پۆلیسی ئەخلاق
ئاشتی ساڵح
هەڵوەستەیەکی بچووک، لە سەر تێروانینی خەڵک بۆ ئەخلاق.
چەمکی ئەخلاق بووە بە چەک و خەڵکیش بووە بە پۆلیس، پێوەری ئەخلاق سانسۆری لەسەر نییە، هەرکەسەو بەپێی بەرژەوەندیی خۆی پێناسە بۆ ئەخلاق دەکات. وەکوو هەر بابەتێکی تر، ئەخلاقیش بچووککراوەتەوە بۆ ئەو شتانەی کە لە تاکی قسەکەردا بوونی هەیە، هەر بەڕای ئەم کەسە، نائەخلاقییش بریتییە لەو شتانەی کە لە ئەمدا بوونیان نییە، یاخود ئەنجامیان نادات، یاخود ناتوانێت و دەرفەتی ئەنجامدانی بۆ ناڕەخسێت.
بابەتگەلێکی زۆر هەن و ڕۆژانە ڕوو دەدەن، کە هزری خەڵکی دەورووژێنن و کاردانەوەکانیش کە لەبەرامبەر ڕووداوەکاندا دەردەبڕدرێن، ئاماژەن بۆ دۆخی تاکەکان، بە واتایەکی دی، هەر کەسێک لە دۆخی خۆیەوە شرۆڤە بۆ ڕووداوەکە دەکات و بەپێی پێوەری ئەخلاقیی خۆی نمرە بۆ ئەخلاقی کەسانی دیکە دادەنێت، کەسێک کە تەمەنی 25 بە سەرەوەیە، پێی ڕەوا نییە و نەشیاوە کە نەوجەوانێکی تەمەن 15 ساڵ نامەی دڵداری بنووسێت، چونکە ئەم خۆی لەو تەمەنە بۆی نەبووە بیریشی لێ بکاتەوە، بۆیە بەڕای ئەو دڵداریکردن لە وەها تەمەنێکدا نائەخلاقییە؛ یاخود کچێک کە بە چات لەگەڵ کوڕێکی نەناسدا نامەی هاوڕێیەتی دەگۆڕێتەوە پێناسەی ئەخلاق بەوە دەکات کە هیچ کەسێک تەداخولی ژیانی نەکات و پێی نەڵێت ئاگاداری خۆتبە، چونکە ئەخلاق لەلای ئەو بریتییە لە دەستێوەرنەدان لە ژیانی ئەوانی تر؛ کچێکی نەوجەوان کە لە ماڵەوە حەپس کراوە و نامە و چالاکیی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیشی سانسۆریان لەسەرە، حەتمەن کە ڕای ئەو لەسەر ئازادی تاک بریتییە لە: نا ئەخلاقی.
ژنێک کە پەیوەندیی ناشەرعیی هەیە لەگەڵ پیاوێکی ژندار دا، وا هەست دەکات کە نائەخلاقی ئەوەیە کچێک لە دین هەڵگەڕێتەوە، یان پێاوێکی داوێنپیس وا دەزانێت ئەخلاق واتا: دزینەکردن، پێچەوانەکەیشی پێاوێکی دز و پارەخۆر وا هەست دەکات نا ئەخلاقی ئەوەیە دەست بۆ شەرەفی خەڵکی ببرێت، کەسێک نێرگەلە ناکێشێت یاخود بۆی دەست نادات بیکێشێت، پێی وایە هەموو ئەوانەی نێرگەلە دەکێشن، بێ ئەخلاقن، ژنێک کە جگە لە ماڵی باوکی ڕێگە نادرێت برواتە هیچ کوێیەک، پێی وایە هەر کچ و ژنێک بچێتە ئاهەنگ و کافتریا، بێ ئەخلاقە، پیاوێکی بە تەمەن دەڵێت: ''هۆکاری وشکەساڵی خراپیی گەنجەکانە، '' چونکە ئەوەی گەنجانی ئەم سەردەمە دەیکەن، لە سەردەمی ئەودا نەکراوە و نەتوانراوە بکرێت. ئەمانە و زۆر بابەتی تر هەن، کە ڕۆژانە بەر چاو و گوێمان دەکەون و وامان لێ دەکەن بەڕاستی بیر بکەینەوە کە: ''ئەخلاق'' چییە؟ تاکی کورد چۆن بیری لە ئەخلاق کردووەتەوە؟ بۆچی تاوەکوو ئێستە پێوەرێکی تەواو نییە بۆ پێوانە و هەڵسەنگاندنی ئەخلاقی تاکەکان، ڕوو نادات دوو کەس هەمان بۆچوونیان هەبێت لەمەڕ چەمکی ئەخلاق. دەکرێت ''ئەخلاق'' ڕێکەوتنێکی کۆمەڵایەتی بێت لەلای نەتەوە و وڵاتانی دیکە، بۆ نموونە: لە هەموو ئەورووپادا نا ئەخلاقییە لەسەر شەقامەکان سووکایەتی بە ژنێک بکرێت و توانجی لێ بگیرێت، بەڵام ئاساییە و گونجاویشە گەر دوو هاوسەر دەستی یەکتر بگرن و پیاسە بکەن و تەنانەت یەکتریش لە ئامێز بگرن. کەچی لەلای تاکی کورد ئەمە جیاوازە، ئاساییە گەنجێک توانج لە کچێک بگرێت بە دەنگی بەرز بەڵام لە نامە و تەلەفۆندا خۆیی فیدا بکات، هەر زۆر نا سرووشتییە گەر پیاوێک لە شوێنێکی گشتیدا دەستی لەسەر شانی هاوسەرەکەی بێت، بە بیانووی ئەوەی پێویستە لە ماڵەکەیدا خۆشەویستی بۆ دەر بڕێت، کەچی لە ماڵەکەیدا ژنەکەی بە ناوی خۆیشییەوە بانگ ناکات، ڕەنگە هەر ناویشی نەهێنێت یاخود پێی بڵێت: ''ئەو''، سەبارەت بە کورد پێناسەی چەمکی ئەخلاق نەک ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو ئاینییش نییە، ناوچەگەری و گەڕەکی و کۆڵانییش نییە، لە تاکەوە بۆ تاک دەگۆڕێت.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی ''خود'' بەدەرە لە پێوانەی ئەخلاقی، کاتێک کەسێک لەسەر بابەتێک دەدوێت و شیکاری بۆ ئەخلاقییەتی بابەتەکە دەکات، بەو واتایە دێت قسەکەر خۆی بەدەرە لەو پێناسەیە، پێی وایە کە خۆی ڕابەری ئەخلاقە و نابێت لە بابەتی ئەخلاقدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەو بکرێت، وەکوو ئەوەی کە ئەو داهێنەری ئەخلاق بێت و هەموو بەها ئەخلاقییەکان لە ئەوەوە سەرچاوە دەگرن. دادوەری لەسەر هەموو شتێکی دەوروبەر دەکات جگە لە خۆی، دەکرێت باسی ئەخلاق بکرێت و ئەم وەکوو نموونە بهێنرێتەوە، بەڵام نابێت و ناگونجێت ببێت بە نموونەی نائەخلاقی. هەر تاکێکی کورد باوەڕی وایە کە ئەخلاق ئەو شتانەیە کە لە ئەودا بوونیان هەیە و نائەخلاقییش ئەو شتانەیە کە ئەو ئەنجامیان نادات. لێرەدا پرسیارێکی دیکە دێتە بوون: پرسیارەکەیش ئەوەیە ''ئایا ئەو شتانەی کە نائەخلاقین، هەمیشە نائەخلاقین، یان بارودۆخ وا دەخوازێت کە نائەخلاقی بن؟'' با پرسیارەکە ڕوون بکەمەوە: ئەو نموونانەی لەسەرەتاوە ئاماژەم پێیان کرد، تیایدا کەسەکان بەپێی دۆخی خۆیان پێناسەیان بۆ ئەخلاق دەکرد، بەڵام چی ڕوودەدات ئەگەر بکەونە بارودۆخێکەوە کە ئەنجامدانی ئەو شتەی کە لەلای ئەوان نائەخلاقییە ئاسایی بێت، ئایا ئەنجامی دەدەن، یاخود هەر بە نائەخلاقی تەماشای دەکەن و دوور دەکەونەوە لێی؟ ئەو ژنەی کە پێی وایە هەر کچێک بچێتە ئاهەنگ و کافتریا بێئەخلاقە، ئایا ئەگەر دەرفەتی بۆ بڕەخسێت بچێت و زۆر ئاسایی بێت، دەچێت یاخود نا؟ کەسێک کە پێی وایە دانانی وێنە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەبێ لەچک نا ئەخلاقییە، ئەی ئەگەر بۆی بڕەخسێت وێنەی خۆی بەبێ لەچک دابنێت و ڕێگریی نەبێت، ئایا دای دەنێت یان هەر پێی وایە کە نائەخلاقییە؟ پیاوێکی قۆڵبڕ کە غەرقی هەڵخەڵەتاندنی خەڵکییە بۆ مەبلەغێک پارە، ئەگەر سەرقاڵیی ژیان دەرفەتی بدات داوێنپیسی ناکا؟ پیاوێکی بەتەمەن کە دەڵێت گەنجەکانمان لە ڕێ دەرچوون و خراپن، ئایا ئەگەر لە سەردەمی ئەودا هەمان کار ڕەوایەتیی هەبووایە، هەر نەیدەکرد و بێئەخلاقی دەبوو؟ ئەمانە و زیاتریش...
سەرئەنجام دەگەین بە ئەو حەقیقەتەی: کە تاکی کورد کاتێک لەسەر ئەخلاق دەدوێت، وەکوو پۆلیسێک بەرگری لە کەسایەتیی خۆی دەکات، ئەوە دۆخی ئەوە کە دەخوازێت هەبوونی تۆڕی کۆمەڵایەتی لە تەمەنێکی کەمدا بێئەخلاقی بێت. ئەو کە جل و بەرگ بە پێوەری ئەخلاق دادەنێت شیکاری بۆ خۆی دەکات کە ناتوانێت بەو جۆرە بێت، بۆی ناڕەخسێت یاخود ڕێگریی هەیە، هەر ئەم هۆکارانەیە کاردانەوە و ناڕەزایەتی و ناکۆکییان لێ دەکەوێتەوە، هەر کەسە و لەسەر ئەوی تر دەدوێت و نمرە لەسەر ئەخلاقی دادەنێت، هیچ کەسێک ڕەچاوی دۆخی بەرامبەر ناکات و کەسیش خۆی پێ بێئەخلاق نییە.
لە کۆتاییدا دەمێنێتەوە سەر ئەوانەی کە وەڵامی پرسیارەکە بە ''بەڵێ'' دەدەنەوە، ئەوانەی کە بارودۆخی لەباریان هەیە بۆ ئەنجامدانی زۆر شت بەڵام نایکەن، چونکە بەڕای ئەوان نائەخلاقییە، هێشتایش ئەمانە نموونەی ئەخلاق نین! ئەوانەی کە دەتوانن دزی و داوێنپیسی بکەن و بەڵام نایکەن، چونکە بە نائەخلاقی دەیبینن، ناکرێت خۆیان بە نموونەی باڵای''ئەخلاق'' ببینن، چونکە ئەوانیش نەکەوتوونەتە بارودۆخی ئەو کەسانەوە کە ڕێگرییان هەیە بۆ داوێنپیسی و لەبەر ڕێگرییەکەیان ئەنجامیان نەداوە.[1]