فەزای شێتخانە
#هونەر تۆفیق#
کاتێک عەقڵ غائیبە و کۆمەڵگە ئیرادە و عەقڵی نامێنێت، پەنا بۆ شێتێتی دەبات. دەچێتەوە سەر ئەو پەندە بەتاڵەی دەڵێت :قسە لەشێت یان لەمنداڵ. بۆئەوەی بیسەلمێنێت عەقڵ دەوری نیە، چونکە لای منداڵ و لای شێت عەقڵ ئیشناکات. ئێمەش بەشوێن ئەو بێعەقڵیەدا دەڕۆین و قسەیان بەمەنتیق و فەلسەفە وەردەگرین. میدیای کوردی باشترین ڕۆڵی بینیووە بۆ دروستکردنی فەزای شێتخانە و هێنانەپێشەوەی شێت و دیاردەی شێتێتی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی فیکر و فەلسەفە.
کاتێک وشەی شێت وەک خۆی بەکاردەهێنمەوە لەبری کەمعەقڵ، یان دەرونشێواو و دەستەواژەکانی تر، بێڕێزی نیە لەمرۆڤ و بەهاکانی، بەڵکە بۆ نیشاندانی دیاردەکەیە وەک خۆی و ڕۆڵی میدیای کوردی لە پێگەیاندنی شێتێتی ناو کۆمەڵگە تائەم ئاستەی پێ ی گەیشتووین.
- شێت دێنن لەبری هونەری باڵای مۆسیقا، نیشانی دەدەن و دەیانکەن بە هونەرمەندی گۆرانبێژی.
- شێت دێنن لەبری کەسایەتی دیار و ڕۆشنفکر، قسە و لێدوانی سیاسیان لێوەردەگرن.
- شێت دێنن بەناوی فەرماندەوە، وەک سەرکردەی سیاسی پێشەکەشمان دەکەن.
- شێت دێنن وەک واعزی دینی و خەتیبی مزگەوت نمایشی دەکەن.
- شێت وەک قارەمان، شێت وەک شاعیر، شێت وەک مامۆستا، شێت وەک نوخبە، شێت وەک سیاسی، شێت وەک سەرۆکی زانکۆیەکی دیار، شێت وەک شارەزایەکی وەرزش، شێت وەک ڕۆشنبیرێکی دیار و ناودار...هتد. بۆ هەر سێکتەرێک چەند شێتێک دروستکراوە، نەک هەر لە سۆسیال میدیادا، بەڵکە لەناو شاشەی تەلەفزیۆن و کۆڕوکۆبوونەوە حکومی و سیاسیەکانیشدا ئامادەییان هەیە.
شێت کێ یە ؟ شێت چی یە ؟
شێت، دیوانە، شەیدا، هار..هتد بەگشتی ئیشنەکردنی عەقڵ و لەدەستدانی ئیرادەیە بەسەر عەقڵدا.
شێت و شور : شێتێکە (شور) برینی ئەوینێک سەنتەری ئیرادە و کردەکانیەتی
شێت و هار : شێتێکە دەستوەشێن و توندوتیژە.
شێت و وێر : شێتێکە (وێر) بێ یادوەریە و مێشکی خەزن و حیفزناکات
شێت و شەیدا: شێتێکە عەقڵی لە وڕێنەیەکدایە وەهمەکان زاڵن بەسەریدا
لەهەموو جۆرەکانیدا عەقڵ پەکخراوە و ئیشی پێناکرێت. کاتێک کۆمەڵگەش ئیشی بەعەقڵ نەبێت و نەیەوێت باڵادەست بێت، شێتیەتی دەبێتە دیاردەیەکی ئاسایی و بەناو کۆمەڵگە ڕۆدەچێت.
شێت چەکدار بێت، مامۆستا لە سەرجادە بەرشەق دەدات، لەزانکۆدا دەیکوژێت، لە دادگادا ژنان فەلاقە دەکات.
شێت گۆرانی بێژبێت، شیعر و ئاوازی هەلەق و مەلەق دەڵێت
شێت سیاسی بێت، بڕیاری نامەنتیقی و کارەساتبار دەدات و شیرازەی ئەمنی تێکدەدات.
شێت مەلا و خەتیب بێت، فەتوای سەیروسەمەرە دەدات و حەدیس و ئایەت بەئارەزووی خۆی دێنێتەوە.
شێت سەرۆکی زانکۆ بێت، خوێندن دەبێت بە گاڵتەجاری.
شێت پزیشک بێت، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و ئەمنی تەندروستی لەبەین دەچێت
شێت سەرمایەداربێت، بازاڕ و ناوشار و وڵات هیچی بەسەر هیچەوە نامێنێت.
ئەوەی ئێستا لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا دەیبینین لە غیابی عەقڵدا و بڵاوبوونەوەی دیاردەی شێتێتی و ئیعجابمان بە شێتتی هونەر مەند و شێتێتی مەلا و شێتێتی ڕۆشنبیر و سیاسی، ئەوە بەرهەمەکەیەتی کە لەدەستدانی هەموو شتێکە پەیوەست بەعەقڵەوە.[1]