ئەمڕۆ لە کاتی کارکردن لە کێڵگەیەکی پەتاتە لە گوندێکی سنووری شارۆچکەی #بەردەڕەش#، بەردێکی شوێنەواریی سەردەمی ئاشوورییەکان، کە بە خەتی مێخی مسماری لەسەری نووسراوە، دۆزرایەوە.
شوێنەوارناس، عومەر حوسێن شەریف، لەمبارەوە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لەلایەن جووتیارێک ئاگەدار کراینەوە، کە بەردێکی شوێنەواری لەناو زەوییەکی کشتوکاڵی دەرکەوتووە، کە لە گوندی #تۆبزاوای# سەر بە ناحیەی ڕوڤیە لە سنووری شارۆچکەی بەردەڕەش پەتاتەی لێ چێنرابوو.
گوتیشی: “دوای سەردانمان بۆ ئەو شوێنە بۆمان دەرکەوت، کە بەردێکی شوێنەواریی مێژووییە، بەپێی لێکۆڵینە سەرەتاییەکان، ئەم بەردە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان، کە 2 هەزار ساڵ پێش زایین لەو ناوچەیە حوکمیان کردووە”.
گوتیشی: “ئەم بەردە بە خەتی مێخی (مسماری) لەسەری نووسراوە و شێوەکەی چوارگۆشەیە و کێشی نزیکەی دوو تۆن دەبێت”.
ڕایشی گەیاند، کە هێمای خواوەندی ئانۆ، خواوەندی ئاسمانی لەسەر نەخشێنراوە.
گوتیشی: “بەهۆی زەویی کێڵان هەندێک شوێن زیانیان بەر کەوتووە، بەڵام زیانەکان زۆر نین”.
باسی لەوەش کرد، کە بەردەکەیان گواستووەتەوە بۆ بەڕێوبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری #ئاکرێ#، بۆ ئەوەی زیاتر لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و پارێزراو بێت.
ئەو شوێنەوارناسە ڕایشیگەیاند: “ناوچەی بەردەڕەش و گۆرانەتی لە ڕووی شوێنەوارییەوە زۆر دەوڵەمەندە، بەڵام بەهۆی نەبوونی فەرمانگەیەکی شوێنەواری لە قەزای بەردەڕەش، ئەم لایەنە فەرامۆش کراوە، بۆیە داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەشی شوێنەوار و کەلەپوور لە شارۆچکەی بەردەڕەش بکاتەوە، بۆ ئەوەی زیاتر گرنگیی بەم کەرتە بدرێت، چونکە لە ڕووی شوێنەوارییەوە تاکو ئێستا ئێمە سەر بە شارۆچکەی ئاکرێین”. [1]
باس نیوز
31-07-2022