لێکۆڵینەوەی: ئەستێللە ئامی دێ لا برێتێک
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
ئێزیدییەکان کەمینەیەکی ئایینین کە بە کرمانجی دەئاخڤن (کوردیی باکوور) و بە سەرباکووری ئێراق، سووریا، قەوقاز (#ئەرمینیا# و جۆرجیا) و ڕۆژاوای ئەوروپادا بڵاو بوونەتەوە1. ئەمڕۆ گەورەترین گرووپی ئێزیدی لە باکووری ئێراقدا دەژین، کە زێدی زۆربەی زۆری شوێنە پیرۆزەکانیشیانە. ئەو ئێزیدییانەی لە قەوقازدا جێگیر بوون لە ماوەی سەدەی نۆزدە و هەروەها لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەکەمیشدا ئەنەدۆڵیان بەجێهێشتووە. لە سەردەمی ڕووخانی #یەکێتیی سۆڤیێت#ەوە، بێکاری و گرژی و ئاڵۆزیی ئیتنیکی زۆرێک لە ئێزیدییەکانی پاڵپێوەنا لە قەوقازەوە بەرەو ڕووسیا، ئۆکراینا یان ئەوروپای ڕۆژاوا بڕۆن. ئەم باسەمان: (1) لە بوونی ئێزیدی دەدوێت لە یەکێتیی سۆڤیێتدا و (2) چاو خستنە سەر ڕۆڵیان لە پەرەپێدان و پێشخستنی توێژینەوە کوردییەکان و دەزگا و دامەزراوە کوردییەکان و هەروەها (3) وێناکردنی چۆنییەتیی پەرەسەندنی بوونی ئێزیدی لە پاش کۆتاییهاتنی یەکێتیی سۆڤیێت و بەتایبەتیش تیشک دەخاتە سەر مشتومڕە نوێکان لەبارەی شوناس و پەیوەندییەکانی نێوان ئێزیدییەکان و جووڵانەوەکانی کورد لە تاراوگەدا (دیاسپۆرا).
$کوردەکان و ئێزیدییەکان لە یەکێتیی سۆڤیێتدا$
$نیشتەجێبوون و سەرژمێرییەکان$
ئێزیدییەکانی یەکێتیی سۆڤیێت لەو وڵاتەوە هاتوون کە ئێستا کۆماری تورکیایە لە ئەنجامی دوو شەپۆلی کۆچکردندا، کە یەکەم شەپۆلیان لە ماوەی جەنگەکانی ڕووسیا و عوسمانییەوە بوو لە سەدەی نۆزدەدا (1828 -1829 و 1879 -1882)، شەپۆلی دووەمیش لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەکەمدا بوو، بەتایبەتیی لە پاش قڕکردنی بەکۆمەڵی ئەرمەن لە 1915 -1916دا کەوا ئەرمەن و ئێزیدییەکانی کردبووە ئامانج. ئێزیدییەکان لە ناوچەکانی وان و قارس و دۆغۆبایەزیدەوە کۆچیان کردبوو و لە پێش کۆچکردنیاندا بەشێکی دانەبڕاو بوون لە کارلێکی خێڵە کوردەکان لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا. ئێزیدییەکان لە حەیبەت ستەم و چەوساندنەوە لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا هەڵاتوون و پەنایان بردووەتە بەر ئیمپراتۆرییەتی ڕووسی2. ئێزیدییەکانی کەوا لە شەپۆلی یەکەمدا کۆچیان کردبوو بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناوچە شاخاوییەکانی ئاراگاتزدا (ناوچەکانی ئاپاران و تالین) جێگیر بووبوون. ئەو ئێزیدییانەش کە لە سەرەتای سەدەی بیستدا کۆچیان کردبوو لە گوندەکانی پێدەشتەکاندا نیشتەجێ بوون (لە ناوچەکانی ئەشتەراک و ئیچمیادزین و ئارماڤیر). دواتر لە ساڵانی 1930کاندا، هەندێک لە ئێزیدییەکانی ناوچەی ئاپاران لە تبیلیسی نیشتەجێ کران بۆ کارکردن لە کارگەکاندا.
لەواقیعدا، کوردە موسڵمانەکان پێشتر لە ناوچەکانی پشت قەوقازدا (ترانسقەوقازیا) دەژیان کاتێک کە ئێزیدییەکان ڕۆیشتنە ئەوێ و ئەوان لە سەدەی هەژدەدا ڕۆیشتبوون کاتی کە ئەو خاک و ناوچانە بەشێک بوون لە قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و پاشان بوون بە ڕەعییەتی تساری ڕووسیا کاتێک کە ناوچەکانی پشت قەوقازی لە ماوەی سەدەی نۆزدەدا داگیرکرد3 (کاراتینی، 1990: 121). ئەوان لە کۆمەڵگەکانی یەکێتیی سۆڤیێتدا زیاتر بە نەتەوە nationality دەناسران وەک ئەوەی بە باوەڕی ئایینییان بناسرێنەوە4. بەو پێیە ئێزیدییەکانیش هەر بە کورد لە قەڵەم دران شانبەشانی موسڵمانە کوردەکان. لە پاش ساڵی 1926، ئەم پۆلێنکردنە لە ئەژماری سەرژمێرییەکانی سۆڤیێتیدا وا ڕەنگیدابووەوە کە چیتر ئایین و باوەڕ پێوەر نەبێت بۆ گەل و نەتەوە و کەمینەکان و بە ڕێگەی جۆراوجۆر تەگەرە خرایە بەر ئایین و ڕەگەز یان نەتەوە بوو بەپێوەری ئەوەی کە ئەم گرووپانە سەر بە چ لایەکن و بەو پێیە، کوردە موسڵمانەکان و ئێزیدییەکان هەر هەموویان بە کورد دانران لە ئامار و سەرژمێرییەکاندا. سەرژمێریی گشتیی ساڵی 1926ی سۆڤیێت 54661 کوردی تۆمار کرد، ئەوی 1939، 45866 کوردی تۆمار کرد و ساڵی 1959 ژمارەیان گەیشتە 59 هەزار (لەگەڵ 26 هەزار لە ئەرمینیا و 16 هەزار لە جۆرجیا) (ئەریستۆڤا، 1966: 19؛ چەتۆییڤ، 1965: 9). دوابەدوای سەرژمێریی گشتیی ساڵی 1959، بهێننیگسن (1960) نووسیوێتی کەوا لە یەکێتیی سۆڤیێتدا، 26 هەزار کورد لە ئەرمینیادا دەژین، لە جۆرجیادا 16 هەزار، لە ئازەربایجان ژمارەیەکی گرنگ و بەرچاو کورد لە ناوچەی گەنجە و کۆماری ئۆتۆتۆنۆمیداری نەخچەواندا دەژین، بەڵام نازانرێت ئەو ژمارەیە چەندە) 5 و لە تورکمانستانیش (چەند هەزارێکیان لە نزیک سنووری ئێران نیشتەجێن). بەهەرحاڵ، زۆربەی زانا و توێژەرەکانی بواری کوردناسیی سۆڤیێت (کورۆلۆجیست) وایدادەنین کە ئەم ژمارانە لە خوار خەمڵ و مەزەندەی ژمارەی ڕاستەقینەی دانیشتووانی ڕاستەقینەی کوردەوەن لە یەکێتیی سۆڤیێتدا. بە درێژایی ساڵانی 1950کان نووسەران خەمڵ و مەزەندەی بەرزتریان داوە و ئەریستۆڤا (1954) بە 150 هەزاری داناون و لای کوردۆییڤ (1957: 10) 120 هەزار بووە و مەحموودۆڤ (1959) بە 160 هەزاری لە قەڵەم داون.
لە ساڵانی 1990کاندا، تەنانەت لە پاش ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیێتیش ژمارەی جۆراوجۆری خەمڵ و مەزەندەی دانیشتووان هەر بەردەوام بوو. سەرچاوە نووسراوەکان. سەرچاوە نووسراوەکان (پەرتووک و ڕۆژنامەکان) بەنەریت ژمارەی کوردیان بەو جۆرە دادەنا کە ئەوانەی نیشتەجێی ئەرمینیان 60 هەزار و جۆرجیاش لەنێوان 40 بۆ 50 هەزار دەژین (کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە تبیلیسین) (کاراتینی، 1990: 120 -121). بەڵام لیۆنیداس تی. کریزانسۆپاوڵۆس لە پەرتووکەکەیدا تۆمارەکانی قەوقاز باس لەوە دەکات کەوا لە ساڵی 1993دا لەنێوان 60 تا 120 هەزار کورد لە ئەرمینیادا ژیاون. ئەم ژمارەی دواییەش لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بەدەستم هێناوە و ئەوی پێشووش لەلایەن وەزارەتی کاروباری دەرەوە. هەرچەندە ئایین هیچ کاتێک مەسەلەیەک نەبووە بۆیان کە بەتوندی کێشەیان بۆ درووست بکات بەڵام 10 هەزار لەوان ئیسلامی سوننە بوون و ئەودواشیان ئێزیدی (کریزانسۆپۆڵۆس، 2002: 145).
$ئایین$
ئێزیدییەکان شوێنکەوتەی ئێزیدیزمن. ئێزیدیزم (یان ئێزدیاتی -و) ئایینێکە کە پێدەچێت لە لە باوەڕێکی ئێرانیی کۆنەوە هاتبێت و بچێتەوە سەر زەردەشتی یان هاوشێوەی بێت و گەلێ توخم و ڕەگەزی تیدایە کەوا لەگەڵ سیستەمی باوەڕەکانی تردا چوون بەناو یەکدا، چەشنی ئیسلام و کریستێدانییەت و غنووسییەت6. ئێزدیاتی دوو کۆڵەکەی سەرەکیی هەیە کە بریتین لە:
1. باوەڕ هێنان بەوەی کە دەچێتە ناو حەوت گیانەوەری پیرۆزەوە (دۆنایدۆن) کە دەگوترێت گوایە خودان و گرنگترینی ئەوانە مەلەکە تاووسە، یان فریشتەی تاووس.
2. گرنگیی خاوێنی و پاکژ بوون، کەوا لە گەلێ شتی قەدەغەدا یان تابوو گوزارشی لێوە دەکرێت کە پەیوەندیدارن بە خواردن و پۆشاک و ڕەوشت و هەڵسوکەوتی تاک و هەروەها یاسا و ڕێسای کۆمەڵایەتیی ژن و ژنخوازیی خزمان لەناو یەک گرووپدا، کە دوو گرووپیان ڕابەری ئایینیین (پیر و شێخ) و گرووپێکیشیان ڕەشۆکی یان موریدن.
تایبەتمەندییەکی تری ئێزیدیزم، لانی کەم لە دۆخ و سیاقی ناوچەییدا، نەبوونی پەرتووکە پیرۆزەکانە. هەتا ئەم نزیکانەش، لە سۆنگەی نۆرم و نەریتی ئایینیی ئێزیدییەوە تەنانت نووسین قەدەغە بووە. لە ئەنجامی ئەمەشدا، هەموو زانیارییەکی پیرۆز و سێکولار تەنیا بەشێک بووە لە نەریتی زارەکی و جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان پراکتیزە کردنی ئێزیدییەکانی میسۆپۆتامیا ئێزیدییەکانی وڵاتانی پشت قەوقازدا.
لە پاش جەنگی جیهانیی یەکەم، کۆمەڵگەکانی ئێزیدی بەگوێرەی سنوورە نێودەڵەتییە نوێکان دابەشبوون و بە درێژایی سەدەی بیستەم پەڕینەوە و بەزاندنیان تادەهات زیاتر ئاستەنگی بۆ درووست دەبوو. تا کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم میر واتە ڕابەری ئایینیی ئێزیدییەکان) لە شێخانەوە لە ئێراق قەواڵی (واتە دەنگبێژی دەقە پیرۆزەکان) بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری و ڕێنماییە ئایینییەکان و کۆکردنەوەی پارە7. بە کێشانی ئەم سنوورانە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، ئەو ئیزیدییانەی لە دەرەوەی ئێراق دەژیان لەم ڕێووێنەانە دوورخرانەوە و ئێزیدییەکانی یەکیتیی سۆڤیێت و قەوقاز دەبوو تەنیا پشت بە کەسایەتی و ڕابەرە ئیزیدییەکانی خۆیان ببەستن کە ژمارەیان کەم بوو و دەبوو سزا بدرایەن ئەگەر بە پیادەکردنی ئەم ڕیووێنەە ئایینییانەوە بگێرایەن (ئەڵیسۆن، 2017: 4).
هەرچەندە ئایدیۆلۆجیای سۆڤیێتی هانی بێخودایی دەدا و ئیددیعای ئەوەی دەکرد کە پێویستە ئایینەکان بسڕێنەوە، بەڵام بە کردار ئەمە ڕووینەدا8. ئایین لە کایەی گشتیی ژیاندا ئامادەگیی نەبوو، بەڵام لە کایەی تایبەتیدا هەر بەزیندوویی مابووەوە. بنەماڵەی پیاوە ئایینییەکانی (شێخ و پیر) بەردەوام بوون لە گواستنەوەی زانیارییەکانیان بۆ منداڵەکانیان (ئۆمەرخاڵی، 2017: 139). سروودە پیرۆزەکانی (قەول و بەیتەکان) هێشتا هەر ئاشناییان هەبوو لای پیاوە ئایینییەکانی (کلێرگییەکانی) قەوقاز و بە زارەکی لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی خێزان و ڕێووێنەەکاندا دەوترایەوە هەر کاتێک پێویست بووایە.
لەناو ئێزیدییەکانی ترانسقەوقازدا، ژیانی ئایینی بە شێوەیەکی سەرەکی لە دەوری ستێر ster کۆبووبووەوە کەوا پەیکەر و سەکۆیەک بوو لە کەڵەکە کردنی خوری درووست دەکرا9. ئەم جۆرە مەزارانە پێدەچێت لە سەدەی نۆزدەوە لە ئەنەدۆڵدا هەبووبێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک لە ئێراق و ئێراندا ئامادەگییان نەبووە10. لە قەوقازدا زۆرێک لە خێزانەکان ستێریان هەبوو لە ماڵەکانی خۆیاندا و دەگوترێت گوایە ئەو ستێرانەی لە ماڵەکانی بنەماڵە ئایینییەکاندا بوون لەگەڵ هێزە جادووییەکاند بەکارهاتوون. ئەمانە شوێنگەلێک بوون بۆ دەسەڵاتی ئوەجاخ -واتە خێزان یان بنەماڵەیەکی پیرۆز -کە تێیدا پیرۆزی و پارێزگاری دابین دەکرێت لەلایەن پیر یان شێخەوە. ئەم ستێرانە لە ڕێگەی پەیوەستبوونیانەوە بە حۆرییەکەوە (کە گیانەوەرێکی نەبینراوە) یان بۆ یەکێک لە حەوت فریشتە سەرەکییەکە و هەر یەکە لەم فریشتانە تەرخانە بۆ بابەتیکی دیاریکراو، کە هەندێک بۆ پاراستنی ئاژەڵ و ماڵاتە، هەندێک بۆ چارەسەری ئێش و ئازاری گەدەیە، هەندێک ترس لە تاریک دەڕەوێنێتەوە و بۆ منداڵبوون و زیادکردنی نەوەیە. ئەوانە دەکەونە هۆدەی سەرەکیی ماڵەوە لە بەشی ڕۆژهەڵاتییەوە. ستێر شتێکی زۆر ڕێزلێگیراوە لە ماڵدا بۆ ئێزیدییەکان و دەڵێن کەوا دەبێت گەلێ یاسا و ڕێسا ڕەچاو بکرێت سەبارەت بە ستێر. بۆ نموونە نابێت ستێر بجووڵێنرێت بێ سازدانی ڕیووێنەێک کە ئاژەڵێکی تێدا سەرببڕێت و بکرێتە قوربانی11. شوێنی تری پیرۆز هەن کە ئێزیدی بەزۆری ناوی زیارەتی لێدەنێن. ئەمانە بەزۆری شوێنی پەرستنی ئەرمەنەکانن، چەشنی کڵێسەکان. شوێنە پیرۆزەکانی تر کە هەن بەستراون بە خاسییەتە تۆپۆگرافییەکانەوە، وەک کانیاوەکان و ئەشکەوتەکان. وەک چۆن ئەرمەنەکان گۆڕستانی گوندەکانیان شوێنی گرنگی کۆبوونەوەکانیشیانە و خێزانەکانیان لەسەر گۆڕی کەسوکار و ئەندامانی خێزانەکانیان کۆدەبنەوە بە لای کەمەوە ساڵی جارێک بۆ یادکردنەوەی مردووەکانی خانەوادە و پێی دەوترێت ڕۆژا مازالاmazala (واتە ڕۆژی گۆڕستان)12. لەم ڕۆژەدا ئێزیدییەکان بە یادی کەسە لەدەستچووەکانیان دەخۆن و دەخۆنەوە و پیاوانی ئایین نوێژ و دووعا دەخوێنن و خزم و کەسوکاری نزیکیش دەیانلاوێننەوە13.
$کوردۆلۆجی و کولتووری کوردی لە یەکێتیی سۆڤیێتدا$
لە سەرەتای ساڵانی 1920کانەوە، کوردەکان بوون بە نەتەوەیەکی جیا و تایبەتمەند (نارۆدنۆست) بۆ دەسەڵاتدارانی سۆڤیێت. ئەم دۆخە نەیگەیاندبوونە ئەوەی کە مافی ئۆتۆنۆمییەکیان بدرێتێ (ئۆبڵاست یان ئۆکروگ)، بەڵام مافی ئەوەی ئەوەی دابوونێ کە بە زمانی خۆیان بخوێنن و چالاکیی ئەدەبی و هونەریی پێ ئەنجام بدەن. ئەوجا لەبەر ئەوەی هەردوک ئیزیدی و کوردەکان ئەندامی نەتەوەی کورد بوون بە شێوەیەکی گشتی بەرهەمی کولتوورییان جیانەدەکرایەوە. گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان و چیرۆک و چیرۆکەکان کە لە ڕادیۆی یەریڤانەوە پەخش دەکران بەسانایی مۆرکی کوردییان پێوەبوو. بە هەمان چەشنی زۆرێک لە نەتەوەکانی ناو یەکێتیی سۆڤیێت، بەرهەمی کولتووریی کوردیش لە ئەرمینیا تووشی شکست و هەرەس بوو لە دوادوایی ساڵانی 1930کاندا بەڵام جارێکی تر لە سەرەتای ساڵانی 1950کاندا دەستی پێ کردەوە.
$زمان و قوتابخانە$
ساڵی 1922، لە یەریڤان ئەلفبێیەکی کوردی بە پێی بنەمای پیت و نووسینی ئەرمەنی درووستکرا. هەروەها لە ساڵی 1927یش پیتی لاتینی بەکاردەهات بۆ نووسینی زمانی کوردی14 و دواتریش لە ساڵی 1945دا بە پیتی کریلیکی15 (سلاڤی -و). لە دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیێت زۆربەی چاپەمەنی و بڵاوکراوەکان پیتی لاتینییان بەکارهێنا16. لە ساڵانی 1920کاندا مەسەلەی خوێندن و خستنە بەر قوتابخانە بوو بە ناچاری. وەک ئەنجامیش تاوەکوو ساڵانی 1930کان بەشی هەرە زۆری ئێزیدییەکان (کە بە حوکمی داب و دەستووری ئایینەکەیان نەخوێندەوار بوون) بوون بە خوێندەوار (بڵاو، 2012: 19). تا کۆتایی ساڵانی 1020کان زیاد لە چل قوتابخانەی زمانی کوردی لە یەکێتیی زۆڤیێتدا کرایەوە و بە شیوەکی سەرەکی لە ئەرمینیادا (ئۆمەرخاڵی، 2013: 136). ساڵی 1931 لە یەریڤان قوتابخانەیەکی تایبەتیی کرایەوە بۆ ڕاهێنانی ئەو مامۆستایانەی دەرسی نەهێشتنی نەخوێندەوارییان بە کوردی دەوتەوە لە سۆڤیێتدا (ئەڵیسۆن، 2013 ئە: 194). پەرتووکەکانی قوتابخانەی سەرەتایی و دواناوەندی لە یەریڤان چاپکران و لەلایەن نووسەرانی وەک حاجیێ جوندی (1908 -1990)، ئەمینێ عەڤداڵ (1906 -1964) و قەناتێ کوردۆییڤ (1909 -1985) ئامادەکرابوون. زۆربەی ئەم کتیبانەی خوێندن لە ئەرمەنی و ڕووسییەوە وەرگێڕدرابوون. بێجگە لەوەش، بڕێکی هێجگار زۆری وەرگێڕانی کاری ئەدەبی (بەشێوەیەکی سەرەکی لە ڕووسییەوە) و بەڵگەنامەی وێنەی (چەشنی دەستووری یەکێتیی سۆڤیێت) وەرگێڕدرانە سەر زمانی کوردی لەسەر دەستی کوردەکانی سۆڤیێت (ئامی دێ لا برێتێک، 2012: 105). هەروەها چەندین قامووسی کوردییش چاپ و بڵاوکرانەوە و دەسپێکی خەبەرنامەیێ ژی زمانێ فلێژی -کورمانجی Xebernamê ji zimanê filejî-kûrmancî (قامووسی کوردی -ئەرمەنی)، کە لە ساڵی 1933دا لەلایەن ئەکادیمیای زانیاریی ئەرمینیای سۆڤیێتیی سۆشیالیستی چاپکراوە.
$ئەدەب و ڕۆژنامە$
لە ساڵی 1929 بەملاوە ژمارەی پەرتووکە چاپکراوەکان بە زمانی کوردیل ئەرمینیا زیادی کرد. ساڵی 1932 لقێکی نووسەرانی کورد لەناو یەکێتیی نووسەرانی ئەرمەندا کرایەوە (ڤان بروونەسن، 1997: 220). زۆربەی نووسەرە کوردەکان خودی خۆیان خۆیان فیری خوێندەواری و خۆ ڕۆشنبیر کردبوو و زۆر لەژێر کاریگەریی ئەدەبی ئەرمەنی و ڕووسیدا بوون و کار و بەرهەمەکانیان ڕەنگدانەوەی تەواوی ئەو دوو ئەدەبەی لەسەر بوو. ئەمینێ عەڤداڵ، حاجیێ جوندی و جاسمێ جەلیل (1908 -1998) کار و بەربەرهەمەکانیان لە ڕۆژنامەی ڕێیا تازە Riya Taze دابڵاودەکردەوە کە هەفتەی دوو جار دەردەچوو و لە ساڵی 1930وە دەردەکرا، بێجگە لە نامیلکە و بڵاوکراوە ئەدەبییەکانی تر. یەکەم دەقی شانۆیی قوتووی دەرمان Qitiya du dermana، ساڵی 1932 حاجیێ جوندی نووسیوێتی، کە بەشێکی زۆری ژیانی خۆی تەرخان کردبوو بۆ کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە فۆلکلۆری کوردەوە هەبوو. لە ساڵی 1935، وەزیرێ نادر (1911 -1947) دووەم دەقی شانۆیی نووسیوە بە ناوی ڕەڤا ژن Reva Jin (واتە ژن فڕاندن) و پاش چەند ساڵێکی کەمیش، چامە هەڵبەستێکی دوورودرێژی نووسی بە ناوی نادۆ و گولیزەر Nado û Gulizer کە باس لە چیرۆکی قارەمانێتیی کوڕە لاوێکی کورد و دەزگیرانەکەی دەکات لە کاتی جەنگدا. ناسراوترین و پڕبەرهەمترین ڕۆماننووسی کورد لەم سەردەمەدا عەرەبێ شەمۆ بوو (1897 -1979)، کە لە ساڵی 1935دا ڕۆمانی شوانە کوردەکە و کوردەکانی ئەلەگەز Sivanê kurmanca û Kurdên Elegezêی لە یەریڤان بڵاوکردەوە. ئەم ڕۆمانی ژیاننامە ئامێزە دەستبەجێ وەرگێڕدرایە سەر زمانی ڕووسی بە ناوی (Kurdskij Pastux). ئەم ڕۆمانە ساڵی 1958 سەرلەنوێ جارێکی تر بڵاوکرایەوە لەگەڵ پێداچوونەوەیەکی ورد و چڕدا و ئەمجارەیان لەژێر ناوی بەربانگدا (واتە بەرەبەیان) و نووسەرەکەی باس لە منداڵیی خۆی دەکات وەک شوانێک و چۆن بووە بە کۆمۆنیست و لە شۆڕشی سۆڤیێتیی ساڵی 1917دا بەشداریی کردووە.
ساڵانی 1932 -1938 سەردەمێکی زێڕین بوو بۆ پەرەسەندن و پێشکەوتنی کولتووری کوردی لە ئەرمینیای سۆڤێتیدا. لە ساڵی 1934دا لە یەریڤان کۆنگرەیەک بەسترا بۆ نووسەران و دانەرانی کورد لەبارەی نووسینی زمانی کوردییەوە. لێرە بابەتگەلێک لەبارەی داهێنانی کوردی و زاراوەکانی ئامراز و چەمکە تەکنیکییەکان گفتوگۆیدان لەبارەوە کرا. لە سەروەختی نزیکبوونەوەی جەنگی جیهانیی دووەمدا و لە ماوەی پاکسازییە گەورەکەی ستالیندا (1936 -1938)، چاودێری و بایەخدانی سۆڤیێت بە کولتوور و زمانی کورد لەناکاو وەستا و ڕۆژنامەی ڕیا تازە Riya Taze لە ساڵی 1938دا داخرا و چاپکردنی پەرتووکی کوردی وەستا.
لە پاش جەنگی جیهانیی دووەم، کۆماری ئەرمینیای سۆڤیێتی کەوتە چاودێری و بایەخپێدانی بووژانەوەی کولتووری کوردی. ڕۆژنامە کوردییەکەی ڕیا تازە جارێکی تر لە ساڵی 1955دا دەرکرایەوە و پەرتووکی کوردی کەوتەوە چاپ کردن و بڵاوبوونەوە لە یەریڤان. لەنێو ژمارەیەک نووسەری تردا، ساڵی 1959 سەمەندێ سیابەندۆڤ (1909 -1998) چیرۆکێکی داستان ئامێزی ڕۆمانسیی بە ناویسیابەند و خەجێ و بیرئانینێد من (یاداشتەکانم)ی نووسیبوو و ڕۆماننووس ئەعمەدێ مرازی (1899 -1961) جارێکی تر دایڕشتنەوە و لە پاش کۆچی دوایی خۆی لە ساڵی 1966دا بڵاوکرانەوە. ساڵی 1967 ڕۆمانی هاواریی حاجیێ جوندی بڵاوبووەوە. هەروەها ئافرەتانیش لە کایە و ژیانی ئەدەبیدا بەشدارییان هەبوو: سیما سەمەند (لەدایکبووی 1933) ساڵی 1961 ڕۆمانی خەزاڵی بڵاوکردەوە (واتە ئاسک) و ساڵی 1967 ڕۆمانی دۆ شایی بڵاوکردەوە (واتە دوو هەواڵی خۆش). لەنێوان ساڵانی 1980 و 1990دا، لە یەریڤان، نەک بە تەنیا هەر گۆڤاری ساڵانە ئەدەبیی بەهارا تازە دەردەکرا بەڵکوو ڕۆمان و هەڵبەست و فۆرمەکانی تری نووسینیش لەلایەن نەوەی دووەمی کوردەکانی سۆڤیێتەوە جاپ و بڵاو دەکرانەوە چەشننی عەمەرێکێ سەردار (1935 -2018) و وەزیرێ عەیشۆ (1934 -2015).
لە ماوەی ساڵانی 1970کان و 1980کاندا، تبیلیسی بوو بە مەڵبەندێکی تر بۆ ژیانی کولتووری و ڕووناکبیریی کوردی. پایتەختی جۆرجیا شانۆیەکی کوردی و چەندین گرووپ و تیپی مووزیکی کوردی و پەخشی هەفتانەی ڕادیۆی کوردیی لەخۆگرتبوو. هەروەها پەرتووکی کوردی لێرە چاپ دەکران و لقیکی کوردیی لە چوارچێوەی کۆمەڵەی نووسەرانی جۆرجیادا دامەزرا. هەڵبەت ئەدەب و کولتووری کوردی لە یەکێتیی سۆڤیێتی جاراندا ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان گێڕا لە گەشە کردنی ئەدەبی کوردیدا بەگشتی17. پەخشی کوردیی ڕادیۆی یەریڤانیش، کە لە پشت سنوورەکانی ڕادیۆی یەریڤانەوە گوێی لێ دەگیرا، ڕۆڵێکی گرنگی دەبینی لەو بوارەدا.
$سینەما و شانۆ و ڕادیۆ$
یەکەم فیلمی کوردی ساڵی 1927 لە ئەرمینیای سۆڤیێت بەرهەمهاتووە لەلایەن دەزگای ئەرمەکینۆوە Arme -Kino وە و فیلمێکی سینەمایی ڕەش و سپی بێدەنگ بووە و ماوەکەی حەفتاودوو خولەک بووە و لە دەرهێنانی بەگ نەزارۆڤ بووە (1891 -1965) و ناونیشانەکەی زارێ Zareبووە. فیلمە باس لە چیرۆکی دڵداریی زارێی کیژی گەنج و جوان دەکات لەگەڵ سەیدۆی کوڕە لاوی شوان لە ساڵی 1915دا (چەند ساڵێکی کەم لە پێش شۆڕشی سۆڤیێتیدا). بە گونجان لەگەڵ هێڵی ئایدیۆلۆجیی ساڵانی 1920کاندا، فیلمەکە ئەوە ڕووندەکاتەوە کە چۆن ئیدارەی تسار باری ناهەموار و نەزانیی کوردی چەوساوە بەکاردێنێت بە یارمەتیی ڕابەر و سەرکردە ڕۆحی و فیوداڵەکانی کورد. لە ساڵی 1933دا فیلمێکی بەڵگەنامەیی بێدەنگی پەنجا و دوو خولەکی بە ناونیشانی کوردەکان -ئێزیدییەکان Krder -ezidner (Kurds -Yezidis) بەرهەمهاتووە و دەرهێنەرەکەی ئەماسی مارتیرۆسیان بووە (1897 -1971). ئە فیلمە دامەزراندنی کۆڵخۆزێک (واتە کێڵگەیەکی کشتوکاڵیی بەکۆمەڵ) پێشاندەدا لە گوندێکی کوردنشینی ئەرمینیای سۆڤیێتیدا. دوای ئەمەش، چەندین فیلمی تر بەرهەمهێنران بە کوردی یان بە ڕووسی لەبارەی کوردەوە.
ساڵی 1937، شانۆی میللیی کوردی ئەلەگەز دامەزرا و کەوتبووە گوندێکەوە بە قەدپاڵی چیای ئاپارانەوە و شانۆکە تێپێکی خۆی هەبوو کە لە ئەکتەرە کوردەکان پێکهاتبوو و ساڵانە چەندین شانۆییان نمایش دەکرد. زۆربەی زۆری ئەم شانۆییانە بۆ ڕادیۆش تۆمار دەکران. تەلاری ئەم شانۆیە لە زەمینلەرزەکەی ساڵی 1988دا ڕووخا و دوای ئەوە ئیتر درووست نەکرایەوە (جافەرۆڤا -برووتی، 2001: 98). ڕادیۆ یەریڤان پەخشی بەرنامە کوردییەکانی لە ساڵانی 1930کاندا دەستپێکرد بەڵام لە ساڵی 1937دا و لە ئەنجامی پاکسازییە گەورەکەی ستالیندا ڕاگیرا. لە ساڵی 1955دا و لە ماوەی حوکمڕانیی خرۆشۆڤدا، جارێکی تر پەخشی بەرنامە کوردییەکان بەشەرمێکەوە دەستی پێ کردەوە. جاسمێ جەلیل سێ بەرنامەی ماوەی پانزە خولەکیی بەڕێوەدەبرد و لە هەفتەیەکدا سێ جار پەخش دەکرا. بابەتەکانی ئەم بەرنامانە ڕاستەوخۆ لە مۆسکۆوە چاودێریی دەکران. هەڵبەت قەدەغە بوو هیچ باسێک لە ناسیۆنالیزم و سیاسەت یان یەکێتیی کورد بکرێت و لەجیاتیدا بەرنامەکان چڕبووبوونەوە لەسەر گۆرانی و شانۆنامەی ڕادیۆیی. لە ساڵی 1961وە، پەخشی ڕادیۆی یەریڤان بە زمانی کوردی ڕۆژانە بوو بە کاتژمێر و نێوێک بەسەر یەکەوە. لەو ماوەیە پەخشەکە سنووری ئەرمینیای تێدەپەڕاند و دەگەیشتە تورکیا، سووریا، ئێراق، ئێران و هاوزەمان گەلێ لە وڵاتەکانی ناو یەکێتیی سۆڤیێتیش. بەو پێیە ژمارەی گوێگران زیادی کرد و کارمەندانی ڕادیۆکە لە پەیوەندییەکی بەردەوامدا بوون لەگەڵ کوردەکانی ناو یەکێتیی سۆڤیێت و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە ڕێگەی نامە نامەکاری و تەلەفۆنەوە.
لە سەرەتای ساڵانی 1990کاندا و لە پاش ڕووخانی یەکیتیی سۆڤیێت، دەوڵەتی ئەرمینیای نوێی سەربەخۆ بەرەوڕووی تەحەدای ئابووری و کۆمەڵایەتیی گەورە بووەوە. ڕادیۆ یەریڤان چیتر پاڵپشتی دارایی نەما و نزیکەی هەموو کارمەندانی بەشی کوردی کارەکانیان لەدەستدا و بەهۆی حاڵەتی بێکاریی سەختەوە زۆرێکیان وڵاتیان بەجێهێشت و تەنیا کەرەمێ سەییاد (لەدایکبووی 1938) مایەوە و کاری بۆ بەشە کوردییەکەی ڕادیۆکە دەکرد. هەروەها هەرەسهێنانی یەکێتیی سۆڤیێتیش کۆت و بەندی ئایدیۆلۆجیی لەسەر ناوەرۆکی بەرنامەکانی ڕادیۆکە هەڵگرت. لە دوادوویی ساڵانی 1990کاندا کەرەمێ سەییاد پلانی بۆ زنجیرەیەک بەرنامەی هەواڵ دانا کەوا هەواڵ، لێدوانی سیاسی، مێژوو و زمان و کولتووری کوردی لەخۆدەگرت. هەروەه بەرنامەیەکیش کەوا کەرەمێ سەییاد خۆی پەیوەندیی بەو خێزانە کوردانەوە دەکرد لە تورکیا و ئەرمینیادا کە لێکتر دابڕابوون لە ساڵانی 1920کان و 1930کاندا.
ڕادیۆ یەریڤان یادەوەریی گەلێ کوردی تۆمار کردووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و کۆمارەکانی سۆڤیێتی پێشوو. بە درێژایی ساڵان کاتێک کە زمان و کولتووری کوردی لە تورکیادا قەدەغە بوو، خەڵکەکە دەرفەتیان قۆستبووەوە بۆ گوێگرتن لە ڕادیۆ ە ئاشنا بووبەوە بە کولتووری کوردی و بەتایبەتیی مووزیک. وەک مارتن ڤان بروونەسن دەنووسێت کەوا کاریگەریی ئەم پەخشە ڕادیۆییەی کوردی لەسەر خودهۆشیاریی دانیشتووانی کوردی تورکیا و ئێران و ئێراق هێندە گەورە بووە کە بەئاسانی مەزەندە ناکرێت (ڤان بروونەسن، 1997: 214). ئەمڕۆ ئەرشیفەکانی ڕادیۆی گشتیی یەریڤان، لەنێو ئەوانی تردا، هەزاران گۆرانیی میللیی کوردی و شانۆگەری لەخۆدەگرێت.
$کوردۆلۆجی لە یەکێتیی سۆڤیێت (لێنینگراد و مۆسکۆ و یەریڤان)$
کوردۆلۆجی لە یەکیتیی سۆڤیێتدا بە میرات لە توێژینەوەکانی کورد ماوەتەوە لە ڕووسیای تسارییەوە (قەیسەرییەوە)18. لە لێنینگراد، لە ساڵی 1930وە تا ئێستاش بەشێکی کوردی هەیە لە ئینستیتیووتی زمانە ڕۆژهەڵاتییەکاندا و ساڵی 1931 سیمینارێک لەبارەی مەسەلە زمانەوانییەکانی کوردییەوە سازکراوە لە فاکەڵتیی زمانەکانی زانکۆی لێنینگراددا و خوێندنی زمانی کوردی بووە بە زۆرەملێ لە توێژینەوە ئێرانییەکانی فاکەڵتیی فیقهی زماندا (فیلۆلۆجی). لە ساڵی 1930 بەملاوە، زانایانی کوردۆلۆجی کاریان لە ئینستیتیووتی ئیتنۆگرافیای سەر بە ئەکادیمیای زانستیی یەکێتیی سۆڤیێتدا کردووە و هەروەها لە ئینستیتیووتی ڕۆژهەڵاتناسیی مۆسکۆشدا. لە یەریڤانیش، مەڵبەندێکی کوردۆلۆجی (کە بە شێوەیەکی سەرەکی فۆکەسی خستووەتە سەر زمانەوانی و فۆلکلۆر) ڕێک لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر کراوەتەوە لە ئەکادیمیای زانستی کۆمارە سۆشیالیستییە سۆشیالیستییە تازە درووستبووەکەدا. لە ساڵی 1933دا کۆنگرەیەکی گشتیی کوردۆلۆجیی تەواوی یەکێتیی سۆڤیێت لە یەریڤان بەستراوە19. شانبەشانی مێژوو، زمانەوانی و ئەدەبی کلاسیکی، لێکۆڵینەوەی فۆلکلۆری کوردی بەخێرایی پەرەیسەند بە چاپکردن و بڵاوکردنەوەی چیرۆک و گێڕانەوە و گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان20. فۆلکلۆریست و زمانەوانەکان بە باشی ڕێکخرابوون و دەنێردران بۆ گوندەکانی ترانسقەوقازیا و ئەمە بەردەوام بوو تا ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیێت.
بۆ چەند ساڵێکی دواتر، لە 1959دا، دەستەی توێژینەوەکانی کورد لە لقی لێنینگرادی ئینستیتیووتی توێژینەوە ڕۆهەڵاتییەکان بە سەرپەرشتیی جۆزیف ئەبگارۆڤیچ ئۆربیلی (1887 -1961)، کە بەزۆری بە دامەزرێنەری کوردۆلۆجیی نوێ دادەنرێت. ئەمە یەکەم مەڵبەند بووە بۆ توێژینەوەی کوردی لە جیهاندا. دەستەی زانایانی کوردۆلۆجی چالاکانە کاریان دەکرد لەسەر زمانی کوردی و دیالێکتەکانی و دوو کۆمێنتێکی بەربڵاویان کۆکردەوە لە ڕێگەی کاری مەیدانی و ژمارەیکی بەرچاو مۆنۆگرافیان چاپ و بڵاوکردەوە. لەنێو کوردۆلیجیستەکانی سۆڤیێتدا، مارگەرێتا ڕۆدینکۆ (1928 -1977) و زۆر بە بەرفراوانی لەسەر هۆنراوەی زارەکیی نووسیوێتی و لەم ساڵانەی دواییدا، ئۆردیخانێ جەلیل (1932 -2007) و جەلیلێ جەلیل (لەدایکبووی 1936) بڕێکی گەورەیان لە کەرەستە و بابەتی ئیتنۆگرافی کۆکردووەتەوە و بڵاوکردووەتەوە و بەتایبەتیش لەسەر ئەو ئیزیدییانەی کە لە ئەرمینیای سۆڤیێتیدا دەژین.
چارەنووسی توێژینەوە کوردییەکان لە ڕووسیای پاش سۆڤیێت و ئەرمینیادا ڕوون نییە، چوونکە بەبێ پاڵپشتی دارایی دەزگا و دامەزراوەکان دادەخرێن و گەنجە خوێندەوارەکانیش وڵات بەجێدەهێڵن (لیزەنبیرگ، 2011: 10 -11؛ ئۆمەرخاڵی، 2013: 136 -137).
$لە پاش ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیێت: گەڕان بەدوای شوناسدا$
$لە تائیفییەتەوە بۆ تائیفییەتێک ئیتنییکی$
لە دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیێتەوە گرژی و ئاڵۆزیی ناسیۆنالیزم و ئیتنیکی زیادی کرد لە ناوچەکانی پشت قەوقازدا و ئەمەش سەرێکێشایەوە بۆ جەنگی ناگۆرنۆ -قەرەباخ (1988 -1994)21، کەوا کاری کردە سەر گەلێ لە کوردەکانی ئازەربایجان و ئەرمینیا. باکۆ سوودی لە فاکتەری ئایینی بینی بۆ دنەدانی موسڵمانە کوردەکان. یەریڤانیش هەمان تەکتیکی بەکارهێنا بۆ جۆشدانی کوردە خۆجێیەکانی ئێزیدی. ئەنجامیش وا کەوتەوە موسڵمان و ئێزیدییەکان بەرانبەر لە یەکتر بگرن لە هەردوو بەرەی شەڕ و ململانێکەدا22. ئەمەش هەڵکشانێکی دا بەوەی کە پێیدەوترێت مەسەلەی ئێزیدی لە ئەرمینیادا، چوونکە هەندی لە دەستە و تاقمی ئێزیدی دەیانەێ وای لە قەڵەم بدەن کە ئێزیدی گرووپێکی ئیتنیکیی جیاوازە و هیچ شتێک لەگەڵ کورددا نایانبەستێ بە یەکەوە. زۆرینە کوردە موسڵمانەکانی کە لە ئەرمینیادا دەژیان لە میانەی جەنگەکەدا هەڵهاتن بۆ وڵاتی ئازەربایجان23. لەناو ئێزیدییەکاندا ناکۆکییەک پەرەیسەندووە لەنێوان ئەوانەدا کە خۆیان وادەبینن لەڕووی ئیتنیکییەوە کوردن بەڵام ئایینیان ئیزیدییە و ئەوانەش کە ئێزیدیزم (ئێزدیاتی) بە ئیتنیکێکی جیا دادەنێن.
لە ماوەی جەنگی قەرەباخدا، گەلێ لە سەربازە ئێزیدییەکان لە بەرەی ئەرمەنە (فیداییەکان) دژ بە ئازەرییەکان شەڕیان دەکرد. ئەم دۆستایەتیی ئەرمەن -ئێزیدییە لە ڕابووردووشدا هەبووە. گۆرانییە داستان ئامێزەکانی ئێزیدی تا ئێستاش ئەو یادەوەرییانە دووپات دەکەنەوە کە چۆن جەنەراڵە گورج و گۆڵەکانی ئێزیدی بەشداریی شەڕەکانی سەردارئاباد و باش ئەپارانیان کردووە لە ساڵی 1918دا. ئەندرانیکی جەنەراڵی ئەرمەنی و جەهانگیر ئاغای جەنەراڵی ئێزیدی، کە پێکەوە دژ بە سوپای عوسمانی شەڕیان کردووە، هەردوک قارەمانی نیشتمنی بوون. هەروەها ئێزیدییەکان هاوبەشی ئەرمەنەکانن لە یادەوەریی جینۆسایددا کە تێیدا کەوا کوردە موسڵمانەکان چالاکانە بەشدارییان تێدا کردووە (بۆزئەرسەلان، کێڤۆرکیان و دووکڵەرت، 2015؛ کێڤۆرکیان، 2006)، لەگەڵ یادەوەریی هەڵاتن بەرەو قەوقاز لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەکەمدا بۆ ئەوەی هێزەکانی سۆڤیێت بیانپارێزێت. لە ساڵی 1989شدا، یەکێتیی نەتەوەیی/ نیشتمانیی ئێزیدی لە ئەرمینیا دامەزرا لە لایە عەزیز تەمۆیان (سەرۆک) و خدر حاجۆیان (جێگری سەرۆک). ئەم گرووپە ئیددیعای ئەوە دەکەن کەوا ئیتنیکی ئێزیدی جیایە و زمانیش چیتر کرمانجی نییە بەڵکوو ئێزدیکییە. بۆ یەکەم سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیێتەوە (2001) کورد و ئێزیدی وا دانران کە دوو ئیتنیک یان ڕەگەزی جیاوازن و تەنیا دەتوانرا یەک وەڵام هەڵبژێردرێت24. ساڵی 2005، پەڕڵەمانی ئەرمینیا دانی بە ئێزدیکیدا نا وەک زمانێکی جودا. لەو کاتە بەدواە، کەناڵی تەلەڤزیۆنی نیشتمانی یەک کاتژمێری پەخش بۆ هەر کەمینەیەکی نەتەوەیی تەرخان دەکات، واتە کاتژمێریک بۆ کرمانجی و کاتژمێرێکیش بۆ ئێزدیکی25. مشتومڕ لەسەر شوناس کۆمەڵگەکەی کردووە بە دوو بەشەوە: کوردە ئێزیدەکان و ئێزیدییەکان. لە مەودایەکی دووردا، دەکرێت ببن بە دوو نەتەوە و بە دوو زمانی جیاواز بئاخڤن. ئەو ئێزیدییانەی لە پێدەشتەکاندا دەژین زیاتر بەو لایەدا دایدەشکێنن کە خۆیان بە ئێزیدی دابنێن و بە زمانی ئێزدیکی قسە دەکەن، بەڵام ئەوانەی کە لە ناوچەی ئاپارانی شاخاویدا دەژین بە شێوەیەکی سەرەکی خۆیان بە کوردی ئێزیدی لە قەڵەم دەدەن و زمانەکەشیان بە کرمانجی دادەنێن (واتە کوردی -و). دابەشبوونی جوگرافی دەکرێت بەو ڕاستییە لێکبدرێتەوە کەوا گوندە ئێزیدییەکانی پێدەشت بەزۆری تێکەڵن لەگەڵ ئەرمەنەکان یان مۆڵۆکانەکاندا و تا جەنگیش لەگەڵ کوردە موسڵمان و ئازەرییەکاندا بوون. بەڵام، لە ناوچەی ئاپاران، زۆرێک لە گوندەکان تاڕادەیەک هەموویان ئێزیدین. بێجگە لەوەش، بەشێکی گرنگی ئیتێلێجێنتسیای سۆڤیێتی (کە بەو لایەدا دایدەشکێنن کەوا خۆیان بە کوردی ئێزیدی دادەنێن) لە گوندەکانی ناوچەی ئاپارانەوە هاتوون.
هەر یەکە لەم دوو گرووپە ئەوی تر بەو تۆمەتبار دەکات کە نەخشە و پلانیکی سیاسیی لە مێشکدایە. بە لای بزووتنەوەی سەر بە کوردەوە، بزووتنەوەی ئێزدیکی لەلایەن ناسیۆنالیستە ئەرمەنەکانەوە پاڵپشتی دەکرێن و ئامانجیان ڕێگرتنە لە هەوڵی جوداخوازە کوردەکان لە ترانسقەوقازیادا. لەولاشەوە، بزووتنەوەی ئێزدیکی ئێزیدییە سەر بە کوردەکات بەوە تۆمەتبار دەکەن کە پشتگیریی لە پارتی کرێکارانی کورد (پەکەکە) دەکەن. لە ڕاستیدا سیاسەتی ناوخۆییش ئاڵۆزە: دەوڵەتی ئەرمەنی هانی ئەوە دەدا کە ئێزیدییەکان وەک کەمینەیەکی جیاکار بناسرێن، بەڵام لە هەمان کاتیشدا چاوپۆشی لە جەنگاوەرانی پەکەکە دەکات کە لە تورکیاوە بێن و لەسەر خاکی ئەرمینیا بوونیان هەبێت. دەگوترێت گوایە ئەم جەنگاوەرانە خانەنشینن و بە هیچ ڤیزەیەک لە ئەرمینیادا دەژین و ڕووداوی کولتووری و خۆپیشاندان ڕێکدەخەن. لێرە دوو ئۆفیس بۆ هەڤاڵانی خانەنشینی پەکەکە کراونەتەوە لە یەریڤان و ئەلەگەز.
بەپێی بەرەی ئێزدیکی، کەوا داواکاریی ڕەوا و درێژخایەنی ئێزیدی بۆ شوناسێکی جودا لەلایەن سیستەمی سۆڤیێتییەوە سەرکوت کراوە. بەپێچەوانەوە کوردە ئێزیدییەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کەوا کێشەکە نوێیە و بەرهەم و دەرنجامی کەس ژینگەی سیاسیی جەنگی قەرەباخە (فلینت، 1998: 77 -83). ناکۆکییەکە سەخت و تاڵە و لە سەرەتای ساڵانی 1990کانەوە، خراپترین ڕووداوەکانی توندوتیژی بەرپا بوون26 و تا ئەمڕۆش هەر بەردەوامە، بەڵام بارودۆخەکە لە ئێستادا ئارامترە و هەردوو لا تێکەڵ بە یەک دەبن و دەچنە بۆنە و ئاهەنگی یەکترەوە. ناوبەناو گرژی و ئاڵۆزی ڕوو دەدەن، بەتایبەتیی لە هەندێک مەسەلەی وک خوێندن و قوتابخانە27. بەرنامەکانی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن هەر بە جیا پەخش دەکەن لەنێوان ئێزدیکی Ezdikiو کوردیدا (کرمانجی). ئێزیدییەکانی جۆرجیا پەیوەندیی خێزانییان هەیە لەگەڵ ئەوانی ئەرمینیادا (کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە دەوروبەری تبیلیسین) و ئەمانیش هەمان کێشەی شوناسیان هەیە، هەرچەندە کەشوهەوای گشتی کەمێک ئارامترە لێرە.
گۆڕانکارییە ئایینییەکان
لە ئێراق، ژیانی ئایینیی ئێزیدی ئەمشەر و ئەوسەر دەکات لەنێوان سەردانی پەرستگە و مەزارەکاندا. فێستیڤاڵی گەورەی پایز ڕەنگە گەورەترین کۆبوونەوەی ئایینی بێت بەدرێژایی ساڵ (سپات، 2005: 50 -59). تاوەکوو کۆتایی یەکێتیی سۆڤیێت، ئێزیدییەکانی قەوقاز هیچ پەرستگەیەکیان درووست نەکرد بەڵام ستێرەکانیان لە ماڵەکانی پیاوە ئایینییەکانیاندا پاڕاستبوو (هەندێک جاریش لە خەڵکە ڕەشۆکی و موریدەکانیش). نەبوونی پەرستگە لە سەردەمی سۆڤیێتیدا تەنانەی جێی پرسیاریس نەبوو چوونکە ئایین بەشێک نەبوو لە ئەجێندای سیاسیی سۆڤیێتییەکان. بەڵام تەنانەت پێشتریش، لە ماوەی سەدەی نۆزدەدا، لە پێش (یان لە کاتی) گەیشتنیاندا بۆ قەوقاز، ئێزیدییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵ پەرستگەیا بنیات نەنابوو. بەگوێرەی ئەڵیسۆن (2013 بێ: 161)، ڕوون نییە کەوا لالش چ ڕۆڵێکی گێڕاوە لە ژیانی ئایینیی ئێزیدییەکانی قەوقازدا پێش کۆچکردنیان لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە. لە سەردەمی سۆڤیێتدا، لالش بەتەواوی دیارنەبووە لە گوتار و ئایکۆنسازیدا iconography. نوێنەرایەتی کردنی تایبەتمەندیی تەلارسازیی لالش تەنیا لە ساڵانی 1990کانەوە هاتووەتە ناوناوانەوە. لە حاڵی حازردا بووە بە بەشێک نەخش و نیگار و ڕازاندنەوەی دیواری ماڵە ئێزیدییەکان.
لە کۆتایی ساڵانی 1990کاندا، مەسەلەی بنەڕەتی لەناو کۆمەڵگەی ئێزیدیی جۆرجیدا بنیاتنانی پەرستگەی ئێزیدی و مەڵبەندی کولتووری بوو لە قەراخ ساری تبیلیسیدا (سزاکۆنی، 2007: 16). ئەم بیر و ئایدیایە بەتەواوی نوێ بوو بۆ ئەو ئێزیدییانەی کە پێشتر پەرستگەیان نەبوو لە ترانسقەوقازیادا. درووستکردنی پەرستگەکەی تبیلیسی زیاد لەو ماوەی بردا کە چاوەڕوان بوو بەهۆی کۆمەڵێکی جۆراوجۆر لە ناکۆکی و ئاستەنگ28. دواجار، ساڵی 2013، پەرستگەکە لە شوێنێکی پەڕی تبیلیسیدا کرایەوە. لە ساڵی 2016وە تەلارێک بە تەنیشتی ئەم پەرستگەیەوە ئامادەیە بۆ ئەوەی یەکەم ئەکادیمیای ئێزیدیی زانستی لاهووتی (تیۆلۆجیی) تێدا بکرێتەوە، بە ڕابەرێتیی پیر دیمای سەرۆکی ئەنجوومەنی ڕۆحانیی ئێزیدییەکانی جۆرجیا. کردنەوەی مەنهەجێکی ئایینی بەتەواوی شتێکی نوێیە بۆ ئێزیدیزم (یان ئێزدیاتی) کە تێیدا گواستنەوەی ڕێنمایی و ڕاسپاردەی ئایینی هەر بە نهێنی ماوەتەوە لە زنجیرەی پیاوانی ئایینیدا. ئەم فۆرمەڵە نوێیەی خوێندن و فێرکردنی ئایین و باوەڕەکە وابەستەیە بە کردنەوەی پۆلی وانە وتنەوە بۆ هەر ئێزیدییەک کە پێویستی پێیەتی. بەرنامەی خوێندن و فێرکردنەکە بە کوردی و بە ڕووسییە و لەپاڵ ئەماندا کۆرسی عەرەبیشی تێدەکەوێت. لەم پرۆگرامانەدا، موفرەداتی سروودەکانی قەول و بەیت (کە بەشێکیان لە عەرەبییەوە خوازراون) ڕووندەکرێنەوە. لێرە قوتابییان ڕاهینان لەسەر ئەرکی نوێ دەکەن، وەک پاسەوانانی پەرستگەکە29 یان کلێریکەکان (پیاوانی ئایینی) سەرپەرشتی کردنی ڕێووێنەی ئایینیی بووک گواستنەوە. ئاهەنگی هاوسەرگیرییش لە پەرستگەدا بەتەواوی نوێیە لە قەوقازدا. لە کۆتاییدا، ئەکادیمیای لاهووت (تیۆلۆجی) پێشنیازی ڕێووێنەی نوێی گەڕانەوە دەکات بۆ ئێزیدییەت. بەپێی مۆڵەتدان لە ساڵی 2012دا لەلایەن بەرزترین دەسەڵاتی ئێزیدیزمەوە (ئیزیدییەتەوە) (کە میر تەحسین بەگ و بابەشێخن) لە کاتی سەردانیاندا بۆ تبیلیسی، ئەم سرووت و ڕێووێنەە ڕێگە بە ئێزیدییەک دەدا بچێتە سەر ئایینی کریستیان و (دەکرێت) بگەڕێتەوە بۆ ئێزیدییەت ئەگەر ئەو کەسە هاوسەرگیریی نەکرددبێت (ژن بێت یان پیاو) لەو کاتەدا30. پێدەچێت ئەم گۆڕانکارییانە ئیشارەت بێت بۆ هەوڵدانێکی گێڕانەوەی ئێزیدییە لەدەستچووەکان بۆ کۆمەڵگەی ئێزیدی و ئەمە وەک بەخشینی هەل و دەرفەتێک بێت بۆ هەموو ئێزیدییەکان (تەنانەت ئەگەر لە بنەماڵەی پیاوانی ئایینیش نەبن) بۆ خوێندن و فێربوونی ئایینەکەیان.
لە ئەرمینیا، پەرستگەیەکی بچووکی هاوشێوەی ئەوەی ئێراق بنیاتنراوە و ساڵی 2012 لە ئەکنالیخ کراوەتەوە لەلایەن میرزا سلۆیانەوە (کە خاوەن کارێکی ئێزیدییە و لە ڕووسیا دەژی). دووەم پەرستگە، کەوا گەورەترین پەرستگەیە لە جیهاندا لە مانگی سێپتەمبەری 2019دا کراوەتەوە و نزیکی ئەوی ترە. لە نزیک پەرستگەکەوە، هۆڵێکی کۆنفرانس، مۆزەخانەیەک و پەیمانگەیەکی خوێندنی ئایینی لە قۆناخی درووستکردندان. هەروەها ئاهەنگی هاوسەرگیرییش لەم کۆمەڵگەیەدا ساز دەکرێت. ناوی پەرستگەکە (قوبا مەرە دیوانێ) دەکرێت وەربگێڕدڕیت بۆ هەمووان دەتوانن پێکەوە بێن. بنیاتنانی ئەم پەرستگە زەبەلاحە بە هاوکاریی دارایی میرزا سلۆیان و بە هاندانی حکوومەتی ئەرمینیا ئەنجامدراوە وەک ئارەزوویەک بۆ بەزیندوویی ڕاگرتنی یادگاریی کوژراوانی سنجار و ڕێزگرتن لە ئێزیدییەکانی ئەرمینیا (کێللی، 2017). لە مانگی ئابی 2014دا، ئێزیدییەکانی قەوقاز لە ڕێگەی میدیا و هۆکارەکان ڕاگەیاندنەوە بەئاگا هاتن لەو کۆمەڵکوژیانەیە داعش بەرپای کردن لە سنجاردا. ئەوا بە شۆک و ڕاچڵەکین بەوەی کە سەر خەڵکی سنجاردا هات، هەندێکیان لەم ڕووداوانە ئەوە تێگەیشتن کەوا دووبارەبوونەوەی ئەوەیە کە باوباپیرانیان ئەزموونیان کردووە، بەتایبەتیی لە جینۆسایدی ساڵانی 1915 -1916دا (هۆهنباڵکن، 2018). لێرەوە هەستکردنی هاوبەش بەو چارەنووسە تراجیدییە درووستبوو لەناو ئێزیدییەکانی قەوقازدا و لە میانەی چەند مانگێکی کەمدا لە پاش ڕووداوەکانی سنجار توانییان یارمەتیی و پیتاک کۆبکەنەوە و فریای بەشێک لە ئاوارەکانی سنجار بکەون. نزیکەی پەنجا خێزانی ئێزیدییش لە باکووری ئێراقەوە دەرباز بکەن و لە ئەرمینیا نیشتەجێیان بکەن. بەهەرحاڵ، پێنج ساڵ دواتر، نزیکەی هەموو خێزانەکانی سنجار ئەم وڵاتەیان بەجێهێشت. هەندێکیان بەرەو ئەوروپا ڕۆیشتن، بەڵام هەندێکیشیان گەڕانەوە بۆ ئێراق. ئەم بڕیارەشیان پێدەچیت هۆکاری ئەوە بووبێت کە تاڕادەیەک ئەو ئاستەنگ و زەحمەتییە بووبێت کەوا بەرەوڕوویان بووەتەوە لە تێکەڵبوون بە کۆمەڵگەی ئەرمەنی، چوونکە ژیانی ڕۆژانە و ئایینی لە قەوقاز و ئێراق بەتەواوی جیاوازە. کریستۆف بێروێرسی نوێنەری ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران ئەوەی ڕوونکردووەتەوە کەوا ئەوان لە گوندێکی بچووکدا پێشوازییان لێکراوە، لە لایەک مامەڵەیەکی کراوە لەلایەن دانیشتووانی خۆجێییەوە و لەلایەکی ترەوە هەندێک بەهەڵە لێیان تێگەیشتوون ئاخۆ ئەوا بە شێوەی موسڵمان یان شێوەی تر نوێژ دەکەن... شێوازی ژیان بۆ ئەوان زۆر جیاواز بوو لە چیاکانی سنجار و کۆمەڵگەکانی ئێزیدی لێرە (کێللی، 2017).
$دەرەنجام$
هەرچەندە کوردەکانی سۆڤیێت بەشێکی بچووکیان پێکدەهێنا لە خەڵکی کورد، بەڵام ڕۆڵێکی گرنگ و گەورەیان گێڕاوە بۆ کورد بەگشتی. ڕۆژنامە و پەخشی ڕادیۆ بە زمانی کوردی بوو بە مایەی شانازی بۆ ئینتێلێجێنتسیای کوردی سۆڤیێت، لەکاتێکدا کەوا کوردەکانی تورکیا بەزەحمەت ڕێگەیان پێدەدرا کە لەسەر شەقامەکان بە کوردی بئاخڤن. ئەمڕۆ بارودۆخی ئێزیدییەکان لە قەوقاز و لە وڵاتانی دوای یەکێتیی سۆڤیێت جێی دڵنیایی نییە. هەڵبەت لە ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیێتەوە، مەسەلەی شوناس یان ناسنامە کۆمەڵگەی ئێزیدیی کردووە بە دوو کەرتەوە و ناکۆکیی زۆری خستووەتە ناویانەوە و لەوەدایە بیانکات بە دوو نەتەوە و بە دوو زمانی جیاواز قسە دەکەن. بێگومان بە هۆکاری باری ئابووریی لاواز، زۆریک لە ئێزیدییەکان لە قەوقاز کۆچیان کردووە بۆ وڵاتانی یەکێتیی سۆڤیێتی پێشوو یان بۆ ئەوروپا. زۆرێک لە خێزان و بنەماڵە ئێزیدییەکان لە ئێستادا بە شێوەیەکی بەرفراوان پەرش و بڵاون بەسەر مەودای جوگرافیی زۆر دووردا31. هەروەها کەسانی گەنجی سەر بە کۆمەڵگەی ئێزیدی بە هەموو شوێنێکی جیهاندا بڵاوبوونەتەوە و بەتەمەنەکان ترسی مانەوەی کۆمەڵگەیان لێنیشتووە. لە لایەکی تریشەوە، بنیاتنانی پەرستگەکان لە قەوقازدا زۆر بەفراوانی هاوکاری و پاڵپشتیی دارایی دەکرێت لەلایەن ئێزیدییەکانی دیاسپۆراوە. پێدەچێت ئەمەش ئاماژە بێت بۆ وابەستەبوونیان بە هەردوک ئایین و باوەڕەکەیانەوە و ناوچە جوگرافییەکەشیان هێشتا تا ئاستێکی گەورە پەیوەندیی ماوە بە کۆمەڵگە ئێزیدییەکانی تاراوگەوە.
سەرچاوە: The Cambridge History of the Kurds
ئەستێللە ئامی دێ لا برێتێک Estelle Amy De La Brete`que
خانمە توێژەرێکی ئەنسرۆپۆڵۆجیایە لە مەڵبەندی فەرەنسیی توێژینەوە زانستییەکان (CNRS). توێژینەوەیەکی لەسەر قسەکردنی بەئاواز و گێڕانەوەی خەفەتبار کردووە لەناو ئێزیدییەکانی ئەرمینیادا و لەسەر ڕێووێنەی لاواندنەوەی ئافرەتان لە ئازەربایجاندا و هەروەها لەسەر لاواندنەوەی ژنە کوردە ڕاگوێزراوەکان لە دەوروبەری ئەستەمبووڵ و ئامەد. ساڵی 2013 پەرتووکێکی بڵاوکردووەتەوە لەسەر گێڕانەوەی داستان و لاواندنەوە لەناو ءیزیدییەکانی ئەرمینیادا بە ناوی (وشە میلۆدییەکان و چیرۆکە داستانەکان و لاواندنەوە لەناو ئێزیدییەکانی ئەرمینیادا (Paroles mélodisées. Récits épiques et lamentations chez les Yézidis d’Arménie, ed.Classiques-Garnier, 2013) بێجگە لە گەلێ باس و بابەت لەسەر دەنگ و ئاواز لە قەوقاز و ئەنەدۆڵدا. لە ئێستادا خەریکی توێژینەوەیە لەسەر ئێزیدییەکانی تاراوگە (دیاسپۆرا) لەبارەی کاروباری کۆمەڵایەتی و گۆرانکاریی ئایینییەوە.
$پەراوێز$
1. لە ڕێنووسی ئەدەبیاتی ڕۆژاواییدا دەنووسرێ یەزیدی و لە کوردیشدا یەزیدییەکان خۆیان بە ئێزیدی دەینووسن و گۆی دەکەن.
2. لە سەدەی نۆزدەدا، ئێزیدییەکان بە شەیتان پەرست ناوزەد دەکران لەلایەن موسڵمانەکانەوە و لە ئەنجامی ئەمەدا بەر چەوساندنەوە دەکەوتن. بە شێوەیەکی بەربڵاو ئەم نازناوە پڕ لە سووکایەتییە لە نووسینی ڕۆژهەڵاتناسە ڕۆژاواییەکانیشدا ڕەنگی دەدایەوە: بۆ نموونە، بڕوانە ئەینسوێرس (1855) و مینگانا (1916).
3. کوردەکانی ڕۆژاوای ئاسیا لە ماوەی سەدەی حەڤدەدا تێکەڵ بە ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیا بوون کاتێک کە سوپای تساری ئێرانیان بەزاندووە لە ئاسیای ناوەڕاستدا.
4. بەهەرحاڵ، مەسەلەی ئایین فەرامۆش نەکراوە، لانی کەم لە ساڵانی بەرایی یەکێتیی سۆڤیێتدا. بەو پێیە، گرووپە تائیفییەکان و زمانی دایک وەک ڕەگەزی گرنگی نەتەوە دەبینران (هەردوک ناشناڵنۆست و نارۆدنۆست). لە بارەی ئەو پێوەرەی بەکارهێنراوە بۆ پێناسە کردنی ئەم زاراوانە لە سەرژمێریی گشتیی ساڵی 1926ی سۆڤیێتدا، بڕوانە هێرش (2005: 108 -123).
5. لە ئازەربایجان کوردەکان بە شێوەیەکی سەرەکی موسڵمان بوون و بەزۆری وەک تاتار یان ئازەری لە قەڵەم دەدران لە سەرژمێریدا. بۆ زانیاریی زیاتر لەبارەی کوردی ئازەرییەوە، بڕوانە مولەر (2000). یەکەم چاپی ئینسکلۆپیدیای گەورەی سۆڤیێت (بۆڵشایا سۆڤێتسکایا ئێنتسیکلۆپێدیا) بەرگی 1، بۆ ساڵی 1926 ئەم ژمارەیە دەدا: 34.098 کورد لە ازەرباییجان (ئینسکلۆپیدیای گەورەی سۆڤیێت 1926: 641).
6. لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ئایینی ئێزیدییەوە، بڕوانە کرەینبرۆیک (1995)، کرەینبرۆیک و ڕەشۆ (2005) و ئۆمەرخاڵی (2005، 2017). بۆ چاوخشاندنەوەیەک بە ئێزیدیزمدا لە دیدێکی جیهانییەوە، بروانە ئەڵیسۆن (2017).
7. لەبارەی ڕۆڵی قەواڵەکانەوە لە گواستنەوەی زانیاریی ئایینیدا، بڕوانە ئۆمەرخاڵی (2017: 138) و سپات (2005: 33).
8. بەردەوامیی بایەخ و گرنگیی ئایین لە هاوپەیمانیی ژن و ژنخوازیدا ڕەنگدەداتەوە لای کوردەکانی یەکێتیی سۆڤیێت، بۆ نموونە. هاوسەرگیریی نێوان کوردە موسڵمان و ئازەرییە موسڵمانەکاندا زۆر باو بوو، لەکاتێکدا کە زۆر دەگمەن بوو لەنێوان کوردە موسڵمانەکان و ئێزیدییەکاندا (دەڤرێشیان، 1985). هەروەها کوردە موسڵمانەکان بەزۆری نیشتەجێی گوندەکان بوون کە دانیشتووانیان موسڵمان بوون (کە ئازەری و تورکمان و هیتر)، بەڵام ئێزیدییەکان لەناو کریستیانەکاندا نیشتەجێ بوون (ئەرمەنی و مۆڵۆکانەکان) (ئۆمەرخاڵی، 2013: 137).
9. زۆربەی زۆری ئێزیدییەکانی قەوقاز جووتیاری ئاژەڵدار بوون (دەڤرێشیان، 1986). لە کۆمەڵگەی شوانکارەییدا دۆشەکی خوری بە کاڵای گرانبەها دادەنرا و بەشێکی گرنگ بوو لە جیازیی بووک، بۆ نموونە.
10. بەپێچەوانەی ئێزیدییە ئێراقییەکان، پەرستن لە لالش و زۆرێک لە مەزارە بچووکەکاندا کە هەمان شێوازی تەلارسازییان هەبوو.
11. بۆ شیکارییەکی وردی ستێر و کارلێکی خەڵک لەگەڵیدا، بڕوانە ئامی دێ لا برێتێک (2013: 159 -162).
12. هەموو گوندەکان لانی کەم ساڵی جارێک یادی مردووەکانیان دەکەنەوە لە حوزێراندا. هەندێک لە گوندەکان دوو جار یادی مردووەکانیان دەکەنەوە: لە حوزێران و ئەیلوولدا. لەبارەی ڕۆژژمێری جەژنی ئێزیدییەکانە وە لە ترانسقەوقازیا، بروانە ئامی دێ لا برێتێک (2011).
13. لەبارەی ڕۆڵی لاواندنەوە لەناو ئێزیدییەکانی ترانسقەوقازیادا، بڕوانە ئامی دێ لا برێتێک (2011).
14. وردەکاری و شیکردنەوەی لەلایەن ئیساهاک مارۆگیولۆڤ (1868 -1933) و عەرەبێ شەمۆ -عەرەب شامیلۆڤ (1897 -1978).
15. وردەکاری و شیکردنەوەی لەلایەن حاجیێ جوندی (1908 -1909). ئەم ئەلفبێیە سی و نۆ ئیشارەتی لەخۆگرتبوو (نۆ ڤاوڵ و سی کۆنسۆنانت) (بهێننیگسن، 1960: 516).
16. بۆ بەراوردێکی وردی ئەلفبێیەکان کە بۆ زمانی کوردی بەکاردەهات لە یەکێتیی سۆڤیێت و دوای ئەویش، بڕوانە حەسەنپوور (1992: 374 -376).
17. بۆ وردەکاریی زیاتر لەبارەی ئەدەبی کوردیی سۆڤیێتییەوە، بڕوانە ئەڵیسۆن (2013 ئە)، بڵاو (2012)، جافەرۆڤا -برووتی (2001) و میرزۆییڤ (1996).
18. بۆ وردەکاریی زیاتر لەم بارەیەوە، بڕوانە لیزەنبێرگ (2011).
19. بۆ وەسفێکی بەرفراوانی پەرەسەندنی کوردۆلۆجی تا 1960، بڕوانە کوردۆییڤ (1960) و بهێننیگسن (1960).
20. بۆ نموونە، بڕوانە حاجیێ جوندی (1957) فۆلکلۆرێ کورمانجا، بە هەردوو زمانی کوردی و ئەرمەنی.
21. لە ساڵی 1988دا، بە مەبەستی جیاکردنەوەی لە ئازەربایجان و لکاندنی بە ئەرمینیاوە، جووڵانەوەیەکی بەهێز لە ئەرمینیا و ناگۆرنۆ -قەرەباخ دەستی پێ کرد، کە سەرێکێشایەوە بۆ شەڕ و ململانێیەکی چەکداری لەنێوان هەردوو کۆمارەکەدا.
22. لە ئەرمینیای تازە سەربەخۆدا، وشەی کورد بە شێوەیەکی موڕادیفانە لەگەڵ موسڵماندا و گومان خرایە سەر موسڵمانە کوردەکان بە پێی پەیوەندییە مەزعوومەکان لەگەڵ موسڵمانە ئازەرییەکاندا. هاوسەرگیری لەنێوان ئازەرییەکان و موسڵمانە کوردەکان باو بوو لە تەواوی سەردەمی سۆڤیێتدا.
23. تەنیا نزیکەی هەزار و پێنجسەد کوردی موسڵمان هەر لە ناوچەی ئابۆڤیان مانەوە لە پاش جەنگی ناگۆرنۆ -قەرەباخ (سەردار، 1998).
24. سەرژمێریی دانیشتووان (ساڵی 2002) لە جۆرجیا ئەنجامدرا و (ساڵی 2002) لە ڕووسیای فیدراڵدا دیسان کورد و ئێزیدییان وەک دوو گرووپی ئیتنیکیی جیاواز تۆمارکرابوو.
25. لە ڕاستیدا، جیاکردنەوەی نێوان کرمانجی و ئێزدیکی کات دوو ئەوەندە دەکاتەوە لەوەی هەمان سیستەمی زمانەوانی بەکاربیت. لە ئێستادا زمانەکە ڕێک هەمان کاتژمێرە بۆ ئێزدیکی و بۆ کرمانجییش، بەڵام ناوەرۆکی ئایدیۆلۆجییان بە شێوەیەکی ڕادیکاڵانە جیاوازن و زۆربەی ئەوانەی زانیارییان داوە بە من تەنیا گوێبیستی یەکێکیان بوون (بۆ وردەکاریی زیاتر، بڕوانە ئامی دێ لا برێتێک (2013: 35 -43).
26. لێرەدا دوو ڕووداوی بەدناو هەن: کوشتنی سەید ئیبۆیان، کە پزیشکێکی منداڵانی لایەنگری کوردە -بڕوانە لێننۆکس (2001: 418 -423) و بەشداربوونی ئێزیدی بە گرتنی ڕاڕەوی لاچین (کە هێشتا هەر کێشەی لەسەرە)، لە پاش پاکتاوی ئیتنیکیی تاڕادەیەک دانیشتووانە کوردەکەی.
27. پەرتووکی خوێندنی قوتابخانە بە (زمانی) ئێزدیکی لە قوتابخانەکانی ناوچەی ئاپاران ڕەتکرانەوە و بەردەوام بوون لەسەر فێرکردن و پێخوێندن بە پەرتووکەکانی سۆڤیێت.
28. سزاکۆنی (2007) ئاماژە بۆ سی هۆکاری سەرەکی دەکات بۆ دواخستن: 1-نەبوونی سەرچاوە لە پاش قەیرانە ئابوورییەکانی ساڵانی 1990کان و کۆچکردنی بەرفراوان. 2-ناکۆکی و ململانێی ناوخۆیی لەبارەی ڕەوایی و شەرعییەتی بنیاتنانی پەرستگەیەک لە دەرەوەی شوێنە ئایینییە مێژووییەکانی وەک لالش یان سنجار 3-بەشداریی نزیکی نێوان دەوڵەت و کڵێسەی ئۆرسۆدۆکسیی جۆرجیا کە بەرهەڵستیی درووستکردنی تەلار و بینا دەکەن ئایین و باوەڕەکانی تر.
29. لە ئێراق، پاسەوانانی پەرستگە سەر بە هەمان ڕەچەڵەکن و پەیڕەویی مەشق و ڕاهینانی فەرمی ناکەن.
30. لەبارەی ئەو پەنجا کەسەوە کە ئەم ڕێووێنەەیان ئەنجامداوە لە کەمێک کەمتر لە پێنج ساڵدا، بڕوانە (گواردیۆلا، 2017: 129).
31. بۆ نەخشەیەک کە نیشتەجێکانی ئیزیدی پیشان بدات لە سەرانسەری یەکێتیی سۆڤیێتی پێشوودا، بڕوانە ئۆمەرخاڵی (2017: 34 -36).
Bibliographyبیبلۆگرافی
Ainsworth, W. F. (1855). ‘On the Izedis; or, devil worshippers’. Transactions of the Syro Egyptian Society, 1 4.
لەبارەی ئێزیدییەکانەوە یان شەیتانپەرستان...
Allison, C. (2013a). Memory and the Kurmanji novel. In C. Allison and P. G. Kreyenbroek (eds), Remembering the Past in Iranian Societies (pp. 189 217). Wiesbaden: Harrassowitz Verlag. 31 For a map showing Yezidi settlements across the former Soviet Union, see Omarkhali (2017: 34 36).
یادەوەری و گێڕانەوەی کرمانجی... لە پەرتووکی... یادکردنەوەی ڕابووردوو لە کۆمەڵگەکانی ئێراندا.... بۆ نەخشەیەک کە نیشتەجێکانی ئێزیدی پیشان بدات لە سەرانسەری یەکێتیی سۆڤیێتی جاراندا....
Allison, C. (2013b). Addressivity and the monument: Memorials, publics and the Yezidis of Armenia. History and Memory, 25 (1), 145 81.
Allison, C. (2017). ‘The Yazidis’. In Oxford Research Encyclopedia of Religion.
www.oxfordrecom/view/10.1093/acrefore/9780199340378.001.0001/acrefore-9780199340378-e-254.
ناونیشان و مۆنۆمێنت: یادەوەرییەکان و شوێنە گشتییەکان و ئێزیدییەکانی ئەرمینیا. یادەوەری و مێژوو...
Amy de la Bretèque, E. (2011). Le Pleur Du Duduk et La Danse Du Zurna. Typologie Musicale Des Émotions et Fêtes Calendaires Dans La Communauté Yézidie d’Arménie. Acta Ethnographica Hungarica, 56 (2), 385 401.
هاواری دوودووک و هەڵپەڕکێی زوڕنا. پۆلێنکردنی مووزیک بۆ سۆزداری و کالێندەری جەژنەکانی کۆمەڵگەی ئێزیدی لە ئەرمینیا....
Amy de la Bretèque, E. (2012). ‘Il y a Quand Même de l’espoir’. Interview with Emerîk Serdar. Etudes Kurdes, 11, 103 108.
هێشتا هەر هیوا ماوە، چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئەمەریک سەردار....
Amy de la Bretèque, E. (2013). Paroles Mélodisées. Récits Épiques et Lamentations Chez Les Yézidis d’Arménie. Paris: Classiques Garnier.
ئاواز و گێڕانەوە و لاونەوە و داستان لەناو ئێزیدییەکانی ئەرمینیادا...
Aristova, T. F. (1954). Kurdy Irana. Kratkie Soobšcˇenija Instituta Etnogragii, XXI, 98 104.کوردی ئێران...
Aristova, T. F. (1966). Kurdy Zakazkazya. Moscow: Nauka.
Bennigsen, A. (1960). Les Kurdes et La Kurdologie En Union Soviétique. Cahiers Du Monde Russe et Soviétique, 1 (3), 513 30.
کورد و کوردۆلۆجی لە یەکێتیی سۆڤیێتدا...
Blau, J. (2012). La Littérature Kurde. Etudes Kurdes, 11, 5 38.
ئەدەبی کوردی... گۆڤاری توێژینەوە کوردییەکان....
Bozarslan, H., Kévorkian, R. and Duclert, V. (2015). Comprendre Le Génocide Arménien. Paris: Tallandier.تێگەیشتن لە جینۆسایدی ئەرمەن....
Caratini, R. (1990). Dictionnaire Des Nationalités et Des Minorités En URSS. Paris: Larousse.قامووسی نەتەوە و کەمینەکان لە یەکێتیی سۆڤیێتدا....
Chatoev, K. M. (1965). Kurdy Sovietskoi Armenii. Istoricheskii Ocherk (1920 1940). Erevan: izd. Akademia Nauk Armianskoi CCP.
کوردی ئەرمینیای سۆڤیێتی....
Chrysanthopoulos, L. T. (2002). Caucasus Chronicles: Nation Building and Diplomacy in Armenia, 1993 1994. Princeton, NJ: Gomidas Institute Books.
تۆماری مێژووی قەوقاز: بنیاتنانی نەتەوە و دیپلۆماسی لە ئەرمینیادا، 1993 -1994....
Cindî, H. (1957). Folklora Kûrmanca. Yerevan: Aipetrat. فۆلکلۆرا کورمانجا..
Davreshian, M. K. (1985). Zaprety v Brachnikh Obychaiakh KurdovEzidov (Malie I Dispesnie Gruppy v Evropeuuskoi Chasti SSSR).
تابووەکانی نەریتی هاوسەرگیری لای کوردە ئێزیدییەکان (گرووپە بچووک و پەرت و بڵاوەکان لە بەشە ئەوروپییەکەی یەکێتیی سۆڤیێتدا)...
Davreshian, M. K. (1986). Skotovodcheskoe Xoziaistvo Kurdov Vostochnoi Armenii (L’élevage Chez Les Kurdes d’Arménie Orientale). Yerevan: Akademia nauk SSR Armenii.
ئابووریی شوانکارەیی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەرمینیا (سامانی ئاژەڵ لای کوردەکانی ئەرمینیای ڕۆژهەڵات)...
Flint, J. (1998). The Kurds of Azerbaijan and Armenia. London: Kurdish Human Rights Project.کوردەکانی ئازەربایجان و ئەرمینیا...
Great Soviet Encyclopedia (Bolshaya Sovetskaya Entsiklopedia). (1926). Vol. 1. Moscow.گەورە ئینسکلۆپیدیای سۆڤیێت...
Guardiola, A. (2017). ‘Yézidis En Diaspora: Ethnographie Multi Située d’un Réseau Socio Religieux Transnational [Mémoire de Master Migrinter]’. Poitiers.
ئێزیدییەکان لە دیاسپۆرا: ئیتنۆگرافیای فرەپێگە بۆ تۆڕێکی کۆمەڵایەتی و ئایینیی ترانسناشناڵ (نامەی ماجستێر)....
Hassanpour, A. (1992). Nationalism and Language in Kurdistan, 1918 1985. San Francisco, CA: Mellen Research University Press.
ناسیۆنالیزم و زمان لە کوردستاندا، 1918 -1985....
Hirsch, F. (2005). Empire of Nations: Ethnographic Knowledge and the Making of Soviet Union. Ithaca, NY: Cornell University Press.
ئیمپراتۆرییەتی نەتەوەکان: زانیاریی ئیتنۆگرافی و پێکهاتەی یەکێتیی سۆڤیێت...
Japharova Brutti, L. (2001). ‘Littérature Kurde de La Période Soviétique (Années 1930 1990): Prose, Poésie et Dramaturgie Kurdes Avec Leurs Systèmes d’images, Leur Langage et Leurs Thèmes Principaux’. www.theses.fr/111590590.
ئەدەبی کوردیی سەردەمی سۆڤیێتیی، ساڵانی 1930 -1990: پەخشان و هۆنراوە و درامای کوردی لەگەڵ سیستەم وێناکردن و زمان و و بابەتە سەرەکییەکانیان...
Kelly, N. (2017). ‘After long trek to Armenia, Iraq’s Yazidi families struggle to fit in’. Reuters, 29 April. www.reuters.com/article/usarmenia-yazidis-idUSKBN17V0TN.
لە پاش گەشتیکی دوورودرێژ بۆ ئەرمینیا، خێزانە ئێزیدییەکانی ئێراق هەوڵ دەدەن لەگەڵیدا بگونجێن...
Kévorkian, R. (2006). Le Génocide Des Arméniens. Paris: Odile Jacob.
جینۆسایدی ئەرمەنەکان...
Kreyenbroek, P. G. (1995). Yezidism: Its Background, Observances and Textual Tradition. New York: Edwin Mellen Press.
ئێزیدیزم (ئێزدیاتی): پاشخان و سەرنج نەریتی دەق ئامێز...
Kreyenbroek, P. G. and Rashow, K. J. (2005). God and Sheikh Adi Are Perfect: Sacred Poems and Religious Narratives from the Yezidi Tradition. Wiesbaden: Harrassowitz Verlag.
خودا و شێخ عادی ڕەها و تەواون: هۆنراوە پیرۆزەکان و گێڕانەوە ئایینییە نەریتییەکانی ئێزیدی...
Kurdoev, K. K. (1957). Grammatika Kurdskovo Yazyka. Moscow and St. Petersburg: Izdatelstvo Akademii Nauk SSSR.
ڕێزمانی زمانی کوردی... خانەی بڵاوکردنەوەی ئەکادیمیای زانستیی سۆڤیێتی...
-Kurdoev, K. K. (1960). Razvitie Sovetskogo Kurdovedenija. Uchenye Zapiski Instituta Vostokovedenija, XXVI, 56 -7.
پەرەپێدانی توێژینەوە کوردییەکانی سۆڤیێت. تێبینیی زاناکانی ئینستیتیووتی توێژینەوە ڕۆژهەڵاتییەکان...
-Leezenberg, M. (2011). Soviet Kurdology and Kurdish Orientalism. In S.
and M. Kemper (eds), The Heritage of Soviet Oriental Studies (pp. 86 -102). London: Routledge.
کوردۆلۆجیی سۆڤیێت و ڕۆژهەڵاتناسیی کوردی... کەلەپووری توێژینەوە ڕۆژهەڵاتناسییەکانی سۆڤیێت...
-Lennox, G. (2001). Fire, Snow and Honey: Voices from Kurdistan. ushcutters Bay NSW, Melbourne: Halstead Press.
ئاگر و بەفر و هەنگوین: دەنگەکان لە کوردستانەوە...
-Mahmudov, N. (1959). Kurd Joghovurd. Erevan: Haypethrat.
-Mingana, A. (1916). Devil -worshippers; their beliefs and their sacred books. JRAS, 505 -525.
شەیتان پەرستان، بیر و باوەڕیان و پەرتووکە پیرۆزەکانیان...
-Mirzoev, K. (1996). Istoricheskie Sud’by Kurdskoi Literatury (The Historical Destinies of Kurdish Literature). Almaty.چارەنووسە مێژووییەکانی ئەدەبی کوردی
-Müller, D. (2000). The Kurds of Soviet Azerbaijan, 1920 -91. Central Asian Survey, 19 (1), 41 -77. https://doi.org/10.1080/713656178.
-Omarkhali, K. (2005). Йезидизм: Из Глубины Тысячелетий. St. Petersburg: Издательский дом Санкт-Петербургского государственного университета.
ئێزیدیزم (ئێزدیاتی) لە قووڵایی هەزارەوە... خانەی بڵاوکردنەوە لە پوتروسبوورگ...
Omarkhali, K. (2013). The Kurds in the former Soviet states from the historical and cultural perspectives. The Copernicus Journal of Political Studies, 2 (5), http://apcz.umk.pl/czaso pisma/index.php/CJPS/article/view/18255.
کوردەکان لە وڵاتانی جارانی سۆڤیێتدا لە دید و تێڕوانینی مێژوویی و کولتوورییەوە...[1]