ناو:شەفیق
ناوی باوک: ئەحمەد عومەر
نازناو:شەفیق بەیاد
نووسینی: #خالید عومەر عوسمان#
شەفیق بەیاد-شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکی نابینایە
ناوی تەواوی (شەفیق ئەحمەد عومەر مەعروف) ە، ساڵی 1952 لە شاری #کۆیە# لەدایک بووە، لە عەشیرەتی (غەفووری) یە، لە منداڵییەوە خولیای گوێ گرتن لە هۆنراوە و پەند و ئامۆژگاری بووە، زیاتر تێکەڵی جیهانی پان و بەرینی وێژە و وێژەکان بووە، حەزی پڕ تاسەی دنەی داوە بە تاسەوە بێتە گۆڕەپانی بەهاری ڕەنگاوڕەنگی هۆنراوە و جۆرەکانی یەکەم هۆنراوەی کە بەرهەمی نووسینی ئەو لە قۆناغی کلاسیکییەوە دەستی پێ کرد لەم بوارەوە پێناسەی وێژەیی بۆ خۆی هەڵبژارد، هەموو نووسینەکانی بەناوی (شەفیق بەیاد) بڵاو دەکردەوە، شانبەشانی وێژە بەرمەیدانی سیاسەتیشی گرتە ئەستۆ، ئەمەش نەهامەتی و ستەم لێکراوی گەل و وڵاتەکەی وای لێکرد کە شانازی بکات بە گیان بازی کردن بۆ گەلی کورد و نیشتمانەکەی ماندوو نەناسانە، ئەدەب و خەباتی بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانی تا لە 27-11-1980 بە دەستی ڕژێمی ئەو کاتە قۆڵ بەستکراو چل ڕۆژ لە زیندانە سامناکەکەی هەیئەی #کەرکووک# کۆڵی بە دوژمنان داو شەرمەزاری بۆخۆی بەجێ نەهێشت و بوێرانە خۆی لەبەر زەبر و زەنگی ئەو ڕژێمە ڕاگرت، تا لە دادگای تایبەتیی کەرکووک دوای ئەشکەنجەدانێکی ناوازە فەرمانی (7) ساڵ بەند کردنی بەسەر داسەپێنرا، ئیتر لە بەندیخانەی (ئەبوو غرێب) توانی تا کۆتایی فەرمانەکەی شانازی بە خەباتی نەپساوەی خۆی بکات، بەڵام ئەفسوسی سەدان ئەفسوس دوابەدوای ئازاد کردنی لەگەڵ سێ هەزار بەندکراوی تر برادەرانی شۆڕشگێری کوردستان لەجیاتی بەخێر هاتنەوەو دڵدانەوەی وەڵامیان بۆ نارد وتیان ئەگەر دڵسۆزی کوردبای لە سێدارە دەدرای، بۆیە ئەم پەیامە بووە هۆی ئەوەی کەخۆی لە دونیای سیاسەت هەڵبپەسێرێ، لەو کاتەوە تەنیا پەرەی بە نووسینی هۆنراوە داوە، ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانە، بەشداری لە زۆر کۆڕ و کۆڕبەندیەکان کردووە وەک (عەبدوڵڵا پەشێو-شێرکۆ بێکەس-#مەهاباد# قەرەداغی-مەسعود عەبدولخالق) ،
بەرهەمە چاپکراوەکانی: (3-کۆمەڵە هۆنراوە-شەو بەند-سرووشتی شیرین-پەیام) (2) کۆمەڵە هۆنراوە-ئاوێزان-چریکستان) (ئافرەت تەرازووی ژیانە) (گەڵاڵەی دۆمانکێشی) (ئافرەت بەردەوام بوونی ژیانە) (ڕێنما)
نموونەی هۆنراوەی
فریشتەکەم
ئەوەی ئیمڕۆکە دڵدارە-کزو زەردو پەرێشانە
ئەوەی پێشمەرگەی ئەوینە-لە ژینی خۆی پەشیمانە
منیش سەربازی ڕێی عیشقم-بەڵام ژین و ژیانی من
هەتا بڵێی جیاوازە-جا بەوپەڕی پێچەوانە
ئەوانەی خاوەنی یارن-دەڵێی حەوت ساڵە مردوون
کەچی گۆشەی دەروونی من بەهەشتێکی فراوانە
سوپاس بۆ تۆ ئەی خودایە کە پێتبەخشیم دڵئارامی
لە جیهاندا نییە تاکی-سەرۆکە ئەو خەرامانە
بەختیارم بەو جوانەی کە ئاسمان و زەوی بێ ئەو
دەبێتە بوومە لەرزە و خوداوەند دەیکات جۆلانە
بەراستی زێدە پیرۆزە پلەوپایەی دولبەری من
ئەوەتانی وەکوو پەیڕەو ناوی لە جەرگەی قورئانە
نامرێ ناوی ئارەزوو-لە ڕووی دیمەنیش پیر نابێ
نازدارێکی شۆخ و شەنگ-جوانێکە بێ ئەفسانە
دیارە یاری من بەهێزە دەنا بۆچی بە تێکڕایی؛ ؛
بوونە بەردی بنی گۆمێ ئەستێرەکان-لە شەرمانە
ئەگەرچی مێمری گەردوون ئەهریمەنێکە بۆ پیلان
بەڵام (بەیاد) وەکوو کاوە تێکدەری کۆشکی پلانە[1]
ژیاننامەی شەفیق بەیاد
لە گەڕەکی قەڵاتی، کە یەکێکە لە چوار گەڕەکە کۆنەکانی کۆیە، شەفیق بەیاد لە ساڵی 1952 لە دایک بووە. ئەحمەد ئاغای عومەر معەرفاغای باوکی، کە لە بنەماڵەی غەفوورییەکانە، گەرچی هەر بە ئاغا ناسراوە، بەڵام باغچەوانێکی ڕەند و چاپووک و ڕەنجدەر بووە. ئەو هەمیشە سەرپەرشتی دوو یان سێ لە باغچە گەورەکانی سەردەمی خۆی کردووە و ڕۆژانە بیست سی کرێکاری لە ژن و پیاو هەبووە کە لە مەزرا و باغ و زەویەکانیدا کاریان دەکرد. تۆفیقی کوڕی دەڵێت: خەڵک، باوکمیان هەر بە ئەحمەداغای باغەوان نەک باغچەوان ناودینا، دیارە ئەوەش وەک ڕێزلێنانێک بووە کە باغچەکانی، باغ بوون بۆ ڕزقی حەڵاڵی ئەو ژن و پیاوە کرێکارانە و بەرهەمە جوانەکانی باغچەکانی کە بەشی هەموو شاری دەکرد. ئەحمەداغا دوو ژنی هێناوە، ئامینە و خەجیج، لە یەکەمیان سی کوڕ و کچێکی هەبووە: مەعروف و ساڵح و غەفوور و فاتمە. لە خەجیجیش پێنج کوڕی هەبووە، : عەزیز و ئیسماعیل و تۆفیق و حەمەدەمین و شەفیق.
شەفیق هێشتا بەسەر پێیان نەکەوتبوو، پاشنیوەڕۆیەک، کە لە باغچەی چوارباغ لە دەوری سەماواری جۆشدراو دانیشتوون، خزمێکیان مەڕێک دەهێنێت و بە مێخ زنجیر و پەت دەیبەستێتەوە، لەو کاتە، سەگێک پەیدا دەبێت و مەڕە لە ترسان خۆی هەڵدەدا و ڕادەکات و پەتە لە سەماوارە دەئاڵێ، ئاوی کوڵاو بەسەر دەموچاوی شەفیق دادەرژێ و دەسووتێ. گەرچی چەند دکتۆریش، بەو ساوایە سووتاوە دەکەن، سوودی نابێ و نابینای لەدەست دەدا.
لە تەمەنی دە دوانزدە ساڵێدا، شەفیق کە پتر لەگەڵ چەند هاوتەمەنێکی خۆی، کاتەکان لەنێوان باغچە و مزگەوت و گوڕەپانەکانی گەڕەک بەسەر دەبات، لە ڕێی ڕادیویەکی بچووک، وردەوردە بە جیهانی دەرەوەی ماڵ ئاشنا دەبێت و هاوڕێیەکانی بەردوام نامە و پۆست بۆ بەرنامەکانی ئیستگەی ڕادیۆی بەغدا -بەشی کوردی دەنێرن. ئەوە یەکەم دەروازەی کراو بوو بۆچوونە نێو جیهانی ئەدەب و هۆنراوە و هونەر. جا چونکی شەفیق، زۆر بە زەین بوو و یادگەیەکی زۆر سەرنجڕاکێشی هەبوو بەوەی کە دەیتوانی دەنگی هەموو کەسێک و هەموو شتێک بناسێتەوە و و هەموو ڕێگاوبانەکان بەبی دەستگرتن و گۆپاڵ پێبزانێ، زوو کەوتە ئەزبەرکردنی هۆنراوەی شاعیرانی کورد.
نێوان ماڵی شەفیق و فازیل شەوڕۆ هەر دیوارێک بوو، بۆیە ئاشنایەتیی نێوانیان، جیهانی سەردەمی هەرزەیی ئەوانی بە هۆنراوە و ئەدەب و گۆرانی... پڕ جۆش و خرۆش کرد. تا گەیشتنە قۆناغی سەرەتای نووسینی هۆنراوە، کە پتر لە فۆڕمە کلاسیکییەکە دابوو. شەفیق بۆ خۆی نازناوی (بەیاد) و بۆ فازیلیش نازناوی (شەوڕۆ) ی هەڵدەبژێرێت.
شەفیق هەر تەمەنی یانزدە ساڵان بوو، کە تەها شەکرچی جەلاد، ئامیر لیوای 14 سوپای #بەعس# لە ساڵی 1963 حەمەدەینی بیست بەهاریی برای شەفیقی لەگەڵ پۆلێک سڤیلی بێتاوانی دیکە لە دینگەکانی کۆیە پێچا و گوللەبارانی کردن. ئەمە بەسامترین و دژوواترین ڕووداوی جەرگبڕ بوو، کە زۆر ڕەنگانەوەی لەسەر بوونیاتی کەسێتی شەفیق هەبوو چ لە باری دەروونی و چ لە باری ئەدەبی و سیاسی و هزریدا. تەنانەت، لاواندنەوەکەی سەر کێلی حەمەدەمینی شەهیدیش، هۆنراوە شەفیق بەیادە، کە دوای دوو ساڵ بۆی نووسی.
لەگەڵ چەخماخەی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول، تۆفیقی برای شەفیق دەچێتە ڕیزەکانی پێشمەرگە، ئەوەش گیان و حەماسەتی کوردایەتی پتر لە دڵ و دەروونی شەفیق ئاگر دەدا. بۆیە لەو ڕۆژگارە ئەو پتر خوولیای ئەدەبی بەرەنگاری بوو و زۆربەی هۆنراوەەکانی حاجی قادری کۆیی و ئیبراهیم ئەحمەد و خالید دلێر و مام هەژار و دڵدار و دلزار و عەونی... ئەزبەربوو، هاوتەریب لەگەڵ هۆنراوە و غەزەلەکانی نالی و وەفای و شیخ ڕەزای تاڵەبانی و مەحوی و کوردی... .
بەم جۆرە شەفیق وەک شاعیرێک ناسراو و لە هەموو کۆڕ و مەجلیسێکدا هۆنراوەی دەخوێندە و قسەی لەسەر دەکردن و بەردوام هەموو هەست و هۆشی هەر هۆنراوە و سروود و گۆرانی کوردی بوو. ئەمانەش ڕۆژبەڕۆژ گەنجیەی فەرهەنگی ئەدەبی ئەویان دەوڵەمەندتر دەکر، تا ئەو بووە بە خاوەن بەرهەمی هۆنراوەی چاپکراو و دواتر بە نووسینیش پەرتووکی ئامادە کرد.
بەیاد لە 27-11-1980 لەگەڵ پۆلێک لە خەباتگێڕانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان لە کۆیە، کە خەریکی خەباتی ژێرزەمینی بوون، لەلایەن پیاوانی ئەمنی بەعس دەگیرێت، ئەو کات ئەو فەرمانبەر بوو لە وەاڕەتی ئەوقاف لە کۆیە. دوای ئەشکەنجەدان و تەعزیبێکی وەحشیگەرانەی بەعس لە کۆیە ڕەوانەی هەیئەیی کەرکووک دەکرێت و لەوێ بۆ ماوەی 40 ڕۆژ تەعزیبی دەدەن، دواتر ئەو حوکمی زیندانی حەوت ساڵی بەسەردا دەبڕێتەوە ڕەوانەی گرتووخانە بەدناوەکەی ئەوغریبی دەکەن، دوای 9 مانگ لە ناخۆشترین ڕۆژانی تەمەن، ئازاد دەکرێ، بەبەر لێخۆشبوونێک دەکەوێت و دەگەڕێتەوە کۆیە.
لە ساڵی 1997 بەیاد لەگەڵ خاتوو گولیزار حەسەن قادر کە ئەویش نابینایە، خێزان پێکدێنن و کچیکیان هەیە بە ناوی ساڕێژ و لە #هەولێر# دەژین.
لە سەرتادا دوو کەس لە کۆیە: دلزار فایەق و سەید جەبار حەسەن هاوکاریی بەیادیان دەکرد لە تۆمارکردنی هۆنراوەەکانی. دواتر کە ساڕێژی کچی پێگەیی، ئەو بووە نووسەری باوکی.
بەیاد ئەو کۆمەڵە هۆنراوەانەی چاپ کردووە:
شەوبەندی لە ساڵی1985.
سرووشتی شیرین لە ساڵێک 1989.
پەیام لە ساڵی 1991.
شەوبەند و شرووشتی شیرین لەلایەن ئەمانەتی گشتیی ڕۆشنبیری و لاوانی کوردستان چاپ کراون ، بەڵام کۆمەڵە هۆنراوەی پەیامی بە هاوکاری سەعدوڵڵا شیخانی چاپ کرد.
لە ساڵی 2013 شەفیق بەیاد، یەکەم پەرتووکی چاپکرد بە ناونیشانی (ئافرەت تەروازووی ژیانە) کە ناوەرۆکەکەی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و پەروەردەیی و جەندەرییە.
لە پال هۆنینەوەی هۆنراوە نووسینی پەرتووک، بەیاد هەڵگری ناسنامەی (ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتییە) ئەو یەکەم بابەتی ڕۆژنامەوانی لە ساڵی 1973 بڵاوکردووەتەوە، دواین ڕاپۆرتیشی لە ساڵی 2019 بووە. ئەو بۆ ئەم ڕۆژنامە و گۆڤارانە بابەت و ڕاپۆرتی نووسیوە: ڕۆژنامەی جەماوەر، ڕۆژنامەی هاوکاری، ڕۆژنامەی کوردستان ڕاپۆرت، ڕۆژنامەی برایی و ڕۆژنامەی ئاسوو هەروەها لە گۆڤاری ستاندەر. زنجیرە ڕاپۆرتێکی بە ناونیشانی (نەخشەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان با لە کوردستانەوە دەست پێنەکات) بڵاوکردووەەتەوە 8 زنجیرە لە ڕۆژنامەی جەماوەر و 3 زنجیرە لە گۆڤاری ستاندەر و 3 زنجیرەش لە ڕۆژنامەی کوردستان ڕاپۆرت. بابەتە ڕۆژنامەوانییەکانی پتر بابەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆشنبیری و گشتی بوون.
مامۆستا هەمزە عەباس فەقێ، وا پەسنی بەیاد دەکات و دەڵێت:لە هەشتاکان، شەفیق بەیاد، لەو کاتەوە وەک کەسێکی چالاک لە چەند بوارێک دەرکەوتووە، من سێ بوار دەستنیشان دەکەم: چالاک لە بواری جەندەری، کە دوای بیست سی ساڵ ئەوجا خەڵکانێک یان ڕێکخراوگەلێک ویستوویانە قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەن. لە بواری کۆمەڵایەتییەوە، مامۆستا کەسێکی چالاک بوو، بەردەوام لە نووسینەکان لە کۆڕ و سیمینار و مەجلیس و قسەکردن باسی لەو دیاردە و لەو حاڵەتە نامۆیانە دەکرد کە لەناو کۆمەڵگەی کوردەواریدا هەبوون و لە کۆتاییدا ئافرەت باجەکەی دەدا. وەکوو بابەتی ژن بە ژن و گەورە بە بچووک و مەسەلەی سوڵح کردن بە ئافرەت و تەنانەت هێندێ بابەتی تایبەر کە ئافرەتی لەسەر دەکوژرا و بە شێوەیەک لە شێوەکان دەچەوسێنرایەوە، بەیاد بە دەنگێکی زۆر دڵێرانە داکۆکی لەو لایەنە دەکرد. دواین بوار هۆشیاریی کۆمەڵایەتییە واتا هۆشیاری ئایینی. ئەو زۆر مەبەستی بوو کە لە بواری ئایینی خاوەن دید و تێگەیشتنی خۆی بێ ، بۆ خۆتان دەزان، بۆ کەسێک بەو حاڵەتە تایبەتمەندییەوە وەک نابینایەک، لەوانەیە ئەمە قوورس بێ.
ڕابەر سەید برایم دەڵێت:شەفیق بەیاد شاعێرێکی ناسک و جوانی کورد و کوردستانە. هۆنراوەە جوانەکانی زیرەکییەکەی لە ڕادە بەدەرە گەرچی نابینایە، بەڵام مێشکی چاوە. من چەندان زیرەکی و توانایم لێ دیوە کە بەراستی موهیمەتێکی وای کردووە لە هۆنراوە و لە جوانیدا کە بۆ خۆم دەزانم بۆ خۆی دەزانێت شوێنکە چۆنە، خەڵک جوانە، ناشێرینە، لاوازە، قەڵەوە هەر بە دەنگ، هۆنراوەەکانی کە بڵاوکردووتەوە جوانییەکانی جوانی چاوە. چەندان دەقە هۆنراوەیشی کراوە بە گۆرانی. ئەو نەک هەر شاعیرە نووسەریشە.
مامۆستا کاوە حەمید سەعێد دەڵێت: بەیاد شاعیر و ئەدیب و نووسەرێکی دیارە، شارەزاییەکی باشی لە قورئان و شەریعەی ئیسلام هەیە هەروەها شارەزایی باشی لە پاراسیکۆلۆژی هەیە . [2]