زامۆئا داراغا
بۆ تێگەشتن لە هونەری هاوچەرجی ئێستامان زۆر گرنگە ئاگاداری مێژووی هونەری ناوچەکە بین وە بە تایبەتی لە عێراق دا.
لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە بە بڕیاری (براوەکانی جەنگ) ئیمبراتۆریەتی عوسمانی دابەشکرا وڵاتی عێراق دروست بوو, باشوری کوردستان بوو بە بەشێک لە ولاتی عێراق لە ژیر سایەی (ئینتدابی بەریتانیدا) کە ئەو کاتە وڵاتی عیراق بەر ئیستعماری بەریتانی کەوتبوو.
شاری #بغداد# بووە بە پایتەختی ئەم وڵاتە و لە ڕێگەی سیستمی مەلەکیەوە بەرێوە ئەرا, بەم شێوەیە کاریگەری سیاسی و ڕامیاری و کولتوری زۆری هەبوو بەسەر هەرێمی کوردستانەوە کە تائیستا ئەم کاریگەریانە بەردەوامی هەیە.
ئەوەی کە گرنگە لێرەدا باسی بکەین کارگەری کولتوریە بەسەر هەژموونی کایەی هونەری هەرێمی کوردستانەوە کە ئەتوانم بڵیم دروست بوونی (پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بغداد) خاڵی وەرچەرخانی کولتوری بووە لە مێژووی هونەری عێراق و هەرێمی کوردستان دا.
کە وایکردوە هونەر بەشێوەیەکی ئەکادیمی و مەنهەجیانە بخوێنرێت و بجێتە ناو سیستمی پەروەردەوە, ببێت بە بەشێکی گرنگ لە ناو کۆمەڵگەی عیراقی وە بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان کە سەرچاوەیەکی گرنگ بووە بۆ فێرکردن و فێربوون بە شیوەیەکی ئەکادیمی لەسەر دەستی مامۆستایانی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بغداد.
ئەمەش بە ڕوونی دەر ئەکەوێت کەلە سەرەتاکانی ساڵانی شەستەوە قوتابیانی کورد ئەڕۆن بۆ شاری بغداد و ئەبن بە خوێندکار لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان.
لە دوای تەواو بوونیان لە خوێندن ئەگەڕێنەوە بۆ شارەکانی هەڕێمی کوردستان ئەبن بە مامۆستای هونەر لە قوتابخانەکاندا.
لێرەوە ئەو پەیوەندیە گەورەیە دروست ئەبێت لە نێوان هەڕێمی کوردستان و بغدادی پایتەختدا لە بواری ڕۆشنبری و فەرهەنگە هونەریدا, بە تایبەتی شاری سولەیمانی کە بە شێوەیەکی بەرچاو هەمەئاهەنگەی جالاکی هونەری و ڕۆشنبیریان هەبوو لە نێوانیاندا.
ئەم پەیوەندیە تا سەرەتای ساڵی نەوەتە و هەڵگیرساندنی ڕاپەرینی خەڵکی کوردستان لە دژی ڕژێمی دیکتاتۆری عیراق بەردەوام بوو, ئیتر ئەو پەیوەندیە گەورەیە نامێنێت و دابڕانێک دروست ئەبێت کە ئەم دابڕانە تا ئێستا بەردەوامە بە تایبەتی لە ڕووی کولتوریەوە.
لە دوای ئەو شەرە یەک لە دوای یەکانەی کە توشی عێراق بوو بێگەی شاری بغداد زۆر لاواز بوو لە ڕووی کولتوری و سیاسی و ئابوریەوە.
بەڵام گەر سەرنج بدەین وەک سیستمی پەروەردەی هونەری و دامودەزگا حکومیەکانی هەرێمی کوردستان, ئەم دابڕانە ڕووی نەداوە!! بەڵکو بە هەمان شێوەی جاران هەژموونی پەروەردەی هونەری لە هەرێمی کوردستان وەک خۆی مایەوە وە کاریگەری سیستمی پەروەردەی هونەری عیراقی ماوەتەوە ئەمەش لە ڕێکەی دوو هۆکاری سەرەکیەوە.
1: هەرێمی کوردستان نەیتوانی وەک هەرێمێکی سەربەخۆ دەستکاری سیستمی پەروەردەی هونەری خۆی بکات وە لە ماوەی ئەم سیساڵەدا پابەندی یاساو ڕێنمایەکانی پایتەخت بوو.
ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە وایکرد پەروەردەی هونەری وە بەتایبەتی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی لە پاشەکشەیەکی گەورەدابن وە نەیان توانی مواکەبەی سەردەمەکەی خۆیان بکەن کە لە دوای ڕاپەرینەوە هەرێمی کوردستان کرانەوەیەکی گەورەی بە خۆیەوە دی پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەبوو لەگەڵ جیهانی دەرەوە.
وە ئەم حاڵەتە تەنها لە سیستمی پەروەردی هونەریدا نەبوو بەڵکو گشت لە دامودەزگاکانی هەرێم ڕوویدا کە ملکەجی حکومەتی مەرکەز بوون و نەیان توانی دەرباز ببن وە بەتایبەتی سەردەمی ئابڵوقەی ئابوری و دیبلۆماسی لەسەر عێراق.
کە بە باوەڕی من ئەمە هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ پێشەوەنەجوونی ڕەوتی پەروەردەی هونەری لە هەڕێمی کوردستان وە نموونەشمان زۆرە بۆ ئەم حاڵەتانە.
ئەم چەق بەستنی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەرێمی کوردستانە کە خۆی لە (17) پەیمانگادا ئەبینێتەوە کە چۆن توانای بەرهەم هێنانی کولتوری هونەریان نەماوە, توانای خۆتازە کردنەوەیان لەگەل سەردەمەکەدا لەدەست داوە وە ئەو سیستمەی کە ئیستا کاری پێ ئەکەن هەمان ئەو سیستمی پیشوە کە پیش (85) ساڵ لەمەو یەکەم پەیمانگای هونەرە جوانەکان لە شاری بغداد دروست کراوە, کە لە دوایدا باسی لێوەدەکەین و ئەتوانین (مقارەنەی) بکەین کە بەباوەڕی من ئەوکات زۆر باشتر بوو لە ئێستا لە دوای ئێپەربوونی ئەو هەموو ساڵە.
2 : مامۆستایانی هونەر وەک پیشتر باسم ڵیوەکرد کە خوێندکارێکی زۆر چوون بۆ شاری بەغداد بۆ خوێندنی (هونەر بە گشتی) ئەم مامۆستایانە زۆربەیان لە دوای ساڵانی هەشتاوە لە سەدەی ڕابووردو بوون بە مامۆستای هونەر لە (پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سولەیمانی) کە ئەو کاتە تاکە پەیمانگای هونەری بوو لە هەرێمی کوردستان.
کاریگەری خوێندنیان لە سەر دەستی مامۆستایانی ئەو کاتەی لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بغداد زۆر لە سەر بوو بە هەمان شێوە و بە هەمان پەروەردەی هونەری ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان وانەیان ئەوتەوە بە خوێندکارەکانیان , ئەمەش بە ڕوونی دەرکەوت لە دوای ڕاپەرینی ساڵی نەوەت هیچ گۆڕانکاریەکی ڕادیکالانە ڕووینەدا لە سەر ئاستی وانە وتنەوە و گۆڕینی سیستمی پەروەردەی هونەری لە (پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سولەیمانی) کە لە کاتێکدا زۆربەی ئەو مامۆستایانە سەرۆک بەش و بەڕێوەبەری پەیمانگاکان بوون وە هەندێکیان بووبوون بە بەرپرس لە وەزارەتی پەروەردە وەک ڕاوێژکار و چاودێری و خەبیر هونەری کاریان دەکرد.
ئەم ڕاستیەش ئەوەمان بۆ ئەسەلمێنێت کەلە دوای سی ساڵ لە ڕاپەرین هیچ پەیمانگایەک لە هەرێمی کوردستان نەیتوانی ببێت بە مەڵبەندی هونەر و فەرهەنگی ڕۆشنبیری بەڵکو لە شوێنی خۆی وەستا و بەرەو کاڵ بوونەوە ڕۆیشت وە ئەوەی ئێستا ڕوو ئەدات لە پەروەردەی هونەری ئەو ڕاستیەمان بۆ ئەسەلمێنێت کە تا چەند دەورێکی پاسیڤیان هەبووە لە پەروەردەی هونەری بە گشتی لە پەیمانگاکانی هونەردا.
سەرەتای دروست بوونی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بغداد...
لە سەر داوای وەزارەتی معارفی عێراقی (وەزارەتی پەروەردە) هونەرمەندی مۆسیقار (محي الدين حيدر) کە (عود ژەنێکی) بەناوبانگی عیراقی بوو لە هەمان کاتدا سەر بە (خێزانی مەلەکی) وە نازناوە (شریفی) هەبوو, تکلیفی لێکرا (پەیمانگای مۆسیقی) دابمەزرێنێت, کە ئەو کات لە تورکیا ئەژیا وە لەوێ ئامێری عودی خوێندبوو.
(محي الدين حيدر) هەستا بە دامەزراندنی (پەیمانگای مۆسیقای عێراقی) کە لە مانگی یەکی ساڵی (1936) لە شاری بغداد کرایەوە.
سەرەتا تایبەت بوو بە فێربوونی مۆسیقا بە هەردوو بەشەکەیەوە بەشی (مۆسیقای شرقی) وە (مۆسیقای غربی) کە ئەو کاتە پەیمانگای مۆسیقا بەشێک بوو لە باڵەخانەی (نادی مامۆستایان) وە دەوامیان تەنها ئێواران بوو, ئەو خوێنکارانەی کە لەو پەیمانگایە ئەیان خوێند زۆربەیان خوێندکاری پەیمانگای مامۆستایان بوون وە هەندێکیان فرمانبەری حکوکی بوون وە هەندێکیان کاسب و خەڵکی ئاسایی بوون لەگەڵ چەند هونەرمەندێک کە بەیانیان دەوامی خۆیان هەبوو, لەو پەیمانگایە فێری مۆسیقا ئەبوون بۆ مامۆستایانی بنەڕەتی وەک مۆسیقای (ئینشاد و گۆرانی و ئاوازو سرودی پەروەردەیی) خوێندن لە پەیمانگای مۆسیقا بۆ شەش ساڵ بوو.
لە ساڵی (1940) ناوی پەیمانگاکە گۆڕدرا بە (پەیمانگای هونەرە جوانەکان) وە چەند بەشێکی تری بۆ زیاد کرا...
بەشی مۆسیقا وەک خۆی مایەوە کە دوو بەش بوو مۆسیقای شرقی و مۆسیقای غربی. بەشی مۆسیقای شرقی: عمیدی پەیمانگاکە سەرپەرشتی ئەکرد هونەرمەند (محي الدين حيدر) لەگەڵ مامۆستایان (مسعود جميل, منير وجميل بشير و سلمان شکر)
بەشی مۆسیقای غربی: بە سەرپەرشتی مامۆستای بیانی (ساندو البو) بوو.
بەشی وێنەکێشان : هونرمەندی بەناوبانگ (فایق حسن) سەرپەرشتی ئەکرد کە ئەو کات تازە هاتبوەوە بۆ عێراق, کەلە (پەیمانگای هونەری لە پاریس) تەواو کردبوو, لەگەڵ هونەرمەندان (اسماعیل شێخلی و عطا صبری)
بەشی پەیکەرسازی : هونەرمەندی بەناوبانگ (جواد سلیم) کەلە ساڵی (1948) وە سەرپەرشتی ئەو بەشەی ئەکرد لەگەڵ چەند مامۆستایەکی بیانی خەڵکی بەریتانیا.
بەشی سیرامیک : لەسەر دەستی چەند مامۆستایەکی بەریتانی سەر پەرشتی ئەکرا, ئەم بەشە یەکێک بوو لە هەرە بەشە بە ناوبانگەکانی ناوچەکە بە هۆی ئەوەی کە ئەم بەشە (فڕنی سیرامیکی) هەبوو وە بە هۆی ئەو میراتیە گەورەیەی کە عیراق هەیبوو لە سایەی شارستانی میزۆپۆتامیاوە, تەنها بەشی سیرامیک لە وڵاتی (میسر) لە قاهیرە بوونی هەبوو لەو کاتەدا.
بەشی نواندن : ئەم بەشە لەسەر دەستی هونەرمەند (حقي الشبلي) کە لە هەمان کاتدا جێگری بەرێوبەری پەیمانگاکە بوو لەگەڵ چەند مامۆستایەکی تری بەشی نواندن کە درجووی وڵاتانی ئەمریکا و یتاڵیا بوون. هونەرمەند (حقي الشبلي) تازە لە پاریسەوە گەرابووەوە وە چەندین بەرهەمی شانۆیان پیشکەش کردبوو وەک شانۆگەریەکانی (تۆفیق حکیم و محمود تیمور و شکسپیر)
بەشی زەخرەفە و نووسینی عەرەبی : بە سەرپەرشتی مامۆستا (حسين ماجد أيرال) بوو. بە هەمان شێوە ئەم بەشەش تەنها لە عیراق و وڵاتی (میسر) لە قاهیرە بوونی هەبوو.
هەتا ساڵی (1952) دەوام بوو بە بەیانیان وە بەشی ناوخۆیی خوێندکارانیان بۆ دروست کرد, خوێندکارەکانی ڕووی لە زیادکردن کرد بە تایبەتی ئەو خوێندکارانەی کە ئەبوون بە مامۆستا لە قوتابخانە بنەڕەتیەکان دا.
ئەوەی جێی سەرنج بوو لە گەڵ دروست بوونی ئەم پەیمانگایە بە شیوەیەکی ئاسایی هەموو ساڵێک چەندین (خوێندکاری ئافرەتی) لە خۆ ئەگرت بۆ خوێندنی هونەر کە ئەم نەریتە لە ساڵانی دوایدا گوێزدرابووەوە بۆ هەموو پەیمانگاکان لە پاریزگاکانی عێراق دا, کە پێک هاتبوو لە پێنج پەیمانگا لەسەر ئاستی هەموو عیراق پەیمانگای هونەرە جوانەکانی (بغداد , سولەیمانی , موسڵ و, بەسرە و حلە)
ئەوەی جێی تێبینیە لەو کاتەدا چەندین خوێندکاری عیراقی هەبوون لە وڵاتانی ڕۆژئاوا هونەریان ئەخوێند وە بە هۆی هەڵگیرسانی (جەنگی جیهانی دووه)ەمەوە ناجار بوون بگەرێنەوە بۆ عیراق وە بە تایبەتی لە سەرەتای دەستپێکی جەنگەکەدا , ئەمە وایکرد کە زۆربەیان ببن بە مامۆستا لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بغداد, ئەمەش وای ئەم پەیمانگایە ببیت بە سەنتەرێکی گرنگ بۆ هونەر و فەرهەنگی ڕۆشنبیری وە لە هەمانکاتدا بوو بە پردێک لە نێوان هونەری ڕۆژئاوا و هونەری عێراقی وە لە هەمان ساڵدا کروپی (کۆمەڵەی هاوڕێیانی هونەر) دروست بوو وە لە ساڵی (1941)دا یەکەم پێشانگای خۆیان کردەوە.
بەم هۆیەشەوە پەیمانگاکە چەند بەشیکی بۆ زیادکرا, لە هەمان کاتدا چەند مامۆستایەکی هونەر لە وڵاتی پۆڵۆنیاوە هێنرا بۆ پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بغداد لەگەل چەند مامۆستایەکی هونەر کە لە بنەڕەتدا لەگەل (لەشکری بەریتانی هاتبوون) بۆ عیراق وە لەوێ بووە بە مامۆستای هونەر لە زۆربەی بەشەکانی پەیمانگای هونەرەجوانەکان.
ئەم هۆکارانە بوونە هۆی ئەوەی کە ئەم پەیمانگایە ببێت بە خاڵی وەرچەرخانی گرنگ بۆ ڕەوتی هونەری و فەرهەنگی ڕۆشنبیری وڵاتی عیراق, بە تایبەتی لە ناوەڕاستی ساڵانی پەنجاکاندا کە بە سەردەمی زێڕین ناو دەبرێت لە سەر ئاستی وڵاتە عەربیەکاندا, کە ئەمەش بووە بە هەوێنی دروست کردنی یەکەم (ئەکادیمی هونەرە جوانەکان) کە لە ژێردەستی هونەرمەندی بەناوبانگ (خالد جادر) لە ساڵی (1958 – 1959) لە شاری بغداد.
ئەوەی لێرەدا گرنگە بۆ ئێمە بتوانین ئەم مێژووە تێپەڕێنین وە ئەوەی لەم سی ساڵەی پیشودا نەکراوە وە نەنووسراوە وەک مێژووی هونەر وە پەیەوەندی هونەری ئێمە بەم مێژووەوە بنووسریتەوە و بیخینە بەر ڕووناکی و لێکۆلینەوەی وردی بۆ بکرێت کە بە باوەڕی من نووسینەوەی ئەم میژووە ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو هونەرمەندانە کەلەو کاتەدا چوون بۆ پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بغداد وە لە ئیستادا زۆربەی لە ژیاندا ماون تا بە ڕوونی ئەو پەیوەندیە و کاریەگەیە لە سەر کایەی هونەری ئێمە بوونی هەبە شیبکەنەوە ڕاو سەرنجی خۆیان بدەن لە مەر بابەتە گرنگەکانی هونەر بە گشتی.
سەرجاوەکان :-
فنانونعراقيون / فائق حسن / شوکت الربيعی 1982 بغداد
تاريخ تأسيس معهد الفنون الجميلة / الموسيقار سالم حسين الأمير / 2013-08-04
مرکز الوتر السابع للفنون والتنمة المستدامة.
وێبسایدی ئەکادیمی هونەرە جوانەکان بغداد https://cofarts.uobaghdad.edu.iq/?page_id=15070
احمد عبد السلام حطاب / معهد الفنون الجميلة في بداياته 2013/09/01 ملاحق جریدة المدي اليومية.[1]