هەموو ڕۆژێک دەکوژرێین!
#کەنار قاسم#
تاوانی کوشتن جۆرێکە لە لادان، نیشتمان و کۆمەڵگەیەک دەگرێتەوە کە دوور دەکەونەوە لە یاساو بەها مرۆڤایەتیەکان، ئەم لادانە لە یاساکان، واتە ئەم کێشەیە لە بنەڕەتدا دەرئەنجامی ئەو باکگراوەند و بارودۆخە هاتۆتە کایەوە کە بۆ کۆمەڵگەیەک خوڵقاوە.
لە ئەنجامدا کۆمەڵگە خۆی زیان بە خودی خۆی دەگەیەنێت و هەتا بێت ڕێژەی کوشتن زیاتر دەبێت و فاکتەر و میکانیزمەکانی ناهاوسەنگی لە کۆمەڵگەدا زیاتر دەبن.
بۆ ئێمە وەکو کۆمەڵگەیەکی کوردی، ڕێژەی بەرزی تاوان تێیدا تەنها ئاماژە بە بوونی یەک عەیب ناکات، بەڵکو زیاتر ئاماژەیە بۆ بوونی ناهاوسەنگی فرەیی بە گشتگیری لەناو هەموو کایەکانی دەوڵەت و پێکهاتەکانی میللەتدا، واتە هەر تاکێک لە ڕێگەی ئەرکەکانییەوە هاندەرە بۆ زیادبوون و ئاسایی بوونەوەی کوشتن و توندوتیژی وەکو ئەوەی لەم دواییانەدا بینیومانە (کوشتنی قێزەون).زیادبوونی کوشتنەکان لە سەرتاسەری وڵاتدا فراوانتر دەبێت و بەزەحمەت هەفتەیەک تێدەپەڕێت بەبێ ئەوەی گوێمان لە کوشتنێک یان توندوتیژی ناو خێزانەکان نەبێت.
ئەوەی ئەم جۆرە پرسانە بۆ ئێمە خراپتر و ئازاربەخشتر دەکات ئەوەیە کە لە زۆر حاڵەتدا بە هۆکاری بێ بایەخ ڕوودەدەن. ئەگەر عەقڵ و لۆژیک و ئەخلاق زاڵ بووایە، ئەوا هیچ هۆکارێک نەدەبوو بە ڕێگر لە بەردەم چارەسەرێکی ئینسانی و دۆستانە و خوێنیش بەخۆڕایی نەدەڕژا.
پێویستە یاسای توند بۆ ئەو جۆرە حاڵەتانە دابنرێت و سزای توند و یاساکانی ڕێگریکردن بەسەر ئەو کەسانەدا بسەپێندرێت کە ئەو جۆرە تاوانانە دەکەن بۆ ئەوەی ببێتە نموونەیەک بۆ کەسانی دیکە و بۆ ئەوەی نەبنەوە.
(دەسەڵاتی دادوەری خێڵەکی) پشکی شێری بەر دەکەوێت لەم کەیسانەدا، پارە دەدرێت، پاشان کوپێک چا دەخورێتەوە، تاوانبار بەبێ سزا بەئاسانی چاوەڕێی تاوانێکی دیکە دەکات.
خێرا سوڵح دەکەن ئەمە بارێکی نائاسایی کۆمەڵایەتییە و هەندێک وەک پاساوێک بۆ کردەوە و پشتگوێخستنی هەر یاسا و لۆژیک و ئەخلاقێک دەیبینن، ئێمە داوای یاسای توند دووبارە دەکەینەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو کەیسەکانی کوشتن.
زەنگی ئاگادارکردنەوە لەبەردەم هەموو بەرپرسەکاندا لێدراوە و کاتێک دەڵێم بەرپرس مەبەستم تەنها حکومەت نییە، هەریەکە لە ئێمە بەرپرسیارین، قوتابخانە و زانکۆ و مزگەوت و بنەماڵە و میدیا و خێڵەکان. لە هەمووی گرنگتر من و تۆ یان ئەگەرنا هەموو ڕۆژێک دەکوژرێین.!
تاوانەکانی کوشتن لە کوردستان لە هەڵکشاندایە و کۆمەڵگە ناتوانێت بارگرانی ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی و هۆکار و دەرەنجامەکانی هەڵوەشاندنەوەی خێزان یان کۆمەڵگەهەڵبگرێت و باجەکەی دەدات و دەبێتە هۆی کۆتایی هاتنی.
زۆری تاوانی کوشتن سەرەتا و هۆشدارییە لە داهاتوویەکی ڕەش لە کوردستانێکی بێشیرازەو کاول، ئایا کەسێک هەیە بتوانێت وەڵاممان بداتەوە؟[1]