لە کۆتایی مانگی تەمموزی ئەمساڵ، ڕووفاتی پیرۆزی سەد شەهیدی جینۆسایدی بارزانییەکان لە بیابانەکانی عێڕاقەوە گوازرانەوە، و لە زێدی نیشتمان بە خاک سپێردران. ساڵانە لە کوردستاندا یادی ئەنفال و جینۆسایدی #گەرمیان# و #بارزان# و #بادینان# و شوێنەکانی دیکە، و یادی #هەڵەبجە#ی شەهید و باس لە ئەنفالکردنی فەیلییەکان، دەکرێت. کارەسات و نەهامەتی گەلەکەمان لەم چوارچێوەیش نەمایەوە و برینەکان بە ئەنفال و جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکان نوێ بۆوە، و سەرلەنوێ مێژووی ستەمکاران 74 جینۆسایدی مێژووی دژ بە ئێزیدییەکانمان دەخاتەوە یاد.
برینەکان تا ئێستا سارێژ نەبوونە. تا ئێستا باس لە باری دەروونی ئەو ژن و منداڵانە دەکرێ چ لە گەرمیان و #چەمچەماڵ# و هەڵەبجە و بارزان و شوێنەکانی دیکە بێت کە ئازیزترین کەسیان لە شاڵاوی بەدناوی ئەنفال و جینۆساید و قڕکردن و فەرماندا لە دەستچووە. ئەم حاڵەتە تەنانەت لە فۆلکلۆری گەلی کوردستاندا ڕەنگی داوەتەوە و با بڕوانینە ئەو گۆرانییە فۆلکلۆریانەی ئێزیدییەکان کە باس لە فەرمانی دەوڵەتی عوسمانی بۆ قڕکردنی ئێزیدییەکان دەکات.
تێکڕای ئەم بابەتانە ئاماژەیە بەوەی کارتێکردن و شوێنی ئەم کارەساتە لە ویژدای نەوە بە نەوەی گەلەکەماندا ماوەتەوە.
کاتێک هیتلەر فەرمانی کۆمەڵکوژی جووەکانی دەدا، و هۆڵۆکۆستی ئەنجام دا، ڕایگەیاند (کێ کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکانی لە بیر ماوە؟). بەڵام ڕووداوەکان بە پێچەوانەی بۆچونەکانی هیتلەر بوو. ناوەندێکی فراوانی جیهان دانی بە قەسابخانە و قەتلوعامی ئەرمەن دا نا، جگە لەو لایەنانەی کە خۆیان بە شێوەیەکی مێژوویی بە میراتگری تاوانباران دەزانن نەبێت. جگە لە هەندێ بیرتەسک و هەڵوێست وەرگر لە سەر بنەمای دوژمنداری پێشوەخت نەبێت، جیهان دانی بە هۆلۆکۆست نا. بە پێچەوانەی بۆچوونی هیتلەر جیهان تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنی لە بیر نەکرد و ئازایەتی ئەمەش بۆ خودی ئەرمەنییەکان دەگەڕێتەوە، کە گیانی موقاوەمەتیان تیایدا بوو و لە حاڵەتی بەرەنگاربوونەوەدا بوون هەر لەو ڕۆژەوەی کە تێکۆشەرێکی ئەرمەنی لە ساڵی 1922 لە شاری تبلیسی جەمال پاشای خوێنرێژی کوشت، تا کاروانەکانی دیکەی تێکۆشانی ئەم گەلە و بنیاتنانی مۆنۆمێنتی جینۆساید لە یەریڤان کە لە ساڵی 1967 لە لایەن ئەنتۆن کۆجینیان سکرتیری حزبی شیوعی ئەرمەنستان کرایەوە. دوای کۆتاییهاتنی دووەمین شەڕی جیهان وەک وڵامدانەوەیەک بۆ هۆلۆکۆست جووەکان کاریان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیان کرد، و لە جیهاندا بە دوای ئەو تاوانبارانە دەگەڕان کە تاوانی قەتلوعامی جوویان ئەنجام دا بوو.
ئەرمەنییەکان و جووەکان چاوەڕوانی هەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییان نەدەکرد بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژی گەلەکانیان لە لایەن یاسای نێودەوڵەتییەوە بە تاوان دابنرێت. ئەوان پێش داڕشتنی دەستەواژەی جینۆساید لە لایەن پارێزەی پۆڵەند ڕافییل لمکین لە ساڵی 1944 لە کتێبی ڕۆڵی دەوڵەتانی محور لە ئەوروپای داگیرکراو، کاریان بۆ پاراستنی گەلی خۆیان دەکرد.
ئەمڕۆ لە کوردستاندا بەرپرسیارییەکی مێژووی سیاسی و تەنانەت ڕەوشتی کەوتۆتە ئەستۆی هێز و لایەنی سیاسی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی گەلی کوردستان نەک تەنیا لە کوردستانی باشور، بەڵکو لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لە دیاسپۆرا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی جینۆساید وەک ئەرکێک بەرانبەر شەهیدان و قوربانیان و خێزانە بەجێماوەکانیان و، لە هەمان کاتدا وەک بەرپرسیارییەک بەرانبەر مێژوو و ئەرکێکی تێکۆشەرانە بۆ ئایندە بەتایبەتی ئەگەر ئەوەمان لە بەر چاو بێت کە لە هەموو کاتێکدا ئەگەری جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان لە ئارادایە و تەنیا ڕێگاش بۆ ڕەواندنەوەی ئەو مەترسییە تێکۆشان و کارکردنە بۆ وەدیهێنانی مافی چارەنووسی گەلەکەمان لە هەر چوار پارچە دابەشکراوەکەیدا، کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ڕێکەوتننامەی لۆزان ساڵی 1923 گورەترین زوڵمی و بێدادی لە گەلی کوردستان کرد.
نەیارانی گەلی کوردستان و تەنانەت ئەو هێز و تاقمانەی کە ناتوانن لە بازنەی عەقڵیەتی شۆڤینی دەسەڵاتدارانی دەوڵەت و نەتەوەی زۆرینە لەو دەوڵەتانەی کە کوردستانیان بە سەردا دابەشکراوە، بەردەوام بیانووی ئەوە دەهێننەوە کە ئەوەی کە دەرهەق بە گەلی کوردستان کراوە بەشێک بووە لە ململانێ بە هۆی یاخیبوونی گەلی کوردستان و، ناچێتە بابەت یان پێناسەی جینۆسایدەوە، لە کاتێکدا یاسای نێودەوڵەتی لە ساڵی 1948دا وەک تاوان لە ڕێکەوتننامەی نەهێشتنی تاوانی ئیبادەکردنی بە کۆمەڵ و سزادانی دانی پێدانا و تا ساڵی 2018، 149 دەوڵەت مۆریان کردووە و، دادگای دادی نێودەوڵەتیش ئەم ڕێککەوتننامەیەی بە بەشێک لە یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی و عرفی داناوە و ئیبادەکردنی بە کۆمەڵ تاوانێکی قەدەغەکراوی یاسای نێودەوڵەتییە.
ئەگەر بگەڕێنەوە سەر پێناسەکردنی دەستەواژەی ئیبادەی بە کۆمەڵ ئەوا ڕێکەوتننامەی ناوبراو لە پێناسەی ئەم تاوانەدا ئاماژە بۆ تیکڕای ئەو کارانە دەکات کە مەبەست لێی نەهێشتنی بەشێک یان تەواوی کۆمەڵیکی نەتەوەیی یان ئەتنیکی یان ڕەگەزی یان ئاینییە لە ڕێگای کوشتنی ئەندامانی ئەو کۆمەڵە، یان ئازاردانی جەستەیی و دەروونی بەو ئەندامانە، یان ناچارکردنیان کە لە بارودۆخێکی بژێوی ئەوتۆ بن بە مەبەستی نەهێشتنیان، یان ناچارکردنیان کە منداڵیان نەبێت و گواستنەوەی منداڵەکانیان بۆ گرووپێکی نەتەوەیی دیکە و، تێکڕای ئەمانەش بە مەبەست و نیازی ئەنجامدانی تاوانی قڕکردن بێت دەرهەق بەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییە.
تێکڕای ئەم خاڵانەی کە لە پێناسەی جینۆساید هاتووە لە سەر تێکڕای ئەو شاڵاوانەی کە بە شێوەی مێژوویی کراوە و مەترسییەکانی کە تا ئێستا دووچاری گەلی کوردستان بۆتەوە، بەتەواوی جێبەجێ دەبێت.
ئەوەی لەم هەلومەرجەدا کە دەبێتە بەرپرسیارییەکی ڕەوشتی، پێش ئەوەی لە ڕوانگەی سیاسییەوە تەماشا بکرێت، بەرپرسیارییە بەرانبەر خێزانی قوربانیانی ئەنفال و جینۆساید بە قۆناغ و شێوازە جۆراجۆرەکانیەوە و، کارکردن بە بنەماکانی عەدالەتی ڕاگوزاری کە تاوانباران و هاوکارانیان لە سزا دەرباز نەبن، جگە لەوەی کە ئەم بابەتە بکرێت بە بابەتی نیشتمانی کوردستانی پلە یەک، و نموونەی ئەمەش لە گەلانی دیکەدا دەبینین، و دووای تێپەربوونی یەک سەدە لە سەر جینۆسایدی ئەرمەن و زیاتر لە نیو سەدە لە سەر هۆلۆکۆست، ئەم دوو بابەتە لە یادەوەری و بیری سەرجەم گەلی ئەرمەن و ئیسرائیل زیندووە و بەشێکە لە کارەکتەری پێکهاتەی بوونیان.
ئەوەی ڕووبەڕووی گەلەکەمان لە ناوەوە و لە دیاسپۆرا دەبێتەوە چۆن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و پەرلەمانەکانی جیهان هان بدەین کە بە شێوەیەکی فەرمی و لە ئاستی نێودەوڵەتی دان بە تاوانی جینۆساید دژ بە گەلی کوردستان بنێن. [1]
#کاوە مەحمود#