زامۆئا داراغا
بیۆگرافی هونەرمەندان بەشیکی گرنگی مێژووە , بۆ تێگەیشتن لە کۆی فەرهەنگ , کولتوری و ڕۆشنبیری کۆمەڵگە ئەم بەشە لە ئەرشیف و دیکۆمینتی مێژووی ئێمەدا زۆر دەگمەنە وە گرنگی ئەوتۆی نەداوتە ئەم بابەتە ئەوەی کەهەیە لە ڕێگەی زارەکیەوە گێردراوەتەوە یان وەک سەرگوزشتەیەی خۆش لە نێو یادەوەری کۆمەڵگەدا ماوەتەوە. مێژوو زاکیرەی کۆمەڵگەیە بەبێ دیکۆمێنت کردنی مێژوو کۆمەڵگە بێ زاکیرە ئەمێنێتەوە لێرەوە گرنگیدان بە ژیانی تایبەتی و گشتی کەسە دیارەکانی ناو کولتوری ئێمە بە کارێکی پێویست ئەزانم بۆ تێگەیشتن لە کار و بەرهەمە هونەریەکانی ئەو کەسانەی کە لە میژوودا کاری جددییان کردوە شوێن دەستیان هەبووە لە پیشخستنی ڕەورەوەی فەرهەنگی کولتوری و هونەری ئێمە دا. هەڵدانەوەی بیۆگرافی هونەرمەندان لە ڕووی هەڵوێست و چۆنێتی ژیانیان لە بچوکترین وردەکاری ژیانیانەوە تادەگاتە بەرهەمە هونەریەکانیان ئەو پەیوەندیە گرنگە دەرئەخات لە نیوان ڕابوورد , ئێستا و داهاتووی کۆمەڵگەدا. کە ئەتوانرێت لە ڕێگەی شیکاری و لێکدانەوەی سەردەمیانە ڕەهەندی نوێ بدۆزرێتەوە لە میژوودا. یەکێک لەو کارانەی کە نووسەر غفور ڕشید داراغ کردویەتی لە ئەرشیف و دیکۆمێنت کردنی میژوو فەرهەنگی هونەری ڕۆشنبیریدا , گەران بەدوای بیوگرافی هونەرمەندەکان و کەسە دیارەکانی ناو میژووی ئێمەدا بووە, هەوڵی داوە لە شێوەی باسکردنی ئەم وردەکاریانەوە وێنەیەکی شیاو وشایستە بە کەسایەتیەکان بدات وە گرنگی بە وردەکاریەکانی ژیانی کەسایەتیەکان لە ڕووی چۆنێتی ژیانی ڕۆژانەیان و هەڵوێستیان بەرامبەر بە ڕووداوە کانی ئەو کاتەی کە تێدا ژیاون بخاتە ڕوو , هەروەها ناساندنی شێوە و چۆنێتی خۆگۆرینان.
ئەم هەوڵدانە بۆ نووسینەوەی بیۆگرافی کەسایەتییانە لە نووسینەکانی (غفور ڕشید داراغا) دا زۆر بە باشی دەرئەکەوێت نموونەش بۆ ئەم بابەتە نووسینێکی لەسەر هونەرمەند (سەی علی ئەسغەر) ە کە چۆن گەراوە بە دوای وردەکاریەکانی ژیانی ئەم هونەرمەندە گەورەیە کە لە گۆڤاری (#ڕۆژی نوێ#) لە ساڵی (1960) دا بڵاوی کردۆتەوە و لە فەوتان ڕزگاری کردوە.
سید علی اصغر کوردستانی
نووسینی : غفور ڕشید داراغا
ناوبانگی بە (سەی ئەسکەر) بڵاو بۆتەوە, خەڵکی گوندی (سەلوەتاوا) یە , کە کەوتۆتە ڕۆژهەڵاتی شاری (#سنە#) وە لە کوردستانی ئێران , ئەم گوندە بە قەیاسی نیو سەعات بە سواری دوور ئەبێت لە سنەوە.
سەی ئەسکەر لە ساڵی (1876) ی زاینی لە گوندی (سەلوەتاوا) لە دایک بووە, لە بنەماڵەیەکی مام ناوەند کە خاوەنی ئەم گوندە بوون کە بە کشتوکاڵەوە خەریک بوون , سەی ئەسکەر هەر لە منداڵیەوە بڵێسەی هونەرمەندی لە ڕوویا دیار بووە , کاتی دەستی دایە گۆرانی وتن لە ماوەیەکی کەمدا ئاوازە کوردیەکان زۆر بە باشی ڕەوان بکات و گەورەترین پلەی سەرکەوتنی تیا ببری کە هێشتا لە تەمەنی (16) ساڵیدا بوو, ئیجگار دەنگی خۆش بوو کە لەگەڵ هونەرە بەرزەکەیدا جووتی ئەکرد , بە تەواوی گوێگرانی سەرسام و حەیران ئەکرد, تیکرا تەزوو بە لەشیاندا ئەهات, تەلی عاتیفەیانی ئەبزوان , ئەو خەڵکەی ئەبردە دنیایەکی ئەوتووە کە هەر پربێ لە شادمانی و بەختیاری.
ناوبانگی (سەی ئەسکەر) وەک ئاگر و پووش بە هەموو لایەک و کەل و قوژبنێکی کوردستان دا بڵاو بووە لە هەموو کورێکی ڕابواردندا باس هەر باسی ئەو بوو , تەنانەت لە سلێمانی کاک (رشید) ناسراو بە (ڕەشەخێل) کە ئێستا (حاجی ڕشید) ە ئەوکاتە لە سلێمانی چایخانەکەی (سەعولی خەڵف کەریم) ی بەدەستەوە بوو , دوو کەسی ڕاسپارد کە بچن بەدوویا بۆ شاری (سنە) بەڵکو بۆ چەند ڕۆژێک بێتە سلێمانی لە چایخانەکەیدا کۆر بگرێت و ئارەزووی خەڵکی سلێمانی بهینێتە جی کە هەموو ناوبانگیان بیستبوو و تامەزرۆی دەنگە خۆشەکەی و هونەرە بەنرخەکەی بوون بەڵام بۆی ڕێ نەکەوت کە بێت.
سەی ئەسکەر لە سەر خواست و داوای کۆمپانیای (بەیزافۆت) ڕووی کردە شاری (تاران) کە دەنگ و هونەرەکەی تۆمار بکات, لەوێ هەڤدە قەوانی دەرکرد.
مقامە بەناوبانگەکانی ئەو دەورە کە زۆربەی بە فارسی ئەوتران هەمووی وەرگێرایە سەر کوردی و لە زۆریا شعرە بە سۆزەکانی بویژی بەناوبانگ (تایەر بەگی جاف) ی بەکارهینا وەکو:-
1- همایون
2- حجاز
3- شور
4- بەیاتی تورک
5- دەشت
6- قەتاری سنە
7- خەمەنگین.
لەگەڵ ئەم مقامانەدا گەلێک بەستەی ئەو دەورەی تۆمارکرد وەکو:- ئای لەنجەیە, شەوەکەی سەرجو... هتد.
سید اصغر کوردستانی نەک تەنها کابرایەکی هونەرمند بووبێ و بەس بەڵکو نیشتمان پەروەرێکی کورد بوو هوموو هونەرەکەی و دنگە خۆشەکەی تەرخان کردبوو لە پێناوی وریاکردنەوە و پێشخستنی گیانی نەتەوایەتی کود دا, لە پێناوی ئەوەدا هەر چەندە کوردستان لەت لەت کراوەة بەڵام گەلێکی نەمر تیا دانشتووە کە گەلی کوردە هەروا بزانە هاکا ڕاپەڕی و جوڵایەوە و گشت لەتەکانی پێکەوە لکانەوە.
سەی ئەسکەر کورد پەروەر سەودای بینینی (شێخ محمود) پێشەوای شۆڕشە مەزنەکەی کوردستانی کەوتە سەر, کە ئەو کاتە ساڵی (1936) لە شاری بەغدا دەست بەسەر بوو, لەبەر ئەوە لە ڕێگای (قەسر شیرین) ەوە ڕووەو شاری بەغداد کەوتە ڕێ.
بە دینینی شێخی نەمر شاد بوو, چەند ڕۆژێک لەلای مایەوە (شێخ مەحمود) زۆری پێ خۆش بوو دڵی زۆر بە (سەی ئەسکەر) کرایەوە کەوا کابرایەکی هونەرمەندی کورد پەروەر لە کوردستانی ئێرانەوە بەستراو بێتە لای, دەرد و خەفەت و جەخاری گەلی کوردی لە کوردستانی ئێران بۆ دەربخات, بە هۆی هونەر و دەنگە خۆشەکەیەوە.
سەرەڕای ئەوە شێخی نەمر هەموو کاتێ حەزی کردووە بە هەڵسوکەوت لەگەڵ بوێژ و وێژەوان و هونەرمەندان دا.
سەی ئەسکەر پاش ئەوەی کە شاد بوو بە دیدەنی شێخ ڕووی کردە مەڵبەندە نازدارەکەی شێخ شاری (سلێمانی) کە گەیشتە کەرکووک لەوێ ژەندرمەکانی دەوری دوابرا و بە توڕەیەکەوە تێیان خوری کە خەڵکی کوێی؟
سەی ئەسکەریش ئەم پرسیارەی بەلاوە سەیر بوو !! چونکە ئەو کابرایەکی خەڵکی ئەم کوردستانەیە و لەو کوردستانەدا ئەم پرسیارەی لێ ئەکەن زۆر دڵگیر و زویر بوو وەڵامی ژەندرمەکەی بە توندی دایەوە لە بەر ئەوە ژندرمەکان لە ئۆتۆمبێلەکە دایان گرت و سەرەو خواریان کردوە بۆ کونی (گرتووخانە)
نزیکەی دوو ڕۆژێکی تیامایەوە, لە پاشا (حەپسە خانی نەقیب) زانی خێرا ئاگاداری دۆستێکی کرد لە کەرکووک کە سەی ئەسکەر ڕزگار بکات.
توانرا کەواز بە ژەندرمەکە بهێنرێ لە شکاتەکەی سەی ئەسکەر بە بەندی ناردیانە شاری سلێمانی و شەو لە سەرا مایەوە , بەیانی لە ڕێگای پێنجوێنەوە ڕەوانەی ئێرانیان کردەوە.
سەی ئەسکەر پیاوێکی تابڵێی زۆر کەڵەگەت بوو , چوارشانە و گەنم ڕەنگ بوو, دەم و چاوی ئاوڵە کونجی کردبوو , بەڵام زۆر لێی نەکردبوو بە عەیبە.
زۆر دڵخواز بوو حەزی بە بەزم و ڕابواردن ئەکرد , بەڵام زۆر جار بە درەنگ ئەکەوتە وتن پێش ئەوەی بکەوتایە وتن , هەموو دانیشتوان خامۆش ئەبوون و چاویان ئەبڕیە سەی ئەسکەر, بەڵام کاتێک کە تێی ئەچریکان بە ئاوازە شیرینەکەی بە هونەرە بێ هاوتاکەی لە هەموو لایەکەوە خەڵک پۆل پۆل وەکو پەپولە شیدای چرابن لێی کۆئەبوونەوە.
سەی ئەسکەر یەکەم کوردێکە کە کەلەپوورێکی هونەری گۆرانی و مۆسیقا بۆ بەجێ هێشتوین، هەرچەندە هونەرەکەی و دەنگە خۆشەکەی بەر لە چارەکە سەدەیک تۆمار کراوە، بەڵام ئێستاش کە لە ئیستگەکانەوە لێ ئەدرێت خەڵک بەڕێزێک و خۆشیەکەوە گوێی لێ ئەگرن.
سەی ئەسکەر کەواو سەڵتە لە سەریەوە عەبایەکی کوبایی سووری لە بەر ئەکرد، جار جارە تەپلە و مشکی و هەندێ کڵاو و مشکی ئەبەست.
ئێستا لە ئیستگەی ڕادیوی کۆماری عێراقدا تەنها (حەوت) قەوانی هەیە , یانی (دە) قەوانی ونە، ڕەنگە لە شاری سلێمانی یان شارەکانی تری کوردستان یان لە کۆمپانیای (بەیزافۆن) لقی تاران بە چنگ بکەوێ.
ئەمڕۆ پێویستی سەر شانی ئیستگەی ڕادیوی عێراق، کۆمەڵی ئاوازی کوردی لە بەغدا، کۆمەڵی هونەرە جوانەکان لە سلێمانی و کۆیەیە، کە هەوڵ بدەن گشت قەوانەکانی سەی ئەسکەر کۆبکەنەوە، سەر لەنوێ تۆماری بکەنەوە و نۆتەکەی بنووسنەوە بتوانن چاپی بکەن.
ئەو هونەرمەندە، ئەو کورد پەروەرە، ئەو دەنگ یوسفیە لە تەمەنی (61) ساڵیدا، لە ساڵی (1937) ی زاینی کۆچی دوایی کرد، لە گۆڕستانی (تایلان) لە گەرەکی چوارباخ لە شاری (سنە) نێژرا، دەنگە خۆشەکەی و هونەرە هەڵکەوتووەکەی بردە تۆیی گڵەوە.
سەی ئەسکەر (3) سێ کوڕی هەیە بەناوی :- سەی ئەول محمد، سەی ئەشرف و سەی ماشاءاللە، ئێستا لە شاری (سنە) بە بازرگانیتی یەوە خەریکن.
زۆر سوپاسی کاک (ڕەشۆڵ) و کاک (مجیدی قالەی حەمامچی) ئەکەم کە لە نووسینی ئەم باسەدا یارمەتیان دام.
نوسەر غفور ڕشید داراغا (1923-1976) لە شاری سلێمانی لەدایک بووە.
لێرەدا بە پێی ئەو کاتەی نووسەر ئەم نووسینەی نووسیوە کاتەکەی داناوە.
ئەم نووسینە لە گۆڤاری (ڕۆژی نوێ) ژمارە (9) کانونی یەکەم ساڵی (1960) گۆڤارێکی ئەدەبی، سیاسی، کۆمەڵایەتی. مانگی جارێک دەرئەچێ.
گۆڤاری (ڕۆژی نوێ) بەرگی دووەم (ژمارە 7-12) ئامادەکردنی سدیق سالح، ڕەفیق سالح، لە بڵاوکراوەکانی (بنکەی ژین) .[1]