کورد و تێوەگلان بە جەنگی عێراق ئێرانەوە 01
#عەلی مەحموود محەمەد#
بەهۆی جەنگی ئێران – عێراقەوە دەرفەت ڕەخسا بۆ حکومەتی عێراقی پەلاماری دڕندانەی کوردستان بدات, بە بەهانەی تێوە گلانی بە جەنگەوەی پارتی, یەکێتی, حسک, بزووتنەوەی ئیسلامی, حیزبواڵلە بەهەردوو باڵەکەیەوە, بە هێنانی پاسدار بۆ ناوەوەی باشووری کوردستان, لە ئێرانیش جەنگەکە ڕێگای بۆ سەرکوتی گەلانی ئێران و ئۆپۆزسیۆن خۆشتر کرد.
ئەم هێزانە جەنگەکەیان بە نیعمەت دەزانی و دروشمیان گەرمکردن و درێژەدان بە جەنگ بوو, نەبووە هێزێکی سیاسی پشتیوانی لە جەنگ بکات کە ڕوباری خوێنی لە بەر دەڕۆیی, لێ ئەمان نزاو تکایان درێژەدان بە جەنگ و هەڵسانی لافاوی خوێن بوو.
هەموو جەنگێکیش ئەنجامەکەی کۆتاییە, کە جەنگی ئێران-عێراق کۆتایی هات, بەهۆی تێوە گلانیان بە جەنگەکەوە, کوردستانێکی ویچرانکراوو تەعریبکراو, گەلێکی قڕکراوو زیندانیکراو لە ئۆردوگاکان, بزووتنەوەیەکی چەکداری هەرەسهاتوو مایەوە.
$فەجری دوو ڕاهێنان بۆ جینۆسایدی کورد$
ئۆپەراسیۆنی فەجری دوو واتا ئۆپەراسیۆنی حاجی ئۆمەران بووە سەرمەشقی جەنگە هاوبەشەکان, ڕۆڵی ڕاهێنان و ئەزموونی گێڕا بۆ ئەو جۆرە تەرزە لە چاوساغی و جەنگی هاوبەش, چ بۆ شەڕی هاوبەشی ئەم لایەنانە لە گەڵ ئێران, وە کاردانەوەی عێراق لە هەمبەر جەنگە هاوبەشەکان و دەست نەپاراستن لە خەڵک لە بەرامبەری, کە بە دوایدا کوشتاری بارزانییەکان لە لایەن بەعسەوە هات, کە ڕۆڵی ڕاهێنان بینی بۆ کۆمەڵکوژی خەڵکی کوردستان لە ئەنفال و هەڵەبجە و ڕوخاندنی لادێکان و سڕینەوەی شوێنەواری ژیان لە دەرەوەی شارەکان.
لە کۆدا ئەم لایەنانەی ئاماژەمان بە ناوەکانیان دا, ژمارەیەک شەڕی هاوبەشیان کرد شان بە شانی سوپای پاسداران هەمووی ماڵوێرانی بوو بۆ خەڵک, ناسراوترینیان ئۆپەراسیۆنەکانی فەجری 2, کەربەلا 10, فەتحی 5, نصر 4 , نەسری 5, نصر 7, نصر 8, بیت المقدس 2 , بیت المقدس 4 و فەجری 4, والفجر10, زەفەری 7, بوو.
رێکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان-پدک لە گەڵ ئێران بۆ ئەنجامدانی کاری سەربازی هاوبەش لەناو جوگرافیای عیراقدا لە ئۆپەراسیۆنی فەجری دوو, یەکەمین داهێنان و ڕێکەوتنی پارتێکی کوردی باشوور بوو لە گەڵ ئێران بۆ شەڕی هاوبەش, داهێنانی بەهانە بەدەستەوەدان بوو بۆ جینۆسایدکردنی گەلەکەمان لە لایەن بەعسی فاشیستەوە.
$فەجری دوو کەی ڕویدا؟$
فەجری دوو بە پێی عێراق لە 22-07-1983, وە بە پێی ئێرانییەکان لە 20-7-1983 ئەنجامدرا, جیاوازییەکەش لەوەدایەو لە دوا چرکەکانی شەوی 20ی مانگەوە هێزەکانی ئێران و پارتی دزەیان کردە پشت هێزەکانی عێراقەوە, لە چرکەکەکانی یەکەمی 22ی مانگ جەنگ دەستی پێکرد.
کاتی ئۆپەراسیۆنەکە پاش شەڕی قەڕناقاو پشت ئاشان و دەرکردنی لایەنەکانی بەرەی جود”پارتی,شیوعی,حسیک,پاسۆک” لە ناوچەکانی کەرکووک و گەرمیان و زۆرینەی ناوچەکانی سلێمانی و هەولێر, هاوکاری لۆجیستیکی حکومەتی عێراقی هات.
دوای 2 ساڵ لە فەجری دوو, ینک و سۆسیالست و حزب و اڵلە و بزووتنەوەی ئیسلامیش هاتنە ناو هەمان گەمەوە, بەم تەرزە پەیماننامەیە یارییان بە چارەنووسی کوردەوە کرد, کوردیان کردە شەریکە دۆڕانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە جەنگی کۆنەپەرستانەی ئێران -عێراق, دوای قوناغەکانی ئەنفال و کیمیابارانەکان لە 6ی ئەیلولی 1988 دا دەست بە تاڵ و دۆڕاو لێی دەرچوون, ئەوەی بۆیان مایەوە مانگانە تمەنێک و بارەگایەک لە سونێ و قاسمە ڕەش و زێوەو کارتی گەڕان بۆ شارەکانی ئێران بوو.
ئەوان بەم جەنگە هاوبەشانەیان نزیک 10%ی هاوڵاتیانی کوردستان و 2451 لادێیان بە جینۆسایدکردن و وێرانکردن دا, دەریاچەیەک خوێن و جیهانێک وێرانکارییان دورییەوە لەو شەڕە هاوبەشانە, هاوکات بزاڤی چەکداری کوردیان وەک بزاڤێکی کرێ گرتە بە جیهان ناساند.
بە هێنانی سوپای ئێران لە 29-7-1996 بۆسەر کۆیەو هێنانەوەی سوپای عێراق لە 31ی ئاب و 16ی ئۆکتۆبەر و چاوساغی بۆ سوپای تورکیا, سەلماندیانەوە هەمان تاکتیک تێکەڵ بە خوێنیان بووەو بۆتە ستراتیژی کاریان و بەردەوامی هەیەو لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت, بەردەوام گەلی کورد لە هەڵدێرو ماڵوێرانییەکەوە بۆ یەکی دی دەبەن.
$ئەمەریکا کۆدی جیهازەکانیانی لابوو؟$
لە کاتێکدا ڕاگەیاندەکانی جیهان غەرقی هەواڵی دەریای خوینی جەنگی ئێران-عێراق ببوون, ڕێگا گرتن لە پەرەسەندنی پان ئیسلامیزمی کۆماری ئیسلامی شەرق و غەربی یەکخستبوو, کۆمەلکوژی کوردان ببوە جەنگێکی لەبیرکراو, بە بەرچاوی کەشتیە ئاسمانیەکانەوە, کە دەرزی لەسەر زەوی دەبینن و کۆنترۆڵی هەموو جیهازەکانی سەربازی و سیخوڕییان کردبوو, لەو ساتەی کوردستان خاپورو خەڵکەکەشی قەسابی دەکران ڕۆژانە تەنها لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالدا 924 کەس کۆمەڵکوژ دەکرا, لەناو ئەو دەریای خوێنەدا کەس گوێبیستی نوزەی ئەم قڕکردن و کاولکارییە گشتگیرە نابوو, کۆمەڵکوژی کورد ببووە هۆلۆکۆستی نوێ, بێ هەواڵ ئەنجام دەدرا, ئەمجارە کراینە قوربانی سەرانی پدک وینک و سۆسیالست و بزووتنەوەی ئیسلامی و حیزبواڵلەکان, چونکە گلاندمانیانە جەنگێکی پیسی دۆڕاوەوە, کەچی دوای ڕاپەڕین لە بڕی سزادانیان خودی قوربانیانیش لە ڕیزە دورو درێژەکان وەستان تا دەنگیان پێبدەنەوە, تەسکیەیانیان کردنەوە, کەوتنەوە لێستنەوەی ئەو چەقۆیەی سەریانی لە جەستەیان جیا کردبوەوە.
ئێران و عیراق لە پاڵ وڵاتانی زلهێز لەو وڵاتانە بون کۆدی کریبتۆی سویسریان بەکار دەهێنا لە پەیوەندییە نهێنییە ناوخۆییەکانیان, کە لە لایەن سیای ئەمەریکیەوە کۆدەکە دەشکێنرا, وەک لەو ئابڕوچونەی سەرەتا 2020 لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی سویسرا ئاشکرا کرا, بۆیە هەمووان ئاگاداری تەواوی کوردۆسایدی کورد بوون.
$دۆڕاین$
ئێمە لە هەموو ئەو جەنگانە لە هەموو ڕویەکەوە دۆڕاوین, بۆیە دەبێت زیاتر بگەڕێین بە دوای ئەو خاڵەدا کە تێیدا بووە هۆی دۆڕانمان, دەبێت گومان بخەینە سەر ڕابردوو, بە پراتیک و کارەکتەرەکانیەوە, چونکە ڕابردوو بە تایبەت ساڵانی بزاڤی چەکداری, مێژوییەکە پڕە لە دۆڕان, با ئەو مێژووە بنووسرێنەوە کە دۆڕاوەکان دەینووسنەوە نەک براوەکان, چونکە ئەم تۆمەتبارانە دۆڕانی خۆشیان بە بردنەوە دەزانن و مێژووی براوەمان پێ نیشان دەدەن, خۆیانیش دەکەن بە خاوەندی ڕاپەڕین و کۆڕەو ڕوخانی سەدام.
سەرانی کورد توانای باشی خۆ کوێر و کەڕ و لاڵکردنیان هەیە, کاتێک نۆرەی دۆران و هەڵەو تاوانەکان خۆیان باس دەکرێت, دەبنە نەتەوەییخواز و دادپەروەر و هەزار و یەک پاساو بۆ شکست و دۆڕانەکانیان دەهێننەوە, ئەوان وەک مێگەلە مەڕ سەیری گەل دەکەن خۆشیان وەک شوان ڕەفتار دەکەن, هەر کاتێک بیانەوێت بماندەنە دەم گەلە گورگەوە, دەبێت ڕازی بین و گورگبونی ئەوانیش ئاشکرا نەکەین. لە هەر قۆناغێکدا گورگیەکەیان دڕندەترو پڕ لە خیانەتر دەبێت, بە دەستاو دەستکردنی فەرمانڕەوایی لە لایەن نەوەکانیانەوە یەکجاری بۆنی بۆگەنییان چۆتە کەشکەلانی ئاسمان.
یاداوەری درۆینە
ئەمانە لە مێژوو دەترسێن, یاداوەرییەکانیان, پاککراوە لە تاوان و شکستەکانیان, دەیانەوێت لە ڕێگای کرێگرتەکانیانەوە مێژوییەکی دیمان پێ نیشان بدەن, شەڕە هاوبەشەکانی حاجی ئۆمەران و هەڵەبجە و کەرکووک و …..وەک شەڕی سەرکەوتن و ڕزگاری وێنا بکەن, نەک کرێگرتەیی و قومارکرن بە چارەنووسی گەل.
هێرشی هاوبەشی پارتی وئێران بۆ ناوچەی حاجی ئۆمەران و گردمەند لەساڵی 1983 دا لای کۆماری ئیسلامی ئێران بە فەجری دوو ناسێنراوە, بە یەکەم نموونەی ئەنجامدانی شەڕی هاوبەشی پارتە کوردییەکان لە گەڵ ئێران دژ بە سوپای عێراق دێتە ژماردن, لێرەوە ئەم تەرزو شێوە هاوکارییە سەربازی سیاسییە, دەبێت بە تەرزو مۆدێلێکی کارو خەباتی بەشێک زۆری لە لایەنە کوردییەکانی دیکەی باشوور و ئیلهامی لێ وەردەگرن ” ینک, پارتی, سۆسیالست, حزب اڵلە, بزووتنەوەی ئیسلامی”, پێنج ساڵی پڕِ لە دۆران و شکست و ماڵوێرانی بەردەوام دەبێت, لە پشت پەرتووکە سورەکان و ئاڵاکانی کوردستانەوە دەست لە گەڵ پاسدار تێکەڵ دەکرا و پرۆژەی شەری هاوبەشیان دادەڕشت, لێرەوە بوونە ویڵی ڕێگای پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئێران, وایان دەنواند بەخت یاریان بووەو ڕێوی بەرەو پیرییانەوە چووە, دڵیان بەوە خۆش بوو, ئێران کاری هاوبەشیان لەگەڵ دەکات, چەند دۆشکەیەکیان دەداتێ, دیارە ئەم جۆرە چالاکییە هۆکاری کردنەوەی دەرگایەکیش بوو بۆ سەرانیان تا بگەن بە ئیمتیازات و سەفەرکردن, ئەم شەڕە هاوبەشانەی دوو دەرگایان لێدەبوەوە, دەرگای گەل بۆ جهەنەم , بۆ سەرانی خۆشیان کردنەوەی دەرگایەکی بەختەوەری و ئیمتیازات.
$پەند وەرنەگرتن لە هەرەسی ساڵی 1975$
ئەمانە بە پشت بەستن بە ئێران دەیانەویست ببنە هێزی یەکەم و چوار مشقی لەسەر باڵادەستی لە کوردستان دابنیشن, ینک وپدک خولیای بوون بە یەکەم هَێز بوون لە کوردستان, بەردەوام لەمێشکیان خولی دەخوارد, بۆ گەیشتن پێی دەست تێکەڵ کردن لە گەڵ شەیتانەکانی کورد ئاسایی بوو بە لایانەوە, پاش ئەوەی چەکیان لە ئێران وەرگرت ئومێدیان باڵای دەکرد, پەندیان لە هەرەسی ساڵی 1975 وەرنەگرت, ئێران بووە قیبلەنامای کاریان, زیاتر وەک داردەستێکی ئێران خۆیان دەنواند نەک هێزێکی کوردستانی, ڕابردویان دوبارە دەکردەوە” لە یاداشتەکانی موکەرەم تالەبانی وا هاتووە: دوا کوبونەوەی نوێنەری بارزانی لەگەل حکومەتی ناوەندی لە بەهاری 1974 کە منیش تێدا بەشدار بووم، سەروکی شاندی بەعس کە سەدام بوو، بەم شێوەیە دەستی بە قسەکانی خۆی کرد، پێویستە ئێوە (مەبەستی پارتی بوو) پەیوەندیەکانتان لەگەل ئیران بپچرێنن و سنورەکان بەرامبەر ئیران داخەن. کاک سامی عەبدولرحمانیش کە سەروکی شاندی پارتی بووە بەم شێوەیە وەلامی دایەوە: بارزانی پەیوەندیەکانی خۆی لەگەل ئیران بە پەیوەندیەکانی لەگەل بەغداد ناگۆرێتەوە!! سەدامیش بە سەرسورمانەوە وەلامی دایەوە. ئەگەر ئێوە پەیوەندیتان لەگەل ئیران بە پەیوەندی لەگەل بەغدا ناگورنەوە، چ داوایەکتان لە ئێمە هەیە و بەردەوامی گفتوگۆ چ مانایەکی هەیە! ئێوە لە ئێستاوە خۆتان بە بەشێک لە عیراق نازانن، ئەوەش لە دەرەوەی ناوەرۆکی یاساکانی ئوتۆنومیە. کۆبونەوەکە بەبێ ئەنجام کوتایی هات و شەر لە کوردستان دەستی پێکرد.”, ئەوەی پەند لە ڕابردوو وەرنەگرێت داهاتووشی نییە, بۆیە ئێستا زیاتر کەوتنە باوەشی ئێران و تورکیاوە, ئەوان زیاتر ئێرانی و تورکیاین لەوەی کوردستانی و عێراقی بن.
$ژەهرەکەیان پێ نۆش کردین$
بە بێ ئەوەی گوێی پێ بدەن بەوەی دەست ڕاکێشانی ولاتێکی وەک ئێران لەو کاتە بە بۆچوونی عێراق و گەلی کوردیشەوە خیانەت کارییە لە گەل بە دوو بۆچوونی جیاوە, لای فاشیەکان کە لە جەنگی مان و نەماندا بوون لە گەڵ ئێراندا, کاری سەربازی هاوبەش گەلی بەرەو چارەنووسێکی ڕەش برد, بەم کارەشیان کەوتنە ناو تەڵەی ئێرانەوە چارەنووسیان تێکەڵ بوو, بە پێچەوانەی شەپۆڵی جیهان سەبارەت بە ئێران, گەلیان لە گەڵ خۆیان بەرەو دۆزەخ برد, کاتێک خومەینی پیاڵە ژەهرکەی نۆش کرد, کوردیش لە پێک لێدانی ژەهردا لە گەڵیدا هاوبەش بوو بە سایەی ئەوانەوە, چونکە چارەنووسیان پێکەوە گرێ درابوو, لە یادمان نەچێت, دووبارە کردنەوەی ژەهر نۆشی گەلانیشیان پێ خواردینەوە”…. زۆربەی جینۆسایدەکان لەکاتی قەیرانەکاندا ڕودەدەن وەکو جەنگ. هەڵوەشانەوەی دەوڵەت, شۆرش. و ئەنجامدەرانیشی قوربانیەکان تاوانبار دەکەن لەسەرهەڵدانی ئەو قەیرانانەدا. هەروەها حکومەتی وڵاتانی دیکەش ڕەنگە دەستێوەردەن یاخود بێدەنگ بن لەئاست جینۆساید لەوڵاتیکی تردا وەیا پشتگیری لە ئەنجامدەرانی بکەن بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەپێی ئەوەندەی لە توانایاندا هەبێت.”هیڤاڵ هیلان وەرگێڕانی: نەریمان عەلی-ئەم لێکۆڵینەوەیە پێشکەشکراوە بۆ بەدەستهێنانی دیبلۆم لە خوێندنی یاسادا (لەزانکۆی ئۆکلاند نۆڤەمبەر 2000)”.
$پێش فەجری دوو ئەزموون لە گەڵ ئێران$
پێش ئۆپەراسیۆنی فەجری دوو, پارتی دیموکراتی کوردستان (عێراق) زۆر جەنگی هاوبەشی شان بە شانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە پێشمەرگەی کوردستانی خۆرهەڵات (بە تایبەت دیموکرات و کۆمەڵە) ئەنجام دابوو, لەگرتنەوەی زۆر دەڤەر و شار و شارۆچکەی وەک شاری شنۆ کە ڕۆڵی سەرەکی تێدا گێرابوو, نموونەیەکی سەرکەوتووی لە کاری سەربازی -سیاسی هاوبەشی خستبووە سەر سفرەی بۆگەنی کۆماری ئیسلامی ئێران.
لە بەرەی لەناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان, لە مانگەکانی پێش شەڕی حاجی ئۆمەران, شەڕە هاوبەشەکان لە ناوچەی شنۆو مەرگەوەڕ ئەنجامدرابوو, ئەم هاوپەیمانییە بۆیان پەیماننامەی فاوست بوو (لەو پەیماننامەیە فاوست ڕوحی خۆی بەشەیتان فرۆشت), بەلام فاوستەکانی ئیمە دوایی بوون بەدو و سێ و چوار وپێنج, نەک تەنها ڕوحی خۆیان بەڵکە جەستەی هەموو گەلیان بەشەیتانە ڕیشنە دِرندەکەی ئەودیو سنوور فرۆشت, بەم کارەشیان بوونە دیلی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئێران, تاکتیکی ماڵویرانکەر سەدان هەزار کەسی کردە قوربانی, یرۆسەکە پێنج دانە ساڵ و مانگێک و پانزە ڕۆژی خایاند, بەم کارە ناشرینەشیان دۆزی ڕەوای دژ بە ستەمی نەتەوایەتی کوردیان لە جەنگی کۆنە پەرستانەی عێراق ئێران خنکاندو شەڵاڵی خوێنیان کرد, ڕەوایەتی گیانی بزووتنەوەی دژ بە ستەمی نەتەوەییان تیایدا کوشت و ناشرینیان کرد, ئەگەر کەمۆکەیەک پێشتر جوانیان تێدا هێشتبێتەوە, بە پەیوەندییە گوماناویەکانیان و پێش پاسدار کەوتنیان هەموو سیمایەکی ئامانجداریان تێدا کوشت.
ئەم جەنگە هاوبەشانە دەستپێکی خۆکوژی بە کۆمەڵی (خێڵێک دواتر گەلێک) ی لێکەوتەوە, هەرچەندە پارتی بۆ خۆی هاشا لەوە دەکات, لەو شەڕە (حاجی ئۆمەران) بەشدار بوو بێت و پێش بە سوپای پاسداران کەوتبێت و چاوساغی بۆیان کردبێت بە درێژی دێینە سەری, بەڵام بۆ خۆی تاوانەکە بەو بەهانەیەو بەو ناوەوە ئەنجامدراو لەژێر ئەو کارە خۆی شاردەوە, بەعس تاوانبارە, چونکە هیچ بەهانەیەک بۆ ئەنجامدانی تاوان قەبوڵ نییە, لێ ڕەتکردنەوەکانی پارتیش لاوازە, لە بەرامبەردا زۆر ئەزموون وەرنەگرتن لە تاوانی جینۆسایدی بارزانییەکان سەرچاوە ئاماژە دەدەن بەوەی ئەو کارە سەربازییە هاوبەشە بەرفراوانە ئەنجامدراوە, تاڵی لەوەدایە هەمان پارتی سیاسی دوای 3 ساڵ لەو کارەساتەی هاشا لە ڕۆڵی خۆی دەکات تیایدا, دێت هەمان تاکتیک جارێکی تر هەڵدەبژێرێتەوە و پیادەی دەکاتەوە, جارێکی دیکە بە ئاشکرا بە شێوەی بەرفاوانتر و بەربڵاوتر و ئاشکراتر و بەبەرچاوی خەڵکی کوردستانەوە دووبارەی دەکاتەوە” پارتی لە فەتحی سێ لە هێرش بۆ سەر گەراجی نەوتی زاخۆ و فەتحی هەشت لە ناوچەی ئەتروش بە تەنها دوبارەی کردەوە, لە هەڵەبجەش هاوبەشیکرد لە ئۆپەراسیۆنەکانی فەجری 10 و زەفەری 7″, ئەگەر پێشتر ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان وەک فەجری دوو لە سەرسنوورەکان بوو, ئێستا لە ناو شارەکان و خەڵکی کوردستانە, پاسدار بە ئاشکرا لە گوندەکان دەسوڕانەوە, ئەزموون لە فەجری دوو وەرناگرێت, فەجری 10 دوبارە دەکاتەوە؟؟, هەرچەندە لە دوا ساتەکانی نزیک لە هێرشەکە” هەڵەبجە” ناڕەزایەتی لە نێو سەرکردایەتی پارتیدا بەرز بوەوە, لە ترسی دوبارە بونەوەی ڕوداوەکەی حاجی هۆمەران و کارەساتی بارزانییەکان, وەلێ هەر کراو بوونە برا بچوک لە شەراکەتەکە”کۆمەڵکوژی کورد لە جەنگی ئێران -عێراقدا, عادیل سدیق عەلی, ل260-261.”.
دەبینین ئەزموون لە دڕندانەترین پەرچەکرداری تا ئەو دەمی ڕژێم وەرناگرترێت بەرامبەر بە گەلەکەی تەنانەت کەسە نزیکەکانی سەرۆکەکانی قوربانی بوون, لە داهاتوو دێت زنجیرەیەک چالاکی سەربازی هاوبەش, لەگەڵ هێزەکانی ئێرانی دژ بە سوپای عێراق بە ئاشکرا و لە قولایی وڵاتدا لە زاخۆوە بۆ هەڵەبجە ئەنجام دەداتەوە, بە درێژایی 459 کم, بەم کارەشیان بوونە پۆلیسی ئیران لە کوردستان, وەلێ مەخفەرەکەیان لە ئێران بوو, لەو دیوەوە نەخشەیان بۆ دادەڕێژرا, لەم دیو کوردیان دەکردە سوتەمەنی نەخشەکانیان, بەم شێوەیە بەشداربووانی شەڕە هاوبەشەکان هەموویان بەشدارن لە مێژوویەکی هاوبەش لێ هەتیوی بێ باوک تا ئێستا دانی پێدا نانێن.
$بۆچی حاجی ئۆمەران هەڵبژێردرا ؟$
ئۆپەراسیۆنی حاجی ئۆمەران بۆ هەریەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران گرنگی تایبەتی خۆی هەبوو, بۆ ئێرانیەکان لە پاڵ سەرکەوتنە سەربازییەکە بەسەر عێراقدا, هاوکات دەروازەیەکیش بوو بۆ ئەوەی کوردستان بکاتە بەشێک لە جەنگەکە و بەرەی جەنگەکە بەرفراوان بکاتەوە کە خاوەند هێزێکی زۆری مرۆیی بوو, بەرفراوانکردنەوەی بەرەی جەنگ لە بەرژەوەندی بوو, هاوکات دەیانویست لە ڕێگەی ئەم ئۆپەراسیۆنەوە بەسەر نەیارەکانیدا لە هێزە کوردییە ڕۆژهەڵاتیەکان سەرکەوێت, کە بارەگاکانیان لەو ناوچانە بوو, ناوچەیەکی بەرزایی ستراتیژی دەیتوانی لەوێوە جوڵەی هێزەکانی دیموکرات و کۆمەڵە لە ناوچەکانی پیرنشار و شنۆو. کۆنترۆڵ بکات و بارەگاکانی پشت بەرەیان پێ چۆڵ بکات و سنووری چالاکیەکانیان بەرتەسک بکاتەوە,کەواتە بۆ ئێران سەرکەوتنەکە دوولایەنە بوو هەم بەسەر عێراق و هەم بەسەر کورددا. هاوزەمان ئێران پێویستی بەسەرکەوتنێکی لەم چەشنە هەبوو, کە 104 ڕۆژ لەوە پێش لە 10ی ئەپرێلی 2003, لە فەجری یەکدا لەناوچەی دیزفول تووشی تێکشکانێکی کەمەر شکێن ببووەوە لە هەمبەر هێزەکانی عێراق, زیانە مرۆییەکانی سێ هێندەی زیانەکانی سوپای عێراق بوو, چوو بۆ سەرکەوتن تا بەسرا لە بەغدا داببڕێت, کەچی نە یا اللە ی دەستپێکی شەڕەکە و نە تەم و تومانی ئەو بهارەی زەلکاوەکانی عەمارە فریای نەکەوت, فڕۆکە مەرگ هێنەرەکانی عێراق درەوی سوپاکەیان کرد لەو بیابان و زەنکاوە پان و بەرینە, فەجری یەک بووە یەکێک لە گەورەترین شکستەکانی سوپای ئێران لەماوەی 8 ساڵەی شەڕی عێراق ئێراندا.
ئامانجی فەجری 2 بۆ ئێرانیەکان وەک خۆیان ئاماژەی پێ دەدەن لەم خاڵانەدا خۆی دەبینێتەوە:
1- لێدانی دژ بە شۆرش حدکا.
2- بەهیز کردنی کوردە موسڵمانەکانی عێراق وەک خۆیان دەڵێن, مەبەستی هاوکارانی لە هێزە کوردییەکان لەو کاتدا کە پارتی دیموکراتی کوردستانە.
3-زەمینە خۆشکردن بۆ ئەنجامدانی شەر لەناو خاکی عێراق.
4- پاراستنی شاری پیرانشار لە هەر جۆرە پەلامارێک.
5-خۆشکردنی زەمینە بۆ لێدانی چاڵە نەوتیەکانی کەرکووک مروری بر عملیات والفجر 2
لە هەمووشی گرنگتر بۆ ئەو چرکە ساتە ساڕێژکردنەوەی برینی شکستی فەجری یەک بوو, لە پێناو بەرز کردنەوەی ورەی سوپا شکست خواردووەکەی.
$ئێران چی دەڵێت لەسەر بەشدار بووانی فەجری دوو؟$
پەلامارە دوو هەفتەییەکەی فەجری دوو پێویستی کۆماری ئیسلامی بوو, بۆ کۆتایی هاتنی هاتووچۆی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەو دیموکرات بۆ ناوەوەی ڕۆژهەلاتی کوردستان و تۆڵەکردنەوەی شکستی فەجری یەک و شکستی پەلامارەکانی باشووری عێراق و بەرینکردنەوەی بەرەی جەنگ.
بۆ ئاگاداربوون بزانین چی لەسەر ئەم ئۆپەراسیۆنە نووسراوەو چۆن بووەو زەرەرو زیانەکانیان چەند بووە, وە ڕۆڵی پارتی و قەبارەی هێزەکەی چەند بووە لە ئۆپەراسیۆنەکە, ئەوەی لە حاجی ئۆمەران ئێران کردویەتی لە داگیرکردن و گۆڕینی ناوی شوێنەکان دواتر لە هەڵەبجەش دووبارەی کردۆتەوە:
پێشتر شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی عێراق و ئێران لە بەرەی باشوور بەرەو چەقبەستوویی ڕۆیی, ئێران نەیتوانی هیچ دەستکەوتێکی سەربازی بە دەست بهێنێت. هێزەکانی ئێران چەندین جار هێرشی شەپۆلی مرۆیییان لە زەلکاوەکان و بیابانەکانی باشوور ئەنجامدا، وەلێ هێزەکانی عێراق شکستیان بە هەموو شەپۆڵە مرۆییەکانی ئێران هێنا, کە ئێران لەو سەرو بەندە ژمارەی دانیشتووانی سێ جار ژمارەی دانیشتووانی عێراق زیاتریش بوو, بەلام پارتی دەرگایەکی گرنگی سەربازی بۆ ئێران بەڵام ماڵوێرانکەر بۆ خەڵکی کوردستان کردەوە , دەرفەتی گواستنەوەی جەنگی بۆ کوردستان خۆش کرد و زەمینەی ساز کرد, ئێران بێ شەپۆڵی مرۆیی و تەقاندنەوەی کێڵگە بەرینەکانی مین سنوورەکان ببڕێت و بێتە ناو عێراقەوە.
ئامانجی سەرەکی ئەم ئەرکە دەستپێکی میحوەری حاج عومران بوو کە لەسەر سنوور هەڵکەوتووە و بە زەوییەکی شاخاوی دەورە دراوە. پێشمەرگەکانی پارتی دێموکراتی کوردستانی عێراق بە لە بەرچاوگرتنی شارەزاییان لە ناوچەکەو پەیوەندییان لە گەڵ خەڵکەکەی سەرمایەیەکی گەورەیان بۆ ئێرانییە هێرش بەرەکان دروست کردو توانیان بیان بەنە پشت بەرەی عێراقییەکانەوە.
لە میانی ئۆپەراسیۆنەکە ئێران 284 کوژراوو 487 بریندار و 134 بێسەرو شوێنی هەبوو, وێڕای زیانی مادی. بەڵام عێراق زیانەکانی زیاتر بوو “4000 کوژراو یان بریندار , 164 دیل, هاوکات 5 فرۆکەی جەنگی و 8 کۆپتەری بەردرانەوە, 40 تانک 45 ئۆتۆمۆبیلی سەربازی تێک شکێنراون , وە 20 تانک و 12 تۆپ و 50 ئۆتۆمۆبیلی سەربازی و دەیان پارچە چەکی دی دەستکەوتی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بوونە.
زۆربەی سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە فەجری دوو هێزی چەکداری کۆماری ئیسلامی ئێران و پارتی دیموکراتی کوردستان بە هاوبەشی ئەنجامیان داوە لە ڕێکەوتی 20-7-1973 تا 4-8-1983, تیایدا 390 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاکی عێراق داگیر کرا, لەم ئۆپەراسیۆنەکە 1000 پێشمەرگەی پارتی بەشداری کردووە.
هێزەکانی ئێران لە ڕێگای چاوساغەکانیەوە دزەی کردە ناو عێراقەوە بە قوڵایی 16 کیلۆمەتر و دەستی بەسەر زۆر چیا و سەربازگەو 43 گونددا گرت, لەناویاندا بارەگای سەرکردایەتی حدکا, بە پێی بۆچون ئێرانییەکان ناوچەکە لە ڕوی ستراتیجیەوە گرنگی نەبوو, بەڵام ئۆپۆزسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵاتی لاواز کرد, هاوکات لەو ناوچەیە حکومەتی عێراقی لە دەربەدەری دامەزراند, بەدوای ئەم شەڕە دوو ڕوداو ڕویاندا, ڕێکەوتنی عێراق لەگەڵ تورکیا و واژۆکردنی پەیمانی ئەمنی هاوبەش, ڕێکەوتنی (ی.ن.ک) لە گەڵ بەغدا.
لە 29ی تیرماهی 1362 (20-7-1983) لە میحوەری پیرانشار- حاجی ئۆمەران لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران و هێزەکانی کوردی عێراقەوە هێرش ئەنجامدرا, بە دروشمی یا ئەڵا , یا ئەڵا, یا ئەڵا و بەناوی فەجری 2, لە ژێر سەرکردایەتیەکی هاوبەشدا, لە ئەنجامی شەڕەکە سەربازگەی تەمەر چین و سەربازگەی حاجی ئۆمەران, گومرگی سنور, وە چەندین چیای بەرزی وەک کۆدۆ 3000 مەتری و گردمەند2519 مەتری و ئازادی 3700 مەتری و چەندین شارە دێی وەک ڕایات و ئازادی و زینیوێ و , مەمی خەلان و …. دەستیان بەسەردا گیرا. لە ئۆپەراسیۆنەکە 24 گوردانی هاوبەش پاسدارو سوپا لە بەرەی ئێرانەوە بەشدارییان کرد, کە 17یان لە هەرێمی فارسەوە هاتبوون.
فەجری 2 ناوی ئەو شەڕە هاوبەشەیە, کە هێزەکانی ئێران بە هاوکاری کوردەکانی عێراق” لەوکاتە هەر پدک بوو”ئەنجامیاندا, تیایدا توانرا بەرزاییەکانی 2519, 2120, 1970,2062 و 80 ڕەبایە, 200 کیلۆمەتر چوار گۆشەو 60 تانک و 150 زرێپۆش بگرترێت و هاوکات بووە هۆی 4000 کوژراوو برینداری عێراقی, 510 دیل و خستنە خوارەوەی 9 فرۆکەو زیانێکی زۆری مادی دی بە سوپای عێراقی گەیشت,.
هێرشی دوو هەفتەیی ئێران و پارتی دیموکرات بۆسەر ناوچەی حاجی ئۆمەران لە 20ی تەموز و گرتنی هەردوو چیای کۆدۆ و گردە مەندیل و ئازادی و کۆمەڵێک چیای بەرزی دیکە، هەروەها ناوچەکانی شیوەڕەش، ماوەتان، حاجی ئۆمەران، خەلان، زینوێ، ئالانە، ئازادی، بابکراوە، ڕایات، ڕەشەمێ، گوندە ژێر و گەلە ژێرو بەشێوەی گشتی ئێران 43 گوند و شارە گوندی داگیرکرد. لە هێرشی هاوبەشی سوپای ئێرانی و کوردەکان, 390 کیلۆمەتر دووجار لەخاکی عێراق ئازاد کراوە.
فەجری دوو نەک نەبووە دابینکردنی ناوچەی نفوز بۆ پارتی, بەلچکە قازانج سەری مایەی خوارد, بووە کاولکردنی ناوچەکە, تەنها ئێران گۆڵی خۆی کرد.
پاش شکستی ئێران لە فەجری یەک, بانگەشەی ئەوە کرا کە توانای هێرشی نەماوە, بۆیە ئێران پێویستی بە سەرکەوتنێک هەبوو, بەم ئۆپەراسیۆنە بە دەستی هێنا. لەم ئۆپەراسیۆنە هێزێکی بچووک بەکار هێنرا, زیانی کەم کرا و مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە کرا.
لە حاج عۆمران لە سەرەتای شەڕەوە هیچ جموجۆڵێک لەلایەن ئێرانەوە لەم قۆڵەوە نەکرابوو, بەم ئۆپەراسیۆنە ناوچەکە هێنرایە ناو جەنگەوە. پێش هێرشەکە بە 24 کاتژمێر زووتر, دزە کرایە پشت سەنگەرەکانی عێراق, ئەم کارە عێراقییەکانی توڕە کردو ئەمەی خستە ئەستۆی پارتی.
دوای گرتنی ناوچەکە, ئێرانییەکان سەربازگەی حاجی ئۆمەرانیان ناونا حمزە سید الشهدا و بەرزاییەکانی حاجی ئۆمەرانیشیان گۆڕی بۆ “شەهید سەدر”.
لەو کاتە لەتیف نسەیف جاسم، وەزیری ئەوکاتی ڕاگەیاندنی عێراقی ڕایگەیاند کە زلهێزێکی جیهانی و هەروەها حیزبی شیوعی عێراقی” دروشمی ڕاوەستانی دەست بەجێی جەنگی ئێران و عێراق بوو لەو کاتەدا, یان بەشداری حشع ی لە قەندیلی دووی بە بەشداری لە فەجری دوو زانیووە, یاخود لە خۆیەوە ئەم لێدوانەی داوە, حشع هیچ شەڕێکی هاوبەشی لە تەک ئێرانییەکان نەکردووە” لە ئۆپەراسیۆنی فەجر 2 یارمەتی هێزەکانی ئێرانیان داوە. ڕاستەوخۆ دوای سەرکەوتنی ئێران لە ئۆپەراسیۆنەکە، ڕادیۆی لەندەن ڕایگەیاند کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەرکێکی لەسەرە بۆ بەکارهێنانی هێز, ئێران ناچار بکەن کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت. هەروەها ڕادیۆی ڕیاز لە سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکانی لە پاریسەوە ڕایگەیاند تاران بەردەوامە لە کڕینی چەک لە تەلئەبیب بۆ درێژەدان بە جەنگ.
بەم شێوەیە بینیمان فەجری دوو کاردانەوەی جیهانی بوو, بەمەش پارتی بە دەستی خۆی بەنزینی کرد بەسەر خۆی و گەلدا.
ئۆپەراسیۆنەکە کاتژمێر 12ی شەو بە دروشمی “یا الله یا الله یا الله” دەستی پێکرد, لەم ئۆپەراسیۆنەدا 16 کەتیبەی سوپای پاسداران و شەش کەتیبەی پیادە و یەک کەتیبەی میکانیکی سوپا بەشدارییان کرد. لە میانی ئۆپەراسیۆنەکە حوجەتول ئیسلام مستەفا ڕادانی پوورو زەبیحوڵڵا ئەسیزادە فەرماندەی لیوای 18ی غەدیر کوژران.
بەشێک لە هێزەکانی ئێران 24 کاتژمێر پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە جوڵەیان کردە پشت هێزەکانی عێراقەوە. لە جەنگەکە هێزەکانی ئێران پێک هاتبوون بوون لە 24 کەتیبەی پیادە و میکانیکی, وە هێزەکانی عێراق بریتی بوون لە 36 کەتیبەی پیادە و کۆماندۆ. ژمارەی کوژراوەکانی عێراق لە ئۆپەراسیۆنەکە 4164 کەس بوو.
لە تۆڵەی ئەم هێرشە هاوبەشە, سەرباری ئەوەی 5 ڕۆژ مابوو ئۆپەراسیۆنەکە کۆتایی بێت, بەعس کەوتە بێسەروشێنکرردنی بارزانییەکانی قوشتەپە, هاوکات دەرگای جهەنەمی بەکارهێنانی چەکی کیمیاویشی بۆ یەکەمجار لە کوردستان کردەوە”بە گازی خەردەل 100 کەس لە سوپای ئێران و کوردە هاوپەیمانەکانی پێوە بوون, بە هۆی بێ ئەزموونییەوە گازی کیمیاوی سوپای عێراقیشی لە مەرگ بێبەری نەکرد.
$ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی فەجری دوو$
ئۆپەراسیۆنەکە بۆ ئێرانییەکان لە 20ی یۆلی 1983 و بۆ عێراقییەکان لە 22ی یۆلی 1983 دەستی پێکردووە, پارتی چاوساغی بۆ هێزەکانی ئێران کردووەو دەستی سوپای ئێرانی ڕاکێشاوەتە پشت سەنگەرەکانی عێراقەوە بە قولایی 16 کیلۆمەتر, بەهۆی جەنگەکەوە 43 شارۆچکەو گوند وێران بووەو کراونەتە گۆڕەپانی جەنگ, 200 بۆ 390 کیلۆمەتر چوارگۆشە خاک لە لایەن ئێرانەوە داگیرکراوە.
کۆماری ئیسلامی لە یەکەم چرکەی هاتنە ناوەوەی دەستی کردووە بە گۆڕینی ناوی شوێنەکان کە بەعس ئەوەی نەکرد لە ڕابردوو. ئامانجێکی جەنگەکە لێدانی کۆمەڵەو دیموکرات بوو لە ناوچەکە کە لەو کات و ساتە دوژمنی هاوبەشی ئێران و پارتی بوون, بارەگاکانیان هێنابووە ئەم دیو سنوور و لەوپەڕی چالاکی سەربازی خۆیاندا بوون.
لە جەرگەی ئۆپەراسیۆنەکە بەعسی فاشی کەوتە شوێنبزر کردنی هاوولاتییە سڤیلە بارزانییەکانی قوشتەپە و بەحرکە. پارتی دیموکراتی کوردستان بە هێزێکی هەزار کەسییەوە بەشداری ئۆپەراسیۆنەکەی کردووە.
دوای فەجری دوو, ئێرانییەکان دوو ئۆپەراسیۆنی دیکەیان لە هەمان ناوچە ئەنجام دایەوە, کەربەلای 2 لە دوی سەپتەمبەری 1986, وە کەربەلای 7 لە ڕێکەوتی 4ی ئازاری 1987, لێ لەبەر ئەوەی هێزی کوردی نەگلابوونە ئۆپەراسیۆنەکەوە بۆیە بەعس کاردانەوەی نەبوو بەرامبەر بە خەڵک.
بۆ زانیاریش هیچ ئۆپەراسیۆنێک هاوبەش یان تەنهای ئێرانییەکان لە کوردستان, ناوی کوردی یان ناوی جێگاو شارێکی کوردستانی هەڵنەگرتووە.
لە کۆتادا بۆمان دەردەکەوێت پارتە بەشداربووەکانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لەگەڵ ئێران لای چەوتی مێژوویان گرتووە لەو کاتە, بۆیە پێویستە دان بە هەڵەکانی خۆیان بنێن و زانیاری تەواو بدەنە خەڵکی و داوای لێبوردن لە خەڵک بکەن و لە سامانی سەرکردەو پارتەکانیان قەرەبووی هاولاتیانی ئەو ناوچانە بکەنەوە.[1]
ماویەتی…
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!