ئەی باڵندەی بەختەوەریم بەس ئەم جارە
وەرەوە سەر درەختە پایز نشینەکەم
وەکو بەهار چۆن چرۆ دەکات ئاوا چرۆ دەکەم
وەکو (شەونم) چۆن لەسەر (گوڵ) دادەنیشێت دادەنیشم
وەکو سەحەر چۆن دەگاتە حزوری شەو ئاوا دەهاتمە حزورت
تۆ تەنیا جارێکی تر وەرەوە نەمامی هەست لە ڕۆحم بڕوێنە
دە بزەیەک و نیگایەک بۆ ئەم سەحەرە بکە
با هەتاو هەڵبێ دە ئەم شەرابەم پێ بدە
وەکو ساقی چۆن بادەنۆش مەست ئەکات مەستم کە
وەکو باران چۆن پەرچەمی ئاڵۆزی گوڵان لادەدا
عیشوە بە بای خەیاڵدا دەدات ئاوا بڕژێرە سەر گوڵانی باخەکەم
وجودم پڕبکە لە دڵۆپە باران
من ئەمەوێ ئێوارەیەک بەکامی دڵەوە
بەم شەقامی چۆڵ و بێدەنگیەی تۆدا پیاسە بکەم
لە چاوەکانتدا دونیایەکی جیاوازتر لەم دونیایە ئەبینمەوە
ئەو زەمەنەش ئەسووتێنم یەک دڵۆپ فرمێسک لە چاوەکانت حسێب بکات
ئەو ڕۆژگارەش ون دەکەم کە تۆ لە خۆیدا ونبکات
دەزانم دەردەکانیشت چێژ بەم دونیا تاریکەی من دەبەخشێ
سەیر لەوە دایە تیشکی هەتاو نایەتە ژوورەکەم زاتی ئەوە ناکا
سەیر لەوە دایە تەمومژی پایز گەڵای درەختی بەختەوەریم هەڵئەوەرێنێ
شەقامەکانی وڵاتی دڵم خۆیان (زەرد) ئەنوێنن!
سەیر لەوە دایە تیشکی هەتاو نایاتە ژوورەکەم زاتی ئەوە ناکات!
لە ژێر ئەو پاڵتۆیەی کە پۆشیومە (دونیایەک لە ئازار من وێنا دەکات)!
دەستێک کە فرمێسکی سڕیبێ سۆز و موحیبەت ناناسێ
(ئێییی ئایییی فەلەک بڕوانە عەقڵی مەخلۆق)
بەچی تێگەیشتم لە دونیا کەچی بە ئاگری خۆی سووتاندمی!
گوێم.....، لە گریان و هاواری ئەو خاکە ڕووت و ڕەجاڵە
کە باکان.....، بە زۆر لەگەڵ خۆیاندا ئەیبەن
بێ ئاگا..... نیشتیمانی بیابانە!
من سزا دراوم بە ئەبەدیەت ئاه من مەحکوم کراوم
کە چیدی چاوم..... گوڵاڵەو بەهار نەبینێ
من گوێم لە قیژەی ئەو ڕووەکە دڕکاویانەیە
کە ناتوانن لە ژێر هەتاودا خۆیان ڕاگرن
من ئەو مارشاڵەم لەشکرێک لە ﴿ئازار
لەشکرێک لە﴿خەم﴾لەشکرێک لە ﴿سەرابی﴾ بیابانم هەیە
لە دوای خۆمدا لە ژێر ئەو گەرمایەیەی زیاباندا فەنا ئەبن
تەواو ئیتر تەواو ئێرە ڕێگای فەنابوونە!
لەم بیابانە پڕ لە سیحری ئەفسانەیەدا
من ئەو ژنانە لەگەڵ خۆم ئەبەم
کە پرچەکانیان کردووە بە کەزی و نهێنییەکانیان تیایدا
حەشارداوە و بۆ ئەبەد دەستەمۆ نابن
من ڕۆحی خۆم لەو سەگە برسیانە بێ بەری ئەکەم
کە ڕۆحی منیان بەم دۆزەخە ناساند
بەڕادەیەک کە مردن سڵ لە جەستەی سارد و سڕی وەک من ئەکاتەوە
ناوی هۆنەر: #شیلان ئازاد#[1]