چیرۆکێکی سەیری جینۆسایدی ئێزدییان..
خانمێکی کوردی ئێزدی لەژێر دەستی #داعش#دا، بە شێوازێکی زۆر سەیر و سەرنجڕاکیش کچەکەی ماوەی نۆ مانگی تەواو لە دەستدرێژیی چەکدارانی داعش دەپارێزێت، ئەمەی خوارەوە سەرهاتێکی نێو دەیان هەزار سەربردەی تاڵ و پڕ تراژیدیای جینۆسایدی ئێزیدییانە لەلایەن چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە (داعش).
مەنال خەلات، کچێکی ڕزگاربووی کوردی ئێزدییە، لە ساڵی 2000 لە حەردان سەر بە شارۆچکەی #شنگال# لەدایک بووه، بۆ (باسنیوز) باسی چیرۆکی خۆی لەبن دەستی تیرۆریستانی داعشدا باس دەکات و دەڵێ: لە #03-08-2014# لەگەڵ خێزانەکەم لە دووڕیانی حەردان دەستگیر کراین، نزیکەی 50 کەس بووین، تیرۆریستان دەستبەجێ پیاوەکانیان لێ جیا کردینەوە و کچ و ژنەکانیشیان سواری ئۆتۆمبێلەکانیان کرد و بردنیانین بۆ تەلەعفەر، تا دونیا ماوە ئەو دیمەنانەی بە پێی خواس و بە چاوی بەگریانی دایک و منداڵەکان لەبیر ناکەین.
مەنال دەگێڕێتەوە: تیرۆریستانی داعش لە تەلەعفەر ئێمەیان بردە قوتابخانەیەک و دوای 20 ڕۆژ ئینجا ئێمەیان برد بۆ زیندانی بادووش لە مووسڵ، خەڵکێکی زۆری ئێزدی لە لەو زیندانەدا بوون، هەموویان ژن و کچ و منداڵ بوون، دوای 20 ڕۆژ جارێکی تر هەندێ چەکداری داعش هاتن و هەردوو خوشکەکەی منیان (زینا و خالیدە)یان لەگەڵ کۆمەڵێک کچ و ئافرەت و منداڵی دیکە بردن بۆ تەلەعفەر و لەوێشەوە بۆ ماوەی دوو مانگ بردیانن بۆ (کەسر ئەلمحراب.)
ئەو کچە ڕفێنراوە ڕزگاربووەی ئێزدی گوتیشی: دایکمان زۆر هەوڵی دا من و خوشکەکانم بشارێتەوە، بۆ ئەوەی داعشەکان نەمانبەن، بەڵام ئەو تیرۆریستانە زۆر پیس بوون، ڕۆژێکیان هەندێک تیرۆریست هاتن بۆ تەلەعفەر ئێمەیان پشکنی، بەدوای کچاندا دەگەڕان بۆ ئەوەی بۆ خۆیانی ببەن، لەوێ من سەروقژی خۆم زۆر تێکەڵوپێکەڵ کرد و جلوبەرگی پیس و پۆخڵم کردە بەر، بۆ ئەوەی تیرۆریستان وا تێبگەن کە من شێتم و نەمبەن.
مەنال خەلات، ئاشکراشی کرد: ڕۆژێکیان تیرۆریستان هاتن کە کچەکان بۆ خۆیان ببەن، قژی من زۆر درێژ بوو، دایکم بەپەلە قژی کورت کردمەوە و وەک کوڕانی لێ کردم، جلوبەرگی کوڕانی لەبەر کردم و وەک کوڕانی لێ کردم، بەمەش تا چەند مانگان نەیهێشت تیرۆریستانی داعش من ببەن.
لە کۆتاییدا ئەو کچە کوردە ئێزدییە ڕزگاربووەی بندەستی داعش گوتی: دایکم ناوی منی لە (مەنال)ەوە گۆڕی بۆ (سامر)، ماوەی نۆ مانگ بوو داعش نەیانزانی کە من کوڕ نیم و کچم، ئەوکات تیرۆریستێک هات و گوتی: ”دەزانم، تۆ کوڕ نیت و کچیت، من تۆ بۆ خۆم دەبەم“ ئیدی کە وای گوت زانیم ئاکرا بووم، لەترسان گێژ بووم و کەوتمە سەر زەوی، ئینجا زۆری ئەشکەنجە دام، زۆر ناخۆشی و دەردەسەریمان لەبن دەستی داعشدا دیت تا ڕزگار بووین.
چیرۆکی مەنال لەدوای ئاشکرابوونی کە کچە، زۆر تفت و تاڵ و پڕ ئازارە، نزیکە لە چیرۆک و سەربردەی زۆربەی هەرە زۆری خانمانی دیکەی بن دەست داعش، بۆیە زیاتری لەسەر ناڕۆین.[1]