منداڵان، نەوجەوانان، خێزان و شاشەکان
#ئارام سەعید#
هەرماڵێک بگەڕێیت زیاتر لە 50 ئامیری کارەبایی و میکانیکی و ئەلکترۆنی تێدایە، ژیانمان تێکهەڵکێشی ناویان بووە، ڕۆژانە چەندەها ڤیدیۆ و ڕیکلام دێنە بەرچاومان، هەموو ئەمانە کارێکی کردوە ئەرکی ئەو تەکنەلۆژیایانە زیاد بکات و کاریگەری ڕاستەوخۆ و قوڵ لەژیانمان بکات ئەگەر لە ڕابردودا فۆڕمێک لە کۆیلەداربوون خزمەتی کردبێت ئێستا فۆڕمێکی تر هەیە کە ئەویش ڕۆبۆتە، کەواتە ئەوەی گۆڕاوە پەیوەندی ئێمەیە بە ئامێرەکانەوە لە ئاستە جیاوازەکانی بەکارهێنانی لە فەزای چواردەورمان، ئەو جیاوازیەی لەنێوان هەژاران و دەوڵەمەندەکاندا هەیە لەئاستی مەتریاڵی و تەکنەلۆژیەوە ئەوەیە ڕەنگە ئامێرەکانیان لە ڕووی کوالیتیەوە جیاواز بێت دەنا لە ئاستە مەتریاڵیەکەیەوە هەمووان خاوەنی تەکنەلۆژیای زیرەکن.
ئەوەی ناتوانین لێی ڕابکەین تەکنەلۆژیایە لەجیاتی ڕاکردن لێی دەبێت بەوریاییەوە مامەڵەی بکەین و دەرگیر ببین لەگەڵیدا.... تازە گەڕانەوە نیە بۆئەو جیهانەی ڕابردوو (ناتوانین جیهانی پێش تەکنەلۆژیا دوبارە بکەینەوە)، دەورەدراوین بە تەکنەلۆژیا و زانیاری بەردەوام، شاشەکان لێوان لێون لە هەواڵ و مەسرەفکردنی بەردەوامی زانیاری... لە ئاستێکدا ئاسانکاری زۆریان بۆ کردوین، بەردەوام ژیانمان لە هەندێک ڕووەوە ئاسانتر دەکەن... لەسەردەمێکدا دەژین شۆڕشەکان بە درۆن کۆتاییان پێ دەهێنریت و دەتوانن لەرێگەی ئامێرەکانەوەو لە دورەوە کوشتاری گەورە بکەن...خۆپیشاندانەکان بە دیجیتاڵ میدیا سەرکوت دەکرێن سەرەرای کاری ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنیەکان...
بەگوێرەی ئامارێک کە ماڵپەری ستاتیستای فەرەنسی ساڵی 2019 لە فەرەنسا ئەنجامداراوەو ئەو بەشداربوانە تەئکیدیان کردۆتەوەو کە ئەو سەعاتانە بە دیار تەلەفونی سمارت یان کۆمپیوتەر یان ئایپادەکانیانەوەن..
بەکارهێنانی شاشە بەپیی سەعاتەکان بەم شێوەیەیە:
٪8 یەک سەعات و کەمتر
٪55 دوو سەعات بۆ 4 سەعات
٪21 پێنج سەعات بۆ 7 سەعات
٪ 16 هەشت سەعات و زیاتر
بۆروبەروبونەوەی کاریگەریەکانی ئەو تەکنەلۆژیایە لە #09-03-2019# هەرسێ ئەکادیمیای زانست و پزیشکیی و تەکنەلۆژیا لە فەرەنسا لەراپۆرتێکی دورودرێژدا کە 27 لاپەرەیە بەناوی (مناڵان، هەرزەکاران، خێزانەکان و شاشەکان)چەند بەرپرسیارێتیەک دەخاتە سەر مامۆستایان و دایکان وباوکان بەرامبەر مناڵەکانیان کە تیایدا سەرەرای باسکردنی لایەنە خراپەکانی زۆربەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆژیایە باس لەلایەنە باشەکانیشی دەکات.
هەربۆیە گرنگە ناوەندە ئەکادیمی و زانستی و پزیشکیەکانی کوردستان گرنگی و بایەخ بەو ڕاپۆرتە بدەن و ڕێنمایی و پەیڕەو لێکۆڵینەوەی گرنگ بکەن لەسەر چۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ شاشەکان.
لەو ڕاپۆرتە فەرەنسیەدا لەرووی تەندروستیەوە باسی کاریگەری ڕوناکی و تیشکی شاشەکان کراوە بۆ مناڵان و ئەو دابڕانەی دروستی دەکات لەلای مناڵ، هەروەها دواکەوتنی لە خوێندن بەهۆی یاریەکانەوە، پاشان چۆنیەتی مامەڵەی خێزان بۆ مناڵانی بەر لە 3 ساڵ و دواتر 3 ساڵ تا 10 سال و بەشی سێهەم لە 10 ساڵانەوە تا 17 ساڵ کە چۆن و بە چ ڕیسایەک مامەلە لەگەل شاشەکاندا بکەن، لە کۆتاییدا بۆ گەورەسالان.
لەراپۆرتەکەدا و دوای ئەو ڕێنماییانەی باسکراون نوسراوە ڕاستە زۆر لایەنی نەرێنی هەیە کەپێویستە دایکان و باوکان و مامۆستایان ئاگاداری بن بەڵام ئامانج ئەوەنیە گەیشتن بەشاشەکان سنوردار بکرێت، بەلکو تا ڕادەیەکی زۆر گرنگە بۆمناڵانی بچوک لەگەڵیان بین چونکە بەکارهێنانی ئەو شاشانە بەشێوەیەکی گونجاو کاریگەری ئەرێنی زۆری هەیە بۆ مناڵان و توانای بیرکردنەوەو گەشەی کۆمەلایەتیان زیاد دەکات. کەواتە لەجیاتی ئەوەی شتێکیان لێ بشارینەوە کە ڕاکردن لێی مەحاڵە باشتر وایە هاوەڵیان بین لەبەکارهێنانەکاندا تا زامنی ئەوە بکەین لەدۆخێکدا بژین لەگەڵ ئەو تەکنەلۆژیایە کە تەندروستیان پاریزراوبێت.[1]