ناونیشان: ئافرەت یا پیاو؟
ناوی نووسەر: #شەماڵ محەمەد محەمەدئەمین#
داوای ئافرەتان بۆ یەکسانی داوایەکی ڕەوا نیە چونکە ئافرەت و پیاو یەکسان نین، وە زۆر جاریش یەکسانی باش نیە، نەک هەر باش نییە بەڵکو تاوانە، بۆ نمونە ئەگەر ئافرەت لەگەل پیاو یەکسان بکەین دەبێ کرێکاری بە ئافرەت بکەین و پیاویش توشی منداڵ بەخێوکردن بکەین.
ئافرەت لە زۆر ڕوەوە لە پیاو بە تواناترن، بۆ نمونە لە فێربونی زمان، لە پەروەردەکردنی منداڵ، لە بەڕێوەبردنی کاروباری تایبەت بە کۆمەڵگە و خێزان، لە هەست و سۆز و لە بەرگەگرتنی تورەیی و سەختیەکانی کار و لە زۆر لایەنی دیکەش ئافرەتان بەهێزترن.
کەواتە ئافرەتان زولم لە خۆیان دەکەن ئەگەر داوای یەکسانی بکەن.
هەم ئافرەت و هەم پیاو هەردوک بە تەنها کەمو کورییان هەیە و هەردوک بە یەکەوە ئینجا تەواون، واتە تەواوکەری یەکترن.
پیاو و ئافرەت بەیەکەوە بچوکترین یەکەی کۆمەلگە پێک دێنن کە خێزانە، بە تەنها هەردولا کەموکوڕییان هەیە و تەواو نین.
پاشان پیاو و ئافرەت بە جیاوازیەکانیانەوە جوانن، ژیانیش بەم شێوەیە دروست بوە، جا ئەگەر پیاو لەگەل ئافرەت یەکسان بو چ پێویستیان بە یەکتر هەیە ؟ ئەوکات نە خێزان دروست دەبێ و نە مرۆڤایەتی توانای بەردەوامبونی دەبێ.
1- ئافرەت و پیاو یەکسان نین و کەسیان لەوی تریان باشتر نین، وە بە جیاوازیەکانەوە ژیان جوان دەبێ.
2- هەمو ئەو بێ ڕێزیانەی بەرامبەر ئافرەت کراون یا دەکرێن دور و نزیک لە ئایندا نین بەڵکو کەلتوری ناشرینن بە هەڵە هاتونەتە نێو ئاین.
3- ئافرەت لە زۆر بوار لە پیاو بەهێزترن و پیاویش لە زۆر بوار لە ئافرەت بەهێزترن، بەلام کەسیان ناتوانێ دەسبەردای ئەوی تریان بێ.
4- پیاوان دەبێ تێبگەن کە ئافرەت کەموکوریی عەقلیی نیە، ئەگەر ئافرەت عەقلی تەواو نەبێ چۆن بلیمەتەکان لە بێ عەقڵەکان دروست دەبن ؟ گەر وابێ واتە ئێمە هەمومان لە ناتەواوێک بوین، بەمەش هەمومان ناتەواوین.
کارەسات ئەوەیە ئەوانەی ئافرەت بە کەم دەزانن لە هەموکەس زیاتر حەزیان لە ئافرەتە و هەمیشە دەڵێن خوا 4 دانەی حەلال کردوە، بە قسەی ئەوان ئافرەت لە پەراسویەکی خوار دروست کراوە و گلەیی لە خوارو خێچیی ئافرەت دەکەن، هەر ئەوانیشن لەسەر خواروخێچییەکانی ئافرەت خەریکە دنیا وێران دەکەن.
سەرچاوە : پەرتووکی #خەونی پێشکەوتن و شەڕی چەمکەکان#[1]