- تامەزرۆم ژن دوای مردنی پیاوەکەی ڕەشپۆش نەبێت و شەرم لە شوکردنەوە و لێدانی قاقای پێکەنین نەکات.
- ئەوە ئەدەبیاتێکی سواوە کە ژنان ژیانیان بە مێرد و مناڵەکانیان دەبەخشن.
- دوای مەرگی باوک، دایک بە دیار منداڵەکانیەوە پرچی سپی دەهۆنێتەوە بەڵام پیاوان دوای مردنی ژن چەندین هاوسەرگیریی دەکەنەوە.
دەقی وتارەکەی... لەگەڵ تارای بوکێنیدا
دەبینن ئێوەش، باشترین ڕۆڵێک کە بۆ ژنان دیاری کرا بێت جیاواز لەو وێنە سێکسیی و ڕووکەشیانەی بۆی کێشراوە، ڕۆڵی دایکبوونی ژنە لە ئەدەبیاتی کوردیدا و بەتایبەت شیعری شاعیران. پاڵەوانەکەی ئەدەبی کوردیی ئەو دایکەیە کە هەموو بوونی لەوەدا پێناسەکراوە بۆ مێرد و منداڵەکانی دەژی، تەنانەت بۆ منداڵەکانیشی دەمرێت. ژنی کورد کاتێک دەبێت بە دایک چاوەڕووانیی ئەو پاڵەوانە خەیاڵییەی لێدەکرێت کە بە ناچاریی دەبێت زۆران لەگەل هەموو چەرمەسەریی و کێشەکانی ژیانی خێزاندا بگرێت و شەڕەکەش نەدۆڕێنێ، دەبێت براوەبێت؛ ئەم جەنگە لەگەڵ تارای بوکێنیدا دەست پێدەکات.
پاڵەوان ئەو ژنەیە یەکجار هاوسەرگیری دەکات و منداڵی زۆری هەیە، لەدوای مەرگی باوک، ئەم دایکە دەبێت بە دیار منداڵانی خۆیەوە پرچی سپی بهۆنێتەوە. لە باری ئاسایی کۆمەڵایەتیدا ئەم دۆخە بۆ باوکان جیاوازە و زۆر ئاسایی دەتوانن وەک مرۆڤێک ژیان بکەن دوای مەرگی ژنەکان هاوسەرگیری چەندەمین جارە ئەنجام دەدەن، بەبێ ئەوەی هێز و قودرەتی باوکایەتی پرسیاری لەسەر دروست بێت، هەر خودی کۆمەڵ داوا و تکای لێ دەکەن ژن بهێنێتەوە! بەڵام بۆ دایک نا! دایکێک هاوسەرگیری بکاتەوە دوای مێردی یەکەمی لە دایکایەتیی دەشۆرێتەوە تەنانەت لای منداڵەکانیش.
زۆرترین و درەوشاوەترین نقێمی تاجی سەری ئێمەی ژنانی کورد ئەوەیە کە پێی دەگوترێت: هەرگیز شووی نەکردەوە!
ئایا شاعیرانێکمان هەن دڵییان بەوە خۆش بێت دایکیان توانیوویەتی شوو بکاتەوە؟ بیر لە دایکیان بکەنەوە کە ئەویش ژیانێکی هەیە و ژن لە جنسی بەرد و دار نییە و هۆنراوەی بۆ بنوسن؟ دایک هەرگیز خۆشەویستیی و سۆز و هەستی کەمتر نابێتەوە هەر لە بەرئەوەی بیر لە ژیانی خۆی، خۆشی خۆی و چارەنووسی خۆی بکاتەوە. چەند تامەزرۆی شیعرگەلێکم کە شاعیر هاوار بکات و بڵێت دڵم خۆشە دایکم دووبارە لە ئامێزی خۆشەویستییدا گیرساوەتەوە، دایکم دووبارە هەمان ژنی ڕەنگا و ڕەنگە، دایکم پاش باوکم هەر دەژی و چیدی ڕەشپۆش نییە، دایکم شەرم لە لێدانی قاقای پێکەنین ناکات...
ئەوە تاوانە دایکان لەبەر ئەوە خۆش بویسترێن کە خودای قوربانییبوونن، هەموو هەناسەیەکی ژیانیان بۆ مێرد و منداڵ دەبەخشن تەنانەت کاتێک لە ژیانیشدا نەمابن. هەزاران دایک لەم ئەدەبیاتە سواوەی نیشتیمانەکەمدا بە پاڵەوان ناوزەند دەکرێن لە کاتێکدا دەبینرێن کە زیندووی بێ ژیانن، بەڵام شاباشکردنیان بە مووروو و بە نقێمی پیاوشۆڤێنیست هەر بەردەوامە![1].
#هاوژین زیبا#
2022-07-24