هەڕەشە و مەترسییەکانی سەر زمانی کوردی
#گەزیزە عومەر#
کۆربەندێک بە دروشمی (زمان شکۆی نەتەوەیە)، یەکێتی نووسەرانی کورد لقی سلێمانی دوو ڕۆژی تەرخانکرد بۆ شارەزایان و پسپۆڕانی ئەو بوارە بۆ قسە کردن لەسەر ئاستەنگیەکان و مەترسییەکانی سەر نەمانی زمانی کوردی.
لێرەو ە جێگەی دەسخۆشی و پێزانینە بۆ ئاوڕدانەوە لە بابەتێکی هەستیار کە ئەمڕۆ بە ڕای من قسە کردن و قوڵبوونەوە بۆ نێو ئەم بابەتە هێندە گرنگە کە ڕەنگە هیچ جیاوازییەکی نەبێ لەو بەڵا ترسناکەی ئەمڕۆ کە بەهۆی گۆڕانکاری کەشو هەواو پیسبوونی ژینگەوە هەرەشە لە لەناوچوونی هەموو مرۆڤایەتی دەکا، بۆیە پاراستنی زمان و بایەخدان بەم بەها گرنگە بەتەنها ئەرکی یەکێتی نووسەرانی کورد نیە بەڵکو سەرجەم هەموو ئەو لایەنانەی کە بەرپرس و خەمخۆری بوارەکەن دەبێت هاوئاهەنگ بن لەگەڵ یەکێتی نووسەران بۆ بەردەوامی و گرنگی ئەم پرسە کە خەریکە زمانمان لاڵ دەکاو شوناسی نەتەوەییمان دەخاتەبەر لەرزینێک پێ دەچیت گەر بەم ئاراستەیە بڕوات نەک تەنها خۆمان بۆ ناگیرێتەوە ڕَەنگە نزیک بینەوە لە لەناوچونیشی.
چونکە پێش هەموو شتێک زمان بریتیە لە بیرکردنەوە هەر زمانێکت باش زانی تۆ بەو زمانە بیر دەکەیتەوە و بەو زمانەش دەنووسیت واتە هەست و بیرکردنەوەکانت زمانتە.
ئێمە زۆر زۆرمان لەدەسچوو ئەوەی ماومانە زمانمانە، چونکە لەناو خودی خۆماندایەو ئێستا بە دەستی خۆمانەوەیە جا هەر تاکێکی کورد بە ویژدانی خۆی بەرپرسە لەپاراستن و مانەوەی زمانەکەی.
بۆیە وەک ئەرکێکی نەتەوەیی بەپێویستی دەزانم بۆ گرنگیدانی ئەم پرسە چەند پیشنیارێک بۆ ڕای گشتی بخەمە ڕوو.
1- پێوییستە ئەم کۆڕ بەندو کۆنفرانس و دیدارانە لەنێو دڵی زانکۆ و پەیمانگا وخوێدنگاکاندا بکرێت تا نەوەکانی ئایندە بزانن ئەمان تا چەندە ئاشنان بە زمانی نەتەوەیی خۆیان.
2-وەزیری پەروەردەو ڕۆشنبیری و بەرێوەبەری شارەوانییەکان و ئینستیۆتی کەلەپوری کوردی و کۆڕی زانیاری کورد و بەرپرسی ڕاگەیاندنەکانی بینین و بیستن و دەزگاکانی چاپەمەنی هۆکاری سەرەکی و یەکەمن بۆ هەر نەهامەتیەک کە ڕوودەکاتە قۆناغەکانی فێربوونی زمان و پاراستنی لەڕەشەبای تەکنەلۆژیای سەردەم.
3-دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم بە فەرمی دەتوانێ بڕیارێک دەربکا لەپێناو پاراستنی زمانی کوردی و مانەوەیدا، یەک زمانی یەکگرتو بکرێتە زمانی فەرمی نوسین و خوێندنەوە بەبێ جیاوازی حیزبایەتی و بنەماڵەیی و لە سەرجەمی زانکۆو خوێندنگاکاندا بەهەمو قۆناغەکانەوە ڕۆژانە کاتێک تەرخان بکرێت بۆ گرنگی زمان و پاراستنی.
4-ئەم کۆڕبەندو کۆنفرانسانە دەکریت بەردەوام درێژەپێدانیان هەبێت بە هەر شێوازێک بێت جگە لە بڵاوکردنەوەی گرتەی بچوک بچوک لە کەناڵە تیڤیەکاندا بۆ بەئاگا هێنانەوەی خێزان لە ئەگەری دوورخستەوەی منداڵەکانیان بەپاساوی فێربونی هەر زمانێکی غەیرە کوردی تا زمانی دایکیان بێر نەچێتەوە کە ئەمەش لە ڕیگەی کردنەوەی زۆرینەی قوتابخانە ئە هلیەکان بە مەبەستی فێربونی منداڵ بە زمانی ئینگلیزی و تورکی و عەرەبی و فەرامۆش کردنی زمانی دایک.
5- دانانی لیژنەیەکی زمانزانی پسۆر بۆ ڕێگرتن لەبڵابونەوەی هەموو ئەو چاپەمەنیانەی کە نامۆن بە زمانی کوردی وهیچ بنەمایەکی ڕێنوسی و زمانەوانیان تێدا نیە.
هیوادارم زمان و پاراستنی زمان بکەوێتە بەردەست کەسانی خەم خۆرو دڵسۆز لەپێناو مانەوەی زمانەکەماندا بە درەوشاوەیی.
دوبارە سوپاس بۆ یەکێتی نووسەران و لەدەرگادانی ئەم بابەتە گرنگە.[1]