فەیسەڵ عوسمان ئەزموونێکی شێوەکاری ڕەنگی ئاوی
بەختیار سەعید
یەکێک لە شێوەکارانەی شاری #هەولێر#و باشوری کوردستان کە توانی لەرێگەی نیگارە ئاوییەکانییەوە بتوانێت زۆرترین و بەرفراوانترین بەشداری هەبێت و بتوانێت خۆی وەکو نیگارکێشێکی بەئەزموونی ڕەنگی ئاوی بناسێنێت کە هەرئەوەش بووە هۆکار کە لەسەر ئاستی وڵاتە جیاوازەکانی جیهانە بانگهێشتی بەشداریکردنی بۆ بێت و بەشێوەیەکی پراکتیکی سەرکەوتوو دەبوو لەو چالاکییەدا.
فەیسەڵ عوسمان ئەو شێوەکارەیە کە سەرەتای ناسینم بۆ ساڵانی 1995 دەگەڕێتەوە ئەو دەمەی پەیامنێری پاشکۆی ئەدەب و هونەری کوردستانی نوێ بوو بۆ چەندینجار سەردانی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی شاری هەولێرم دەکردو دیداری تایبەتم لەگەڵیدا سازدەکرد، یاخود ئەو کاتانەی بۆ پیشانگە کردنەوە دەهاتە شاری #سلێمانی# بەردەوام نزیک بوو لێوەی تا دوایەمین یشانگەی ڕەنگی ئاوی کە ناوەندی 7 ڕەنگە کردووە بە دوو تابلۆ بەشداری کردو بەردەوام باسی لەو دنیا پر سیحرەی ڕەنگی ئاوی دەکردو چۆنێتی بەشداریکردنەکانی لە ناوەندە جیاوازەکانی جیهاندا کە تایبەت بۆ ڕەنگی ئاوی دەکرێتەوە لەوانە (پراگ، ئیتاڵیا، دوبەی، هۆڵەندا، ژاپۆن، ئەرمینیا، جۆرجیا، مەغریب، میسڕ، عێراق و شارەکانی هەرێمی کوردستان).
فەیسەڵ عوسمان بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو وەکو مامۆستایەکی دڵسۆزو پێگەیەنەری سەدان خوێندکارو هاندەرێکی بەردەوام بۆ شێوەکارە لاوەکان ببووە هۆکار کە بەردەوام زۆرترین بوونی هەبووە لەنێویاندا، هەر ئەوەش هۆکار بووە بۆ ئەوەی زۆرترین شێوەکار لە تەمەنە جیاوازەکاندا وەکو هاوڕێیەکی نزیک بەخۆی مامەڵەی لەگەڵ کردوون و باسی ئەزموونە جیاوازەکانی خۆیی بۆ دەکردن، ئەم هونەرمەندە هەرچەندە وەکو شێوەکارێکی تایبەت بە ڕەنگی ئاوی ناسراوە، بەڵام ئەوە نەبۆتە هۆکار کە ماتریالەکانی تر تاقی نەکاتەوەو نەتوانێت داهێنانی وەکو ڕەنگی ئاوی پێ نەخوڵقێنێت، هەربۆیە بە پێچەوانە زۆرترین پانتاییەکان بە ڕەنگی ئەکریلیک و ڕەنگە گەرمەکان بە بەردەوام بوونیان هەبووە، هەربۆیە ئەوەش هۆکارێکی تر بووە کە هەوادارێکی زۆری بەدەستهێنانی تابلۆکانی لەشارە جیاوازەکان و تەنانەت لەدەرەوەی کوردستان هەبێت کە ئەوەش نیشانەیەکی تری دەستڕەنگینی ئەم شێوەکارە کوردەیەو توانیوێتی لەو پانتاییە فراوانەدا کارو چالاکی هەبێت.
یەکێک لە نیشانەکانی تری ڕەنگ لەلای ئەم شێوەکارە بەردەوام ڕەنگە گەشەکانی ویستووەو بۆ گەیاندنی ویستەکانی بەکاری هێناوە، لای ئەم هەرگیز ئەندازە نەبۆتە کێشە بۆ گەیاندنی ئەو فیگۆرەی کە لە زیهنیدایە هەربۆیە بە پێچەوانەی بەشێک لە شێوەکارەکان ئەم باشتر لە ئەندازە گەورەکاندا توایوێتی یاری بە ڕەنگە تایبەتەکانی خۆی بکات ڕەنگی شین بەردەوام زۆرترین پانتاییەکانی داگیرکردووە، هەر لەو ڕێگەیەشەوە توانیوێتی بەرفراوانییەکان بدات بە ئەزموونەکانی لە دانانی ڕەنگەکاندا بێ سڵەمینەوە مامەڵەی لەگەڵ کردووەو تویوێتی دنیایەک لە ڕەنگ و دنیایەک لە ژیان لەرێگای پالێت و فڵچەو ڕەنگەکانییەوە لەسەر کانڤاسەکە بنەخشێنێت.
فەیسەڵ عوسمان ساڵی 1956 لەشاری هەولێر لەدایکبووەو پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی بەغدای تەواوکردووەو بۆ ماوەی 10 ساڵ مامۆستای پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی هەولێر بووەو ساڵی 2009 کتێبێکی بەناوی (شێوەکارانی هەولێر) چاپ و بڵاوکردۆتەوەو ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و کۆمەڵەی شێوەکارانی عیراقە.
هونەرمەندی شێوەکاری شاری هەولێر فەیسەڵ عوسمان بەرەبەیانی ڕۆژی 8ی حوزەیرانی 2022 بە جەڵتەی دڵ لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر کۆچی داواییکرد.[1]