بابەت: پزیشکی
ئامادەکردنی: دکتۆر #فایەق گوڵپی#
بچوککردنەوەی گەدە بریتییە لە بڕینی بەشێکی گەدە کە دەکاتە %75 -80/ی تەواوی گەدە بە مەبەستی دابەزاندنی کێش، نەشتەرگەرییەکە بە هەناوبینی (نازور) دەکرێت بە کردنەوەی نزیکەی 5 کون لە سکدا یان لە ڕێگەی هەڵدرینی گەدە.
ئەو بەشەی گەدە کە ئەمێنێتەوە قەبارەکەی هێندەی پارچە مۆزێک دەبێت.
لە نەشتەرگەریەکەدا بە 4-5 کونی 1سم و نیو سم، دەچێتە ناو سکی نەخۆشەکەوە، سەرەتا بە ئامێری تایبەتی وزەدار، گەدە لە پەردە چەوری ناوسک جیادەکەیتەوە، دوای ئەوە نزیکەی 80٪ گەدە لەمسەر بۆ ئەوسەر بە ئامێری ستاپلەر(stapler) دەبریت و دەیدوریتەوە، نزیکەی (20٪ - 25٪) گەدە دەهێڵیتەوە.
$لە دوای نەشتەرگەری $
دوای نەشتەرگەریەکە نەخۆشەکە وەک جاران خواردنی زۆری پێناخورێت و کێشی دادەبەزێت.بە هۆی بچووکردنەوەی گەدەوە، بە خواردنێکی کەم گەدە پڕدەبێت و نەخۆشەکە زوو هەست بە تێربوون دەکات.بە هۆی بڕینی گەدەوە، هۆرمونی گریلین(ghrelin) لە جەستەدا کەم دەبێتەوە، ئەم هۆرمۆنە لە گەدەوە دەرژێتە ناو خوێن و کاردەکاتە سەر مێشک و ئارەزووی خواردن زیاد دەکات، کە بەشێکی گەدە ببڕێت هۆرمونەکە کەمدەبێتەوە و کەسەکە ئارەزووی خواردنی کەم دەبێتەوە.
$سوودەکانی$
1- دابەزاندنی کێشی نەخۆش، کە هەندێک جار کەسەکە نیوەی کێشی خۆی دادەبەزێنێ.
2- ڕێک خستنی سەر و سیمای نەخۆشەکە.
3- کەم کردنەوەی نەخۆشیەکانی بەرزی پاڵەپەستۆی خوێن و شەکرە و تەنگە نەفەسی کاتی خەوتن و ئازاری پشت و ئەژنۆ و میز ڕانەگرتن بە ڕێژەی لە سەدا 70 بۆ 80.
تا چ ڕادەیەک سەرکەوتووە ؟
لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە ئەدەن کە ئەم نەشتەرگەریە ئەبێتە هۆی کەم کردنەوەی نزیکەی 50 کیلۆ کێشی نەخۆش ئەگەر خۆراکی تەندروستی لەگەڵ بەکاربهێنرێت.
[1]