ناو: نەجمەدین
ناوی باوک: بابەکر نەجم
نەجمەدین بابەکر- مۆسیقا ژەن
نوسینی: #خالید عومەر عوسمان#
ناوی تەواوی (نەجمەدین بابەکر نەجم)ە، ساڵی 1964 لە گەڕەکی کۆماری شاری #هەولێر# لەدایک بووە، دەرچووی خانەی مامۆستایان ساڵی 1985، ساڵی 1980 لە یەکەمین خولی فێربوونی مۆسیقا چالاکیی قوتابخانەکان بەسەرپەرشتی مامۆستا (سەید ئەحمەد بەرزنجی و وریا ئەحمەد) دەستی بەکاری هونەری کردووە، لە دواییدا ساڵی 1980 لە ڤیستیڤاڵی ساڵانە لە شاری سەماوه لەگەڵ خوالێخوشبوو (سەید ئەحمەد بەرزنجی) بە کۆرس بەشداری کردووە و یەکەم بوونە لەسەرهەموو پارێزگاکانی عێراق، لەدواییدا وەکو ڕیتم ژەن لەگەڵ تیپی منداڵان بەشداربووە، ساڵی 1982 دەستی داوەتە کەمان، مامۆستا (نەجات عەساف و سەید ئەحمەد بەرزنجی) زۆر یارمەتی دەری بوون له دامەزراندنی تیپی مۆسیقای کاوە تاکو کۆتایی بەشدار بووە وەک کەمانژەن، هەروەها کۆمەڵێک چالاکی و چەندەها گۆرانیان بۆ تەلەفزیۆنی کەرکووک تۆمارکردووە، لەدوایدا لەساڵی 1992 تیپی مۆسیقای هەولێری دامەزراند، لەوێشدا چەندین کۆنسێرتیان کرد و 3 کاسێتیان بڵاو کردەوە بۆ گورانی بێژانی هەولێر، لەگەڵ هونەرمەندی عێراقی فوئاد سالم و شیرین پەروەر چەندین کۆنسێرتیان سازدا لە شارەکانی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات لە تەلەفزیۆنی مەد تی ڤی، لەساڵی 1992 ەوە تا ئێستا وەک مۆسیقا ژەن بەشداری کردووە لەگەڵ هونەرمەند شڤان پەروەر لە هەموو وڵاتانی جیهان کۆنسێرتیان کردووە، ساڵی 2011 گەراوەتەوە کوردستان تیپی مۆسیقای قەڵا و منارەی دامەزراند و چەندین چالاکیان لە ناو کوردستان و دەرەوەی کوردستان ئەنجامداوە، هەروەها ئاوازی بۆ زۆربەی هونەرمەندانی شاری هەولێر داناوه وەکو (تەنیا عارەب- نیزام شوکر- زیاد ئەسعد- سوهام حەسەن- دلێرگەرمیانی- جەلال پەرێشان- جەلال سەعید) و...هتد، کاری هونەری هونەرمەند نەجمەدین بابەکر زیاتر لەگەڵ (زیاد ئەسعەد- محەمەد عەزیز- تەنیا عارەب- نیزام شوکر- نەجمەدین ئاوارە) بووە، ساڵی 1995 چووەتە ئەوروپا لەبەر ڕەوشی کوردستان زۆر ناخۆش بووە ئەوکاتە بەهۆی شەڕی ناوخۆ و گەمارۆی ئابووری، هاوکاری ئەو هونەرمەندانەی کردووە کە چونەتە ئەورووپا وەک (تەنیا عارەب- نوری گەرمیانی- کەریم گوڵانی- زاهیرعومەر- دڵیر گەرمیانی- جەلال سەعید- خدر خۆشناو)، هونەرمەند ئامێری کەمان و عوود و ڕیتم دەژەنی، بەڵام وەکو فێرکردن دەتوانێ وانە بداتەوە لەسەر ئامێرەکانی تریش، لە شاری هەولێر لە بارەگای تیپ هەمیشە خولی کردۆتەوە بۆ فێرکردنی موزیک بۆ ئەو قوتابیانەی ئارەزوویان هەبووە، بۆ ناساندنی هونەر و میوزیکی کوردی کاری زۆری کردووە و بەرداوامیش لە ڤیستیڤاڵ و چالاکییە هونەرییەکانی ئەورووپا بەشدارە.[1]