ڕۆڵی خۆشخوانەکان لە پاراستنی فۆلکلۆری کوردی دا
#ڕەسوڵ بۆسکێنی#
فۆلکلۆری کوردی بەشێکی گرنگ و بایەخدارە لەفەرهەنگ و کەلەپووری کوردستان، گەنجینەیەکی پڕ بەهای لێوڕێژە لەوشەی سادەو تێکستی ڕەسەن، سەرەڕای ئەو هەموو نەهامەتیە زۆرەی بەسەر گەلی کورددا هاتووە، بەهەوڵ و تێکۆشانی دەنگبێژان و خۆشخوان و بەیتبێژانی نەتەوەکەمان، فەرهەنگ و کلتوورو هونەرو زمانی ڕەسەنی کوردی ڕۆژبەڕۆژ زیاترگەشەی کردووە.
خۆشخوان و دەنگبێژەکان هونەرێکی ڕەسەن بەزمانێکی پاراو و سادەی خەڵکی دێهات و گوندنشینەکانی کوردستان گۆرانی میللیان دەچڕی، خاوەن دەنگێکی خۆش و دڵنشین و بەسۆزبوون، بەهونەرە پڕ چێژو خەم ڕە وێنەکەیان گوێگری کەمەندکێش کردووه و هەست و نەستی داگیرکردوون و تامەزرۆی بیستنی هونەرەکەی بوون، ئه و ئاواز و مۆسیقایە کاری تێکردوون و لەهەست و دەروونیاندا ڕەنگی داوەتەوە.
ستران و گۆرانیەکان لەلایەن دەنگبێژو کەسانی نەخوێندەوار گوتراوه و لەڕێگای چڕینەوە دەماو دەم لەنەوەیەک بۆ نەوەیەکی دیکە گوازراوەتەوه و لەڕابردوویەکی زۆر دوورەوە بەبەیتبێژانی ئەمڕۆ گەییشتووە، بەیتەکان گەنجینەیەکی زۆر بەنرخن بۆ هونەری کوردی وشەگەلی زۆر ڕەسەنیان لەفەوتان پاراستووە.
گۆرانی فۆلکلۆری کوردی ئاوازێکی خۆش و بەگوێ ئاسان و زوو دەچێتە هەست و ناخی مرۆڤەوە، هەوایەکی خۆش و هۆنراوەیەکی بێ خاوەن و کەس نازانێ سەرچاوەکەی لەکوێوەیە، لەنێو خەڵکی ساکار و نەخوێندەواردا، لە ڕۆژگارێکی ڕابردووی دووردانراون و هێنراون و وتراون، دەماودەم بەئیمڕۆی ئێمە گەیشتوون، مۆر و مارگەی دێهاتی پێوەیە و جێ پەنجەی جوتیار و ڕەوەند و ڕەشماڵنشینی پێوەدیارە، زادەی بیرێکی سادە و مێکێکی ساکارن، بەهره و سەلیقەیەکی زۆریان تێدا بەکارهاتووە، خۆشخوان و بەیتبێژەکان له و گەنجینە پڕ گەوهەرەیان ڕوانیوە و هەوڵ و زەحمەتی له و پێناوەدا کێشاوە، لەڕێی دەنگ و گەروویەوە جارێکی تر ئه و فۆلکلۆرەی لە چوارچێوەیەکی نویدا بەبلێ شێواندنی بنەماسەرەتاییەکەی تونیویەتی دووبارە زیندووی بکاتەوە و بیانڵێتەوە.
هەتا ماوەیەکی زۆر دوای جەنگی دووەمی جیهانیش زۆر لەئاغاکان و ئەوانەی دیوەخانیان هەبوو، خۆشخوانێکیان ڕادەگرت، تا شەوانە لەدیوەخان بەیت و باوی بۆ بڵێ، لەکاتی نووستندا حیکایەتی بۆ بکا، لەشاییدا داوەت و ڕەشبەڵەکی بۆ بگێڕێ، لەسەنگەردا تانووتی لێ بدا، لەڕاودا لەسەر تەماڵ پایزە و ئازیزەی بۆ بڵێ، فران باوێتە دوژمنی و بەندان بەدۆستی هەڵبڵێ و تەنانەت پاش مردنیش شینی بۆ بگێڕێ.
خۆشخوان وەک هونەرمەندێک چاوی لێ نەدەکرا و ڕێزی لێ نەدەگیرا، بەڵام لەکوێخا و گزیرو سەرکارو پاکارو باب نۆکەرو غولام و چاپەزو بەردەست، ماقوڵتربوو، هەقی بوو لەدیوەخان لەسەر چۆک دانیشێ، خەنجەر بچەقێنێ و ئانیشکی وێ بدا و جاگوتن بڵێ، خۆشخوان لەحزووری ئاغا نانی دەخوارد و دەگەڵ مام میرزا لەسەر سینی دادەنیشت و بەرماوخۆرنەبوو.
خۆشخوان بەکوڕی ماڵێ حیساب بوو، دەیتوانی بچێتە ئەندەروون، لەژووری نووستندا حیکایەت بۆ ئاغا بڵێ تاخه و دەیباتەوە، خۆشخوان تەنانەت گۆرانی و بەیت و باوی بۆ ئاغاژن و خێزانی ئاغا دەگوت، چونکە خۆشخوانەکان زۆربەیان دڵتەڕ و قسەخۆش و دڵپاک بوون، خەڵک خۆشیان دەویستن.
دیارە خۆشخوان لەدێدا هەر ناحەزێکی هەبوو، ئەویش مەلای گوندبوو، کەم وابوو دانوویان پێکەوە بکوڵێ، مەلا وشکەکان خۆشخوانە دڵتەڕەکانیان خۆش نەدەویست، ناویان نابوون چاوەش، بەچاوی سووک سەیریان دەکردن و تانه و تەشەریان لێ دەدان، بێگومان ئەوانیش بەشیعر بەگژیاندا دەچوونەوه و بەیت و بالۆرەیان بۆ ڕێکدەخستن و لاساییان دەکردنەوە.
دیارە زۆر مەلای هوشیارو ڕۆشنبیریش هەبوون، ئەوستران و بەیت و حەیران و گۆرانیانەیان بەسامانی نەتەوەیی زانیوه و ڕێزی شایەرو خۆشخوانەکانیان گرتووە، بەڵام لەئاستی پێویستدا نەبووە و کاریگەری ئەوتۆی نەبووە، ئەگینا ئەگەر مەلاو فەقێیەکانی زوومان نرخی هونەریان زانیباو لەباتی سوڵتان جومجومە و ئیسماعیلنامە، هەر یەکی بەیتێک، لاوکێک، حەیرانێک و گەلۆیەکیان نووسیباوە، ئێستا سامانی نەتەوەییمان زیاترو فەرهەنگێکی دەوڵەمەندترو گەورەترمان پێکەوەدەنا.
لەناو لەدێدا ئه و شایەرو بەیتبێژانەی هەر بۆ دڵی خۆیان گۆرانیان دەیانگوت و خۆشخوانی ئاغایان لەلا کەمایەتی بوو، یائه و شاگردە لاوانەی هێشتا ڕووی مەجلیسیان نەبوو، لەماڵان و شوێنی تایبەت بۆ کوڕو کاڵان و بۆ پیرانی دڵتەڕ تاشە و ڕادەشکاو خه و بەلایدا دەبردنەوە دەیانگوت، زۆرجاریش گەڕە لاوژەیان دەکرد، بلوێرئەنگێوو نایەژەنی واش هەبوون، ئاهەنگی ڕەسەنی ئه و بەیت و بەندو باوانەیان دەزانی و کۆڕەکەیان خۆشتردەکرد.
هەڵبەت لەشارەکانیش شەوانە خەڵک لەقاوەخانە کۆدەبوونەوه و تاشه و درەنگ دەبوو، بەیتبێژو خۆشخوان دیخافڵاندن، قاوەچی ئه و خۆشخوان و هونەرمەندانەی بەکرێ دەگرت بۆئەوەی قاوەخانەکەی ڕمێن پەیدا بکات و خەڵک زیاتر ڕووی تێ بکەن.
بەڵام دوای پەیدابوونی گرمەفۆن لەقاوەخانەی شارو دیوەخانی ئاغا، جێی بەخۆشخوانان لێژکرد، چیتر خەڵک پێویستیان بەگوتنی خۆشخوان و دەنگبێژان نەما، چونکە قاوان و گرامەفۆن ئه و کارەی بۆدەکردن، هەریەکە لەخۆشخوان و دەنگبێژەکان دەریایەک هونەریان دەگەڵ خۆیان بردە بن گڵ، دواترو پاش پەیدابوونی ڕادیۆی پاتری لەلادێ، فۆلکلۆری ئەدەبی کوردی بەجارێک کەوتە مەترسییەوە، ئیتر ڕووناکبیرانی کورد هەستیان به و مەترسیەکرد، لاوانی زاناو وریا، دەستیان بەکارکردو کەوتنە کۆکردنەوەی بەیت و باوی کوردی، بە کۆکردنەوە و تۆمار و چاپ کردنی ئه و بەیت و باوە ڕەسەنانەی وەک سەرچاوەیەکی زوڵاڵ هونەری کوردیان ڕازاندۆتەوە، بەمەش زۆر وشەی کوردی پەتی و بێگەردو ساکار، کەپڕە لەڕەسەنایەتی کوردو بەڕاستی فەرهەنگێکی دەوڵەمەندی زمانی کوردییە.[1]