بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا 07
#شەماڵ بارەوانی#
ڕێگاکانی ناسینی خودا، بە قەد ئەستێرەکانی ئاسمانە…!
لەبەشی پێشوو ئاماژەم بەوەکرد، کە تەنها ئەوە قورئانیەکانن، وەکوو پرۆتستانەکانی ناو مەسیحیەت، جێگای هیوا و ئەو کۆمەڵە کەسە جوان بین و بزوتنەوە ڕیفۆرمیست و چاکسازییەن، که بتوانن کاریگەریگەریەکی بەهێز و خێرایان هەبێت و لە هەناوی ئیسلامدا شۆڕشێک و کودەتایەک و نوێگەرییەک بەرپابکەن.
دێمەوە سەرباس و خواس سەبارەت بە دیدگا و تێڕوانینی قورئانیەکان و قورانیەکانیەکانتان باشتر پێدەناسێنم، کە منیش ڕۆژگارێک قورئانی بووم…
وەلێ مادام باسم لە پرۆتستانتەکان کرد، بۆیە پێم باشە و بە گرنگی دەزانم لەو بەشەی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕادا، هەندەک باسی پرۆتستانتییەکان بکەین و زیاتر لە بارەیانەوە بدوێین و باشتر بە خوێنەرانی ئەو بەشەی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…بییانناسێنین.
پرۆتستانتییەکان کێن..؟
هەڵبەت، وشەی(پرۆتستانت)، لە پەیڤی “پرۆتێستی (Protest)ئینگلیزییە هاتووە و بە واتای: ناڕازی بوون موعارەزەبوون و ئیدانەکردن بەرهەڵستیکردن دێت.
پرۆتستانتییەکان، سەرەتا پێیان دەگووتن(ئینجلییەکانیان)، وەلێ دواتر و بە گوێرەی تێپەڕینی ڕژگار و سەردەم، ناوەکەیان لە ئینجلییەکانەوە، گۆڕدرا بۆ پرۆتستانتییەکان و ئیدی بەو شێوەیە، لە پاڵ هەردووک مەزهەبی:کاتۆلیک و ئەرتەدۆکس، ئەوانیش بوون بە مەزهەبێکی تری دیار و کاریگەری نێو ئاینی مەسیحیەت و کریستیانەکان.
بزووتنەەی چاکسازی پرۆتستانەکان، کەشیشێک بە ناو (مارتن لۆتەر) دایمەزراند، چەوسانەوە و ستەمی کلێسا و پیاوانی ئایین و کەشیشەکان، هەموو سنوورێکی تێپەڕاندبوو و گەیشتە ئەوپەڕی خۆی، پاپاو پیاوانی ئایینی سەرو کلکیان لەگەڵ ستەم و جەوری و، کلێسا دەستیان لە گەڵ چینی دەرەبەگ و پاشاکان تێکەڵ کردبوو و بە ناوی عیسا و ئاین و ئاسمانەوە، خەڵکیان لە سەر زەوی دەچەوساندەوە و ستەمێکی زۆریان لە مرۆڤەکان دەکرد.
ئیتر لە مناڵدانی ئاینی کرسیتیان و هەناوی کلێسا و مەسیحیەتدا، بزووتنەوەی ئیسڵاحی(پڕۆتستانتییەت) لەدایک بوو، ئەو بزوتنەوە ڕیفۆرمیستەی وەکوو ئاماژەم بۆکرد(مارتین لۆتەر) دایمەزراند و ڕابەرایەتی دەکرد.
مارتین لۆتەر پیاوێکی ئایینی و لاهوتی و کەشیشێک بوو لە ساڵی(1483)زایینی دا لەدایک بوو. لە ساڵی(1546)یش، ماڵئاوایی لە ژیانکرد و کۆچی دوایی کرد.
مارتن لۆتەر ڕیفۆرم خواز و چاکسازیخوازێک بوو، ئەو دژی بیروباوەڕەی پاپای کاتۆلیکی بوو، کە پاپا ئەو دەسەڵاتەی هەبێت و بتوانێت ببێت بە نوێنەر و سێبەری خوداوەند و لە جیاتی ئاسمان پسوولەی لێخۆشبوون و غوفران بۆ مرۆڤەکان دەربکات و مۆڵەتی چوونە بەهەشت بە خەڵکی بفرۆشێتەوە و بازرگانی بە ئایینەوە بکات و بە دڵی خۆی خەڵکێکیش بە کافر و هەرتەقەکات و بیاننرێت بۆ جەحیمی خوداوەند و دۆڵەکانی دۆزەخ.
مارتین لۆتەر بڕوای بە هیچ واستە و وەسیلە و نێوەندگیرییەک نەبوو لە نێوان زەمین و ئاسمان، یان خوداوەند و مرۆڤەکان.
مرۆڤ دەتوانێت یەکسەر پەیوەندی لەگەڵ خواوەند ببەستێت. ئەوە قەناعەتی مارتین لۆتەربوو.
ئەو باوەڕی وابوو کە
“مرۆڤ بە باوەڕی دڵەوە و هەر لەڕێگای دڵەوە، لە خوداوەند نزیک دەبێتەوە، نەک بەو کارانەی کە کڵێسا بە سەریدا دەیسەپێنێت”.
مارتین لۆتەر هەموو جۆرە نوێژ وپەرستش و ڕیتواڵ و سوننەتێکی بە پێی ڤاتیکان و ڕۆماو پاپا و کڵێساکان و هەموو دەسەڵاتێکی پاپا و کڵێساو کەشیش و چینی ئەکلیرۆسەکانی ڕەت دەکردەوە و دانی بە هیچ گووتە و بڕیار و بکە و نەکە و فەرمانێکی پاپا و پاتریکەکان و پیاوانی ئاینی دا نەدەنا.
ئەو لەسەر پرۆتستانتبوون و نەچوونە ژێر باری بڕیارەکانی پاپا و کلێسا و دژایەتی کردنی بۆ دەسەڵاتی پاپا و کلێسا و پیاوانی ئایینی، لەساڵی 1520ی زاینی، لۆتەر، لەلایان ڕۆماوە: بڕیاری دادگایی کردن و هەموو سوتاندنی کتێبەکانی و بێ بەشکردنی لەوانە و گووتنەوەی بۆ دەرچوو.
مارتین لۆتەر دەیگووت: “کتێبی پیرۆز بە تەنها تاکە سەرچاوەی سەرەکی ئایینی مەسیحییەتە”. ئەو قسەکانی پاپاو چینی ئەکلیرۆس و هەموو شتێکی تری ڕەتدەکردەوە.
پرۆتستانییەت، وەکوو ئاماژەم بۆکرد، لە مناڵدانی کاتۆلیکەوە لەدایک بوو، لەمەزهەبی کاتۆلیکدا، پیاوانی ئایینی و کەشیشەکان بۆیان نەبوو، ژیانی هاوسەرگیری پێک بێنن.
مارتین لۆتەر دژی ئەو تێگەیشتنە وەستایەوە و، پرۆتستۆی ئەوەی کرد و گووتی کەشیشەکانیش دەتوانن وەکوو هەر مرۆڤێکی تری ئاسایی ژیانی هاوسەرگیری پێک بهێنن.
بە شێوەیه مارتین لۆتەر، سەرەڕای ئاستەنگ و ڕێگری و ناخۆشیەکان، کۆڵی نەداو بەردەوام بوو لە بڵاوکردنەوەی ڕێبازە ئیسڵاحی و مەزهەبە تازەکەی و بیرو ڕاکانی دژ بە کڵێساو پیاوانی ئایین، تاوەکوو سەرەنجام وایلێهات هەوادار و لایەنگرانی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەبوون و گوتەکان و بیرو باوەڕ و ڕێبازە تازەکەی زیاتر لە ناو خەڵکی بڵاو دەبوویەوە و خەلکێکی زۆر ڕوویان لەو تێگەشتنەی لۆتەر دەکرد، سەبارەت بە ئینجیل و کڵێساو پاپاو پیاوانی ئایینی و مەسیحیەت و ئێستا مەزهەبی پرۆتستانت،
بە دووەم گەورەترین ڕێباز و مەزەهەبی مەسیحیەت دادەندرێت لەسەر ڕووی زەوی و پێڕەو شوێنکەوته و ژمارەی باوەڕدارانی لە سەرتاسەری جیهاندا، بە(800) ملیۆن کەس دێنە ژمارتن.
هەڵبەت لەپاڵ مارتین لۆتەر، (قەشەجۆن کاڵڤین John Calvin-1509 بۆ 1564 زایینی ژیاوە)
ئەویش تیۆلۆژیست و کەسایەتییەکی تری کاریگەر و دیاری نێو مەزهەب و ڕێباز و ڕێڕەڕوی پروتستانییەت بوو، لێرەوە قسەکردن لەوبارە بە کۆتادێنم و چیتر ناتوانم لەسەر ئەوە بڕۆم و ئەوە پوختەیەک بوو سەبارەت بە پرۆتستانیت.
ئینجا بابێینەوە سەر باس و خواسی قورئانیەکان،
من سەرەڕای ئەوەی دوای ئەوەی کۆلێژی شەریعەم تەواوکرد، دەستبەرداری قەناعەتی قورئانی بوونیشم بووم.
وەلێ من ئێستاش هاوڕێی قورئانیم زۆرن، تائێستایش هەر هاوڕێین و زۆر یەکتریمان خۆش دەوێت و سەرەڕای گۆڕانی هزر و دیدم، وەلێ ئێمە هەرکۆنتاک و پەوەندیمان هەیه و هیچ لە برایەتی و هاوڕێیەتیمان نەگۆڕاوە.
بەڕاستی قورئانیەکان مرۆڤی ئەقڵانی و هێمن و لەسەرخۆ و جوان بینن. ئەوان وەکوو سەلەفیگەرا و مەزهەبیگەرا و وئیسلامگەراکان جیقڵدان تەسک و دید داخراو نین، کاتێک دەبینن موسڵمانێک دەستبەرداری ئایینەکەی دەبێت، یان ئایینەکەی دەگۆڕێت. هیچ پێی تووڕه و قەڵس نابن و بە شتێکی زۆر ئاسایی و ئازادی تاک و مافێکی سروشتی هەر کەسێکی دەزانن، کە بەپێی قەناعەتی خۆی بژیت و هەڵبژێرت. ئینجا مەولانە وتەنی ڕێگاکانی ناسینی خودا هێندە زۆرە، بە قەد ئەستێرەکانی ئاسمان.
ناکرێت تەنها مزگەوت، یان کلێسا، یان ئاتەشگا و مەعبەدێکی دیاری کراو بکەیت بە ڕێگای ناسینی خوداوەند و گەیشتن بە ئەو. ئایینەکەی ئەو ماڵی حەقیقەت و هەموو ئەوانەیتر ڕەتکەیتەوە. ئەوە پێچەوانەی یاسای سروشت و پلورالیەتی ئایینی و جیاوازیەکانە. تەنانەت پێچەوانەی پێکەوەژیان و ویستی ئێزدانە.
قورئانیەکان لەو سۆنگەیەوە:
ڕوانگەیەکی بەرز و لیبڕاڵانە و هیومانیستانە و جوانیان بۆ مرۆڤ و ژیان و ژن و گەردوون هەیه. شلۆڤە و تێگەیشتنێکی هیومانیستانە و ئەقڵانیانە بۆ تێکستەکانی قورئان دەکەن و باوەڕیان بەو تەفسیرە:حەرفی، مێژوویی، فیقهی، مەزهەبی، سەلەفی، ئایدیۆلۆژی و سیاسی و حزبیە نییە، کە بە درێژایی مێژووی ئیسلام بۆ تێکستەکانی قورئان کراوە و دەکرێت.
ئەوان باوەڕیان وایە، ئایین بۆتاک و نیشتمان بۆ هەموانە و نابێت ئایین هەرگیز، تێکەڵ بە کایەی سیاسەت و کێڵگەی حوکومڕانی و کاری دەوڵەتداری بکرێت. ئەوان بە هەموو شێوەیەک دەوڵەتی سیوکراتی ڕەتدەکەنەوە. بیردۆزی داروینیان سەبارەت بە پەرەسەندن(ئیڤۆڵەیشن)قبوڵە و بۆچوونیان وایە: قورئان پشتگری ئەو تیورەی داروین دەکات و تیئۆرەکەی داروین هیچ دژایەتیەکیشی لەگەڵ ئەو دروست بوون و خەڵقەی ئادەم نییە، کە لەقورئان باسکراوە.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!