بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا 11
#شەماڵ بارەوانی#
کۆمەڵێک عەدنانی وازیان لە ئیسلام هێنا..
لە بەشەکانی پێشووتر کەمەک باسی ڕوانگەی قورئانیەکان و هەندەک لە قورئانیەکانم کرد.
لەو بەشه تۆزەک لە بارەی عەدنانیەکانەوە دەدوێم.
لە پاڵ قورئانیەکان
عەدنانیەکانیش لە کوردستانیش هەن، هەرچەندە ئەوان تەواوی ڕیوایەتەکان ڕەتناکەنەوە، وەلێ باوەڕیان بە زۆرێک لەوەی پێی دەڵێن (فەرموودەکان)ڕیوایەتەکان نییە و هێڵە سەرەکیەکانی بیرکردنەوەیان زۆر لە هی قورئانیەکان نزیکە و هەمان شێوەی قورئانیەکان باوەڕیان بە تیوری پەرەسەند(ئیڤۆڵەیشن) و جیاکردنەوەی دین لە سیاسەت و سیکۆلاریزم و مافەکانی ژن و مرۆڤ هەیه.
من کاتێک لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان بووم زۆرموتابەعەی وتارەکانی شێخ(عەدنان ئیبراهیم)م دەکرد، ئەو بانگخواز و ڕووناکبیرێکە و لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا نیشتەجێیە و لەوێ مزگەوتێکی بە دەستەوەیە و وتارەکانی کاریگەری زۆری لەسەرگەنجەکان هەیه و کەسێکی زۆر ئەقڵانیە.
جا بەو بۆنەیەوە، هەرکەسێک شوێن قسە و وتار و تێگەیشتنە جوان و هێمن و زانستی و ئەقڵانیەکانی ئەو پیاوە بکەوێت، پێی دەڵێن(عەدنانی).
من چەند برادەرێکی عەدنانیشم هەن و دانەیەکیان پێشووتر ئاڕاستە سەلەفیزم بوون.
وەلێ ئەوەش بڵێم:گەنج کەدەبێت به قورئانی، یان عەدنانی، ئیتر گەر بە تەواوی لە ژێر هەژموونی هەست و سۆز و عاتیفەی دینی بێتە دەر و قورتاری بێت، ئەوە سەرەنجام زۆر واوەتر دەڕوات و ئیتر لە قاڵبی هیچ ئایینێک و تێگەیشتنێکی دیاریکراو سنورێکدا خۆی نابەستێتەوە و لە هیچ خاڵێکدا؟ناوەستێت و بێ لایەن دەبێت لە هەموو ئایینێک و دەبێت بە کەسێکی تر و ئەو قۆناغەی قورئانی بوون، یان عەدنانی بوونیش جێ دێڵێت.
بەو بۆنەیەوە بۆ شۆخی زۆرجار بە هاوڕێ فەقێکانم دەگووت: چۆن مارکس دەڵێت: ئیمپیریالیزم دوایین قۆناغی گەشەکردنی کاپیتاڵیزمە و ئیتر لەوێوە، هێدی هێدی دێوەزمەی سەرمایەداری لەگەشە و نشونما دەکەوێت و لەناو دەچێت و دەڕوخێت و قۆناغی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم دەست پێدەکات.
قورئانی بوون و عەدنانی بوونیش ئاوا، دوایین قۆناغی ئایینداری بوون و پێشەکی بێ دین بوونە و ئیتر لەوێ وە (لائیک) بوون دەست پێدەکات.
بە حوکمی ئەوەی هەرکاتێک کە مرۆڤ لە ڕیوایەت و کەلەپووری دینی ڕزگار و ڕەها دەبێت، ئیتر هەست دەکات هەرچی بت و بڤە و تابوو و ترس و قورساییە لە سەر شانی لاچووە و ئیدی بتێک و سنوورێک و ترسێک نییە، هێڵی بۆ دابنێت و لێی بترسێت.
بەو شێوەیە ئەو دەبێتە هەڵگری بیر و باوەرێکی لیبڕاڵانە و ئازادانە و بێ ترس و لە دەرەوەی بازنەی ئایین و مەزهەب، بە ڕێگەیەکی زانستی و ئەقڵانی دوور لە میتۆلۆژیا، هەر بیردەکاتەوە و بیردەکاتەوە، هەر دەڕوات و دەڕوات، هیچ شتێک چیتر ئەو ناوەستێنێت.
لە کۆتاییدا دەگات بەو قەناعەتەی کە هەموو ئایینەکان دیاردەی کۆمەڵایەتین، یان و مەولەوی وتەنی(ئاوێنەی هزری پەیامبەرەکان)و بەرهەمی ناخ و بیرکردنەوە و تێڕامانی مرۆڤ خۆیەتی و هیچیتر.
سەبارەت بەوە، چەند گەنجێک دەناسم دوو دانەیان ئێستافرێندمن لە فەیسبووک و یەکیان هی دەڤەر و شارەکەی منە، کاکە(ڕا....)ٚ وەختەک لە گرووپی(فیکرخانە)، ئەدمین بوون.
فیکرخانە، گرووپێکی فیکری عەدنانیەکان بوو، ئێستا دانەیەکیان (خا...ی)لائیکە، ئەو هاوڕێیەشم لە شارەکەی خۆم، لەگەڵ سێ دانەیتریشان هەر لەو گرووپه ئەدمین بوو، دوویان بە ئاشکرا مەسیحی بوونی خۆیان لە فەیسبوک جاڕدابوو و ئاینیان گۆڕی لە ئیسلامەوە بۆ مەسیحیەت. دانیەکیتریشان(ح.س). خۆم ئاسا بەرەو ئاڕاستەی نەهلیست بوون و پۆچگەرێتی ڕۆیشت.
جائەوانە لە ئەکاونت و فەیسبووکەکانی خۆیان بە ئاشکرا و بێ ڕتووش گوزارشت لە بیرو باوەڕی خۆیان دەکەن. وەلێ من نامەوێ ناویان ئاماژە پێ بکەم، ئەوەی لائیکیش، (خا...) سەرەتا کەسێکی توندڕۆبوو، ئێستا باوەڕی بە هیچ یەکێک لە ئایینەکان نەماوە. تەنها باوەڕی بە خوداوەند هەیە، وەلێ ئەو خوداوەندە نا کە ئایینەکان باسی دەکەن.
بەر لەچەند ڕۆژێکە، کۆمێنتێکیم بینی لەژێر پۆستێکی خۆیان لە فەیسبووک، لە وڵامی کەسێکدا، ئاوای نووسیبوو:
1. خودا هەرگیز پەیامی بۆ هیچ مرۆڤێک نەناردووە.
2. قورئان و پەیامەکان بەرهەمی ناخی پێغەمبەرانن.
3. جیهان بەردەوام لە گۆڕان و جوڵەدایە.
4. ژیان بێمانایە و هیچ باوەڕ و فکرێک ناتوانێت مانای ژیان لە خۆییدا کورتبکاتەوە.
5. فیقه و شەریعەت و بەزم و ڕەزم یارییەکی مرۆڤە. هتد...
ئەوەش بڵێم سەبارەت بەو کوڕە، لەکاتی نووسینی ئەو بەشەی(بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گومڕا..) پێوەندیم پێوەکرد بۆ دڵنیابوون و دووپاتکردنەوەی زانیاریەکان لە زاری خۆیەوە سەبارەت بە خۆی و هاوڕێکانی، پێی گووتم: کە ئەو لە ڕێگەی ئەقڵ و عیرفانەوە، کەسێکی باوەڕدار و (ڕبووب)ی باوەڕه، نەک ئایین.
ئینجا ئەو هەر بە ئاشکرا لائیکە و ڕۆژانە چەندین پۆستی ڕەخنەیی سەبارەت بە ئەقڵی ئایینی و، ئیسلامی سیاسی و مەزهەب و کەلەپووری ئایینی و ئایینەکان پۆست دەکات و ئەو زانیاریانەم سەبارت بە خۆی و دوو لە هاوڕێکانی(ح. س)و (ڕ. بەردەڕەشی) لە زاری خۆی دووپاتکردەوە.
ئەو دوانەی کە بوون به مەسیحیش، دانەیەکیان(ها...کوردی) ئەویش پێشووتر کەسێکی دۆگماتیک و زۆر وشکباوەڕبوو و ئەندامێکی یەکگرتوو ئیسلامی بوو، بیرمە جارەک قسەی پێ گووتم لە کۆمێنت لەسەر پۆستێکم، چوونکە ڕەخنەم لە مەلاکان و ئیسلامی سیاسی گرتبوو، ئەوکات من لە ماجستێرم دەخوێند و ئەو قوتابی بوو لە قوتابخانەی ئایینی.
ئەویش لە کاتی نووسینی ئەو بەشەی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا، پێوەندیم پێوەکرد و لە ڕێگای چاتەوە نامەمان گۆڕییەوە و نامەکەی سەبارەت بە خۆی و بیر و باوەڕەکەی و بەڕوخسەت و ئاگاداری خۆی و وەکوو خۆی و بێ هیچ دەستکاریەک لێرە دادەنێمەوە(خوێندکاری شەریعەی ئیسلامی بووم، ئەو ساتانەی لە فکرخانە ئەدمین بووم.
پاشان بوومە مەسیحی، ئەوە زۆر باش بوو، چێژم لێی بینی، دواتر وازم لە مەسیحیەتیش هێنا، بوومە مولحید، بەڵام وازهێنانم لە مەسیحیەت هەرگیز لەسەر بنەمای دژایەتی نەبوو، ئێستاش عیسام خۆشدەوێت، وە ئیلحادیشم تێپەڕاند...
ئێستا وەک پسپۆڕی خۆم، زیاتر گرنگی بە سایکۆلۆژیا و نەخۆشییە دەروونیەکان و سێکسزانی دەدەم.
من ڕێبازێکی دیاریکراوم نییە، خۆم لە دەرەوەی ڕێباز و ئایدۆلۆژیا دەبینمەوە.)
سەبارەت بەو سێ ئەدمینەی تری گروووپی فیکرخانەش کە پێشووتر موسڵمان و عەدنانی بوون، پێی گووتم(خا... نوێ بوو، ئەویش سەرەتا توندڕەو بوو، بەڵام بەهۆی فکرخانەوە گۆڕا.
را.. بووە مەسیحی و ح...یش بووە پووچگەرا)ٚ.
(ها...کوردی) ئێستا لە زانکۆی سەلاحەدین، لە بەشی دەروونناسی خوندەکارە.
سەبارەت بە دانیەکیان(خ..) گووتم لائیک و بڕوادارە!
لەوەدەچێت ئەو پرسە لای خوێنەران درووست بووبێت و بڵێن:چۆن دەبێت کەسێک(لائیک) و بێ دین بێت و لە هەمان کاتدا بڕوادار و ڕبووبیش بێت!؟
هەڵبەت ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزم زۆرجار لەوەش نەزانانە کورد وتەنی: دۆ و دۆشا و تێکەڵ دەکەن و دێن و هەرچی ئەگنوستیک و ئەتایست و دایزم و لائیکە، تەنانەت زەردەشتی و ئایندارانی سەربەئایینەکانی تریش، لە یەک خانە ڕیز دەکەن و ناویان دەنێن زندیک یان بێ باوەڕ و مولحید، کە ئەوە زۆر هەڵەیەکی گەورە و جەهلێکی موڕەکەب و تابڵێیت چەواشەکاریە.
ئەگنۆستیک: یان ئەگنۆستیکەکان گوومان گەران، واتا باوەڕیان بە ئایین نییە و هەموو ئایینەکان بە وەهم و درۆ دادەنێن، بۆ خۆداوەندیش نازانم گەراو شەکاک و گومانگران، نە بوونی خوداوەند دەسەلمێنن و نەیش ڕەتی دەکەنەوە.
سۆفستاییەکان لەسەردەمی پێش زاین لە یونان ئەگنۆستیک بوون.
ئەوان دەیان گووت:تەمەن هێندە کورتە و بەشی ئەوە ناکات، بێین و خۆمان بەوەها بابەتێک خەریک کەین، ئایە خوداوەند هەیە، یان نییە!
ڤێنکشتاین فەیلەسوفی زمان ناس دەڵێت:خودا لە دەرەوەی زمانە، شتێکیش لە دەرەوەی زمان بێت، ناتوانین نە بیسەلمێنین، نەیش ڕەتی کەینەوە، مادام بابەتەکە میتافزیکایە و لەدەرەوەی زمانە، باشتر وایە بێ دەنگی لێ بکەین.
(فاروق ڕەفیق)یش لەکتێبی(یەک کاتژمێر ماوە بۆ نیوە شەو) بەلای هەمان ڕای فینکشتاین دا دەڕوات.
(تەحسین حەمە غەریب)یش لە کتێبەکەی(فەلسەفەی ئەخلاق)دا، دەڵێت: سەبارەت بە بوونی خوداوەند و نەبوونی، سەلماندن، یان ڕەتکردنەوەی، لە ڕووی فەلسەفیەوە، بەڵگەکان تەکافوئولئەدیلەن، واتا هاوشێوەن، هەم ئەوانەی دەڵێن خودا هەیە، کۆمەڵەک بەڵگەیان هەیە، هەم ئەوانەیش کەدەڵێن نییە، بەهەمان شێوە.
دایزمەکان:
باوەڕیان بە خودا هەیە، بەڵام بە هەموو شێوەیەک ئایینەکان ڕەتدەکەنەوە و هەمان شێوەی ئەگنۆستیکەکان ئایین بەدرۆ و وەهم دەزانن. وەلێ ئەوان باوەڕی تەواویان بەوە هەیه، کە خودایەک بوونی هەیه، بەڵام خودای ئایینەکان نییە، کەواتە ئەوان بێ ئایین(لائیکن)، وەلێ بێ بڕوا و ئەتایست و مولحید نین.
دەتوانین بڵێین(ڕبووبەت: یان دایزم.
مەزهەبێکی فیکری لادینی و فەلسەفی لاهوتیە، دایزمەکان یان ڕبووبیەکان باوەڕیان بە خوداوەند هەیە، بۆچوونیان وایه و دەڵێن لە ڕێگای بەگەڕخستنی ئەقڵ و وردبوونەوە لە سروشت، بەسە بۆ ئەوەی باوەڕت بەوە هەبێت، خودایەک هەیه، بۆیە سەلماندنی ئەو خودایە پێویستی بەئایین نییە.
زۆربەی دایزمەکان دەستوەردانی خوداوەند لە کار و باری مرۆڤ ڕەتدەکەنەوە، بە تایبەتی پەڕچوو و موعجیزە..)
جا ئەو(خ...)یەی کە باسم کرد، لەو جۆرەیانە. واتا دایسم و ڕبووبیە.
ئینجاسەبارەت بە هاوتایکردنی مولحید و ئیلحاد بە چەمکی ئەتایستەوە، کاکە(پەیوەند سلێمانی) ئەتایست، وتارێکی جوان و بەهێزی سەبارەت بەوەنووسیوە و ئەو هەڵەیەی ڕوونکردووەتەوە و بەرپەرچی داوەتە، کە ناکرێت هەرگیز، ئیلحاد و ئەتایستبوون لە تای یەک تەرازو دابنێن و یەک وتا و پێناسەیان بۆ دابندرێت.
من لێرەوە چیتر لەسەر ئەوە ناڕۆم.
تێبینی: خا.. و ها..کوردی لارییان نەبوو ناوەکانیشان لەو بەشەی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گومڕادابنێم. وەلێ من پێم باشتر بوو و تەنها بە هێماو پیت ئاماژە بە ناوەکانیان بکەم.[1]