ڕۆشنبیریەکەی لێکەنەوە
#هونەر تۆفیق#
پییەر بۆردیۆ، لەحەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ڕەخنەی لە کاپیتاڵ (سەرمایە) کەی کارڵ مارکس گرت، چونکە ئەو تەنیا سەرمایەی ماددی لە لێکۆڵینەوە سیوسیۆلۆجیاکەیدا بەهەند وەرگرتووە، سەرمایەی نامادی وەک فیکر و فەلسەفە و ڕۆشنبیری ناو کۆمەڵگەی فەرامۆش کردووە.
لەو کاتەوە ڕۆشنبیری تەنیا وەک کایەیەکی فیکری حساب ناکرێت، بەڵکە بەشێکە لە پێکهاتەی کۆمەڵگە. بیرۆکەی پایتەختی ڕۆشنبیریش لە تیئۆرەکەی بۆردیۆوە (هاپیتۆس) لەناو وڵاتاندا بەهەند وەرگیرا. هاپیتۆس (خۆگونجان لەگەڵ داهاتوو و پێشکەوتندا) کرایە یەکێک لەمەرجەکانی دەستنیشانکردنی شارێک بۆ بەپایتەختکردنی ڕۆشنبیری.
هاپیتۆس (گونجان) لە ڕابردوو و چەند کتێبێکی کلاسیکی شیعر و زێدی کەسایەتیەکی سیاسی نیە. بەڵکە گونجانە لەگەڵ داهاتوو و بەردەستەکانیدا. ژینگەپارێزی و پاکوتەمیزی و ئاشتی و ئارامیە لەناو بیرکردنەوەی کۆمەڵگەدا. ئەگەر شارێک بەرهەمی سەوزەی لە زێرابەوە دەستبکەوێت ئەوە ناکاتە هاپیتۆس، چونکە گونجان لەگەڵ داهاتوو و بەردەستەکانیدا مانای زوو ڕاهاتنە بەو تەکنەلۆجیا و مۆدێلە تازانەی سەوزەی لێوە بەرهەمدێت. لە ناو بیرکردنەوە و ژیانی هاپیتۆسیدا کۆلێرا کۆتایی پێهاتووە. لەشارێکدا مەرجی پایتەختبوونی ڕۆشنبیری هەبێت بەپێی تاریفە ڕاستەقینەکەی بۆردیۆ، نابێت لەوشار و کۆمەڵگەیەدا کۆلێرا و نەخۆشیەکانی پیسوپۆخەڵی سەرهەڵبدات..
بۆیە تکایە لەقەبی پایتەختی ڕۆشنبیری لە سلێمانی بکەنەوە.[1]