ڕێکخراوێکی تورکیایە و بە باڵی سەربازیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (ئێم ئێچ پی) دەژمێردرێن. بە نەتەوەپەرستی توندڕەو، فاشیستی نوێ و ئیسلامی، ناودەبرێن. ئامانجیان تورکیای یەک نەتەوە، یەک ئایین و یەک مەزهەبە (ئیسلامی سوننی). هەڵبەت ناوە فەرمییەکەی دامەزراوەیەکی کەلتووری و فێرخوازییە! هەردوو پارتی (ئێم ئێچ پی)لە ساڵی 1963 و ڕێکخراوی گورگە بۆرەکان لە لایەن کۆلۆنێل ئەلپئەرسلان تورکیچ دامەزراون. لە ساڵی 1968 نزیکەی 100 سەربازگەی تایبەتیان لە سەرانسەری تورکیادا، بۆ کراوەتەوە.
لە کۆتایی حەفتاکاندا لە سەردەمی ناجێگیری باری سیاسیی تورکیا، تەوژمی وەرگرت و دەیان هەزار ئەندامی هەبوو. ئەو ناسەقامگیرییە، پێکدادانی توندی ڕاست و چەپ بوو. لە ترسی چەپڕەوەکان و سۆڤیەت، پاڵپشتی حوکوومەتیان هەبوو. گورگە بۆرەکانی ئەوکات بە دەستەی کوشتن (death squad) ناویان دەرکردبوو. لە قەسابخانەیەکیاندا لە کۆتایی ساڵی 1978 لە ماراش، سەروو 100 کوردی عەلەوییان کوشت. دەشگووترێ هەر ئەوان بوون کوشتاری مەیدانی تەقسیمیان لە ئایاری 1977 کرد. کەس لەوانەی هەڵیانکوتایە سەر خۆپیشاندەران، دەستگیر نەکرا.
ڕۆژنامەنوسان و توێژەران دەڵێن، گورگە بۆرەکان قووڵە دەوڵەتی تورکیان. واتا لە پشت پەردەوە بەشێک لە شانۆی ڕووداوەکان بەڕێوەدەبەن. گومانی چالاکی مافیاگەرانە و ڕاو و ڕووتیشیان لەسەرە. لە ساڵی 1978ەوە، ڕۆڵی گەورەیان لە دژایەتیی کورد و سەرکوتکردندا هەیە. بە هەمان شێوە بە توندیی دژایەتی ئەرمەن و یۆنانییەکانیش دەکەن. دوای ڕووخانی بلۆکی سۆڤیەت پەلیان بۆ کۆمارەکانی سۆڤیەت هاویشت، بە تایبەتی تورکزمان و موسوڵمانەکانیان. هەزارانیان لە کێشەی ناگۆرنۆ-کاراباخ لە پاڵ ئازەریەکاندا و لە هەردوو جەنگی چیچانیش لە پاڵ چیچانییەکان، دەجەنگان. وای لێهات زۆری نەما لە ساڵی 1995 لە ئازەربایجان دەسەڵاتی وڵات بگرنە دەست، لەو کاتەوە لەوێ قەدەغە کران. لە 2005یش، کازاخستان بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندن و قەدەغەی کردن.
لە ساڵانی 80 کانی سەدەی ڕابردوو، ئەفسەرانی دژەتیرۆری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پێوەندی سەرۆکی ڕیکخراوەکەیان ئەلپئەرسلان تورکیچ بە بازرگانی هیرۆین نیشان دا. تورکیچ بە داهاتی بازرگانی هیرۆین بۆ ئیتاڵیا و لەوێوە بۆ ئەوروپای ڕۆژئاوا، چەک و تەقەمەنی تا دەگاتە پەروانەدار (هەلیکۆپتەر) و تانکی بۆ گورگە بۆرەکان، دابین کردووە. نووسەر دەیڵ سکۆت لە کتێبەکەی بە ناوی (مەکینەی جەنگی ئەمەریکا) لە ساڵی 2010 دەڵێ بەرهەمهێنەران و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان پێوەندی نزیکیان لەگەڵ گورگە بۆرەکان و (ئێم ئێچ پی) دا هەبووە.
دەگووترێ دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی (ئێم ئێچ پی)، سەرۆکی گورگە بۆرەکانە. بەپێی ڕاپرسییەکی 2021 تەنیا 3.2٪ی دەنگدەرانی تورکیا پاڵپشتی کار و چالاکییەکانی گورگە بۆرەکان دەکەن. هەر نەبێ لە سێ وڵاتی ئەوروپا (ئەڵمانیا، هۆڵاند و بەلجیک) ئەندامیان هەیە. ئەوان لە ئەڵمانیا گەورەترین ڕێکخراوی ڕاستڕەوی توندن. لە تشرینی دوەمی 2020 لەبەر توندوتیژی سیاسیی و لێدوانی پڕ لە ڕق و کینە، لە فەرەنسا قەدەغە کران. لە ئایاری 2021 پەرلەمانی ئەوروپا داوای لە ئەندامەکانی کرد، وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیناسێنن.
لەبەر بەرنامە و هزری توندی تورکپەرستیی، خۆیان بە دژبەری کورد، ئەرمەن، یۆنانەکان، کریستیانەکان و جوولەکەکان دادەنێن. لەبەر هەمان هۆ و فراوانخوازیی نەتەوەی تورک لە ئاسیای ناوەڕاستدا، دژی چین، ڕووسیا و ئێرانیشن. مێژوویان دژایەتی زۆری چەپڕەوی تێدایە. 694 کاری کوشتنی ڕۆژنەماوان، ئازادیخواز و بیرمەندانی ڕەوتی چەپیان لە ئەستۆدایە. سەروو 5 هەزار کەس لە نا سەقمگیرییەکانی ساڵانی 80ی سەدەی ڕابردوو، بە دەستی ئەوان کوژراون.
لە سەرودەمی کودەتای سەربازیی ئەیلولی 1980، هەرنەبێ 1700 سەنتەر و 200 هەزار ئەندام و ملیۆنان هاوسۆزییان هەبوو. دوای کودەتا (ئێم ئێچ پی) و گورگەبۆرەکان لە تورکیا، قەدەغەکران. بەر لەوە دادگەی باڵای تورکیا پێوەندی گورگە بۆرەکانی لەگەڵ (سی ئای ئەی) و بەرنامەی دژە-گەریلای ناتۆی ئاشکرا کرد. (بەرنامەی دژە-گەریلای ناتۆ، بەرنامەیەکی سەربازیی نهێنیی ناتۆ بوو، ئەگەر سۆڤیەت وڵاتێک داگیربکات، چۆن گەریلا ئاسا جەنگی سوپای سوور بکەن). ئەوکاتە (سی ئای ئەی) چەک و یارمەتیی بۆ دابین کردوون. لە ساڵی 1966 پەرلەمانی تورکیا بەڵگەی تەواوی پێوەندی گورگە بۆرەکان و مافیا و چالاکیی نا یاسایی، لە تورکیا ئاشکرا کرد.
لە دوای ساڵی 1984 و لەگەڵ دامەزرانی #پارتی کرێکارانی کوردستان#، گورگە بۆرەکان چاویان خستە سەر کوردەکان و بەرنامە و چالاکیی زۆریان لەو دژایەتیاندا، هەبووە. چی بە هاندانی (ئێم ئێچ پی) بێ یان بەپێی ئەو پاڵپشتە هزرییەی هەیانە، لە دوای ساڵی 2010ەوە، چەندین هێرشیان کردووەتە سەر بارەگا و لێپرسراوانی هەدەپە، بەدەپە و پارتەکانی دیکەی باکووری کوردستان. لە ساڵی 2013 ڕێپێوانی سەرتاسەرییان لە تورکیا دژی گفتوگۆی نێوان پەکەکە و تورکیا ئەنجام دا. لە 7 و 8ی ئەیلوولی 2015 هێرشیان بۆ سەر 128 بارەگای هەدەپە ئەنجام دا.
لە چالاکییەکانی دیکەی دەرەوەی تورکیایان، هەوڵی کوشتنی پاپای ڤاتیکان لە ساڵی 1981. وەک پاڵپشتیی بۆ ئویگۆرە موسوڵمانەکانی چین هێرشیان کردە سەر گەشتیاری چین لە هۆڵاند. لە قوبروس چەندین ڕۆژنامەوان و دژە-دەسەڵاتی تورکیایان تیرۆر کردووە. لە ساڵی 1997 لەگەڵ خۆپیشاندەرە قوتابییە کوردەکانی قوبرس، پێکیان دادا. لە سوریا پاڵپشت و هاندەری داعش بوون بۆ داگیرکردنی کۆبانی و شارەکانی دیکەی ڕۆژاوای کوردستان. لە 2015 چەند تەقینەوەیەکیان لە بانکۆکی پایتەختی تایلاند ئەنجامدا، چونکە تایلاند ڕازی نەبوو توندەڕەوە ئیسلامییەکانی ئۆیگۆر بنێرێتە تورکیا تا مافی پەنابەرییان بدەنێ. [1]