ناونیشان: وڕێنە و خەیاڵ خۆشترن لە واقیع
ئامادەکار: #شەماڵ محەمەد محەمەد ئەمین#
زۆرجار مرۆڤ بۆ خۆدەربازکردن لە واقیعێکی تاڵ یا خۆدزینەوە لە شەرمەزاریی شکستێکی دیاریکراو پەنادەباتەبەر هێنانەوەی بیانوی جۆراوجۆری بێ بنەما، هەمومان ئەو ڕۆڵەمان بینیوە. کاتێک منداڵێک شتێک دەشکێنی هەوڵدەدات بیخاتە ئەستۆی کەسێکی لەخۆی بچوکتر، یا هەوڵدەدات بە درۆکردن بیشارێتەوە، کاتێک هەرزەکارێک کارێکی هەڵە دەکات هاوڕێکانی تاوانباردەکات، ئێمەی گەورەش کاتێک شکست دەخۆین لە کارێکی دیاریکراو یەخەی هەموشتێک دەگرین تەنها بۆ ئەوەی خۆمان لە بەپرسیارێتی و شەرمەزاری بدزینەوە، زۆرێکمان تاوانی شکست و تاوانەکانمان دەخەینە ئەستۆی چارەنوس، شەیتان، حکومەت، هەژاری، گەندەڵی، ... هتد.
گەشەپێدان سیحرێکی خۆشی تێدایە (شکست، مەحاڵ، نەتوانین، سنور...هتد) لە فەرهەنگی ئەواندا نییە. وەک بڵێی ئەم دەستەواژانە بەخۆڕایی هاتبنە ناو فەرهەنگ و زمان و مێژومان ! ئاخر هەمومان دەزانین مرۆڤ زۆر جار توشی شکست دەبێت، چۆنیەتیی هەڵسوکوت کردن لەگەڵ شکست زانین و شارەزایی دەوێ بەڵام کەس ناتوانێ نکۆڵی لە بونی شکست بکات. مرۆڤ پێویستە شکست بێنێت و دەبێ دانی پێدابنێت ئەگەرنا هەرگیز سەرناکەوێ.
هەمومان دەزانین هەندێک شت هەن مەحاڵن، بەڵام لە گەشەپێدان مەحاڵ بەدی ناکرێ، مریشک گەر بیەوێ دەبێتە هەڵۆ، مرۆڤیش دەبێتە سوپەرمان. بێگومان لە خەیاڵ ئەم شتانە هەموی ڕاستن بەڵام واقیع شتێکی ترمان پێ دەڵێت. هەمومان دەزانین شتەکان سنوردارن تواناکانمان، هێزی بینایی چاو، توانای دەرون، توانای ئەقڵ...هتد. گەشەپێدان پێمان دەڵێ تواناکانی مرۆڤ نابێ سنورداربکرێن، یا مرۆڤ زۆر بە توانایە، بەڵام زانای بلیمەت (ئەلبێرت ئەنیشتاین) دەڵێ:
تەنها دو شت سنوریان نییە یەکەمیان گەردونە و دوەمیشیان گەمژەیی مرۆڤ.
بە پێچەوانەی باوەڕی باو لە ناو کۆمەلگە، زۆرجار گەشەپێدان دەبێتەهۆی ڕوخاندنی مرۆڤ، چونکە شکست خواردن دوای ماندوبونی زۆر لە نائومێدی و خەم بترازێ شتی تری لێ بەرهەم نایەت. گەشەپێدان زۆر گەورەتر کراوە لە قەبارەی خۆی، خەمێکت هەیە؟ گەشەپێدان بخوێنەوە، کارت دەست ناکەوێ؟ گەشەپێدان چارەسەرە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانت لاوازن؟ فڵانە کتێبی گەشەپێدان زۆر ناوازەیە، بیخوێنەوە!
لە کتێبی: وڕێنەی گەشەپێدان و فەلسەفەی خۆشبەختی[1]