووبێت، نە دەتوانێت بەکاریان بهێنێت و نە لەکاتی گفتو و گۆ و ئاخاوتندا، تێیان دەگات.
هەروەها ئەم ئیدیۆمانە، بەپێی تێپەڕبوونی کات و سەردەم دروست بوون، هەندێکیان لە ئەنجامی پێکچواندنەوە دروست بوون، نیشانەی لە یەکچوونیان لەگەڵدایە، کە (وەک) و (دەڵێ)یە و بە ئاسانی دەگەڕێندرێنەوە سەر سەرچاوەی دروستبوونیان، بەڵام هەندێکیان واتاکانیان دوور کەوتوونەتەوە و خواستراون.
لە ڕووی پێکهاتنەوە، هەندێکیان لەشێوەی وشەی لێکدراون، مەبەستەکانیان ڕوون و ئاشکران، لە شوێن و پێگەی خۆیاندا بەکاردەهێندرێن، بۆنمونە: (سوربوون، پێکەوتن، پێ برین، هەڵەوەڕ، دڵتەزێن، پولەکی، درێژدادڕ، پڕوپووچ، ...هتد)، کە لە ناو و ئاوەڵناو و جووتە ناو و ئاوەڵکار و ڕەگ و پێشگر و پاشگر و ڕەگ و ئامراز دروست بوون، هەندێک لە ئیدیۆمەکانیش لە شێوەی ڕستەدان، وەک: (مار بە دەستی خەڵکی دەگرێت).
هەندێک لە ئیدیۆمەکان لەشێوەی شیعری فۆلکلۆردان:
نەدی و بدی کوڕێکیان بوو،
ناویان لێنا سەلکە کودی
سەرقۆزی بن ئاڵۆز
ڕوو بە ڕوو دەم چەور
پاشملە دەم تەور
هەندێک لە ئیدیۆمەکان، لەشێوازی ڕەخنە و سەرزەنشتیان تێدایە، وەک: (دەڵێی پارووی لە دەم دایە).
هەندێکی دیکە لە ئیدیۆمەکان، تێکەڵن لە وشەی عەرەبی و تورکی، وەک: (قوڵفی کەعبەی گرتووە، گوێ قوڵاخ، ئەعزای بەدەنم دێشێ، ...هتد).
هەندێک وشە هەیە، لە ژمارەیەک ئیدیۆم دووبارە دەبێتەوە، وەک: وشەی (دەست)، لە چەند ئیدیۆمێکی جیاوازدا: (دەست کورت، دەست درێژ، دەست پاک، دەست پیس، دەست ڕەش، دەست وەستان، دەست بە سەر، دەست بڕ، دەستەپاچە، ...هتد).[1]