هۆنراوەی دڵداریی (خۆزگە دەمزانی ئەزیزم)
خۆزگە دەمزانی ئەزیزم، چاوی جوانت لێوە بۆ
زوڵف و ئەگریجەت لە سەریان، لێکدەدەن خۆبەخۆ
خاڵی کوڵم و لێوی ئاڵت، فیتنەیەک بەپادەکەن
تێکدەدەن دەشتی قەڵات و تا دەگاتە شاری کۆ
گەردن و دەردانەکەت مانگ و ڕۆژن پێکەوە
وەک نیشانە جەرگی پێکام، تیری بی ئامانی تۆ
تیشک و پرشنگی هەیاسەت، تاینەڕیشوو گوارەکەت
نەخشی یەزدانە برۆکەت، وێنەی مانگی تازە نۆ
ئەو نەمامەی شلک و ساوا، دوو هەناری گرتووە
دوو ڕەشماریان تێئاڵاوە، شینە واوەیلایەڕۆ
باخەکەی سینەت دەبینم پڕ وەنەوش و شەونمە
بولبولی شەیدا لە دەوری هەڵدەدا نەغمەی بە سۆ
شۆخ و شەنگیت هێندە جوانە، چاوەکەم بێ وێنەیە
کۆلکە زێڕینە لە ئاستی، پڕ شەماڵە و دەسخەڕۆ
ئەو دڵەی من شێتی غەمزەی چاوەکانتە نازەنین
کەوتمە گێژاوی تەلیسمت، تازە بوومە بەندەی تۆ
سیحر و نازت تێکەڵاوە چۆن شێواو سەردەردەکا
تۆش بزانی ڕوحمی سادەی دڵڕفێنە چاو هەڵۆ
ئەم هۆنراوەیەم بەشێوەی کاسێتی دەنگیی لە (مام ساڵح خدر ئیسیوەیی) لە ساڵی 2001 وەرگرت، لە شارەدێی ئیسیوە، یەکێکە لە هۆنراوەکانی شاعیر (#ئەحمەد شێواو#) . [1]