بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا 09
#شەماڵ بارەوانی#
قورئانیەکان سزای ناوگۆڕ و هەفتاو دوو حۆریەکەی بەهەشتیش ڕەتدەکەنەوە..!
بێگومان،
لە کوردستان قورئانیەکان زۆر چاڵاکن و لە سۆشیال میدیاوک، ئەوەندەی من ئاگام لێیەتی، دوو گرووپیان هەیه بە ناوەکانی(پرسیارە فیکریەکان)و، (2ڕێگا).
کۆمەڵەک کەس سەرپەرشتیان دەکەن، هەندێکیان دەناسم کە پێشووتر ئیسلامی سیاسی و یەکگرتووبوون و دانەیەکیان مەلاشە، مەلا(عەزیز غەفور). هەڵە نەبم ئەدمینە لە گرووپی(پرسیارە فیکریەکان)،
بەر لە ماوەیەک، بابەتێکیم بینی لەماڵپەڕی(دابڕان)،
بە ناوی:(تۆقاندنی موسوڵمانان)و لەوێ زۆرلۆژیکی باسی هۆکاری باران نەبارین و، سزای ناو گۆڕ و دۆزەخ و ترسان و تۆقاندنی مرۆڤەکان، بە ئاگری دۆزەخ لە لایان بانگخوازەکان کردبوو و لەوتارەکە نووسیبوو(لەم ماوەیەدا بیستم گەنجێکی تازە پێگەیشتوو باری دەرونی تێک چووە بەهۆی ئەوەی گوێی لە بانگخوازێک گرتووە کە باسی سزای گۆڕی کردووە، ئەمیش لە ترسان ئیسراحەتی لێ بڕاوە! ئاخر سزایەک کە هیچ بنەمایەکی قورئانی نیە و بە یەک ئایەت لە قورئاندا باس نەکراوە ئەم هەموو ترس و تۆقاندنە چیە؟ بۆچی خوداتان کردووەتە جەلاد حاشا لە مەقامی ئه و کە به و جۆرە وێنای دەکەن کە چاوەڕێیە تا موسوڵمانان بچنەوە ژێر دەستی و لە ناو ئه و قەبرەدا ئەمر بکات دارکاری بکەن و بیسوتێنن و ماری بۆ بێنن؟ بە چ مەنتیقێکی دادپەروەری پێتان وایە ئه و خەڵکە له و قەبرەدا پاڵی داوەتەوە و ڕاکشاوە و جوڵەی نیە و دارکاری دەکرێت و پەراسوەکانی بەسەر یەکدا دەبرێن بەبێ دادگایی؟).
ئینجا مەلا عەزیر غەفور هەر لەو وتارە وەکوو هەموو قورئانیەکانی تر سزای ناوگوڕی ڕەتکردبوویەوە و نووسیبووی(ئەم چیرۆکی ئەژدیها و مارومورە هەموو درۆیە و پێچەوانەی کەلامی خودایە.
ئه و ئایەتەی کە باسی ئالی فیرعەون دەکات دەفەرموێت ئەمان دەبرێنە سەر ئاگر نەوەک ئاگر دەهێنرێت بۆ ئەمان و بەهیچ شێوەیەک پەیوەست نیە بە گۆڕەوە).
سەبارەت بە دۆزەخیش نووسیبووی(ئەزیزان تکایە ئەمەم لێ وەرگرن: دۆزەخ تەنها جێگای دوو کەسە: بێ باوەڕێک کە حەقیقەتی بۆ ڕون بووبێتەوە بەڵام ئینکاری بکات.
ستەمکارێک کە ستەمی گەورەی لە مرۆڤەکان کردووە، چ باوەڕدار بێت چ بێ باوەڕ.)
وتارێکیتری مەلای ناو هاتیم خوێندەوە، کە لە ماڵپەڕی (ڕوانگە و ڕەحنە)یش بەناونانیشانی(دابەشکردنی باخاتی بەهەشت) دابەزی بوو،
ڕەخنەی ئەوەی لە واعیزەکان و پیاوانی ئاینی گرتبوو بەوەی بەپێی ڕیوایەت و ئەنجامدانی هەندەک زیکر و نزاو خوێندنی چەند ئایەتێکی قورئان و جێبەجێکردنی چەند ڕیتوڵ و سروتێکی تری ئایینی بە دڵی خویان دێن و بە ناوی خوداوەند و بە کەفالەتی پەیامبەرەوە،
کۆمەڵەک بەڵێنی زل و ساختە بە خەڵکی دەدەن و پێیان دەڵێن بە خوێندنی فڵان سورەت، یان فیسار زیکر و فلان مەئسورات و نزا، ڕزق و ڕۆزیتان زیاد دەبێت و خوداوەند و پەیامبەر لەبەهەشت واو واتان بۆدەکەن و
بەو چەشنە بە دڵی خۆیان و زەوی و کۆشک و حۆری و باخاتی بەهەشەت بەسەر خەڵکی دابەشدەکەن(هەندێ لە واعیزەکان وادەزانن خەڵک کرێکاری بۆ خودا دەکات، ئیتر تا خودا زیاتربدات باشترە، بۆیە بەناوی خوداوە بەردەوام خەریکن عەمەلی ساڵحی وردیلەی وەک زیکر و دوعا مەئسورەکان و خوێندنی هەندێ سورەتی قورئان دەخەنە موزایەدەوە و هەر ڕۆژە و ئەجرێکیان لەسەر دادەنێن.. ڕۆژێک لە بەرامبەر یەکێک لەوانەوە قەسر دابەش دەکەن و ڕۆژێک دار و درەخت و باخاتی بەهەشت و ڕۆژێک حۆری.. یەکێکیان دەڵێت ئەگەر ئەو دوعایە بخوێنیت ئەوە شەیتان ئەو ڕۆژە نایەت بە دەورتدا و ئەویتر ئەڵێت ئەگەر خوێندت ڕزق و ڕۆزیت زیاد دەکات و یەکێ تر دەڵێت ئەگەر هەموو ڕۆژێک یان دوای هەموو نوێژێک بیخوێنیت ئەوە دەچیتە بەهەشتەوە …. هتد.
ئایا پێت وایە خودا باخ و کانیاو و درەخت و حۆریەکانی داوەتە پێغەمبەری خودا تاوەکو ئەویش بەپێی فڵان زیکر و خوێندن فڵان سورەت دابەشیان بکات؟ ئەزیزم… بەهەشت ڕەحمەتی خودایە و خودا خۆی دابەشی دەکات).
باسم لەوەکرد کە قورئانیەکان گرووپێکیان بەناوی (پرسیارە فیکریەکان)گرووپێکیتریشیان هەیە بە ناوی (2ڕێگا)و زۆر چاڵاکن.
ئینجا هەزاران کەس لەو دوو گرووپە ئەندامن و ڕۆژانە گفتوگۆ و پۆستی ئەقڵانی و قورئانی دەکەن و بانگەشە بۆ قورئانی بوون دەکەن و کەناڵێکی لۆکاڵیش هەیه، پێیان گووتم کەناڵەکە ئاڕاستە قورئانییە، کەناڵی(چ)،
بەڕێوەبەرەکەی کەسێکی قورئانییە، هەرچەندە کاتێک لە فەقێیاتیو کۆلێژی شەریعە و حوجرەبووم، ماوەکی باش موتابەعەی کەناڵەکەم کرد، تا بزانم چی دەڵێت و چی پەخشدەکات، ئەوەی من تێبینیم کرد،
کەناڵەکە زۆر بە حەزەر و هێمنیەوە پەخشی ڕۆژانەی خۆی دەکات و خۆی لەو جەدەلەی قورئانی بوون و ڕەتکردنەوەی ڕیوایەت و ڕەخنەگرتن لە کەلەپووری دینی و فیقهی ئیسلامی و ئەوشتانە بە دوور دەگرێت و، زیاتر لە ڕێگای بەرنامەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و لەو جۆر و تەرزە بابەتانە هەوڵی ڕۆشنبیرکردنی کۆمەڵ دەدات.
ئەوەش بڵێم:قورئانیەکان ئەوەیان لا خۆشنییە پێیان بگووترێت قورئانی و ئەوان دەڵێن خوداوەند لە قورئان ناوی ناوین موسوڵمان و بەس❪هُۆ سَمَّاکُمُ الْمُسْلِمِينَ.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!