ئازادی چی بەسەر مانا ڕاستەقینەکەی خۆشەویستیدا هێناوە؟
#کەنار قاسم#
ئەوەی ئێستا پێی دەوترێت خۆشەویستی، بێگومان داهاتووی گەنجانی ئێمەی خستۆتە مەترسییەوە بەشێوەیەک گەنجان خۆشەویستیان کردۆتە تەوەری سەرەکی ژیانی خۆیان بێئاگان لەوەی ئەمەی ئەوان دەیکەن خۆشەویستی نییە و خۆشی لێ ویستنە.
بێگومان ئەگەر خۆشەویستی ڕەهەندی ڕۆحانی بێت، بێ بەرژەوەندی بێت و بە تێگەشتن لە نێوان دووکەسدا بێت پیرۆزە و شتێکی زۆر جوانە و مرۆڤ دەگەشێنێتەوە و دەیباتە ترۆپکی ژیان، بۆ ئەمەش پێویستە سەرەتا تێبگەین خۆشەویستی چییە، خۆشەویستی هەستێکی مرۆڤانەیە کە دڵ بۆی لێدەدات، خۆشەویستی ڕاستەقینە نییە، ئەگەر سەرچاوەکەی ڕۆح نەبێت و شوێنەکەی دڵ نەبێت، خۆشەویستی ڕاستەقینە چەند نیشانەیەکی هەیە، خۆشەویستی ئاسوودەیی دەروونی نێوان دوو لایەنە هەر کاتێک خۆشەویستی دەربڕی لایەنی دووەم پەسەندی دەکات خۆشەویستی ڕاستەقینە تەحەمول، لێبووردەیی و پاڵپشتی و پشتیوانی بێبەرامبەرە، بە مانا زانستییەکەشی، چەمکی خۆشەویستی واتە سەرنج و سەرسامی بە کەسێک یان شتێک، خۆشەویستی کیمیایەکی هاوبەشە لە نێوان دووکەسدا و لەناو لەشی مرۆڤدا هۆرمۆنێک هەیە بە ناوی ئەوکسیتۆسین کە بە هۆرمۆنی خۆشەویستی ناسراوە، لەشی مرۆڤ ئەو کاتە دەریدەدات دوو خۆشەویست کۆدەبنەوە و یەکدەبینن، هەروەک خۆشەویستی کۆمەڵێکی جیاواز لە هەستی نەرێنی و حاڵەتی سۆزداری و هزری بەهێز و کاریگەرە، خۆشەویستی بەخشین و کاریگەربوونە بە کەسێکی تر گرێدانێکی گەرم و سۆزێکی قووڵە، من پێم وایە قورسە ئەو هەستە سۆزداریی و خۆشەویستییە قووڵە لەم سەردەمەی ئێستا وجودی هەبێت.
خۆشەویستی کراوەتە تاوان
من دژی خۆشەویستی نیم و هەمیشە دەڵێم گوڵێکی سوور لە ڕێگەی خۆشەویستانت بچێنە، لە هزر و خەیاڵیاندا چیرۆکی جوان دروست بکە، لە دڵیاندا لێدانێکی ڕاستگۆبە، ڕێنیشاندەریان بە بۆ سەرکەوتن و ڕزگارکەریان بە لەکاتی نقووم بوونیان و پردی ئەمان بە بۆیان لە کاتی ترس و دڵەڕاوکێییاندا، بەڵام بەداخەوە ئێستا خۆشەویستی کراوەتە تاوان و خۆشەویستە ڕاستگۆکان لێرە و لەوێ تاوانبار دەکرێن تا ئەو ڕادەیەی کە هیوا دەخوازن هەستەکەی ناویان بمردایە بەنهێنی و ئاشکرایان نەکردایە، بێگومان من باسی (ئەو خۆشەویستییە ڕاستگۆ و پاکە) دەکەم کە تۆوی خۆشەویستی لەناویدا گەشەی کردووە و بە شەهوەت و غەریزە و بەرژەوەندییەوە سەیری خۆشەویستەکانیان ناکەن، بەڵکو بەشێوەیەک سەیری ڕۆحی دەکات وەکو ئەوەی بەشێک لە بەشەکانی لەشی خۆی بێت وەکو خوێن بە دەمارەکانیدا بڕوات، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵگە و ڕاگەیاندن و زۆربەی توێژەکان ئیدیعای پەیوەندییە کورت و سێکسییەکان دەکەن و خەریکە جوانی دەکەن و ئاسایی دەکەنەوە لەبەردەم گەنجاندا، ڕاستییەکەی خۆی خۆشەویستی ئەوەیە دوو ڕۆح عاشقی یەک بن و تەماشای ئەو بەدەنە نەکەن کە ڕۆحەکەی هەڵگرتووە.
بەدەستهێنانی کەسێک مەکە بە ئامانجی سەرەکی ژیانت
بەڵێ خۆشەویستی هەیە، بەڵام وەکو ئەوە نییە فیلمەکان وێنای دەکەن. بەشێوەیەکی گشتی هیچ خۆشەویستییەک نابێتە خۆشەویستی دایک، هەرچیەک بکەیت و ڕووبدات، چاوەڕێی کچێک یان کوڕێک مەکە وەکو خێزانەکەت خۆشی بوێیت، هەرگیز متمانە بە خۆشویستنی کەسێک مەکە هەتا سەر، ئەوان دڵیان دەگۆڕن تەنانەت هاوڕێکانیشمان دڵیان دەگۆڕن و تا سەر خۆشەویستییان بۆ ئێمە نامێنێتەوە، ئەو خۆشەویستییەی بە پاکی دەمێنیتەوە تەنها خۆشەویستی خۆتە بۆ خودی خۆت و لەگەڵ خۆشەویستی دایکت، زیاتر ڕووی دەمم لە کچانە و پەیامی من بۆ هەموو کچێک ئەوەیە هیچ کاتێک بەدەستهێنانی هیچ پیاوێک مەکەن بە ئامانجی سەرەکی ژیانت، خۆت پێبگەیەنە، ڕۆشنبیربە، پێش هەموو کەسێک ئەولەویەت بە خۆت بدە و لە هیچ شتێکدا تەنازول مەکە بۆ کەسی بەرامبەر، بەڵێن بەخۆت بدە ناهێڵیت هیچ پیاوێک ژیانت تێکبشکێنێت هیچ پەیوەندییەک بەسەرتدا زاڵ نابێ و گرنگ نییە چی ڕووبدات ڕەنگە زەحمەتیش بێت چونکە ئێمە مرۆڤین و ئازارمان دەبێت، بەڵام هیچ چارەسەرێکی تر نییە و هیچ لەوە گرنگتر نییە بۆ ئەوەی ژیانێکی شایستە بەبێ سووکایەتی و چەوساندنەوەی پیاوان بژین.
سەرچاوەی باوەڕم بۆ کەمی خۆشەویستی ڕاستەقینە
کەواتە خۆشەویستی بەخشینێکی بێ بەرامبەرە و قوربانیدانە بۆ ئەوی تر، ئەگەر دەروونت ئاسوودە بوو لەگەڵ کەسێک و هەستتکرد ئەوە خۆتی و بە سروشتی خۆت بێ نواندن دەتوانی لەگەڵی بیت بێ دوودڵی هیچ هۆکارێکت نییە بۆ ئەوەی هەڵەکانتی لێ بشاریتەوە. ئەوە بزانە خۆشەویستی ڕاستەقینەت و دۆزیوەتەوە هەرچەندە بە ڕای من دەگمەنە خۆشەویستییەکی لەم جۆرە لەم ڕۆژگارەدا، سەرچاوەی باوەڕم بۆ کەمی خۆشەویستی ڕاستەقینە لە ئێستادا بۆ زەحمەتی دۆزینەوەی کەسێک دەگەڕێتەوە کە متمانە بە بۆچوون و بڕیار و پشتیوانی ئەو هەبێت و نەتوانێت گرنگیت پێنەدات و ڕاوێژت پێ نەکات لە ژیان و لە کاروبارەکانت و هەم پێچەوانەکەشی، هەروەها پێویستە گەنجان تێبگەن خۆشەویستی بە تەنها مەرج نییە بۆ بەردەوامبوونی پەیوەندی نێوان دوو کەس، من کەسێکی باش دەناسم، هەست بەقبوڵکردن و ڕەزامەندی دەکەم بەرامبەری، هەروەها کەسێکی بەهرەدار و سەرکەوتووە، بەڵام لەلایەنی گونجاندنەوە زۆر دوورە لە کەسایەتی من و بارودۆخی ژیانی من، لەو کاتەدا خۆشەویستی مانا ڕاستەقینەکەی خۆی لە دەستدەدات چونکە خۆشەویستی واتە هێنانی خۆشبەختی بۆ ژیانی کەسێک نەوەک تێکدانی، دڵنیابە ئەم جۆرە پەیوەندییە ژیانی تۆ تێکدەدات و ئاڕاستەی ژیانت دەگۆڕێت و دەبێت بە کەسێکی شکستخواردوو.
ئێستاش کاتی ئەوەیە بپرسین ئەمڕۆ خۆشەویستی گەنجانی بەرەو هەڵدێر و سەرلێشێواوی بردووە یان ئەم ئازادیەی ئێستا کۆمەڵگەی بەرەو پێشبردووە؟
ئازادکردنی گەنجان لە خۆشەویستی بێبنەما و پێش ئەوەی ئاراستەی ژیانیان بەرەو شکست بگۆڕێت ئەرکی هەموو توێژەکان و دەزگاکانی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و سەنتەرەکانی تایبەت بە گەنجان و خێزانەکانە، بەوە دەبێت سەرەتا لە نێو ماڵەکانەوە خۆشەویستی تەواوی خێزانیان پێبدرێت، چونکە ئەگەر ئەو گەنجە یان ئەو هەرزەکارە تێربێت لە خۆشەویستی، چ کچ یان کوڕ بە دوای سۆز و خۆشەویستی لە دەرەوەی خێزانەکانیان ناگەڕێن، هەروەها پێویستە گەنجان هۆشیاربکرێنەوە کاتەکانیان بە باشی و لە شتی بەسووددا بەسەر ببەن نەک لە خۆشەویستییەکی نادروست، هەروەها تێکەڵبوون لە نێوان کوڕان و کچاندا بەجۆرێک بێت، نەبێتە ڕێگایەک بۆ دروستکردنی پەیوەندی نا ئاسایی کە پێچەوانەی ڕەوشت و پەروەردەی کۆمەڵگەیەکی ئاسایی و تەندروستە.[1]