ڕووەکەی ترمان لە دەرەوەی فەیسبووک
#یادگار ئیسماعیل#
مەرج نیە ئەوەی لەم دنیای فەیسبووک و دیجیتاڵەدا جوانبین و جوانبیر بێت، لە دنیای واقیعی و زیندووشدا ئیتر هەر ئاواش ئەو کەسە جوانبین و بیرجوان بێت، یان ئەوەی لەم دنیای فەیسبووکەدا ڕەشبین و بیرکوژ (بیرکوژ بەمانای دژی بیرکردنەوە) بێت، لە دنیای دەرەوەشدا ئەو کەسە هەر ڕەشبین و بیرکوژ بێت، یان ئەوەی لەم دنیای فەیسبووکەدا خۆش کەلام و قسە شیرین بێت، ئیتر لە دنیای دەرەوەی فەیسبووکیش ئەو هەر قسە خۆش و شیرینە.
لێرەدا مەبەستەکە جیاوازی ووتە و کردار نیە، چونکە لەدەرەوەی فەیسبووکیش جیاوازی ووتە و کردار هەر زۆرە. بەڵکو مەبەستم لە جۆرێتی و تایبەتمەندی کەسەکانە کە مەرج نیە ئەو کەسەی بە چاوێکەوە لەم دنیای دیجیتاڵەدا ئەیبینین لە دەرەوەش بە هەمان چاو بیبینین.
دەبینیت کەسێک لە دنیای سوعبەت و پێکەنینا لەم فەیسبوکەوە زۆر کەسێکی سوعبەتچی و قسە خۆشە بەڵام کە بەڕاستی و زیندوویی بەم کەسە ئەگەیت ئەو سوعبەت و پێکەنینانە لە قسەکانیدا نابینیت بە ڕووی کەسەکەوە، کە لە دنیای فەیسبوکەکەی بینیوتە!
ئەمە مانای ئەوە نیە بە هەڵە لێکی بدەیتەوە بڵێی ئەم کەسە دووفاقە یان ئەو کەسە نیە کە لە فەیسبوکە! بەڵکو سروشتی ئەو کەسە وایە لەوانەیە لە دنیای دیجیتاڵی و فەیسبوکەکەیدا ئەوەندە کاریگەر بێت بە سوعبەت و قسەی خۆش، لە دنیای دەرەوەیدا ئەو سروشت و بەهرە و توانایەی نەبێت، هەمان سوبعەت و قسەی خۆشی لێ ببینیت کە پێشتر لە فەیسبوکەکەی بینیوتە، واتە تاوانی کەسەکە نیە و پەیوەندی بە سروشت و توانایی کەسەکەوە هەیە نەک بە دووڕوویی و دووفاقی! یان کەسێک کە نووسینی زۆر جوان بنووسێ و موعجەبی بیرکردنەوە و ووشە جوانەکانی بیت لەم دنیای فەیسبووکە، ئیتر مانای ئەوە نیە کە لە دنیای دەرەوەی فەیسبووکیش ئەم کەسەت بینی وابزانی لە دەم و زاریەوە هەمان ووشەی بەهێز و هەمان ڕستەی بەهێزی لێ ببیستیت کە لە نووسینەکانیەوە پێشتر لە فەیسبوکەکەی بینیوتە و خوێندووتەتەوە! لێرەدا ئەو بەهرە و توانایەی لە نووسینی کەسێکدا ئەیبینیت مانای وا نیە لە دەم و زمان و قسەکانیشیدا چاوەڕێی هەمان جوانی ووشە و ئەو بەهرەیە بیت کە لە نووسینەکەیدا بینیوتە.
ئەمە پەیوەندی نیە بەوەی حوکمی خراپ لەسەر کەسەکە بدەیت کە پێت سەیر بێت بۆ لە قسەکردنیدا ئەو کەسە وا نیە!
ئەمە پەیوەندی بەو هەڵە تێگەیشتنەی تۆوە هەیە لە تێڕوانین بۆ زیرەکی و بەهرە و توانایی کەسەکان، کە تواناکانت تێکەڵ کردووە بەسەر یەکدا.
زیرەکی و توانایی لە نووسین و زیرەکی و توانایی لە قسەکردن یان پاراوی قسەکردن لەلات هەر یەکێکە و تێکەڵت کردووە، لەکاتێکدا هەردوو زیرەکیەکە دووجۆری جیاوازی زیرەکین و هیچ جیاوازیەکیان نیە لە هەڵسەنگاندندا، هەیە لە قسەکردندا زیرەکە، هەشە لە نووسیندا زیرەکە، هەشە لە هیچیاندا زیرەک نیە و لە شتی تردا زیرەک و بەتوانایە، هەشە لە هەردووکیاندا زیرەکە، ئەمە بەهرەیە و بە جیا لە کەسەکاندا سەری هەڵداوە. بۆیە مافی کەس نیە ئەو بەهرەو توانایە زاڵ بکات بەسەر بەهرەیەکی تردا، یان هەموو بەهرەکان لەکەسێکدا کۆبکاتەوە.
زۆر کەس هەن لە دەرەوەی فەیسبووک زیرەک و پاراون لە قسەکردن، وە بەتوانا و لێهاتوون لە دەربڕین، بەڵام جۆش داماون لە نووسین، بێ توانا و بێ بەهرەن لە داڕشتنی ووشە، ئێ ناکرێت بەمانە بڵێیت تەمبەڵ! یان بڵێیت بێ توانان یان بێ بەهرەن هیچ نازانن چونکە هیچ نانووسن! لەبەر ئەوەی نە ڕەوانبێژی و زانین بریتیە لە تەنها نووسین، وە نە نووسینیش بریتیە لە تەنها ڕەوانبێژی و زانین! هەردووکیان دوو بەهرەی جیاوازن و دەکرێ هەردووکیان لە کەسێکدا هەبن یان بە جیا لە چەند کەسێکدا.
هەندێ کەس بە بەهرەی نوسین جوانترن هەتا زمان پاراویان، هەندێ کەسیش بە بەهرەی زمان پاراوی جوانترن هەتا بە نووسینیان، هەندێ کەسیش بە هەردووکیان، واتە جوانیەکە ڕێک لەوەدایە کە توانایەک هەیە و توانایەکیش نیە.
تەنها شتێک کە هاوبەشە لە هەردوو دنیا زیندووەکە و دنیا دیجیتاڵیەکە، بریتیە لە شێوازی بیرکردنەوەی کەسەکە، لێرەدا تۆ دەتوانیت بە یەک چاو ئاڕاستەی بیرکردنەوەی کەسێک ببینیت، چۆن لە دنیای دیجیتاڵیەکەیدا ناسیوتە بە شێواز و ئاڕاستەکانی بیرکردنەوەی، لە دنیای دەرەوەشدا هەر بەو شێوازە دەتوانیت ئەو کەسە بناسیتەوە کە لە دنیای دەرەوەی فەیسبوک دەیبینیتەوە. تەنانەت لە دووفاقی و دووڕووەکەشدا هەر شێوازی بیرکردنەوەکە دەبێتە سەنگی مەحەک لەوەی کە ئەگەر لە دنیا زیندووەکەدا شێوازی بیرکردنەوەی کەسێک تەواو پێچەوانە بوو لەگەڵ دنیا دیجیتاڵیەکەی ئەوکاتە هەر بیرکردنەوەکەیە کە دوو فاقی کەسەکە دەردەخات نەک جیاوازی بەهرە و تواناکانی.[1]